فه‌رمانى ناره‌واى خومه‌ینى بۆ سه‌ر كوردستان
داگیركه‌رانى نا دڵسۆز چی كان و داهاتیانه‌ به‌ تالانى ده‌به‌ن و خه‌ڵكى كوردستان به‌ هه‌ژارى و بێكارى ده‌هێڵنه‌وه‌ كه‌ ده‌بێ بۆ وه‌ده‌ست هێنانى بژێو له‌ كوردستان برِۆنه‌ ده‌ر. به‌شى زۆرى ساڵ له‌ خێزان دوور كه‌ونه‌وه‌ تا بژێویێكى نه‌مر نه‌ژییان بۆ ده‌ست خه‌ن. دیاره‌ كه‌ كوردستان له‌ده‌ست خاوه‌نه‌كانى دا بێ دڵسۆزانه‌ به‌رِێوه‌ ببرێ و داگیر كه‌ر ده‌سه‌لاتى به‌سه‌ردا نه‌بێ، كوردستان ئاوه‌دان ده‌بێ و دانیشتوانى كوردستان پێش ده‌كه‌وون له‌ ژیان و زانست و سه‌نعه‌ت دا و كوردستان رِۆژ له‌دواى رِۆژ ئاوه‌دانتر ده‌بێ و له‌ كاروانى ته‌مه‌ددون و شارستانیه‌ت نزیك تر ده‌بێته‌وه‌. به‌ رِوونى ده‌رده‌كه‌وێ كه‌ گه‌لى كورد حه‌ق و واجبى سه‌رشانیه‌تى خه‌بات بكا بۆ لابردنى سته‌م له‌سه‌ر خۆى، سته‌م حه‌رامه‌ و له‌سه‌ر شانى مه‌زڵووم و سته‌م لێكراو واجبه‌ دیفاع له‌ حه‌قى خۆى بكا و سته‌م له‌سه‌ر شانى خۆى نه‌هێڵێ و ئه‌گه‌ر دیفاع نه‌كا و خه‌بات نه‌كا بۆ ئازادى و سه‌ربه‌ستى، تاوانكاره‌ و به‌ په‌ستى و به‌ ژێر ده‌ستى ده‌مێنێته‌وه‌.
   گه‌لى كورد له‌ كوردستانى ئێران، دواى ئینقلابى ١٣٥٧، ١٩٧٨ له‌ رِێى ئاشتى و وتووێژه‌وه‌ هه‌وڵى دا كه‌ بێ شه‌رِ و ئاژاوه‌ و خوێن، به‌ خودموختارى له‌ چوارچێوه‌ى ئێران دا بگا و ئاماده‌ نه‌بوو كه‌ توند و تیژى و بشێوى ببێ، به‌لام ئه‌وه‌ رژێم بوو كه‌ داوا رِه‌واكه‌ى گه‌لى كوردى به‌جێ نه‌هێنا. هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ راوه‌ستا تا خۆى گرت، خومه‌ینى رِێبه‌رى ده‌سته‌ى داگیركه‌رى ئینقلاب، فه‌رمانى جیهادى دا بۆسه‌ر كوردستان و شه‌رِى خوێناوى و بێ رِه‌حمانه‌ى له‌هه‌موو كوردستان دامه‌زراند. فه‌رمانى جیهاد كێ ده‌بێ بیدا و بۆسه‌ر كێ ده‌بێ ده‌ركرێ؟.
   فه‌رمانى جیهاد ده‌بێ سه‌رپه‌رستى عاله‌مى ئیسلامى و سه‌رپه‌رستى به‌رحه‌قى ئیسلام كه‌ باوه‌رِى به‌ ئیسلام و به‌ رابردووى جامیعه‌ى ئیسلامى ببێ و په‌سه‌ند كراوى جامیعه‌ى ئیسلامى بێ، ئه‌ویش ئه‌و فه‌رمانه‌ دژى دوژمنانى ئیسلام ده‌ركا.
   خومه‌ینى كه‌ باوه‌رِى به‌ چینى ئه‌وه‌ڵى ئیسلام و به‌ كۆمه‌ڵگه‌ ته‌ربیه‌ت كراوه‌كه‌ى به‌رده‌ستى پێغه‌مبه‌رى خودا نیه‌ و به‌ كافر و مونافیقیان ده‌زانێ و له‌ كتێبه‌كانى خۆى دا جامیعه‌ى سوننى به‌ كافر داده‌نێ، ناكرێ به‌ خه‌لیفه‌ و رِێبه‌رى موسوڵمانان دیارى بكرێ. به‌ڵكو ناكرێ به‌ موسوڵمانیشى دانێى، تا ده‌گا به‌ رِێبه‌رى موسوڵمانان تا فه‌رمانى جیهاد و  سوڵحى به‌ده‌ست بێ. ئه‌مجاره‌ میلله‌تى كورد له‌ هه‌موو پارچه‌كانى كوردستان دا موسوڵمان ترن له‌ دراوسێكانیان چۆن ده‌بێ به‌گژداچوونیان ناو بنرێ جیهاد. به‌تایبه‌ت كه‌ حه‌ق به‌ ده‌سته‌ و سته‌مى لێ ده‌كرێ.        
   فه‌رمانى هێرش بۆسه‌ر كوردستان كه‌ خومه‌ینى له‌ ٢٨ى گه‌لاوێژى ١٣٥٨ دا ده‌رى كرد، فه‌رمانێكى چه‌نگیزى بوو و كارێكى دژه‌ ئیسلام و دژه‌ ئینسانى بوو و به‌جێ بوو كه‌ میلله‌تى كورد به‌هه‌موو تواناى به‌ربه‌ره‌كانى بكا و گیانبازى له‌ رِێى ئازادى و سه‌ربه‌ستى دا بكا و خه‌بات و موباره‌زه‌كه‌ى خۆى به‌ دیفاعى موقه‌ده‌س و جیهاد بزانێ. ئه‌و چه‌ند ساڵه‌ كه‌ گه‌لى به‌شه‌ره‌فى كورد موباره‌زه‌ى كرد و خوێنى دا له‌ رِێى ئازاداى دا، ئه‌ركى ئینسانى و دینى خۆى به‌جێ هێناو ئه‌گه‌ر به‌ ته‌واوى ده‌فعى دوژمنى پێ نه‌كرا، خه‌باتى سیاسى به‌رده‌وامه‌ و شوێنه‌وارى ئه‌و خه‌بات و فیداكاریه‌ له‌ دڵى رِۆڵه‌كانى گه‌ل و چینى گه‌نج و لاو و چینانى داهاتوودا زه‌خیره‌ و سه‌رمایه‌ى خه‌باتى درێژخایه‌نه‌ كه‌ ناپسێته‌وه‌ و نابێ بپسێته‌وه‌ هه‌تا ئازادى و رِزگارى كورد و كوردستان.
   سته‌م هه‌تا زۆرتربێ، هه‌ستى ئازادى خوازى توندتر ده‌بێ، ئه‌گه‌ر له‌ زوودا بووبێ كه‌سانێك عاده‌ت به‌ سته‌م لێكراوى و ژێر ده‌ستى بگرن، ئه‌مرِۆ هومێد به‌ ئازادى و به‌ ئاكامى موباره‌زه‌ زۆرتره‌ وه‌ ده‌رووى ئازادى كراوه‌یه‌ و گه‌لى كورد به‌رهه‌مى له‌ موباره‌زه‌ دیوه‌ و گه‌رمتر له‌ جاران خه‌بات ده‌كا، هه‌ر ده‌بێ خه‌بات بكا و هه‌رده‌بێ به‌ ئازادى بگا به‌ پشتیوانى خودا.
فه‌رمووده‌ى خودایه‌ (سته‌مگه‌ران دوایی ده‌زانن به‌ چ ده‌ردێك دا ده‌كه‌ون)


ڕێکه‌وت: 2009-08-18 16:21:07
به‌شی ( )