ووتووێژى به‌رێز كاك بابه‌شێخى حوسێنى سکرتێری گشتی سازمانی خه‌بات ی کوردستانی ئێران، له‌گه‌ڵ ماڵپه‌رى به‌یان
به‌یان: ئه‌م رۆژانه‌ یادی ٣٠ ساڵه‌ی دامه‌زرانی سازمانه‌که‌تان کرده‌وه‌. ده‌کرێ پێمان بڵێن، ئه‌و پێویستی یان پێویستیانه‌ چی بوون که‌ بوونه‌ هۆی دامه‌زراندنی سازمانی خه‌بات؟
 بابه‌ شێخ حسێنی: ئه‌گه‌ر له‌هه‌ل و مه‌رجى ٣٠ سال پیش ئێستاى جولانه‌وه‌ى كورد له‌ كوردستانى ئێران بروانین،  به‌شی زۆرى هیز و لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان چه‌پ بوون و خومه‌ینى و هاوكارانى به‌و ناوه‌ى كه‌ هیزه‌كانى كورد دژ به‌ دینن، واى كردبوو كه‌سانى ساویلكه‌ زیاتر هان بدا بۆ هیرش كردنه‌ سه‌ركوردستان. وه‌هه‌روه‌ها زۆربه‌ى گه‌لى كوردیش كه‌ خاوه‌ن باوه‌رى ئیسلامین، نه‌یانده‌توانى بچنه‌ ریزى هیزه‌ چه‌په‌كانه‌وه‌ و به‌تایبه‌ت ئه‌و   كه‌سانه‌ى كه‌ له‌ریزى ده‌فته‌رى ماموستا شیخ عیزه‌دینى حسینى بوون. له‌دواى ئه‌وه‌له‌دواى ئه‌وه‌ى ماموستا شیخ عیزه‌دین له‌راگه‌یه‌ندراویكدا نه‌مانى هیزى پیشمه‌رگه‌ى خۆى راگه‌یاند، زۆربه‌ى هه‌ره‌ زۆرى ئه‌و كه‌سانه‌ى له‌ده‌فته‌رى ماموستا بوون خاوه‌ن باوه‌رى كوردایه‌تى  و پیبه‌ند به‌ بنه‌ماكانى ئیسلام بوون ، هه‌ربۆیه‌ نه‌یانده‌توانى بچنه‌ ریزى هیچ كام له‌وهیزانه‌ى كه‌ ئه‌و كات له‌مه‌یدان دا بوون و له‌ئاكامدا به‌ پیویستیان زانى سازمانیكى نه‌ته‌وه‌یی و ئیسلامى دامه‌زرینن.
به‌یان: که‌ واته‌ ده‌کرێ بڵێین، چه‌پایه‌تی حیزبه‌کانی کوردستانی ئێران، خۆی هۆکارێک بوو بۆ هێرشی کۆماری ئیسلامی بۆ سه‌ر کوردستان؟
بابه‌ شێخ حسێنی: نه‌خێر هۆ نه‌بوو بۆ هێرش بۆسه‌ر كوردستان به‌لام هانده‌ر بوو بۆ ئه‌وه‌ى كه‌ كه‌سانى ساویلكه‌ى سه‌ر به‌ رژیمى ئاخوندى زیاتر پێی هه‌ڵخه‌ڵه‌تێ بۆهێرش بۆسه‌ر كوردستان.
به‌یان: له‌ کاتی دامه‌زراندنی سازمانی خه‌باتی نه‌ته‌وایه‌تی و ئیسلامی کوردستانی ئێران دا، زۆربه‌ی خه‌ڵکی کورد، روویان له‌ ئایدۆلۆژیای چه‌پ کرد بوو، یان باوه‌ڕی دینییان بوو؟
بابه‌ شێخ حسێنی:  بێگومان زۆربه‌ى خه‌ڵك باوه‌ریان به‌ دینى ئیسلام بوو، به‌لام حاشا له‌وه‌ ناكرێ كه‌ هێزه‌ چه‌په‌كان به‌هۆى هه‌ل و مه‌رجى ئه‌و كات لایه‌نگریان هه‌بوو، هه‌روه‌ك ئێستاش لایه‌نگریان هه‌یه‌.
به‌یان: له‌و کاته‌ دا به‌م لێک دانه‌وه‌یه‌ی به‌رێزتان، ته‌رازوی هێز له‌ نێوان سازمانی خه‌بات که‌ باوه‌ڕی به‌ ئیسلام هه‌بوو و حیزبه‌کانیتر که‌ چه‌پ بوون، چۆن بوو؟ واته‌ خه‌ڵک زیاتر له‌ ده‌وری کێ ئاڵا بوو؟
بابه‌ شێخ حسێنی: خه‌ڵك به‌ گشتى له‌گه‌ڵ جولانه‌وه‌ى ئازادیخوازى نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانى بوو، ناكرێ بڵێى به‌ تێكرا له‌گه‌ڵ هێزه‌ چه‌په‌كان بوو و یان له‌گه‌ڵ سازمانى خه‌بات بوو، ئه‌وه‌ى بۆ خه‌ڵك زۆر گرینگ بوو له‌و سه‌رده‌مه‌دا گه‌یشتن به‌ ماف و ئازادى بوو،ده‌نا جه‌ماوه‌ر له‌گه‌ڵ هێزه‌ چه‌په‌كان نه‌بوو و سازمانى خه‌بات چوونكه‌ تازه‌ دامه‌زرابوو  و نه‌یتوانیبوو وه‌ك پێو یست جه‌ماوه‌ر له‌خۆى كۆ بكاته‌وه‌.
 به‌یان: ئه‌وه‌ حاڵه‌ت و شێوه‌ گشتیه‌که‌ بووه‌، به‌ڵام مه‌به‌ستی من ئه‌وه‌یه‌ که‌ له‌ خه‌ڵکێ که‌ به‌ وته‌ی به‌رێزتان زۆرتر باوه‌ڕی ئیسلامیان هه‌بووه‌ و نه‌یانویستوه‌ بڕۆنه‌ ریزی حیزبه‌ چه‌په‌کانه‌وه‌، له‌ نێوان سازمانێک دا که‌ باوه‌ڕی ئیسلامی هه‌ڵ ده‌گرێت و ئه‌وانیتر که‌ چه‌پ و عیلمانی بوون، زۆرتر چوونه‌ ریزی کام لایانه‌وه‌، یان زۆرتر لایه‌نگریان له‌ کام به‌ریان کرد؟
بابه‌ شێخ حسێنی: وه‌ك له‌ وه‌لامى پرسیارى پێشتر گووتم، له‌وسه‌رده‌مه‌دا بۆ خه‌ڵك گه‌یشتن به‌ ئازادى و مافه‌ زه‌وتكراوه‌كانى گرینگتر بوو له‌هه‌ر شتێكى تر. دیاره‌ خه‌ڵك به‌زۆرینه‌ موسڵمان بوون هه‌روه‌ك ئێستاش زۆربه‌ى خه‌ڵك موسڵمانن، به‌لام جه‌ماوه‌ر بۆیان گرینگه‌ به‌ مافه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كانیان بگه‌ن و كۆتایی به‌ زوڵم و سته‌م له‌سه‌ریان بێت.  كه‌س ناتوانێ ئه‌و پێوانه‌ و هه‌ڵسه‌نگاندنه‌ى هه‌بێ، هێزى  چه‌پ و غه‌یره‌ چه‌پ ناتوانێ بڵێ و بیسلمێنێ كه‌ جه‌ماوه‌ر به‌ تێكرا  له‌گه‌ڵى بووبێ. ئه‌گه‌ر خه‌ڵکیش پشتیوانى له‌ لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان كردبێ ته‌نیا به‌ هۆیێك بۆ رزگاربوونیان له‌سته‌میان زانیون. دیسان ده‌ڵێمه‌وه‌ سازمانى خه‌بات تازه‌ دامه‌زرابوو و ئه‌و مه‌یدانه‌ و ماوه‌ زه‌مه‌نیه‌ى  له‌به‌رده‌م دانه‌بوو تا بتوانێ خۆى به‌ته‌واوى به‌ خه‌ڵك بناسێنێ و پشتیوانى تێكرایی بۆ لاى خۆى راكێشێ.
 به‌یان: چه‌ندی خایاند که‌ سازمانی خه‌بات بتوانێت پێگه‌ی جه‌ماوه‌ری بۆ خۆی به‌ ده‌ست بێنێت؟
بابه‌ شێخ حسێنی: هه‌وڵدان بۆ ئه‌وه‌ى پێگه‌ى جه‌ماوه‌ریمان به‌ هێز و به‌رفراوان بكه‌ین، ئه‌ركێكى یه‌ك ساڵه‌ و دوو ساڵه‌ نییه‌ و زیاتر له‌ ٣٠ ساڵه‌ ئه‌وه‌ یه‌كێكه‌ له‌ كاره‌كانمان. بێگومان له‌داهاتووش دا به‌رده‌وام ده‌بین له‌سه‌رى. دیاره‌ به‌ به‌راورد له‌گه‌ڵ سا‌لانى رابردوو سازمانى خه‌بات له‌ئێستا دا، توانیویه‌تى متمانه‌ى ژماره‌یه‌كى زۆر له‌هاونیشتمانان بۆ لاى خۆى راكێشێ.
به‌یان: راسته‌ که‌ حیزبێکی سیاسی به‌رده‌وام هه‌وڵی ئه‌وه‌ ده‌دات که‌ پێگه‌ی جه‌ماوه‌ری خۆی به‌ هێز بکات.ئه‌مه‌ ئامانجێکی سیاسی و حیزبیه‌. مه‌به‌ستی پرسیاره‌که‌ی من ئه‌وه‌یه‌ که‌ ئایا سازمانی خه‌بات که‌ به‌ وته‌ی به‌رێزتان له‌ سه‌ره‌تای  دامه‌زران، نه‌یتوانی وه‌ک پێویست جه‌ماوه‌ر له‌ خۆی کۆبکاته‌وه‌، دواتریش هه‌ر نه‌یتوانی جه‌ماوه‌ر له‌ خۆی کۆ بکاته‌وه‌؟
بابه‌ شێخ حسێنی: ئه‌گه‌ر مه‌به‌ست له‌پرسیاره‌كه‌ى به‌رێزت تێكراى گه‌لى كورده له‌كوردستانى ئێرانه‌، به‌ڵێ، سازمانى خه‌بات نه‌یتوانیوه‌ تێكراى جه‌ماوه‌ر له‌خۆى بهاڵێنێ.
 به‌یان: سازمانی خه‌بات ٣٠ ساڵه‌ بوو. کام ساڵ و زه‌مان به‌ لووتکه‌ی گه‌شه‌ی خه‌بات داده‌نێن؟
بابه‌ شێخ حسێنی: مێژووى ٣٠ ساڵى كارو چالاكى سازمانى خه‌بات دابه‌ش ده‌كرێ یه‌ چه‌ندین قۆناغ، كه‌ هه‌ر كام له‌و قۆناغانه‌ سازمانى خه‌بات هه‌نگاوى به‌ره‌وپێش ناوه‌  و هه‌ر كام له‌وقۆناغانه‌ بۆ نمونه‌ قۆناغى سه‌ره‌تاى خه‌باتى گه‌رم و گورى چه‌كدارى پیشمه‌رگه‌كانى سازمانى خه‌بات نه‌ ته‌نیا شانازین بۆ سازمانى خه‌بات به‌ڵكو له‌شانازییه‌كانى گه‌لى كوردن. به‌گشتى له‌گه‌ڵ دابه‌ش كردنى ئه‌و قۆناغانه‌ ده‌كرێ ٨ ، ٩ ساڵى رابردوو به‌ قۆناغى گه‌شه‌ى سیاسی و ته‌شكیلاتى و جێبه‌جێكردنى كارى مونه‌زم تر له‌سازمانى  خه‌بات بژمێرین.
 به‌یان: به‌ڵام  ئێوه‌ له‌و قۆناخه‌دا که‌ به‌ قۆناغی گه‌شه‌ی سیاسی و ته‌شکیلاتی داده‌نێن، دوور بوون له‌ خه‌ڵک. ته‌نانه‌ت له‌ سنووره‌کانیش نه‌مان و تێکۆشانی چه‌کداریشتان نه‌ما، چۆناو چۆن ئه‌م قۆناغه‌ به‌ قۆناغی گه‌شه‌ داده‌نێین؟
بابه‌ شێخ حسێنی: پیموایه‌ بوون له‌ناو خه‌ڵك ته‌نیا به‌بوونى بنكه‌ و باره‌گا له‌ناوخۆى كوردستانى ئێران و یا به‌ هه‌ڵسوورانى پێشمه‌رگه‌ و تێكۆشانى چه‌كدارى نییه‌. سازمانى خه‌بات له‌ئێستا دا له‌زۆربه‌ى شاره‌كانى كوردستانى ئێران ئه‌ندام و لایه‌نگر و هه‌سته‌ى ته‌شكیلاتى فه‌عالى هه‌یه‌، له‌كاتێكدا كه‌ ئه‌و هه‌سته‌ و ته‌شكیلاتانه‌ به‌وشێوه‌ى ئێستا كه‌ رێكوپێك و مونه‌زه‌مه‌ له‌و سه‌رده‌مه‌دا بوونیان نه‌بوو، ته‌نانه‌ت  بنكه‌ و باره‌گاكانمان له‌ناوچه‌كانى كوردستان بوون. له‌بارى چالاكى سیاسی و پێوه‌ندى له‌گه‌ڵ هێز و لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان و رووداو و پێشهاته‌ سیاسیه‌كان، سازمانى خه‌بات هێزێكى خاوه‌ن جێگه‌ و پێگه‌ى گرینگه‌ و ده‌ورى هه‌یه‌ و حه‌تمه‌ن جه‌نابت موتابعه‌ى هه‌وال و چالاكیه‌كانى سازمانت كردووه‌ و ئه‌و راستیه‌ ده‌زانى.
به‌یان: ئه‌و شانازیانه‌ چین وا ئاماژه‌ت پێکردن؟
بابه‌ شێخ حسێنی: خه‌باتى سیاسی و ته‌شكیلاتى سه‌ربه‌خۆ، ده‌یان چالاكى به‌رچاوى پێشمه‌رگه‌كانى سازمان بۆ وێنه‌ جه‌نگى پیشمه‌رگه‌كانى سازمانى خه‌بات له‌ ١٠ى خه‌زه‌ڵوه‌رى ١٣٥٨ كه‌ خومه‌ینى ناچار كرد، داواى ئاگربه‌س له‌ گه‌لى كورد بكا و ناچارى كرد  ووتووێژ له‌گه‌ڵ گه‌لى كورد رابگه‌ێنێ. هه‌روه‌ها مل نه‌دان بۆ فشاره‌كانى ده‌سه‌لات و لایه‌نه‌كان كه‌ ده‌یانویست سازمانى خه‌بات پێ ملى ویسته‌كانیان بێ و ده‌یان نمونه‌ى دیكه‌ى كه‌ له‌به‌ر هه‌ل و مه‌رجى تایبه‌ت به‌باشی نازانم ئاماژه‌ى پێبده‌م.
 به‌یان:  مه‌به‌ستت تێکشکاندنی گوردانی جاویدانه‌؟
بابه‌ شێخ حسێنی: به‌لى
به‌یان: به‌ڵام ئه‌وه‌ به‌ " جینایه‌ت" دانرا و مه‌حکووم کرا.
بابه‌ شێخ حسێنی: جنایه‌ت فه‌رمانى جیهادى خومه‌ینى و هێرشی پاسداران و هێزه‌ سه‌ربازییه‌كانى رژیمى ئاخوندى و سووتاندن و وێران كردنى  ماڵى خه‌ڵك و كوشتنى ژن و پیاو و منداڵ و لاو و پیرى كوردستان بوو، نه‌ك موقاوه‌مه‌ت و خۆراگرى له‌به‌رانبه‌ر ئه‌و هێزه‌ داگیركه‌ر و سته‌مگه‌ره‌دا. ئێمه‌ له‌نیشتمان و له‌شار و له‌به‌رده‌مى ماڵ و جێ ژیانى خۆمان دیفاعمان كرد و له‌هیچ پێوه‌ر و قانوونێك دیفاعكه‌ر جینایه‌تكار نییه‌ و هێرشبه‌ر و داگیركه‌ریش بێ تاوان.
به‌یان:  هێزه‌ کوردیه‌کان، ئه‌و عه‌مه‌لیاته‌یان به‌ " جینایه‌ت" هێنایه‌ ئه‌ژمار.
بابه‌ شێخ حسێنی: مه‌به‌ستت كام هێزى كوردییه‌ كه‌ ئه‌و عه‌مه‌لیاته‌ قاره‌مانانه‌یه‌ى به‌ جینایه‌ت ناساندووه‌؟
 به‌یان: ئه‌و عه‌مه‌لیاته‌ ده‌نگێکی زۆری دایه‌وه‌له‌ ئێران دا. له‌ کوردستانیش وره‌ی خه‌ڵکی برده‌ سه‌ره‌وه‌. به‌ڵام کاربه‌دستێکی بریار به‌ ده‌ستی یه‌ک له‌ حیزبه‌کان له‌ وتوێژێکی رۆژنامه‌وانی دا ئه‌و عه‌مه‌لیاته‌ به‌ " جینایه‌ت" نێو ده‌بات.
بابه‌ شێخ حسێنی:: هه‌ڵویستى ئه‌و به‌رپرسه‌ى ئه‌و لایه‌نه‌ كه‌ ده‌فه‌رمووى، هه‌ڵوێستێكى باش نه‌بوو و به‌قازانجى جولانه‌وه‌ى كورد نه‌بوو و ده‌ریش كه‌وت كه‌ دیفاع كردن له‌كوردستان و گه‌لى كورد و خه‌بات كردن له‌به‌رانبه‌ر ئه‌و رژیمه‌ نه‌ك جینایه‌ت نییه‌ به‌ڵكو سه‌ربه‌رزیه‌. ئه‌گه‌ر لێم قه‌بووڵ بكه‌ى له‌به‌ر خزمه‌ت به‌ دۆزى ره‌واى گه‌له‌كه‌مان و پێوه‌ندى دۆستانه‌مان له‌گه‌ڵ تێكراى هێز و لایه‌نه‌ سیاسیه‌ به‌رێزه‌كان له‌وه‌لام دانه‌وه‌ى ئه‌و پرسیاره‌ خۆده‌بوێرم. زۆر سپاس
 به‌یان: کاک باباشێخ، نه‌وه‌ی تازه‌ی کورد حه‌ز ده‌کات و داوامان لێ ده‌کات، راستیه‌کانی بۆ وه‌گێڕین.ئێوه‌ عه‌مه‌لیاتێک به‌ قاره‌مانانه‌ و جێێ شانازی ده‌ژمێرن، که‌چی هه‌ر له‌و کات دا له‌ زمان کاربه‌دستێکی حیزبێکی کوردیه‌وه‌، ئه‌و عه‌مه‌لیاته‌ به‌ جینایه‌ت ناو ده‌برێت. نه‌وه‌ی نوێ که‌ لێکۆڵێنه‌وه‌ له‌ رابردوو ده‌کات و شتی له‌ سه‌ر ده‌نووسێت، چۆن قه‌زاوه‌ت بکات،ئه‌گه‌ر هه‌ر دوو لا بۆی روون نه‌که‌نه‌وه‌ که‌ بۆ ئه‌و رووداوه‌ به‌ دوو  پێناسه‌ی دژ به‌ یه‌ک ته‌عریف ده‌که‌ن؟
بابه‌ شێخ حسێنی: بێگومان پێویسته‌ رووداوه‌كان روون بكرێنه‌وه‌ و نه‌وى نوێ مافى خۆیانه‌ داواى راستیه‌كان بكه‌ن،به‌لام نه‌وه‌ى نوێ چه‌نده‌ داوامان لێده‌كه‌ن راستیه‌كان ده‌ربخه‌ین زیاتر له‌وه‌ داوامان لێده‌كه‌ن، هه‌وڵ بده‌ین بۆ ته‌بایی و یه‌كگرتوویی له‌ناو جولانه‌وه‌ى كورد وله‌نێوان هێز و لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانى كوردستان. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش ئه‌و كه‌سانه‌ى به‌شوێن راستیه‌كانه‌وه‌ن له‌وانه‌یه‌ په‌كیان له‌سه‌ر وه‌لامى من به‌و پرسیاره‌ نه‌كه‌وێ.
 به‌یان:  واته‌ قسه‌ هه‌یه‌، به‌ڵام له‌ به‌ر مه‌سڵه‌حه‌تی په‌یوه‌ندیه‌کانتان ناتانه‌وێ، بیدرکێنن؟
بابه‌ شێخ حسێنی: به‌لێ دروست ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ده‌فه‌رمووى
 به‌یان: حیزبه‌کانیتر مه‌سڵحه‌تی ئێوه‌ ده‌پارێزن؟ ئه‌ی بۆ له‌ نێو هێنانتان له‌ شوێنێک که‌ دبێت وه‌ک رێکخراوێکی سیاسی نێوتان بێت، خۆ ده‌بوێرن و ناده‌یده‌تان ده‌گرن؟
بابه‌ شێخ حسێنی: له‌پێش هه‌موو شتێكدا سازمانى خه‌بات پشتى به‌ جه‌ماوه‌ر  و مێژووى موباره‌زه‌ى بێ هه‌ڵه‌ و دڵسۆزانه‌ى خۆى به‌ستووه‌.  ئه‌وه‌ به‌سه‌ر چووه‌ رێكخراوێكى سیاسی پێوانه‌ دانێ بۆ بوون و نه‌بوونى  هێزێكى نیشتمانى و تێكۆشه‌ر، ئه‌وه‌یش هێزێكى وه‌كوو سازمانى خه‌بات ى كوردستانى ئێران. ئه‌وه‌نده‌ى ئاگادارین هه‌موو هێزه‌كان له‌ئێستا دا  به‌ بێ جیاوازى خوازیارى پێوه‌ندى و نزیكى بێ ئه‌م لاو ئه‌ولا له‌گه‌ڵ سازمانى خه‌باتن.
به‌یان: ده‌کرێت بفه‌رموون له‌ چ سه‌رده‌مێک دا ئه‌و پێوانه‌یه‌ هه‌بووه‌ و کێ داینا بوو
بابه‌ شێخ حسێنی: له‌سه‌ره‌تاى جولانه‌وه‌ى ئازادیخوازى كورد له‌ كوردستانى ئێران به‌ داخه‌وه‌ ئه‌و پێوانه‌ و هه‌ڵسه‌نگاندنه‌ هه‌لانه‌ هه‌بوو كه‌ زۆریش زیانى گه‌وره‌ و قه‌ربوو نه‌كراوه‌ى به‌ كورد و خه‌باته‌ ره‌واكه‌ى گه‌یاند و بێگومان كاریگه‌ری خه‌راپ و زیانباریشى له‌سه‌ر سازمانى خه‌بات دانا.
به‌یان: چ کاریگه‌رییه‌ک؟
بابه‌ شێخ حسێنی: له‌پێوه‌ند به‌سازمانى خه‌بات، بوو به‌ هۆى پێش نه‌كه‌وتن و گه‌شه‌نه‌سه‌ندنى سازمان به‌و شێوه‌ى كه‌ مه‌به‌ست و ئامانجمان بوو له‌و سه‌رده‌مه‌دا. هه‌روه‌ها له‌چوارچێوه‌ى به‌رینتر دا، سه‌رهه‌ڵدانى شه‌رى براكوژى و دروست بوونى ناكۆكى قوڵ و زیانبار له‌نێوان هێز و لایه‌نه‌كانى كوردستاندا  كه‌ تائێستاش ئاسه‌واره‌كانى دیارن و له‌ناو ناچن.
به‌یان: له‌ توماری رووداوه‌کانی کوردستانی ئێران دا، ده‌بنرێت که‌ سازمانی خه‌باتیش به‌ جۆرێک له‌ جۆره‌کان تێ دا بوه‌. ئایا ئێوه‌ له‌و شه‌ڕه‌وه‌ گلا بوون، یان پڕیشکتان به‌ر که‌وتبوو؟
بابه‌ شێخ حسێنی: سازمانى خه‌بات هیچ كات هێرشی نه‌كردۆته‌ سه‌ر هیچ كام له‌هێز و لایه‌نه‌كان و كه‌ هێرشى كراوه‌ته‌ سه‌ر دیفاعى له‌ خۆى كردووه‌ و مه‌وجوودیه‌تى خۆى پاراستووه‌. به‌ڵێ، به‌داخه‌وه‌ سازمانى خه‌باتیش پریشكى به‌ركه‌وتووه‌.
 به‌یان: پاساوی ئه‌و کاتی ئه‌و هێزانه‌ی هێرشیان کردۆته‌ سه‌ر سازمانی خه‌بات، پاساوی ئایدۆلۆژیکی و پاساوی پاراستنی سه‌ربه‌خۆیی سیاسی  بووه‌. واته‌ ئه‌وان‌ ئێوه‌یان له‌ به‌ر ئیسلامی بوون به‌ " کۆنه‌په‌رست" و له‌ به‌ر په‌یوه‌ندی به‌ حکومه‌تی به‌عسه‌وه‌ به‌ وابه‌سته‌ی حکومه‌تی عێراق زانیوه‌.ئایا، به‌ راستی هۆکاری هێرش و گوشاری سه‌ر سازمانی خه‌بات، ئه‌وه‌ بووه‌ یان شتیتر؟
بابه‌ شێخ حسێنی: نه‌خێر ئه‌و بۆچوونه‌ى ئێوه‌ وانییه‌، له‌پێوه‌ندى له‌گه‌ڵ حیزبی به‌عس سازمانى خه‌بات له‌هه‌موو حیزبه‌كان سه‌ربه‌خۆیانه‌تر هه‌لس و كه‌وتى كردووه‌ و له‌پێوه‌ند به‌ ئیسلامى بوونى سازمان كه‌ بووبێته‌ هۆى هێرشی ئه‌و لایه‌نانه‌ بۆسه‌ر سازمان ده‌لێم، خۆ لایه‌نى چه‌پ و غه‌یره‌ ئیسلامییش له‌كوردستان هێرشیان كرایه‌ سه‌ر.به‌باوه‌رى من ، ته‌حمول نه‌كردنى یه‌كتر و  بیروبۆچوونى جیاواز و نه‌بوونى فه‌رهه‌نگى پلورالیسم و به‌رچاوته‌نگى ته‌سكى حیزبایه‌تى له‌وسه‌رده‌مه‌دا بوونه‌ هۆى سه‌رهه‌ڵدانی ئه‌و کێشانه‌
به‌یان: سازمانی خه‌بات چه‌ند پێشمه‌رگه‌ی له‌ شه‌ڕی براکوژی، یان به‌ وته‌ی ئێوه‌ له‌ دیفاع له‌ مان و موجودیه‌تی خۆی دا له‌ ده‌ست دا؟
بابه‌ شێخ حسێنی: به‌خۆشیه‌وه‌ پێشمه‌رگه‌مان لێ شه‌هید نه‌بووه‌، به‌لام پێشمه‌رگه‌مان بریندار بووه‌،و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش له‌ودیفاع له‌مان و مه‌وجوودیه‌ته‌مان دا، پێشمه‌رگه‌ى هیچ لاینێكى دیكه‌ به‌ ده‌ست پێشمه‌رگه‌كانى سازمان له‌ناو نه‌چووه‌. به‌لام بریندار هه‌بووه‌.
به‌یان: ئه‌و هێڕشانه‌ له‌ لایان کۆمه‌ڵه‌وه‌ ده‌کرایه‌ سه‌رتان یان حدکاوه‌، یان هه‌ر دوکیان؟
بابه‌ شێخ حسێنی: كۆمه‌ڵه‌ هێرشی نه‌كردۆته‌ سه‌ر بنكه‌كانمان و ناكۆكیه‌كانمان نه‌گه‌یشتۆته‌ قۆناغى پێك هه‌ڵپرژان و ته‌قه‌ له‌یه‌ك كردن، به‌لام به‌داخه‌وه‌ له‌گه‌ڵ حیزبی دیموكرات چه‌ند جارێك پێكدادان له‌نێومان دا  رووى داوه‌.
 به‌یان: ره‌حمه‌تی مامۆستا شێخ جه‌لال حسێنی،سکرتێری سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران، له‌ دیمانه‌یه‌ک دا‌ زۆر راشكاوانه‌، ده‌ڵێ حیزبه‌کانی کوردستانی ئێران، ئه‌گه‌ر " خراپتر نه‌بووبن، چاکتر نه‌بوون"، ره‌حمه‌تی ته‌نانه‌ت زیاتریش ده‌روات و ده‌ڵێ، بۆیه‌ سازمانی خه‌باتم دامه‌زراند که‌ شتی به‌که‌ڵکی لێ نه‌بووه‌ و ئێستاش نییه‌.  جا به‌ سه‌رنج دان به‌وه‌ی به‌رێزتان ئاماژه‌تان به‌ رووداوه‌کانی ئه‌و ده‌م کرد و ره‌حمه‌تی مامۆستا شێخ جه‌لال به‌و جۆره له‌ حیزبه‌کان ده‌دوێت، ئایا هیچ زه‌مانه‌تێک هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی شه‌ڕی براکوژی و ئه‌و ره‌فتارانه‌ی ئه‌و ده‌م له‌ گه‌ڵتان کراوه‌، له‌ گه‌ڵتان نه‌کرێته‌وه‌؟
بابه‌ شێخ حسێنی: ئه‌گه‌ر بیركردنه‌وه‌كان و لێكدانه‌وه‌كان هه‌روه‌ك ٣٠ ساڵى رابردوو بن، كه‌ به‌داخه‌وه‌ وه‌ك ده‌بینین هێندێك هه‌ڵویست و بیركردنه‌وه‌ و هه‌لس و كه‌وتى حیزبه‌ كوردستانیه‌كان ئاڵوگۆرى ئه‌وتۆى به‌سه‌ردا نه‌هاتووه‌، بێگومان ئه‌گه‌ر به‌و شێوه‌یه‌ى كه‌ئێستا هه‌یه‌ هه‌روا بێ، هیچ زه‌مانه‌تێك نییه‌ شه‌رى براكوژى سه‌رهه‌ڵنه‌دا. زه‌مانه‌ت بۆ نه‌مانى شه‌رى براكوژى و نه‌مانى  ئیختلافات ده‌گه‌رێته‌وه‌ بۆ ته‌حه‌موول كردنى لایه‌نه‌كان له‌گه‌ڵ یه‌كتر و ووشیارى و رێگه‌نه‌دانى  جه‌ماوه‌رى  كوردستان به‌و هێز و لایه‌نانه‌ى كه‌ خه‌تابارن.
به‌یان:  پێتوایه‌ ئه‌و هه‌ڵوێستانه‌ی که‌ ئێوه‌ ده‌ڵێن، باشن، گۆڕانی عه‌قڵیه‌تی سیاسیه‌، یان ئاکامی له‌ت بوون و ئینشیعابه‌؟چونکه‌ وه‌ک پێشتر باست کرد، ئه‌وان" هێرشیان کردۆته‌ سه‌ر سازمانی خه‌بات" " زیانی زۆریان له‌ سازمانی خه‌بات داوه‌"؟
بابه‌ شێخ حسێنی: كاتێك هه‌موو دونیا له‌پێش كه‌وتن و گه‌شه‌سه‌ندن دایه‌ و یه‌كترته‌حمول ده‌كه‌ن و ئالوگۆرى پۆزه‌تیڤ له‌وباره‌دا به‌رچاو ده‌كه‌وێ، خۆ ده‌بێ ئیمه‌ى كوردیش هیچ نه‌بێ گۆرِانى به‌كه‌ڵك له‌سیاسه‌ت و هه‌ڵویستمان بێته‌ ئاراوه. هه‌ربۆیه‌ ئه‌گه‌ر‌ به‌ته‌واوی ئالوگور له‌ عه‌قلیه‌تى سیاسی لایه‌نه‌كان دروست نه‌بووبێ، هێندێك گۆران به‌ لایه‌نى باشه‌ به‌رچاو ده‌كه‌وێ . له‌هه‌مان حالدا ئینشعاب و لێك جیابوونه‌وه‌كانیش كاریگه‌رى خۆیان هه‌بووه له‌سه‌ر گۆران له‌هه‌ڵوێسته‌ زیانباره‌كان  له‌رابردوو‌دا.
به‌یان: هیچ زه‌مانه‌تێک هه‌یه‌ که‌ ئه‌گه‌ر، لایه‌نه‌ لێک دابڕاوه‌کان، یه‌کیان گرته‌وه‌، یان لایه‌کیان هێزه‌که‌ی جارانی به‌ ده‌ست هێنایه‌وه‌، به‌شی ئێوه‌ هه‌ر هێرش کرانه‌ سه‌ر، نه‌بێت؟
بابه‌ شێخ حسێنی: خوا بكا ئه‌و ان  یه‌ك بگرنه‌وه‌. یه‌كگرتنه‌وه‌ به‌ ماناى هه‌نگاو نان به‌ره‌و باشبوون و یه‌كترته‌حمول كردن و گۆران له‌سیاسه‌ته‌ هه‌ڵه‌كان دا ده‌بێ نه‌ك به‌ پێچه‌وانه‌وه‌.
به‌یان: که‌ واته‌ جیابوونه‌وه‌کان هه‌مووی هه‌ر زه‌ره‌ر نه‌بوه‌ و قازانجیشی بووه‌.
بابه‌ شێخ حسێنی: له‌وباره‌ى كه‌ بووبێته‌ ده‌رسێك بۆ ئه‌وه‌ى ته‌حمولى یه‌كتر بكه‌ین، به‌ڵى قازانجى بووه‌، به‌لام به‌ گشتى له‌جیابوونه‌وه‌كان دا دژمنانى كورد قازانجیان دیوه‌. 
به‌یان: له‌ پاش جیابوونه‌وه‌کانه‌وه‌، لایه‌نه‌ جیابووه‌وه‌ کان، هه‌ر کام تێ ده‌کۆشن، ئێوه‌ له‌ خۆیان نزیک بکه‌نه‌وه‌،بانگهێشتتان ده‌که‌ن و سه‌ردانتان ده‌که‌ن، خه‌ڵکانی شاره‌زا له‌ سیاسه‌تی حیزبه‌کانی کوردستانی ئێران، له‌ سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه‌ن که‌ ئێوه‌، بۆ راست کردنه‌وه‌ی لاسه‌نگیه‌کان به‌ کار ده‌بردرێن.ئه‌وان ده‌ڵێن، ئه‌ی بۆ به‌ر له‌ جیابونه‌وه‌کان، که‌س له‌ سازمانی خه‌باتی نه‌ده‌پرسی و ته‌نانه‌ت دوژمنایه‌تیشیان ده‌کردن؟
بابه‌ شێخ حسێنی: له‌وه‌لامه‌كانى پێشوو ووتم كه‌ سازمانى خه‌بات نابێته‌ هۆیێك بۆ ئه‌وه‌ى لایه‌نه‌كان وه‌ك پارسه‌نگ  و به‌ قازانجى خۆیان به‌كارى بێنن. سازمانى خه‌بات هێزێكى سه‌ربه‌خۆیه‌ له‌بریاردان و كاركردنیدا و هه‌موو كه‌سێكێش ئه‌و راستیه‌  ده‌زانێ.
به‌یان: به‌ڵام ئه‌و چه‌ند هاوکاری و راگه‌ێندراوه‌ هابه‌شه‌، هیچی له‌ سه‌ر داوای ئێوه‌ نه‌بوه‌ و له‌ بنکه‌ی ئێوه‌ نه‌بوه‌. هه‌ر ئێوه‌یان بانگ کردوه‌ بۆ ئیمزا لێ وه‌رگرتن، یان له‌ ته‌له‌ویزیۆن پێشان دانتان.ئه‌ی بۆ حازر نین به‌رنامه‌یه‌کی تایبه‌ت به‌ خۆتان له‌ ته‌له‌یزیۆنه‌کانیانه‌وه‌ بڵاو بکه‌نه‌وه؟
بابه‌ شێخ حسێنی: له‌سه‌ر داواى سازمانى خه‌بات چه‌ند راگه‌یه‌ندراوى هاوبه‌ش دراوه‌. بۆ وێنه‌ ئه‌و راگه‌یه‌ندراوه‌ هاوبه‌شه‌ى له‌سه‌ر شه‌هید كردنى فه‌رزاد كه‌مانگه‌ر و هه‌ڤاڵه‌كانى بلاوكرایه‌وه‌،  له‌سه‌ر پێشنیار و داواى سازمانى خه‌بات بوو. له‌ پێوه‌ند به‌ ته‌له‌ویزیۆنه‌كانیش چه‌ند به‌رنامه‌ له‌سه‌ر سازمانى خه‌بات بلاوكراوته‌وه‌ و زۆر جاریش ئاماده‌ییان ده‌ربریوه‌ بۆ هاوكارى و سازدانى به‌رنامه‌ى تایبه‌ت.
به‌یان: چه‌ند جارێک، حدک و خه‌بات و پاک و کۆمه‌ڵه‌ی زه‌حمه‌تکێشان، پێکه‌وه‌ کوو بوونه‌ته‌وه‌ و مێزگردی ته‌له‌یزیۆنیتان بووه‌. له‌ دوا کۆبوونه‌وه‌ی له‌و جۆره‌، گۆڕانێکی شایانی سه‌رنج له‌ پێکهاته‌ی کۆبوونه‌وه‌که‌تان رووی دا که‌ قسه‌ و باسی زۆری لێکه‌وته‌وه‌. چۆن بوو که‌ ئه‌و جاره‌ له‌ جێی به‌رێز عومه‌ر ئیلخانیزاده‌ له‌ کۆمه‌ڵه‌ی زه‌حمه‌تکێشانی کوردستان، به‌رێز عبداڵڵه‌ موهته‌‌دی له‌ کۆمه‌ڵه‌ی شۆرشگێڕی زه‌حمه‌تکێشانی کوردستانی ئێران، هاته‌ پێکهاته‌که‌تانه‌وه‌؟
بابه‌ شێخ حسێنی: سازمانى خه‌بات ئاماده‌ى كۆبوونه‌وه‌ و دانیشتن له‌گه‌ڵ تێكراى لایه‌نه‌كانه‌، ئه‌وه‌ى كه‌ لایه‌نیێك  به‌شدار نییه‌ له‌ كۆبوونه‌وه‌یێك یان میزه‌گردێكدا، ده‌بێ پرسیاره‌كه‌ رووبه‌رووى ئه‌وان بكرێته‌وه‌. وه‌ك  ئاگاداریشین به‌داخه‌وه‌ ئه‌و لایه‌نه و حیزبه‌ جیابووه‌انه‌ ئاماده‌ نین له‌گه‌ڵ یه‌ك دانیشن.
به‌یان:بگه‌ێینه‌وه‌، سه‌رده‌می کوردستانی ئێران....ئێوه‌ وه‌ک سازمانی خه‌بات، له‌ هه‌لومه‌رجێک دا که‌ بیری چه‌پ و کۆمۆنیستی له‌ کوردستانی ئێران زاڵ بوو و هه‌روه‌ها له‌ به‌ر هێرشی لایه‌نێکی دیار دا بوون، چۆن توانیتان خۆ بگرن و بمێننه‌وه‌؟
بابه‌ شێخ حسێنی: بوونى سیاسه‌ت و خه‌تى نیشتمانى و نه‌ته‌وه‌یی كه‌ جه‌ماوه‌ر په‌سه‌ند بوو و مه‌رزبه‌ندى له‌گه‌ڵ رژیمى ئاخوندى  و هه‌روه‌ها بوونى به‌رپرس و كادر و پێشمه‌رگه‌ى به‌باوه‌ر  كه‌ له‌هه‌موو هه‌ل و مه‌رجه‌ حه‌سته‌مه‌كاندا خۆیان راده‌گرت و ئه‌و دۆست و لایه‌نگرانه‌ و ئه‌و جه‌ماوه‌ره‌ى سازمانى خه‌باتیان خۆش ده‌ویست پشت و په‌نایێكى قایم بوون و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌انه‌ش بوونى كه‌سایه‌تى نیشتمانى و نه‌ته‌وه‌یی و ئایینى وه‌ك مامۆستا سه‌یید جه‌لالى حوسێنى ده‌ورى كاریگه‌ریان هه‌بوو.
به‌یان: ئه‌ی فاکته‌ری ئیسلامی بوون، که‌ ره‌حمه‌تی مامۆستا شێخ جه‌لال زۆر ته‌ئکیدی له‌ سه‌ری هه‌بوو؟
بابه‌ شێخ حسێنی:بێگومان فاكته‌رى ئیسلامیش ده‌ورى هه‌بووه‌.
به‌یان: له‌ بوچونه‌کانی ره‌حمه‌تی مامۆستا شێخ جه‌لال دا، باوه‌ری ئیسلامی و ئه‌خلاق و ره‌وشتی ئیسلامی، له‌ دامه‌زران و گه‌شه‌ی خه‌بات دا به‌ بنه‌مای سه‌ره‌کی دانراون، به‌ڵام به‌رێزت وه‌ک فاکته‌رێک باسی ده‌که‌ی.
بابه‌ شێخ حسێنی: من كه‌ى ووتوومه‌ باوه‌رى ئیسلامى و ئه‌خلاق و ره‌وشت له‌گه‌شه‌سه‌ندن و مانه‌وه‌ى سازمان ده‌ورى نه‌بووه‌. له‌وه‌لامى پرسیاره‌كه‌ى تۆ دا كه‌ ووتووته‌ فاكته‌رى ئیسلامى ده‌ورى هه‌بووه؟‌ ئه‌و وه‌لامه‌م دایه‌وه‌ كه بێگومان فاكته‌رى ئیسلامیش ده‌ورى هه‌بووه‌.
به‌یان: سازمانی خه‌بات له‌و هێرشانه‌ی ده‌کرانه‌ سه‌ری چی له‌ ده‌ست ده‌دا؟
بابه‌ شێخ حسێنی: ئه‌و هێرشانه‌ ده‌بوونه‌ هۆى ئه‌وه‌ كه‌ ئازادانه‌ و وه‌ك پێویست له‌هێندێك له‌ناوچه‌كانى كوردستان  كادر و پێشمه‌رگه‌ى سازمانى خه‌بات نه‌توانن چالاكی یان هه‌بێ. 
به‌یان: ده‌گوترێ، له‌ چه‌ند شوێنێک پێشمه‌رگه‌ و بنکه‌کانتان چه‌ک ده‌کران.
بابه‌ شێخ حسێنی: به‌لێ وابوو. بنكه‌ى دێى سنگان له‌ناوچه‌ى شنۆ، بنكه‌ى شخه‌ڵ و بنكه‌ى سارتكێ له‌ناوچه‌ى ره‌به‌ت، بنكه‌ى شقۆیف له‌ناوچه‌ى سه‌قز، بنكه‌ى قاقلاوه‌ له‌ناوچه‌ى بۆكان و گرتن وبێ حورمه‌تى كردن به‌ چه‌ندین كادر و پێشمه‌رگه‌ى سازمانى خه‌بات له‌ناوچه‌ جیاجیاكانى كوردستان. 
به‌یان: ئه‌وان له‌ هێرش کردن و چه‌ک کردنی سازمانی خه‌بات چ ئاماجێکیان هه‌بوو؟
بابه‌ شێخ حسێنی: به لى ئامانجیان نه هیشتن وله مه یدان به ده ركردنى سازمانى خه بات بوو
به‌یان: بۆ؟
بابه‌ شێخ حسێنی: له‌به‌ر هه‌ڵوێستى پاوانخوازى و ئه‌وه‌ى كه‌ كوردستانیان به‌ موڵكى خۆیان ده‌زانى.
به‌یان: ئه‌م سیاسه‌ته‌ بۆ ئه‌وان چی لێ به‌ده‌ست هات و بۆ ئێوه‌، چ ئاکامێکی بوو؟
بابه‌ شێخ حسێنی: زیانى به‌ سازمانى خه‌بات و ئه‌وانیش و جولانه‌وه‌ى كورد گه‌یاند.
به‌یان: سه‌ره‌نجام ئه‌و هێرشانه‌ بۆ سه‌رتان که‌ی و چۆن کۆتاییان هات؟
بابه‌ شێخ حسێنی: ئه‌و كاته‌ كۆتایی هات كه‌ هیچ لایه‌ك بنكه‌ و باره‌گاى نه‌ما له‌كوردستانى ئێراندا.
به‌یان: ئه‌مه‌ چی ده‌گه‌ێنێت؟
بابه‌ شێخ حسێنی: ئه‌وه‌ ده‌گه‌ێنێ كه‌ بیركردنه‌وه‌ى دروست و هه‌ڵویست و سیاسه‌تى  ژیرانه‌ له‌كوردستان دا په‌یره‌و نه‌ده‌كرا.
به‌یان: قه‌ت وا بووه‌ پاش ئه‌و هێرشانه‌، له‌ گه‌ڵ حدکا بکه‌ونه‌ وتوێژ و بگه‌نه‌‌ رێکه‌وتنێک؟
بابه‌ شێخ حسێنی: پێوه‌ندییه‌كان به‌وشێوه‌ نه‌بوون كه‌ ووتووێژى جیددى له‌سه‌ر كێشه‌كان بكرێ.
به‌یان: ئه‌ی ئه‌و پێشمه‌رگه‌ و  چه‌ک و چۆڵ و ئیمکاناته‌ی له‌و بنکانه‌ی سازمانی خه‌باتیان ده‌گرت، چۆن ده‌یان گه‌ڕانده‌وه‌؟
بابه‌ شێخ حسێنی: پێشمه‌رگه‌كان خۆیان ده‌هاتنه‌وه‌ و چه‌ك و چۆڵه‌كانیش ده‌فه‌وتان.
به‌یان: به‌ پێێ ئه‌و ئاماره‌ی که‌ ده‌بێ هه‌تانبێت، چه‌ند قه‌بزه‌ چه‌کتان به‌و جۆره‌ له‌ کیس چووه‌؟
بابه‌ شێخ حسێنی: زانیارى ورد و ته‌واوم نییه‌، به‌لام بێگومان ئه‌و بنكانه‌ چه‌ك و چۆڵیان تێدابوو‌.
به‌یان: ئێوه‌ به‌و حاڵه‌وه‌ که‌ هه‌تانبوو، چۆن پێتان ده‌کرا، له‌ گه‌ڵ هێزه‌کانی کۆماری ئیسلامی، ده‌رگیر بن؟
بابه‌ شێخ حسێنی: له‌گه‌ڵ ئه‌و وه‌زعیه‌ته‌ خراپ و ئاڵۆزه‌ به‌و حاڵه‌ش پێشمه‌رگه‌كانى سازمانى خه‌بات چالاكى كه‌م وێنه‌یان له‌به‌رانبه‌ر هێزه‌كانى رژیم ئه‌نجام داوه‌.
به‌یان: بۆ ئێوه‌ وه‌ک سازمانی خه‌بات، فشاری کام لا زیاتر ماندوی ده‌کردن، هێڕشه‌کانی دوژمن، یان هێرشی ئه‌و حیزبه‌ کوردیه‌؟
بابه‌ شێخ حسێنی: بیگومان، فشارى حیزبه‌ كوردییه‌كان. چونكه‌ ئێمه‌ خۆمان ‌خوازیارى كێشه‌ نه‌بووین و ئامانجى سازمانى خه‌بات تێكۆشان بۆ رزگارى كورد و رووبه‌رووبوونه‌وه‌ى هێزه‌ به‌كرێگیراوه‌كانى رژیمى ئاخوندى بوو، هه‌ر بۆیه‌ ئه‌و ئاڵۆزییه‌ نه‌خوازراوانه‌ و فشارى لایه‌نه‌كان بۆ سه‌رمان قورس و ناخۆش بوو.
به‌یان:  دامه‌زرێنه‌رانی سازمانی خه‌بات کێ و کێ بوون؟
بابه‌ شێخ حسێنی: دامه‌زرێنه‌رى سه‌ره‌كى ماموستا سه‌یید جه‌لالى حوسێنى، هاوكاره‌كانى مامۆستا مه‌لا خدرى عه‌بباسی/ شه‌هید ماموستا سه‌یید خه‌لیلى شه‌ریفیان/ خواڵێخۆش بوو ماموستا مه‌لا كه‌ریمى سه‌یادى (سارده‌كۆسانى)/ شه‌هید ماموستا سه‌یید عه‌بدولا ئارام/ چه‌ند كه‌سایه‌تى دیكه‌ش.
به‌یان: پاش ٣٠ ساڵ، سه‌رکردایه‌تی ئێستای سازمان له‌ گه‌ڵ، سه‌رکردایه‌تی ئه‌و کات چۆن موقایسه‌ ده‌که‌ن؟
بابه‌ شێخ حسێنی: له‌چ بارێكه‌وه‌ ده‌فه‌رمووى
به‌یان: له‌ رووی توانا و ئه‌زمونی سیاسی و پێگه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی و ئاستی رۆشنبیری سیاسی و ناو و ناوبانگه‌وه‌.
بابه‌ شێخ حسێنی: ئاشكرایه‌ ئه‌ندامانى سه‌ركردایه‌تى رابردوو خاوه‌ن ته‌جروبه‌ و به‌ناوبانگ بوون، وه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌ندامانى سه‌ركردایه‌تى ئێستاى سازمان به‌ناو و ناوبانگ نه‌گه‌نه‌ ئه‌وانى رابردوو به‌لام به‌ خۆشناوى و بوونى ئینرژى بۆ كار كردن و دڵسۆزى بۆ گه‌لى كورد و سازمانى خه‌بات  و راده‌ى رۆشه‌نبیریان، كه‌میان نییه‌ له‌چاو رێبه‌رایه‌تى رابردوو.
به‌یان: به‌رێز بابا شێخ حسێنی، سکرتێری سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران،زۆر جار له‌ سه‌ر هۆکاری جیابوونه‌وه‌که‌ی ره‌حمه‌تی مامۆستا خدر عه‌باسی و لایه‌نگرانی، پرسیارتان لێ کراوه‌. ئێمه‌ ئه‌و پرسیاره‌ ناکه‌ین و ده‌پرسین: ئایا هیچ هۆکارێکی جیدی ماوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ئێوه‌ و ئه‌و به‌شه‌ی جیابوونه‌وه‌ و " رێکخراوی خه‌باتی شۆرشگێڕ" یان دامه‌زراند، یه‌ک نه‌که‌ونه‌وه‌؟
بابه‌ شێخ حسێنی: سازمانى خه‌بات هێزێكى نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانیه‌ و خاوه‌ن په‌یره‌و و پرۆگرامێكه‌ كه‌ په‌سه‌ندكراوى كۆنگره‌ى چواره‌مه‌، نه‌ته‌نیا ئه‌و به‌رێزانه‌، به‌ڵكو هه‌رده‌سته‌ و لایه‌نێكى دیكه‌ كه‌ ئه‌ و سیاسه‌ت و هه‌ڵوێستانه‌ى سازمانى خه‌بات ى كوردستانى ئێرانى قه‌بووڵ بێ ، هیچ به‌ربه‌ستێك نییه‌ بۆ به‌یه‌كه‌وه‌ بوونمان به‌ شێوه‌یێكى تۆكمه‌ و به‌ بێ درز و به‌ بێ من من و تۆ تۆیی.
به‌یان: یانی هیچ سازش و به‌رنامه‌یه‌کی هابه‌ش قبوڵ ناکه‌ن و هه‌ر ده‌بێ، به‌رنامه‌که‌ی ئێوه‌ ببێته‌ بنه‌مای یه‌کگرتنه‌وه‌تان؟
بابه‌ شێخ حسێنی: جارێ باسێكى وا له‌ئارا دا نییه‌، ئه‌گینا ده‌كرێ قسه‌ و بیرورا گۆرِینه‌وه‌ بكرێت.
به‌یان: ناردنی بروسکه‌ی ماته‌مینی بۆ به‌رێزتان و به‌شداریان له‌ پرسه‌که‌ت دا که‌ راپۆرته‌که‌ی له‌ ماڵپه‌ڕی سازمانی خه‌بات دا بڵاو کراوه‌ته‌وه‌،سه‌هۆڵبه‌ندانی ئه‌و رێگایه‌ی نه‌تواندۆته‌وه‌؟
بابه‌ شێخ حسێنی: به‌ڵێ ئه‌وه‌ى كه‌ سازمانى خه‌بات بروسكه‌ى ئه‌و به‌رێزانه‌ و هه‌واڵى هاتنیان بۆ پرسه‌كه‌ى جه‌نابی مامۆستا سه‌یید جه‌لالى بلاوكرده‌وه‌، ده‌رخه‌رى هه‌ڵوێستى باشی سازمانى خه‌باته‌ له‌و چوارچێوه‌یه‌دا.
به‌یان: ئه‌ی هه‌نگاوه‌که‌ی ئه‌وان؟
بابه‌ شێخ حسێنی: به‌لێ، تۆ باسی هه‌نگاوه‌كه‌ى ئه‌و به‌رێزانه‌ت كرد و ئێمه‌ش وه‌لامى هه‌نگاوه‌كانى خۆمان دایه‌وه‌.
به‌یان: به‌رێزتان هه‌نگاوه‌که‌ی ئه‌وانتان پێ چۆنه‌؟
بابه‌ شێخ حسێنی: به‌وه‌ كه‌ له‌ هۆكانى راگه‌یاندنى سازمان بلاوكراونه‌ته‌وه‌ دیاره‌ به‌باشی ده‌زانم.
به‌یان: بۆ چی حیزبه‌کان پشتیوانی له‌ لایه‌نه‌ جیاوه‌ بوه‌کانی یه‌کتر ده‌که‌ن؟
بابه‌ شێخ حسێنی: سازمانى خه‌بات له‌كێشه‌ و ناكۆكى نێوان لایه‌نه‌كان دا پشتیوانى له‌هێزێك به‌ زیانى لایه‌نێكى دیكه‌ ناكا. ئێمه‌ هێزیكى سیاسی مه‌سئولین ناتوانین هه‌ڵوێست و سیاسه‌تى جیاوازى دانانمان هه‌بێ له‌به‌رانبه‌ر هه‌ركام له‌ لایه‌نه‌كان.
به‌یان: کاتی خۆی حدکا پشتیوانی له‌و لایه‌نه‌ کرد که‌ له‌ سازمانی خه‌بات جیا بوونه‌وه‌. هه‌ر وه‌ها ئیمکانات و جێگا و رێگای پێ دان.
بابه‌ شێخ حسێنی: پرسیاره‌كه‌ت پیوه‌ندى به‌ حدكاوه‌ هه‌یه‌ و من ده‌توانم ته‌نیا نه‌زه‌رى سازمانى خه‌باتت پێ بڵێم.سازمانى خه‌بات  مه‌سئولانه‌ هه‌لس و كه‌وت ده‌كا له‌پێوه‌ند به‌ كێشه‌ و ناكۆكى لایه‌نه‌كان.
به‌یان: به‌ڵام دواتریش سازمانی خه‌بات، پشتیوانی له‌ حدکا- رێبه‌رایه‌تی شۆرشگێڕ کرد.
بابه‌ شێخ حسێنی: پێوه‌ندیمان له‌گه‌ڵ ریبه‌رایه‌تى شۆرِشگێر و سه‌ردانى ئه‌وان بۆ بنكه‌كانى سازمان و سه‌ردانى ئێمه‌ بۆ لاى ئه‌وان به‌ ماناى دیفاع و پشتیوانى له‌ وان بۆ دژایه‌تى حیزبی دیموكرات نه‌بوو. جیاواز له‌وه‌ش به‌داخه‌وه‌ ئێمه‌ ئه‌و كات و ئێستاش ئیمكاناتمان به‌و راده‌یه‌ زۆر نه‌بووه‌ تا به‌شی لایه‌نى دیكه‌ى لێبده‌ین.
به‌یان: له‌ عورفی سیاسی دا، دان پێدانان به‌ لایه‌نێک واتای پشتیوانی کردن له‌و لایه‌نه‌ ده‌گه‌ێنێ و بایکۆت کردنیش مانای، پشتیوانی لێ نه‌کردن. ئێوه‌ ئه‌و کات دانتان به‌ حدکا- رێبه‌رایه‌تی شۆرشگێڕدا نا. ئه‌مجاره ش دا دانتان به‌ حیزبی دێموکراتی کوردستان دا ناوه‌.
بابه‌ شێخ حسێنی: ئێمه‌ ناتوانین بیر كردنه‌وه‌ و هه‌ڵوێستمان به‌شێوه‌یێك بێ كه‌ ئه‌گه‌ر قسه‌یێكى خیرمان كرد له‌نێوان لایه‌نه‌ ناكۆكه‌كان جێگه‌ نه‌گرى. ئه‌گه‌ر سازمانى خه‌بات له‌ كێشه‌ و ناكۆكی نێوان لایه‌نه‌كان به‌ قازانجى لایه‌نێك هه‌ڵویست بگرێ ناتوانى، ده‌ورى له‌هه‌وڵه‌كان بۆ لێكنزیك كردنه‌وه‌یان هه‌بێ. ئه‌مجار حیزبی دیموكراتى كوردستانى ئێران بۆ خۆى ئیعتراف به‌ بوونى براده‌رانى حدك ده‌كا ، بَه‌لام ته‌نیا جیاوازییه‌كه‌ى له‌گه‌ڵ ئیمه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌وان ده‌ڵێن ده‌بێ ئه‌و لایه‌نه‌ ناوى خۆیان بگۆرِن .
به‌یان: به‌رێز سکرتێری گشتی سازمانی خه‌بات، شه‌فافیه‌ت و پێدانی زانیاری به‌ کۆمه‌ڵگا، تا چ راده‌یه‌ک به‌ مافی ئه‌ندامانی ئه‌و کۆمه‌ڵگایه‌ و پیویستیه‌کی سه‌رده‌میانه‌ ده‌زانن؟
بابه‌ شێخ حسێنی: دانى زانیارى و شه‌فافیه‌ت یه‌كجار پێویسته‌ بۆ كۆمه‌ڵگا و هه‌ر تاكێكى هاونیشتمان. به‌لام  زانیارییه‌كان له‌هه‌ل و مه‌رجێكدا بێ كه‌ زیانى بۆ كورد و جولانه‌وه‌كه‌ى نه‌بێ. ئێستا كه‌ من له‌گه‌ڵ به‌رێزت ووتووێژ ده‌كه‌م هێندێك جار له‌وه‌لامى پرسیاره‌كان دا هه‌وڵم داوه‌ ره‌چاوى ئه‌و هه‌ل و مه‌رجه‌ حه‌سته‌مه‌ى جولانه‌وه‌ى گه‌له‌كه‌مان بكه‌م. له‌وانه‌یه‌ ئه‌گه‌ر هه‌ڵ بره‌خسێ و بزانم به‌ زیانى جولانه‌وه‌ى كورد ته‌واو نابێ روونتر وه‌لامى هه‌موو پرسیارێك بده‌مه‌وه‌. 
به‌یان: په‌یوه‌ندی سازمانی خه‌بات له‌ گه‌ڵ، کۆمه‌ڵه‌ و پارتی ئازادی کوردستان چۆن و له‌ چ ئاستێک دایه‌؟
بابه‌ شێخ حسێنی: له‌گه‌ڵ هه‌ردووك لایه‌ن پێوه‌ندیمان دۆستانه‌یه‌.
به‌یان: ئه‌ی بۆ ناتوانن  بگه‌نه‌ رێککه‌وتنێک و به‌ره‌یه‌کی کوردستانی پێک بێنن؟
بابه‌ شێخ حسێنی: بۆ پێكهێنانى به‌ره‌یێكى كوردستانى تێكرایی ده‌بێ، پێوه‌ندى لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان بگاته‌ حاستێكى زۆر گه‌رم و نزیك، به‌لام وه‌ك ده‌زانین و ده‌بینین، ئێستا ئه‌وه‌ پێوه‌ندییه‌ دۆستانه‌یه‌ كه‌ زه‌مینه‌ بۆ پێكهێنانى به‌رى كوردستانى بره‌خسێنێ، به‌رچاو ناكه‌وێ.
به‌یان: ئایا ئێوه‌ به‌شێکن له‌و گرفتانه‌ی که‌ زه‌مینه‌که‌ی نه‌ره‌خساندوه‌؟
بابه‌ شێخ حسێنی: به‌ خۆشیه‌وه‌ ئێمه‌ به‌شێك نین له‌و گرفتانه‌.
به‌یان: ئه‌ی به‌شێک هه‌ن له‌ چاره‌سه‌ر کردنیان؟
بابه‌ شێخ حسێنی: ئێمه‌ هه‌وڵه‌كانمان به‌رده‌وامه‌ كه‌ بتوانین بگه‌ینه‌ ئاكامێك بۆ نزیكبوونه‌وه‌ى تێكراى لایه‌نه‌كان.   ئه‌و هه‌ڵوێسته‌مان ده‌رخه‌رى ئه‌وه‌یه‌  به‌شێكین له‌چاره‌سه‌ر.
به‌یان: کامانه‌ لایه‌ن به‌شێکن له‌ گرفته‌کانی سه‌ر ڕێی پێکهاتنی به‌ره‌ی کوردستان؟
بابه‌ شێخ حسێنی: ئینشعاب و لێكجیابوونه‌وه‌كان  و دانه‌نیشتنى لایه‌نه‌ جیابوه‌كان له‌گه‌ڵ یه‌كتر هۆ و بیانووى سه‌ره‌كین بۆ پێكنه‌هاتنى به‌ره‌ى كوردستانى.
به‌یان: کام لا گرفتی سه‌ره‌کین، ئه‌وانه‌ی وا جیا بوونه‌ته‌وه‌، یان ئه‌وانه‌ی وا ئاماده‌ی دانیشتن له‌ گه‌ڵ لایه‌نی به‌رامبه‌ریان  نین؟
بابه‌ شێخ حسێنی: ئه‌گه‌ر لێم قه‌بووڵ كه‌ى پێم باش نییه‌ وه‌لامى ئه‌و پرسیاره‌ بده‌مه‌وه‌.
به‌یان:  ده‌ڵێن، پێوه‌ندی خه‌بات له‌ گه‌ڵ موجاهیدین، بۆ دابین کردنی پێویستیه‌کانی بژیویتانه‌ نه‌ک له‌ سه‌ر بنه‌مای سیاسی.ئه‌مه‌ تا چ راده‌یه‌ک راسته‌؟
بابه‌ شێخ حسێنی: پێوه‌ندى سازمانى خه‌بات و سازمانى موجاهدین پێوه‌ندییه‌كى سیاسی و ستراتژییه و‌ بۆ دژایه‌تى رژیمى ئاخوندى و گه‌یشتنى كورد به‌ مافه‌ سه‌ره‌تاییه‌كانى و كۆتایی هاتن به‌ مه‌ینه‌تى و شه‌رِ و ئاژاوه‌ له‌دواى رووخانى رژیمى ئاخوندیه‌. ئه‌گه‌ر پێوه‌ندى سازمانى خه‌بات و سازمانى موجاهدین له‌سه‌ر بنه‌ماى ماددى بووایه‌، ده‌بوو سازمانى خه‌بات ئێستا تواناى ماددى زۆرى بووایه‌ و هیچ نه‌بووایه‌ بیتوانیایه‌، به‌رنامه‌یێكى یه‌ك دوو ساعه‌تى ته‌له‌ویزۆنى هه‌بێ.
به‌یان: واته‌ سازمانی موجاهیدین، یارمه‌تی مادی سازمانی خه‌بات ناکات؟
بابه‌ شێخ حسێنی: وه‌ك عه‌رزم كردى پێوه‌ندى سازمانى خه‌بات و سازمانى موجاهدین له‌سه‌ر بنه‌ماى ماددى و دارایی نییه‌.
به‌یان: یارمه‌تی دانی مادی، به‌شێکه‌ له‌ هاوکاری سیاسی نێوان دوو یان چه‌ند لایه‌نی سیاسی که‌ هاوکار یان هاوپه‌یمان یان دۆستی یه‌کترن. ئه‌ی بۆچی ماجاهیدین، ئه‌و هاوکاریه‌ سیاسیه‌ به‌ ئێوه‌ پێشکه‌ش ناکات، ئه‌گه‌ر دۆستایه‌تیه‌که‌ سیاسی و ئیستراتیژیکه‌؟
بابه‌ شێخ حسێنی: دوو هێزى سیاسی پێش هه‌موو شتێك ده‌بێ له‌سه‌ر ئوسوڵه‌كان و به‌رنامه‌ و كارى سیاسی هاوكارى یه‌ك بن. ئه‌وه‌ گرینگترین خاڵى هاوبه‌شه‌ و هه‌ر مه‌وزوعێكى دیكه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ى ئه‌وه‌ مه‌وزوعه‌ بنه‌رِه‌تیانه‌، لاوه‌كى و سه‌ره‌تایین.
به‌یان:هاوکاری موجاهیدین له‌ گه‌ل ئه‌رته‌شی عێراق له‌ ساڵی ١٩٩١ دا بۆ سه‌رکوتی راپه‌ڕینی کوردی باشوور، چ ئاکامێکی بۆ ئه‌و سازمانه‌ و بۆ پێوه‌ندی ئێوه‌ له‌ گه‌ڵیان به‌ دواوه‌ بووه‌؟
بابه‌ شێخ حسێنی: دژمنى ئه‌سلى و سه‌ره‌كى سازمانى موجاهدین رژیمى ئێرانه‌ و ده‌خاله‌تى له‌كاروبارى ناوخۆى عێراق نه‌كردووه‌ و ناكا. بۆ سه‌لماندنى ئه‌و راستیه‌ش له‌ساڵى ٢٠٠٣وه‌ زۆربه‌ى ده‌زگا زانیارییه‌كان و لێكۆڵه‌ره‌وه‌كانى ئه‌مریكا و هێزه‌ هاوپه‌یمانه‌كان و عێراق لێپرسینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ تێكراى دانیشتووانى شارى ئه‌شره‌ف كردووه‌ و نه‌یانتوانیوه‌ به‌ڵگه‌یێك له‌سه‌ر ده‌ستێوه‌ردانى سازمانى موجاهدین له‌ عێراق وه‌ده‌ست بخه‌ن. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش دا سازمانى موجاهدین به‌رده‌وام ئاماده‌ییان نیشان داوه‌  له‌به‌رده‌م دادگایێكى نێوده‌وڵه‌تى بێ لایه‌ن رووبه‌رووى تۆمه‌ته‌كان ببنه‌وه‌.
به‌یان: به‌رێز بابه‌شێخ،سه‌نگ و قورسایی ره‌حمه‌تی مامۆستا شێخ جه‌لال حسێنی، له‌ سازمانی خه‌بات و له‌ نێو کۆمه‌ڵگای کورد دا چۆن هه‌ڵده‌سه‌نگێنن؟
بابه‌ شێخ حسێنی: جه‌نابی مامۆستا سه‌یید جه‌لال به‌ مێژووییه‌كى پرِ له‌تێكۆشان و نه‌به‌زى و شۆرِشگێرى و شه‌خسیه‌تێكى كۆمه‌لایه‌تى  پاك و خۆشه‌ویست، له‌لاى خه‌ڵك، بێگومان قورسایی و كه‌سایه‌تى كه‌م وێنه‌ى جه‌نابی مامۆستا ده‌رده‌خا. جه‌نابی مامۆستا له‌و رێبه‌ره‌ ده‌گمه‌نانه‌ى كورده‌ كه‌ نه‌ك هاونیشتمانانى كوردستان به‌ڵكو دژمنانى كوردیش سه‌ره‌راى ره‌قى زۆریان له‌ به‌رێزى نه‌یانتوانیوه‌ خاڵێكى لاواز و یان په‌ڵه‌یێكى ره‌ش ته‌نانه‌ت به‌ درۆ له‌سه‌رى بهێننه‌وه‌.  بۆ نمونه‌ خه‌ڵخاڵى جه‌لاد له‌كتێبه‌كه‌ى دا تاریفى گه‌وره‌یی جه‌نابی مامۆستا ده‌كا و ته‌نیا خراپه‌ى له‌سه‌ر مامۆستا به‌ بیركردنه‌وه‌ى خۆى ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ووتوویه‌، حه‌یف (شیخ جلال) دژى ئینقلابه‌. جا كه‌سایه‌تییه‌ك به‌و مێژوویه‌ پاك و بێ هه‌ڵه‌ و بێ خه‌یانه‌ته‌ى ئاشكرایه‌، قورسایی زۆرى له‌سازمانى خه‌بات و له‌لاى گه‌لى كورد هه‌یه‌.
 مامۆستاى نه‌مر له‌ماوه‌ى تێكۆشانى سیاسی دا چ له‌كۆن و چ له‌م سه‌رده‌مه‌دا كه‌سێكى خۆنه‌ویست و پاكره‌وشت و لێزان و خۆراگر بوو و هیچ كات پله‌ و پۆستى ته‌شكیلاتى به‌لاوه‌ گرینگ نه‌بوو و  له‌به‌رپرسایه‌تى و پله‌ به‌ قازانجى خۆى كه‌ڵكى وه‌رنه‌گرت و تا دوایین ساته‌كانى ژیانیشى دا به‌ سه‌ر و ماڵى له‌ خزمه‌ت شۆرِش و جولانه‌وه‌كه‌ى دابوو. وه‌ك بینیشمان له‌زۆربه‌ى شاره‌كانى كوردستان جه‌ماوه‌ر به‌ بۆنه‌ى كۆچى دواییه‌كه‌ى ماته‌میان بۆ گیرا.
به‌یان: له‌ مێژووی حیزبایه‌تی له‌ کوردستان، حاڵه‌تی جۆراوجۆر بینراوه‌ و ده‌بینرێت. حاڵه‌تی وا هه‌یه‌ که‌ که‌سایه‌تیه‌ک، ده‌بێته‌ مێحوه‌ر، بۆ پێکهێنانی حیزبێک. له‌م حاڵه‌ته‌دا ئه‌و که‌سه‌ له‌و حیزبه‌ به‌ناوبانگتر و خاوه‌ن نفوزتر و به‌ هێزتر دبێت و کاریگه‌ری چاره‌نوسسازی به‌ سه‌ر حیزبه‌که‌وه‌ ده‌بێت. ؟حاڵه‌تیتر هه‌یه‌ که‌ حیزبێک که‌سایه‌تیه‌ک پێ ده‌گه‌ێنێت. واته‌ حیزب ده‌بێته‌ زه‌رفێک بۆ پێگه‌یاندنی ئه‌و که‌سایتیه‌. هه‌ر ئه‌مرۆ ئه‌وه‌ له‌ کوردستان ده‌بینرێت. پرسیار ئه‌وه‌یه‌، مامۆستا شێخ جه‌لال حسێنی، خه‌باتی پێگه‌یاند، یان خه‌بات مامۆستای پێگه‌یاند؟
بابه‌ شێخ حسێنی: ماموستا سه‌یید جه‌لالى حسێنى كه‌ كه‌سایه‌تییه‌كى گه‌وره‌ و جێگه‌ متمانه‌ى خه‌ڵك بوو، سازمانى خه‌بات ى دامه‌زراند، بێ گومان بوونى كه‌سایه‌تى جه‌نابی مامۆستا بۆ شكل گرتن و به‌ره‌وپێش چوونى سازمانى خه‌بات حه‌قیقه‌تێكى حاشا لێنه‌كراوه‌. له‌گه‌ڵ ئه‌و حه‌قیقه‌ته‌ش كه‌ جه‌نابی مامۆستا ده‌ورى به‌رچاو و كاریگه‌ر و نكۆڵى لێنه‌كراوى له‌به‌روه‌وپێش چوون و مانه‌وه‌ى سازمانى خه‌باتدا هه‌بووه‌،  به‌لام ئه‌و كه‌سانه‌ش كه‌ له‌سازمانى خه‌باتدا كاریان كردووه‌ و كار ده‌كه‌ن له‌راگرتن و پێش خستنى سازمانى خه‌بات ده‌ورى به‌رچاویان بووه‌ و هه‌یه‌. له‌وه‌لامى كۆتایی پرسیاره‌كه‌ت دا، سه‌ره‌راى گه‌وره‌یی و نه‌خشی به‌رچاو و كه‌سایه‌تى كاریزماتیكى جه‌نابی ماموستا ده‌لێم، به‌ته‌نیا مامۆستا سه‌یید جه‌لال سازمانى خه‌بات ى پێنه‌گه‌یاند، به‌ڵكو پێگه‌یاندن و به‌ره‌وپێش بردنى سازمانى خه‌بات به‌ كارى ده‌سته‌ جه‌معى بوو.
به‌یان: کوژران، گیران،مردن یان ده‌ست له‌ کار هه‌ڵگرتنی رێبه‌ر یان دامه‌زرێنه‌ری حیزبێکی سیاسی، له‌ سه‌ر هه‌موو حیزبێک کاریگه‌ری نێگه‌تیڤی بووه‌. له‌ هێندێک حاڵه‌ت دا قه‌یرانی رێبه‌رایه‌تی لێکه‌وتۆته‌وه‌. خه‌باتی بێ شێخ جه‌لال حسێنی دامه‌زرێنه‌ر و رابه‌ر، چی لێ به‌ سه‌ر دێت؟
بابه‌ شێخ حسێنی: مێژووى ئه‌و چه‌ند ساڵه‌ى كار و هه‌ڵسوورانى سازمانى خه‌بات  له‌دواى كۆنگره‌ى سێهه‌م و چواره‌م و هه‌روه‌ها ئه‌و رێنوێنى و ده‌رسانه‌ى كه‌ له‌جه‌نابی مامۆستا وه‌رمانگرتووه‌ ، ئه‌وه‌ ده‌گه‌ێنێ كه‌ قه‌یرانێك له‌دواى كۆچى جه‌نابی مامۆستا له‌سازمانى خه‌بات روونادا. دیاره‌ داهاتوو باشتر راستیه‌كان ده‌رده‌خا.
به‌یان: ئه‌ی هیچ بۆشاییه‌کی له‌ ریزی سازمان دا پێک نه‌هێناوه‌؟
بابه‌ شێخ حسێنی: بێ گومان له‌ده‌ست دانى كه‌سایه‌تییه‌كى وا گه‌وره‌ و پایه‌به‌رز و زانا و به‌ ئه‌زموون كاریگه‌رى خۆى هه‌یه‌.
به‌یان: به‌ پێی زانیاریه‌کانی ٣٠ ساڵی رابردو ، مامۆستا شێخ جه‌لال، له‌ لایان لایه‌نه‌کانیتره‌وه‌، یان بوغزێندراوه‌، یان لێی نه‌پرسراوه‌ته‌وه‌.( ئه‌و چه‌ند ساڵه‌ی دوایی لێ ده‌ڕچێت که‌ له‌ ئاکامی ئینشیعابه‌کان دا، هه‌ر لایه‌ک هه‌وڵی یارگیری بۆ خۆی داوه‌). چۆنه‌ پاش مه‌رگی شینی بۆ ده‌که‌ن و به‌ سه‌ری دا هه‌ڵ ده‌ڵێن؟
بابه‌ شێخ حسێنی: سه‌رده‌مانێك كێشه‌ و ناكۆكیه‌كان ببوونه‌ هۆى ئه‌وه‌ى كاره‌باشه‌كان و كه‌سایه‌تیه‌ باشه‌كان  وه‌ك پێویست رێزیان لێ نه‌گیرێ، ئه‌گه‌ر له‌و سه‌رده‌مه‌ تێپه‌رین، له‌چه‌ند سالى رابردوو دا زۆربه‌ى هێز و لایه‌نه‌كان رێز و ته‌قدیریان بۆ جه‌نابی مامۆستا هه‌بووه‌.
به‌یان: به‌رێز باباشێخ حسێنی سکرتێری گشتی سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران، سوپاستان ده‌که‌ین بۆ ئه‌م وتوێژه‌.
بابه‌ شێخ حسێنی: منیش زۆر زۆر سپاسى ماندووبوونتان ده‌كه‌م و ئینشائلا به‌ ئه‌مانه‌ته‌وه‌ بلاو بكرێته‌وه‌ و سوودى بۆ خوێنه‌ران  هه‌بێ.

ڕێکه‌وت: 2010-09-21 09:11:28
به‌شی ( )