__ به‌ندكراوێكی سیاسی كورد له‌ به‌ندیخانه‌ی كرمان له‌سێداره‌ درا__ مردنی دوو هاولاتی سه‌قزی به‌هۆی هه‌ڵمژینی گاز__ هاولاتییه‌كی كورد حوكمی به‌سه‌ردا سه‌پا__ گرتنى چه‌ند هاولاتی مه‌هابادی له‌لایه‌ن هێزه‌كانی رژێم__ پانتا: كاراترین رێگه‌ بۆ به‌ره‌وروبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ رژیمى ئێران، یه‌كگرتوو كردنى هه‌وڵه‌كانه‌


به‌ندكراوێكی سیاسی كورد له‌ به‌ندیخانه‌ی كرمان له‌سێداره‌ درا
خه‌باتمێدیا: به‌ندكراوێكی كوردی خه‌ڵكی شاری سه‌ڵماس كه‌ به‌ تۆمه‌تی موحاره‌به‌ له‌به‌ندیخانه‌ی كرمان و له‌ دوورخستنه‌وه‌دا بوو به‌شێوه‌یه‌كی نهێنی له‌سێداره‌ درا. عه‌زیز خاكزاده‌ ته‌مه‌نی ٢٩ ساڵ، خه‌ڵكی شاری سه‌ڵماس، له‌ساڵی ١٣٨٦ گیرا و له‌لایه‌ن دادگای شاری خۆی به‌تۆمه‌تی موحاره‌به‌ و هاوكاری حیزبه‌كانی نه‌یارى رژێمی ئێران به‌ سێداره‌ حوكم درابوو. به‌ پێى راپۆرتى هه‌واڵده‌رى هێرانا ناوبراو به‌ هه‌وڵی پارێزه‌ره‌كه‌ و بنه‌ماڵه‌كه‌ی حوكمه‌كه‌یان كردبوو به‌ ٥ ساڵ به‌ندیخانه‌ و دوورخستنه‌وه‌ بۆ به‌ندیخانه‌ كرمان و سه‌ره‌رِای كه‌مكردنه‌وه‌ حوكمی ناوبراو، سه‌رله‌به‌یانی رۆژی سێ شه‌ممه‌ له‌و به‌ندیخانه‌یه‌دا له‌سێداره‌ درا.




مردنی دوو هاولاتی سه‌قزی به‌هۆی هه‌ڵمژینی گاز
كه‌ڵك وه‌رگرتن له‌ ((كورسی به‌ ره‌ژی))  له‌ شاری سه‌قز گیانی دوو هاولاتی ئه‌و شاره‌ی گرت. به‌پێی راپۆرِتی هه‌واڵده‌ری موكریان، ئه‌و دوو كه‌سه‌ شه‌وی دووشه‌ممه‌ له‌ كاتی خۆ گه‌رم كردنه‌وه‌ له‌ ناو چادرێك له‌ ئاوایی سه‌رسنووری ((بوورده‌)) توشی هه‌ناسه‌سواربوون به‌ هۆى گازه‌وه‌ بوون و له‌ئاكامدا گیانیان دا. ده‌وترێت كه‌ ته‌رمی ئه‌و دوو كه‌سه‌ كه‌ ٥٢ و ٢٠ ساڵ ته‌مه‌نیان بووه‌ بۆ پزیشكی یاسایی بردراون.





هاولاتییه‌كی كورد حوكمی به‌سه‌ردا سه‌پا
هاولاتییه‌كی كورد له‌لایه‌ن دادگای شۆرِش له‌ تاران به‌ به‌ندیخانه‌ حوكم درا. به‌پێی راپۆرِتی هه‌واڵده‌ری موكریان، ئه‌كره‌م حه‌یده‌ریان ده‌رچووی به‌شی به‌رِێوه‌به‌ری دارایی له‌ زانكۆی تاران به‌تۆمه‌تی پروپاگه‌نده‌ له‌دژی رژێمی ئێران له‌رێگه‌ى به‌شداری كردن له‌ خۆپێشاندانه‌كانی دوای هه‌ڵبژاردنه‌كانی سه‌رۆك كۆماری له‌لایه‌ن دادگای شۆرِشی تاران به‌ ساڵێك حوكم درا. جێگه‌ى باسه‌ كه‌ ناوبراو له‌ كۆتایی مانگی خه‌رمانان بۆ تێپه‌رِكردنی حوكمه‌كه‌ی خۆی به‌ به‌ندیخانه‌ی ناوه‌ندی ئه‌ڤین له‌ تاران ناساندووه‌.




گرتنى چه‌ند هاولاتی مه‌هابادی له‌لایه‌ن هێزه‌كانی رژێم
چوار هاولاتی مه‌هابادی له‌لایه‌ن هێزه‌كانی رژیمى ئاخوندى ده‌ستبه‌سه‌ر كران. به‌پێی راپۆرِتی هه‌واڵده‌ری موكریان، ناوی ئه‌و كه‌سانه‌ بریتیه‌ له‌، عه‌بدوڵره‌حمان فه‌تاحی، برایم ره‌سوڵی، مه‌نسور مه‌عروفی و یۆسف ئه‌حمه‌دی كه‌ راپێچی به‌ندیخانه‌ی ناوه‌ندی ئه‌و شاره‌ كراوه‌. هه‌تا ئێستا هۆكاری ده‌ستبه‌سه‌ركردنى ناوبراوان له‌لایه‌ن ده‌زگای دادی رژێمی بلاونه‌كراوه‌ته‌وه‌.




پانتا: كاراترین رێگه‌ بۆ به‌ره‌وروبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ رژیمى ئێران، یه‌كگرتوو كردنى هه‌وڵه‌كانه‌
 لیئۆن پانتا وه‌زیرى دیفاعى ئه‌مریكا روونى كرده‌وه‌ ئه‌مریكا و ته‌واوى وه‌لاتانى ناوچه‌كه‌ نیگه‌رانیه‌كى هاوبه‌شیان سه‌باره‌ت به‌ رژیمى ئێران و ئامانجه‌كانى هه‌یه‌. ئه‌و وه‌لاتانه‌ ده‌بێ به‌ هاوكارى یه‌كدى  پێش به‌ ده‌ست گه‌یشتنى رژیمى ئێران به‌ توانایی ناوكه‌یی  و هه‌وڵه‌كانى بۆ لاوازكردنى دامه‌زراوه‌یی ناوچه‌كه‌ و په‌ره‌دان به‌ ترۆریسم بگرن . وه‌زیرى دیفاعى ئه‌مریكا كه‌ سه‌ردانى ناوچه‌ى رۆژهه‌لاتى ناوه‌راستى كردووه‌ زیادى كرد: كاریگه‌رترین رێگه‌ بۆ به‌رورووبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ رژیمى ئێران مێتۆدى یه‌ك لایه‌نه‌ نییه‌، به‌ڵكو یه‌كێتى هه‌وڵه‌كان بۆ به‌ربه‌ره‌كانێى راسته‌وخۆى رژیمى ئێرانه‌. 



ڕێکه‌وت: 2011-10-04 15:51:32
به‌شی ( هه‌واڵه‌كانى كوردستان و ئێران (١٢ى ره‌زبه‌ر) )