__ ده‌ركردنی حوكمی به‌ندیخانه‌ بۆ هاولاتییه‌كی سه‌ر پێڵى زه‌هاوى__ یه‌ك میلیۆن و ٦٠٠ هه‌زار به‌كارهێنه‌ری گاز پاره‌یان نه‌داوه‌__ ئينته‌رنت و ته‌له‌فۆن دوای بانگه‌واز بۆ خۆپێشاندان له‌ ورمێ پچرِِان__ ناوی شه‌ش كه‌سی دیكه‌ له‌ گیراوه‌كانی سه‌رده‌شت ئاشكرا بوو__ ئیلام، ره‌خنه‌ له‌ جۆرى دابه‌ش كردنى ئیعتباراتى تایبه‌ت كراو__ راگه‌یاندنى حوكمى ئیعدامى ١٢٠ زیندانى له‌ گرتووخانه‌ى قزلحه‌سار__ ئاشكرابوونى دزییه‌كى گه‌وره‌ى دیكه‌: ٣٢٠ میلیارد خه‌رجى بێ فاكتۆر__ گه‌رانه‌وه‌ى په‌رله‌مانتاره‌ كورده‌كانی‌ به‌ره‌ی‌ ره‌نج بۆ ناو په‌رله‌مانى تركیا__ فرۆكه‌ جه‌نگیه‌كانی تركیا بۆ جارێكی دیكه‌ بۆردومانی چه‌ند ناوچه‌یه‌كی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ن

ده‌ركردنی حوكمی به‌ندیخانه‌ بۆ هاولاتییه‌كی سه‌ر پێڵى زه‌هاوى
خه‌باتمێدیا: هاولاتییه‌كی خه‌ڵكی شاری سه‌رپێڵى زه‌هاوى له‌لایه‌ن دادگای شۆرِشی تاران حوكمی به‌ندیخانه‌ی بۆ ده‌رچوو. به‌پێی راپۆرِتی هه‌واڵده‌ری موكریان، ئه‌و هاولاتییه‌ كه‌ حسێن پالانی ناوه‌، ماوه‌ی ١٠ مانگه‌ له‌ به‌ندیخانه‌ به‌سه‌ر ده‌با. ناوبراو له‌لایه‌ن دادگای شۆرِشی تاران به‌ تۆمه‌تی هاوكاری گروپه‌ مه‌زهه‌بییه‌كان به‌ ساڵێك به‌ندیخانه‌ مه‌حكوم كراوه‌. جێگه‌ی ئاماژه‌پێكردنه‌ كه‌ ناوبراو ئێستا له‌ به‌ندیخانه‌ی ره‌جایی شاری كه‌ره‌ج به‌سه‌ر ده‌با.





یه‌ك میلیۆن و ٦٠٠ هه‌زار به‌كارهێنه‌ری گاز پاره‌یان نه‌داوه‌
نوێنه‌ری خه‌ڵكی شاری قوروه‌ له‌ مه‌جلیسی شۆرای رژیم  ووتى: یه‌ك میلیۆن و ٦٠٠ هه‌زار به‌كارهێنه‌ری گاز پاره‌ی قه‌بزی شیركه‌تی میللیی گازیان نه‌داوه‌. به‌ وته‌ی عیماد حوسێنی، خۆبواردنی هاووڵاتییان له‌ دانی پاره‌ی گاز، به‌رق و ئاو، ده‌وڵه‌تی له‌گه‌ڵ كه‌میی بوودجه‌ به‌ره‌ورِوو كردووه‌. له‌دواى ئامانجدار كردنی یارانه‌كان پاره‌ی قه‌بزی گاز له‌ ئێران به‌ رێژه‌یه‌كی به‌رچاو زیادی كردووه‌. عیماد حوسێنی وته‌بێژی كۆمیسیۆنی وزه‌ی مه‌جلیس وتیشی، ئه‌گه‌ر بێت و به‌كارهێنه‌رانی گازی ماڵان بۆ ماوه‌ی پێنج مانگ پاره‌ی گاز نه‌ده‌ن ئه‌وا ده‌وڵه‌ت به‌ توندی له‌گه‌ڵ كه‌میی بودجه‌ به‌ره‌ورِوو ده‌بێته‌وه‌. ئێستا له‌ ئێران ١٣ میلیۆن و ٦٠٠ هه‌زار به‌كارهێنه‌ری گازی ماڵان هه‌یه‌. له‌ كۆی گشتیی ئه‌و ئاماره‌، ٨٨٧ شار و زیاتر له‌ ده‌ هه‌زار گوندیش كه‌ڵك له‌ گازی سه‌رتاسه‌ری وه‌رده‌گرن.




ئينته‌رنت و ته‌له‌فۆن دوای بانگه‌واز بۆ خۆپێشاندان له‌ ورمێ پچرِِان
له‌دوای بانگهێشت كردنى ژماره‌یه‌ك له‌ رووناكبیران و چالاكان و خوێندكارانی كورد له‌ ورمێ بۆ به‌شداری كردن له‌ له‌ خۆپێشاندانه‌كانی سه‌رشه‌قام له‌مه‌رِ ناره‌زایه‌تی ده‌ربرِین به‌ وشك بوونی گۆڵی ورمێ، له‌ سه‌رله‌به‌یانی رۆژی هه‌ینی هه‌شتی ره‌زبه‌ر رایه‌ڵه‌كانی ئه‌نته‌رنه‌ت و ته‌له‌فۆن له‌ شاری ورمێ پچرِاوه‌.
كه‌ڵك وه‌رگرتنی ئاسایی له‌ ته‌له‌فوون و ئینته‌رنێت له‌ ورمێ، تاراده‌یه‌كی زۆر تووشی خرابوون بووه‌ و له‌هێندێك له‌ شه‌قامه‌كانی ورمێ وه‌ك شه‌قامی خومه‌ینی و شارۆچكه‌كانی ئیسار و ئیسلامئاوا ئێنته‌رنه‌ت به‌گشتی پچرِاوه‌. هه‌روه‌ها له‌ شه‌وی هه‌ینی به‌ولاوه‌ كورته‌نامه‌ له‌لایه‌ن شیركه‌ته‌كانی موخابیرات بۆ موبایلی هاولاتیانی هێڵی ئیرانسێڵ دێت كه‌ هه‌رِه‌شه‌ى به‌رێوه‌بردنى هه‌ر شێوه‌ مانگرتنێك ده‌كات. خراب بوونی هێڵه‌كانی ئینته‌رنه‌ت و ته‌له‌فۆن له‌كاتێك دایه‌ كه‌ هێزه‌كان و دامه‌زراوه‌كانی حكومه‌تی و ئاسایشی هه‌وڵده‌ده‌ن كه‌ به‌رگری له‌ كۆبوونه‌وه‌ی ناره‌زایه‌تی بكه‌ن.



ناوی شه‌ش كه‌سی دیكه‌ له‌ گیراوه‌كانی سه‌رده‌شت ئاشكرا بوو
له‌ ماوه‌ی دوو هه‌فته‌ی رابردوودا له‌ گونده‌كانی ده‌وروبه‌ری شاری سه‌رده‌شت له‌لایه‌ن هێزه‌ نیزامییه‌كانی حكوومه‌تی ئێرانه‌وه‌ كۆمه‌ڵێك هاووڵاتیی مه‌ده‌نی ده‌ستبه‌سه‌ر كران ناوی هێندێكیان ئاشكرا نه‌كرابوو. به‌پێی هه‌واڵی هه‌واڵنێری ئاژانسی كوردپا، ناوی شه‌ش كه‌سی دیكه‌ له‌ چوارده‌ هاووڵاتیی ده‌ستبه‌سه‌ر كراوی گونده‌كانی ده‌وروبه‌ری سه‌رده‌شت ئاشكرا بووه‌ كه‌له‌ حه‌وتووى رابردوودا له‌لایه‌ن هێزه‌ نیزامییه‌كانی رژیمى  ئێرانه‌وه‌ ده‌ستبه‌سه‌ر كراون.  هاووڵاتییانی ده‌ستبه‌سه‌ر كراو له‌ گوندی قه‌له‌رِه‌شه‌، برییتین له‌، محه‌ممه‌د رسووڵ بایز رێكه‌وتی ٣٠ی خه‌رمانان گیراوه‌، ئارام شه‌ریف پوور كورِی رۆسته‌م، زانیار حه‌سه‌ن زاده‌ كورِی خدر، كاوه‌ ئه‌حمه‌دیان كورِی ئه‌حمه‌د كه‌ هه‌رسێكیان رێكه‌وتی ٦ی ره‌زبه‌ر گیراون. هه‌روه‌ها هه‌ر به‌ پێى هه‌واڵى ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌، رێكه‌وتی ٣٠ی خه‌رمانان له‌ گوندی "ژاژۆكه‌"ی سه‌ر به‌ شاری سه‌رده‌شت دوو كه‌س به‌ناوه‌كانی، رزگار شێخه‌پوور و ئازاد كورِی عه‌بدوڵڵا ده‌ستبه‌سه‌ر كراون و پاش چه‌ند رۆژ ئازاد بوون. هه‌مان رۆژ هاووڵاتییه‌كی خه‌ڵكی گوندی "ده‌رماناوێ‌" به‌ناوی ئاكۆ ئه‌حمه‌دیان كورِی حوسێن وهاووڵاتییه‌كی دیكه‌ به‌ناوی محه‌ممه‌د ئیسماعیلی كورِی ئیسماعیل خه‌ڵكی گوندی "كاوله‌كۆن" له‌لایه‌ن هێزه‌ نیزامییه‌كانه‌وه‌ ده‌ستبه‌سه‌ر و ره‌وزانه‌ی گرتنگه‌ كراون. هه‌تا كاتی بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌م هه‌واڵه‌ زانیارییه‌ك له‌مه‌رِ ره‌وشی گیراوه‌كان و شوێنی راگرتنیان له‌به‌ر ده‌ستدا نیه‌.





ئیلام، ره‌خنه‌ له‌ جۆرى دابه‌ش كردنى ئیعتباراتى تایبه‌ت كراو
ئیعتباراته‌كان ده‌بێ هاوته‌ریب بێ له‌گه‌ڵ زه‌رفیه‌ته‌كان و بارودۆخى هه‌ر پارێزگاێك به‌ له‌به‌رچاوگرتنى به‌ڵگه‌ى دووره‌دیمه‌نى گه‌شه‌ و پێوانه‌كانى هه‌ر ناوچه‌یێك تایبه‌ت و بلاو بكرێته‌وه‌. به‌ پێى راپۆرتى ئاژانسی هه‌واڵده‌رى موكریان، پارێزگارى ئیلام له‌چاوچێكه‌وتن له‌گه‌ڵ سه‌رۆكى بووجه‌ى ناوچه‌یی جێگرى به‌رنامرێژى و چاودێرى سه‌رۆك كۆمار، وێراى راگه‌یاندنى ئه‌و بابه‌ته‌ له‌گه‌ڵ ره‌خنه‌ له‌ جۆرى دابه‌ش كردنى ئیعتبارات، ووتوویه‌تى: سازوكاره‌كان و شێوه‌ى بلاوكردنه‌وه‌ى ئیعتبارات به‌ پێى  پێوانه‌كانى حه‌شیمه‌تیه‌ كه‌ هه‌میشه‌ كه‌مترین راده‌ى ئیعتبار  ته‌رخان ده‌كرێ بۆ پارێزگاى ئیلام. موهه‌ندیس ئه‌علایی ووتى: كاریگه‌رى خه‌راپى ئیعتباراتى تایبه‌تكراو بۆ ئه‌و پارێزگایه‌ به‌ بوونى ٤٣٠ كیلۆمه‌تر سنوورى هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ وه‌لاتى عێراق له‌ ژێربناكان و مه‌یدانه‌ جۆراوجۆره‌كان به‌ جوانى ده‌بیندرێ. 



راگه‌یاندنى حوكمى ئیعدامى ١٢٠ زیندانى له‌ گرتووخانه‌ى قزلحه‌سار
به‌ پێى راپۆرتى هه‌واڵده‌رییه‌كان رژیمى ئاخوندى حوكمى ئیعدامى ١٢٠ زیندانى كه‌ له‌ ته‌زاهوراته‌كانى چوارشه‌ممه‌ سوورى ساڵى رابردوو گیرابوون، به‌ كه‌سه‌كان راگه‌یاندووه‌. ئه‌و ١٢٠ زیندانیه‌ له‌ ریزى ٢٥٠ زیندانیه‌كن كه‌ ماوه‌ێك له‌مه‌وبه‌ر حوكمى ئیعدامه‌كه‌یان پێ راگه‌یاندوون. له‌درێژه‌ى ئه‌و ره‌وته‌ رۆژى پێنج شه‌ممه‌ ١٢ زیندانى له‌ زیندانى لاكانى ره‌شت بۆ به‌رێوه‌بردنى حوكمى ئیعدامه‌كه‌یان برانه‌ ژوورى تاكه‌كه‌سیه‌وه‌. 




ئاشكرابوونى دزییه‌كى گه‌وره‌ى دیكه‌: ٣٢٠ میلیارد خه‌رجى بێ فاكتۆر
به‌ په‌ره‌سه‌ندنى شه‌رِى نێوان باڵه‌كانى رژیم، بابه‌تى ئاشكراكردنى به‌ڵگه‌ى دزى و به‌ تالان بردنى یه‌كدى به‌ره‌وسه‌ر هه‌ڵكشاوه‌. نمونه‌یێكى دیكه‌ له‌و دزییانه‌ ئاشكراكردنى راپۆرتى خه‌رجى ٣٢٠ میلیارد تمه‌ن شاره‌دارى به‌ بێ فاكتۆره‌. به‌ ئاشكراكردنى ئه‌و دزییه‌ى باڵى ئه‌حمه‌دى نه‌ژاد ئاشكراكردنى گه‌نده‌ڵیه‌ ئابوورییه‌كان قووڵتر ده‌بێته‌وه‌. له‌درێه‌ى ئه‌و ره‌وته‌ ئاخوند جه‌ننه‌تى به‌رنوێژى هه‌ینى تارانیش ئاشكراى كرد كه‌ دزى ٣ میلیارد دولارییه‌كه‌ زیاتر له‌ ٢ میلیارد و ٥٠٠ میلیۆنى وه‌ك رشوه‌ داوه‌ به‌ به‌رپرسانى رژیم . هه‌روه‌ها سه‌رۆكى پۆلیسى ئاگاهى گیلان له‌ دۆزینه‌وه‌ى ١٠باندى پووڵ وه‌لاخه‌رى نایاسایی له‌ بانكه‌ جۆراجۆره‌كانى ئه‌و پارێزگایه‌ هه‌واڵى دا. 





گه‌رانه‌وه‌ى په‌رله‌مانتاره‌ كورده‌كانی‌ به‌ره‌ی‌ ره‌نج بۆ ناو په‌رله‌مانى تركیا
ئه‌مرِۆ شه‌ممه‌ ٩ى ره‌زبه‌ر په‌رله‌مانی‌ توركیا دانیشتنێكی‌ ئه‌نجامدا‌و په‌رله‌مانتاره‌ كورده‌كانی‌ به‌ره‌ی‌ ره‌نج تێیدا به‌شداربوون‌و گه‌رِانه‌وه‌ په‌رله‌مان. له‌دوای‌ هه‌ڵبژاردنه‌ په‌رله‌مانییه‌كه‌ی‌ توركیا، په‌رله‌مانتاره‌ كورده‌كان كه‌ له‌چوارچێوه‌ی‌ به‌ره‌ی‌ ره‌نجدا به‌شداری‌ هه‌ڵبژاردنیان كرد‌و ٣٦ كورسییان به‌ده‌ستهێنا، بایكۆتی‌ چونه‌ په‌رله‌مانیان كرد. هه‌فته‌ی‌ رابردوو سه‌لاحه‌دین ده‌میرتاش هاوسه‌رۆكی‌ پارتی‌ ئاشتی‌‌و دیموكراسی‌ (به‌ده‌په‌) شكاندنی‌ بایكۆتی‌ په‌رله‌مانی‌ راگه‌یاند. به‌لام ئه‌مرۆ بریارى گه‌رانه‌وه‌ بۆ ناو په‌رله‌مان له‌ لایه‌ن په‌رله‌مانتاره‌ كورده‌كان درا. له‌هه‌مان كاتدا   ئاژانسی‌ “دوغان” ی‌ توركی‌ بڵاویكرده‌وه‌، په‌رله‌مانتارێكی‌ به‌ده‌په‌ به‌ناوی‌ (به‌نگی‌ یه‌لدز) ئه‌مرِۆ ئاماده‌نه‌بووه‌ سوێندی‌ یاسایی بخوات‌و كاتێك داوای لێكراوه‌ بچێت سوێندی‌ یاسایی بخوات ئاماده‌نه‌بووه‌ بچێته‌ سه‌ر سه‌كۆكه‌.





فرۆكه‌ جه‌نگیه‌كانی تركیا بۆ جارێكی دیكه‌ بۆردومانی چه‌ند ناوچه‌یه‌كی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ن
وێرایی سورانه‌وه‌ی به‌رده‌وامی فرۆكه‌كانی توركیا له‌ ماوه‌ی ٢٤ كاتژمێری رابردوو له‌ ناوچه‌كانی (باڵه‌كایه‌تی، بناری قه‌ندیل، ناوده‌شت و سیده‌كان)، بۆ جارێكی دیكه‌ بۆردومانی به‌رزایه‌كانی شاره‌دێی سیده‌كان ده‌كه‌ن. به‌رێوه‌به‌ری شاره‌دێی سیده‌كان ئه‌حمه‌د قادره‌ سۆر به‌ ئاژانسی هه‌واڵی په‌یامنێری راگه‌یاند، له‌ ماوه‌ی ٢٤كاتژمێری رابردوودا فرۆكه‌ی جه‌نگی توركیا به‌سه‌ر ئاسمانی ناوچه‌كه‌ شاره‌دێی سیده‌كاندا به‌رده‌وامی هه‌بووه‌ و له‌ به‌ره‌به‌یانی ئه‌مرۆشدا ناوچه‌كانی (خنێره‌، خواكورك، بێركم و هه‌ورین)یان بۆردومانكرده‌وه‌. ناوبراو روونی كرده‌وه‌، به‌هۆی خه‌ستی بۆردومانه‌كه‌ چه‌ندین دۆنم له‌وه‌رگه‌ی ناوچه‌كه‌ سوتاوه‌، به‌لاَم به‌هۆی چۆڵبوونیان به‌هۆی بۆردومانه‌كانی رابردوو هیچ زیانی گیانی لێنه‌كه‌وتۆته‌وه‌.






ڕێکه‌وت: 2011-10-01 19:20:57
به‌شی ( هه‌واڵه‌كانى كوردستان و ئێران و ناوچه‌كه‌ (٩ى ره‌زبه‌ر) )