رێكه‌وتننامه‌، له‌نێو ئۆپۆزسیۆنى كوردستانى ئێران
به‌پێى چاوه‌روانیه‌كان نه‌بووه‌ و ئه‌و ئاواته‌ نه‌هاتۆته‌ دى. ئه‌ویش به‌ هۆى نه‌بوونى یه‌كێتى و كارى هاوبه‌ش له‌نێوان هێز و لایه‌نه‌ شۆرِشگێره‌كانى كوردستان بووه‌.
له‌دواى هاتنه‌ سه‌ر كارى رژیمى ئاخوندى له‌ئێران بۆماوه‌ێكى كه‌م هه‌یئه‌تێك له‌كوردستان  به‌ ناوى هه‌یئه‌تى نوێنه‌رایه‌تى كورد دامه‌زرا. هه‌رچه‌ند له‌سه‌ره‌تا دا كارى باشی كرد، به‌لام به‌داخه‌وه‌ به‌ هۆى سه‌رهه‌ڵدانى ناكۆكى و  هه‌ست نه‌كردن به‌ بارودۆخى هه‌ستیارى ئه‌و كات له‌نێوان لایه‌نه‌ كوردستانیه‌كان، نه‌یتوانى درێژه‌ به‌ ئه‌ركى خۆى بدا و تا واى لێهات هه‌یئه‌ت به‌ كرده‌وه‌ هه‌ڵوه‌شایه‌وه‌ و چه‌ند حیزبێك به‌ جیا كه‌وتنه‌ ووتووێژ له‌گه‌ڵ رژیمى تازه‌ به‌ ده‌سه‌لات گه‌یشتوو. ئه‌مرۆ له‌پاش ٣١ ساڵ به‌سه‌ر ئه‌و كاته‌ دیسان شاهیدى ئه‌و لێك تێنه‌گیشتنه‌ى ئۆپۆزسیۆنى كوردى كوردستانى ئێرانین و ده‌بینین لێكنزیكبوونه‌وه‌ى هێز و لایه‌نه‌كان وه‌ك پێداویستیه‌كى هه‌نووكه‌یی ته‌ماشا ناكرێ و هه‌رلایه‌نه‌ بۆ  بردنه‌پێشه‌وه‌ى مه‌رامه‌ سیاسیه‌كانى خۆى كار ده‌كا و پرِش و بلاوییه‌كى زۆر له‌مه‌یدانى خه‌بات ى رزگاریخوازانه‌ى كورد له‌ كوردستانى ئێران به‌رچاو ده‌كه‌وێ.
سه‌ره‌رِاى ئه‌وه‌ى كه‌ هیز و لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان له‌دانیشتن و كۆبوونه‌وه‌ى نێوانیان  ئاماده‌یی خۆیان بۆ گه‌یشتن به‌و یه‌كێتیه‌ راده‌گه‌ێنن و به‌ وردى خاڵه‌ باشه‌كان و زه‌روره‌ته‌كانى پێكهێنانى ئه‌و یه‌كێتیه‌ دیارى ده‌كه‌ن و باسى لێوه‌ ده‌كه‌ن، به‌لام به‌داخه‌وه‌ كه‌متر كرده‌وه‌ به‌ قسه‌كان ده‌كرێ و به‌ پراكتیك هه‌وڵ بۆ جێبه‌جێكردنیان نه‌دراوه‌. له‌سه‌ر زه‌روره‌تى یه‌كیه‌تى و لێكنزیكبوونه‌وه‌ى سازمان و حیزبه‌ سیاسیه‌كان و چۆنیه‌تى پێكهێنان و پێكه‌وه‌ كاركردن زۆر بابه‌ت نوسراوه‌ و زۆر ئاخاوتن دراوه‌. به‌و حاڵه‌ش تا ئێستا له‌سه‌ره‌تاى كارداین و هه‌نگاوێك نه‌چووینه‌ پێشه‌وه‌ و ئه‌گه‌ر بوترێ له‌وچه‌ند ساڵه‌ى دوایی دا چه‌ندین هه‌نگاومان به‌ره‌و دواوه‌ ناوه‌ راستمان گووتووه‌. له‌دواى ئینشعابه‌كان بارودۆخى سیاسی زاڵ به‌ سه‌ر زۆرێك له‌حیزبه‌ كوردستانیه‌كان ناسالم و ته‌م و مژاویه‌ و ئاسۆیێكیش بۆ ره‌واندنه‌وه‌ى گومان و رق و ناكۆكى لایه‌نه‌كان له‌یه‌كدى لانى كه‌م له‌ماوه‌ێكى نزیك به‌ دى ناكرێ.
هه‌رله‌وچوارچێوه‌یه‌ دا له‌ماوه‌ى رۆژانى رابردوو، شاهیدى شه‌رِێكى ته‌بلیغاتى نه‌شیاو و نادۆستانه‌ له‌نێوان چه‌ند لایه‌نى سیاسی كوردستان له‌دژى یه‌كتر بووین كه‌ بێ گومان خه‌مساردى له‌حاست ئه‌و دیارده‌یه‌ و به‌ره‌وپێدانى ده‌توانێ زۆر زیانبار بێ بۆ خه‌باتى رزگاریخوازانه‌ و حه‌ق خوازانه‌ى گه‌له‌كه‌مان له‌ كوردستانى ئێران. به‌لام رێگه‌ چاره‌ چییه‌؟
به‌ برواى من به‌ له‌به‌رچاو گرتنى ئه‌وه‌ى كه‌ له‌ ئێستا دا وه‌دى هاتنى به‌ره‌ى كوردستانى یان هه‌ر ئیتلافێكى دیكه‌ له‌ نیوان هێز و لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانى كوردستان دژواره‌، پێویسته‌ تا ئه‌و كاته‌ى زه‌مینه‌ بۆ هاتنه‌ دى ئه‌و خه‌ونه‌ له‌مێژینه‌ى كورد ده‌ره‌خسێ، بیر له‌رێگه‌چاره‌یێكى خێرا و ده‌م و ده‌ست و ساكار ، بكه‌ینه‌وه‌. هه‌ڵبه‌ت نابێ كار بۆ وه‌دیهێنانى ئاواتى كۆكردنه‌وه‌ى هێزه‌ شۆرشگێره‌كانى كوردستان له‌پاڵ یه‌ك فه‌رامۆش بكه‌ین و پێویسته‌ به‌رده‌وام له‌هه‌وڵى لێكنزیكبوونه‌وه‌ و هاوئاهه‌نگى هێزه‌كان بین.    
ئه‌و رێگه‌یه‌ى كه‌ ده‌تواندرێ له‌ ماوه‌یێكى كورتدا و له‌سه‌ر چه‌ند خاڵى هاوبه‌ش به‌ هه‌نگاوێكى به‌رچاو له‌راست لێكنزیكبوونه‌وه‌ى حیزبه‌ سیاسیه‌كان و یان لانى كه‌م ره‌خسێنه‌رێكى شیاو بۆ كارى داهاتوو بگه‌ین، ئاماده‌ كردنى رێكه‌وتنامه‌یێك له‌سه‌رچه‌ندین خاڵى سه‌ره‌تایی و ئیمزا كردن و پێبه‌ندبوونى سه‌رجه‌م حیزبه‌ سیاسیه‌ شۆرِشگێره‌كانى كوردستان به‌و رێكه‌وتنامه‌یه‌یه‌. سه‌ره‌رِاى ئه‌و ده‌سكه‌وته‌ش  خاڵى جێى سه‌ره‌نج له‌پشت ئه‌و رێگه‌یه‌ ئه‌وه‌یه‌ به‌ ئیمزاكردنى ئه‌و رێكه‌وتنامه‌یه‌ پێش له‌روودانى كاره‌ساتى نه‌خوازراو و خه‌ساره‌تى قه‌ره‌بوو نه‌كراوه‌ له‌ئێستا و داهاتووى كوردستان ده‌گیرێ.
مۆر كردنى رێكه‌وتنامه‌ێكى له‌م جۆره‌ به‌هێندێك ئامانجى سه‌ره‌تایی له‌نێوان سه‌رجه‌م هێزه‌ شۆرِشگیره‌كانى كوردستانى ئێران كه‌ په‌یوه‌سته‌ به‌ لایه‌نى ئه‌خلاقى و مه‌عنه‌وى و هه‌ست به‌ پرسیاره‌تى له‌حاند نه‌ته‌وه‌ نیشتمان، ده‌توانێ رێگه‌ بۆ هاوكارى و یه‌كێتى و ته‌بایی له‌داهاتوو و به‌رزكردنه‌وه‌ى هه‌نگاوى گه‌وره‌تر خۆش بكات. یه‌كه‌مین خاڵى ئه‌و به‌ڵێن و رێكه‌وتنامه‌یه‌ ده‌بێ ئه‌وه‌بێ كه‌ به‌ هه‌موو شێوه‌یێك شه‌رى براكوژى و خۆكوژى له‌نێو هێزه‌كانى ئۆپۆزسیۆنى كوردستانى ئێران حه‌رام و قه‌ده‌غه‌ بكرێ. ئه‌و دیارده‌یه‌ كه‌ گه‌لى كورد زۆر زیانى لێ دیتووه‌ نابێ هه‌رگیز جاریكى دیكه‌ روو بداته‌وه‌ و پێویسته‌ هه‌موو كارێك بكرێ بۆ ئه‌وه‌ى جارێكى دیكه‌ رۆڵه‌ى كورد به‌ ده‌ستى یه‌كتر له‌ناو نه‌چن و چیتر داغ نه‌خه‌ینه‌ سه‌ر جه‌رگى دایكانى نیشتمان. سه‌ره‌راى ئه‌وه‌ش ده‌توانین به‌ ووتووێژ له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ خاڵى زیاتر وه‌ك پێبه‌ند بوون به‌ دیموكراسی و ئازادى فره‌حیزبی و هه‌ڵسوورانى سیاسی و ...هتد، تێدا بگونجێنین و قایمتر و پته‌وترى بكه‌ین و له‌هه‌مان كاتیشدا رێگه‌ بۆ لێكنزیكبونه‌وه‌یێكى گشتگیر تر و به‌رفراوانتر خۆش بكه‌ین.    
به‌ برواى من بیرۆكه‌ى ئیمزاكردن و پێبه‌ند بوون به‌ وه‌ها رێكه‌وتنامه‌یێك له‌ئێستا دا یه‌كجار پێویسته‌ و هه‌موو چین و توێژه‌كانى كوردستان به‌ تایبه‌ت رووناكبیرانى كورد ده‌بێ بۆ گه‌یشتن به‌و بابه‌ته‌ گرینگه‌ هه‌وڵ بده‌ن و كارى بۆ بكه‌ین و بیخه‌ینه‌ ژێر پۆششى ته‌بلیغاتى و بیكه‌ینه‌ قسه‌ و باسی رۆژانه‌یان.

ڕێکه‌وت: 2010-12-13 07:55:08
به‌شی ( )