په‌یامى به‌رێز و تێكۆشه‌ر كاك بابه‌شێخ حسێنى به‌ بۆنه‌ى ساڵرۆژى دامه‌زرانى كومیته‌ى ئافره‌تان
كومیته‌ى ئافره‌تانى سازمانى خه‌بات، له‌چه‌ندساڵ كار و چالاكى خۆیدا، به‌ پێى توانا تێكۆشاوه‌ و توانیویه‌تى به‌شێك له‌و بۆشاییه‌ له‌سازمانى خه‌بات پرِ بكاته‌وه‌ كه‌ له‌رابردوو دا به‌ هۆى به‌شدارى نه‌كردنى چالاكانه‌ى ئافره‌تان به‌رچاو ده‌كه‌وت. دیاره‌ چاوه‌روانی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ كومیته‌ى ئافره‌تان سه‌ره‌رِاى كێشه‌كان و كه‌ندوكۆسپه‌كان و هه‌ل و مه‌رجى كۆمه‌لایه‌تى له‌كوردستان، بتوانێ كاریگه‌رتر له‌رابردوو له‌پێناو وه‌دى هێنانى ئاوات و ئامانجه‌كانى ئافره‌تان تێبكۆشێ. وه‌ك ده‌بینین ووشیارى ئافره‌تان له‌ئێران و كوردستان به‌راده‌یێكى به‌رچاو به‌رز بۆته‌وه‌ و ئافره‌تان له‌زۆربه‌ى كاره‌ كۆمه‌لایه‌تى و سیاسی و فه‌رهه‌نگى و ژورنالیستى ده‌ورى چالاكیان هه‌یه‌.
له‌ راپه‌رِین و ناره‌زایه‌تیه‌ جه‌ماوه‌رییه‌كان له‌كوردستان و ئێران به‌ باشی ده‌ورى دیار و چالاكانه‌ى ئافره‌تان له‌رووبه‌رووبونه‌وه‌ى ده‌سه‌لاتى سته‌مگه‌ر و هێزه‌ سه‌ركوتگه‌ره‌كانى و هه‌روه‌ها له‌سازدان و رێكخستنى ته‌زاهورات به‌باشی به‌رچاو ده‌كه‌وێ.
جێگه‌ى خۆیه‌تى كومیته‌ى ئافره‌تانى سازمان و تێكرای ئه‌ندامانى هه‌وڵى زیاتر بده‌ن بۆ كاراتر كردن و گه‌شه‌ پێدانى كومیته‌كه‌یان و پێوه‌ندى كردن به‌ خوشكان له‌ناوخۆى كوردستان و هه‌روه‌ها له‌وه‌لاتانى ئورووپا.
بێگومان به‌رده‌وام بوون و چالاكتر كردنى كومیته‌كه‌تان زامنى سه‌ركه‌وتن و به‌ره‌وپێش بردنى دۆزى مافخوازانه‌ى ئافره‌تان، به‌ تایبه‌ت جولانه‌وه‌ى مافخوازانه‌ى گه‌لى كورد له‌كوردستانى ئێرانه‌.
له‌گه‌ڵ ئومێد به‌ پێش كه‌وتن و سه‌ركه‌وتنى زیاتر
پیرۆزبایی دووباره‌تان لێده‌كه‌م
باباشێخ حسێنى
سكرتێرى گشتى
سازمانى خه‌بات ى كوردستانى ئێران

ڕێکه‌وت: 2009-08-29 09:35:49
به‌شی ( )