به‌ یادى ئه‌و رێبه‌ره‌ى كه‌ بۆ ساتێ هه‌داى نه‌دا
رێبه‌رى له‌ یاد نه‌چووى گه‌له‌كه‌مان "مامۆستا سه‌ید جه‌لال الدین حوسه‌ینى" كه‌سێكى به‌ داب و ده‌ستوور و له‌ دنیادارى و خواپه‌ره‌ستى دا به‌ ته‌واوى دابویه‌ سه‌ر ئه‌و باوكه‌ به‌رێزه‌ى كه‌ تا ئێستاشى له‌گه‌ڵ بێ جێگه‌ى رێز و ئیحتیرامى خه‌ڵكى كوردستانه‌ و گڵكۆ و مه‌زارى پیرۆزه‌. مامۆستا سه‌ید جه‌لالى رێبه‌ر، له‌ پاكره‌وشتى و خێرۆمه‌ندى و هه‌وڵ بۆ ته‌بایی و بۆ چارى ده‌رده‌داران و به‌ سه‌ركردنه‌وه‌ى هه‌ژاران، گره‌وى له‌ هه‌موو چاكان بردبۆوه‌.
كاتێ شۆرش و كوردایه‌تى بڵێسه‌ى ساند، چووه‌ ریزى شۆرشگێرِانه‌وه‌ و سوێندى به‌ خودا و به‌ها پیرۆزه‌كان خوارد كه‌ تا ئه‌ستێره‌ى له‌ ئاییسان ده‌كه‌وێ داشدار و خه‌مخۆرى ئه‌و گه‌له‌ بێ كه‌ مه‌ودایێكى زۆره‌ له‌ ژێر ده‌سه‌لاتى داگیركه‌راندا ده‌چه‌وسێته‌وه‌. له‌ لاوێتیدا به‌ زار و زمان و قه‌ڵه‌مى جه‌وهه‌ردار و به‌كارى له‌ سه‌ر ده‌سه‌لاتى زۆردار و به‌دكار ده‌دوا و به‌ سه‌ر ئه‌و بزوتنه‌ى كه‌ دروستكراوى ده‌ستى وه‌ستاى خۆماڵى بوو هه‌ڵده‌دا، تا ئه‌وه‌ى كۆمارى كورد سایه‌ى به‌ سه‌ر كوردستاندا كێشاو دڵى به‌ كوڵى كوردى خێر نه‌دیوى به‌ حكومه‌ت و سه‌ره‌ك كۆمارى خۆى شاد كرد.
هه‌رچه‌ند ئه‌و خۆشى و شادیه‌ زۆرى نه‌خایاند و دیسان داگیركه‌ران هاتنه‌وه‌ جه‌سته‌ى كورد و هه‌موو شادیه‌كانیان لێ به‌شین كرد و ئه‌وه‌ى وه‌ده‌ستیان هێنابوو لێ یان ستانده‌وه‌، به‌لام ئه‌و هه‌ر له‌ سه‌ر بیر و هزره‌كه‌ى پێشووى مایه‌وه‌ و له‌ كۆرِى مه‌لا و فه‌قێ یاندا بانگى نه‌یاریى و خه‌بات دژ به‌ زۆردارانى لێ ده‌دا و دژ به‌ زۆرڵه‌ كورد و خۆخۆران شیعر و په‌خشانى ده‌هۆنیه‌وه‌ ئه‌ویش به‌ تام و چێژێكى وا كه‌ دڵى هه‌ر نیشتمانپه‌روه‌رێكى پێ شاد ده‌بوو.
له‌ هه‌ر جێ یه‌ك داگیركه‌رێك ده‌ستدرێژى و زوڵمى له‌ كوردێك كردبا، ده‌بووه‌ پشتیوان و داشدارى و چاونه‌ترسانه‌ دیفاعى لێ ده‌كرد، ده‌گێرِنه‌وه‌ به‌ سه‌ردان چۆته‌ ناوچه‌ى مه‌ریوان، ده‌بینێ سه‌ربازێك له‌ فه‌قێیه‌ك ده‌دا، مامۆستاى به‌رێزمان خۆى پێ ناگیرێ و رووبه‌رووى سه‌ربازه‌كه‌ ده‌بێته‌وه‌ و به‌ هه‌موو هێزه‌وه‌ زله‌یێك له‌ سه‌ربازه‌كه‌ ده‌دا، كه‌ ئه‌وانه‌ى ئاگایان لی ده‌بێ سه‌رسام ده‌مێنن له‌و هه‌موو نه‌ترسى و شه‌هامه‌ته‌. ئه‌وه‌ له‌ هه‌ل و مه‌رجێكدا ده‌بێ كه‌ هێزى ژاندارم ترسیان خستبوه‌ دڵى دانیشتوانى كوردستانه‌وه‌ و كه‌س نه‌یده‌وێرا رووبه‌روویان بێته‌وه‌.
به‌ڵێ، مامۆستاى پایه‌به‌رز به‌ كرده‌وه‌ى كوردانه‌ى بووه‌ جێ باوه‌رِى هه‌موو ئه‌ویندارێكى رێى رزگارى به‌شێوه‌یێك به‌ به‌رده‌وامى چاودێرى ده‌كرا، به‌لام هیچ كات گوێى نه‌ده‌دا، زۆر به‌ لێ زانانه‌ كارى خۆى كه‌ بریتى بوو له‌ هاندان و پشتیوانى و هاوكارى شۆرشگێرِانى كورد درێژه‌ پێ ده‌دا.
كاتێ خه‌ڵكى ئێران دژ به‌ ده‌سه‌لاتى شایه‌تى راپه‌رِین، له‌ كوردستاندا له‌ یه‌كه‌م كه‌سه‌كان بوو كه‌ پێشى خه‌ڵك كه‌وت و هاته‌ مه‌یدان و به‌ ووتارى حه‌ماسى و كوردانه‌ خه‌ڵكى له‌ شاره‌ جیاجیاكانى كوردستان خرۆشاند. له‌ دواى رووخانى شا و دروست بوونى شۆراى شاره‌كان، له‌ شارى بانه‌دا ته‌بایی نێو ریزه‌كانى خه‌ڵك به‌ ته‌واوى پارێزرا، چوونكه‌ مامۆستاى رێبه‌ر رێگه‌ى نه‌ده‌دا ئه‌و یه‌ك ده‌نگى و یه‌كریزیه‌ تێك بچێ. له‌و ماوه‌دا كه‌ شۆراى شار به‌رێوه‌به‌رى شاره‌كانى به‌ده‌سته‌وه‌ بوو ناوچه‌ى بانه‌ له‌ شاره‌كانى دیكه‌ ئه‌منیه‌تى كۆمه‌لایه‌تى و سیاسى زیاتر بووه‌ و ئه‌وه‌ ببوه‌ هۆى ئه‌وه‌ى زۆربه‌ى رێبه‌رانى كورد له‌ دواى هێرشى پاسدارانى خومه‌ینى بۆ سه‌ر كوردستان، له‌ بانه‌دا جێگیر بن.
كه‌ هێرشى یه‌كه‌مى پاسدارانى خومه‌ینى بۆ سه‌ر كوردستان ده‌ستى پێكرد زۆرترین به‌رگرى و دیفاع له‌ ناوچه‌ى بانه‌دا كرا، جه‌نابی مامۆستا هێزێكى به‌ هه‌ڵمه‌ت و بوێرى پێك هێنا كه‌ كارێكى وایان به‌ دژمنان كرد با به‌ده‌وارى شرِى نه‌كردبێ. ئه‌و هێزه‌ هێند به‌ ده‌ست و برد ده‌ستیان ده‌وه‌شاند، سوپاى زۆر و بۆرى دژمنیان ده‌تاساند.
رێبه‌رى پایه‌به‌رزمان به‌ دامه‌زراندنى سازمانى خه‌بات زۆر واقعبینانه‌ و به‌ بیر و هزرێكى نوێ هاته‌ مه‌یدان و به‌ پێى داب و ده‌ستوور و باوه‌رِى كۆمه‌ڵگه‌ى كورده‌وارى سازمانى خه‌باتى پێك هێنا، به‌ جۆرێك كه‌ دڵسۆزى بۆ گه‌ل، راستگۆیی و پاكره‌وشتى له‌ به‌رنامه‌ى كارى سازمان جێگیر كرد، ئه‌و ره‌فتاره‌ بووبه‌ بنه‌ما بۆ كارى سیاسى و ته‌شكیلاتى و ئه‌سڵێكى نه‌گۆرِ له‌ سازماندا.
مامۆستا سه‌ید جه‌لال حوسه‌ینى تا ئه‌و كاته‌ى له‌ دنیادا بوو هه‌ر به‌ سه‌ربه‌رزى و ئازایی ژیا و له‌ دواى مه‌رگیشى له‌ به‌هه‌شتى خودادا له‌ جێگاى پیاو چاكانى مه‌رد و ئازادا جێگه‌ى بۆ كرایه‌وه‌.
به‌و هیوایه‌ى یادى مامۆستاى رێبه‌رمان بێته‌ هه‌وێنى برایه‌تى و لێبرِانى زیاتر له‌ به‌رامبه‌ر دژمنانى گه‌لى كورد و هانده‌رێك بێ بۆ كار و هه‌ڵسوورِانى رێبوارانى رێبازه‌ پیرۆزه‌كه‌ى.

ڕێکه‌وت: 2010-09-06 09:25:18
به‌شی ( )