ئه‌مریكا و ئامانجى نوێ له‌ به‌رانبه‌ر رژیمى ئێران
له‌ به‌راوردێك دا كه‌ رۆژنامه‌ى ئاڵمانى زود دویچه‌ بلاوى كردۆته‌وه‌، ستراتژى ئه‌مریكا له‌ به‌رانبه‌ر رژیمى ئێرانى به‌ سه‌رلێشێواوانه‌ ناوبردوه‌.
سه‌ره‌تا جه‌وبایدن جێگرى سه‌رۆك كۆمارى ئه‌مریكا گووتى: ئه‌گه‌ر ئیسرائیل هێرش بكاته‌ سه‌ر بنكه‌ ناوكه‌ییه‌كانى ئێران ئه‌مریكا به‌رى پێ ناگرێ. له‌ دواى ئه‌و و له‌ كاتى نائارامیه‌كانى دواى هه‌ڵبژاردنه‌كانى رژیم، هیلارى كلینتۆن وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مریكا سه‌ركه‌وتنى بێ مه‌رجى ئه‌مریكاى له‌گه‌ڵ رژیم برده‌ ژێر پرسیار. ناوبراو هه‌روا قسه‌ى له‌ چه‌ترى دیفاعى هاوپه‌یمانانى ئه‌مریكا له‌ ناوچه‌كه‌ كرد، به‌ شێوه‌یێك كه‌ ئیسرائیل پێى وابوو كه‌ ئه‌گه‌رى ئه‌وه‌ هه‌یه‌ ئه‌مریكا به‌و ئاكامه‌ گه‌یشتبێ كه‌ رژیمى ئێران به‌ زوویی ده‌ستى به‌ بۆمبی ئه‌تۆمى ده‌گا.
چه‌ند رۆژ پێش ئێستاش هه‌واڵێك بلاو بۆوه‌ كه‌ ئه‌گه‌ر ووتووێژه‌كان تا مانگى سپتامبر له‌گه‌ڵ رژیم به‌ ئاكام نه‌گا، ئابڵوقه‌ ده‌خرێته‌ سه‌ر هاورده‌ى سووته‌مه‌نى.
له‌ دواى ئه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ سه‌ربازیه‌كانى ئه‌مریكا له‌ واشینگتۆن گووتیان كه‌ بۆمبێكى دژه‌ په‌ناگاى ١٣ تۆنى نوێ دروست ده‌كه‌ن، هه‌واڵێك كه‌ ده‌توانێ جۆرێك له‌ ئاماده‌یی ئه‌رته‌شى ئه‌مریكا بۆ هێرش كرده‌ن سه‌ر دامه‌زراوه‌ ناوكه‌ییه‌كانى رژیم حیساب بكرێ.
باراك ئوباما به‌ چ نیازه‌؟
ئایا ته‌مه‌نى سیاسه‌تى ئاشتیخوازانه‌ كۆتایی پێ هاتووه‌؟
رووداوه‌كانى ئه‌م دواییه‌ى ئێران موحافزه‌كاره‌كانى ئه‌مریكاى خۆشحاڵ كردوه‌. هه‌ڵبژاردنه‌كانى سه‌رۆك كۆمارى رژیم كه‌ زۆران هه‌مووى به‌ ساخته‌كارى ده‌زانن و هه‌ڵوێستى موحافزه‌كاره‌كانى ئه‌مریكا ته‌ئید ده‌كا. ئه‌وان ده‌یان گووت ناكرێ له‌گه‌ڵ رژیمى ئێران ووتووێژ بكرێ.
به‌لام له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌موو قسه‌ دژ به‌ یه‌كانه‌ى كه‌ هه‌ن، هۆكان دستیان یه‌كه‌وه‌ دا و ئامانجى نوێى ئه‌مریكا له‌ به‌رانبه‌ر رژیمى ئێرانیان ته‌كمیل كرد.
دنیس راس راوێژكارى وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مریكا له‌ رۆژهه‌لاتى ناوه‌راست، له‌ كتێبێكدا كه‌ تازه‌ چاپ بووه‌، ئامانجى نوێى ئه‌مریكاى باس كردوه‌ كه‌ له‌گه‌ڵ بوونى ره‌خنه‌ى جۆراوجۆر وا دیاره‌ ئێستا بووه‌ به‌ به‌رنامه‌ى ره‌سمى ده‌وڵه‌تى ئه‌مریكا.
دنیس راس ده‌ڵێ، ئه‌مریكا ده‌بێ له‌گه‌ڵ سیاسه‌تى ووتووێژى بێ پێش مه‌رج له‌گه‌ڵ ئێران، زیاد كردنى فشاره‌كان بۆ سه‌ر ئه‌و وه‌لاته‌ بگرێته‌ به‌ر. ئه‌و فشاره‌ ده‌توانێ له‌ فشارى سیاسى تا هه‌رِه‌شه‌ى هێرشى سه‌ربازى له‌ خۆ بگرێ.
به‌ پێى ئه‌و لێكدانه‌وه‌ نوێ یه‌، هه‌رِه‌شه‌ گه‌لێك كه‌ زستانى رابردوو له‌ رژیم كرا به‌ ماناى شكستى سیاسه‌تى نزیك بونه‌وه‌ له‌ رژیم نیه‌، به‌ڵكوو هه‌نگاوێكه‌ بۆ چاره‌سه‌رى كێشه‌كان له‌گه‌ڵ ئێران.
راس ده‌ڵێ: ئێران ده‌بێ بزانێ به‌ به‌رده‌وام بوون له‌ سه‌ر به‌رنامه‌ى ناوكه‌یی خۆى به‌هایێكى قورس ده‌بێ بدا. له‌ ستراتژیه‌كه‌ى راس دا ده‌ست كێشانه‌وه‌ له‌ پیتاندنى ئورانیۆم لاى رژیم به‌ ماناى له‌ ده‌ست دانى قورساییه‌. هه‌ر بۆیه‌ ده‌بێ ئیجازه‌ به‌ ئێران بدرێ كه‌ له‌ ژێر چاودێرى توندى نێوده‌وڵه‌تى دا ئورانیۆم بپاڵێوێ.
به‌ پێى ئه‌و ستراتژیه‌ى راس ده‌بێ ئوروپاییه‌كان به‌و قه‌ناعه‌ته‌ بگه‌یێنین كه‌ سزاى توندتر دژ به‌ ئێران له‌ به‌رچاو بگرن به‌تایبه‌ت له‌ بارى وزه‌وه‌ كه‌ ئێران له‌و باره‌دا زۆرى زه‌ره‌ر لێ ده‌كه‌وێ.
بۆمبی ئه‌تۆمى ئاسایشى ئێران ناباته‌ سه‌ر
راس ده‌ڵێ: ده‌بێ بۆ ئێرانیه‌كان روون بكرێته‌وه‌ كه‌ بۆمبی ئه‌تۆمى ئاسایشیان ناباته‌ سه‌ر. هیلارى كلینتۆن وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مریكا ده‌ڵێ: هه‌رِه‌شه‌ى ئه‌تۆمى ته‌نیا كاتێ ده‌كرێ بره‌وێته‌وه‌ كه‌ به‌ هه‌رِه‌شه‌ وه‌لامى بدرێته‌وه‌. ئه‌مریكا رێگه‌نادا كه‌ ئێران به‌ وه‌ده‌ست هێنانى بۆمبی ناوكه‌یی ترس و دڵه‌راوكێ دروست كا و هێزه‌كه‌ى په‌ره‌ پێ بدا. به‌ گووته‌ى ئه‌و كاتێ ئێران ده‌بینێ كه‌ دراوسێكانى چه‌كێكى زیاتر له‌ ده‌ره‌وه‌ وه‌رده‌گرن، و توانایێكى زیاتریان له‌ خه‌بات دژ به‌ ترۆریزم هه‌یه‌ و له‌ سیستمى دیفاعى موشه‌كى و له‌ هه‌ل و مه‌رجێكدان كه‌ كه‌ وه‌لامى مووشه‌كه‌كانى ئێران به‌ دژه‌ مووشه‌ك ده‌ده‌نه‌وه‌، ده‌بێ له‌ خۆیان بپرسن كه‌ ئه‌و بۆمبی ئه‌تۆمیه‌ چى بۆ ئه‌وان هێناوه‌.
راس، كلینتۆن و هاوفكره‌كانیان له‌و باوه‌رِه‌دان سیاسه‌تى ئابڵوقه‌، هه‌رِه‌شه‌ و هاندان ده‌توانێ سه‌ركه‌وتوو بێ.
دنیس راس ده‌ڵێ: ئێران له‌ ساڵى ٢٠٠٣دا خۆى به‌ دواى ووتووێژ له‌گه‌ڵ ئه‌مریكاوه‌ بوو، چوونكه‌ ده‌ترسا تووشى چاره‌نووسه‌كه‌ى سه‌دام حوسه‌ین بێ. به‌لام بووش هیچ وه‌لامێكى به‌و داوایه‌ نه‌داوه‌. به‌ برواى راس ئێستاش ده‌بێ رێگه‌گه‌لێكى نهێنى بۆ لاى خامنه‌یی بكرێته‌وه‌ تا رێگه‌ بۆ ووتووێژ خۆش بكرێ.

ڕێکه‌وت: 2009-08-12 18:34:44
به‌شی ( )