__ گواستنه‌وه‌ی ٤ به‌ندكراوی مه‌حكوم به‌ سێداره‌ بۆ ژووره‌ تاكه‌كه‌سیه‌كانی به‌ندیخانه‌ی وه‌رمێ__ ٣٠ به‌ندكراو له‌ به‌ندیخانه‌ی ره‌جایی شار مانیان له‌خواردن گرت__ ماهواره‌ سیخۆرییه‌كه‌ی ئیسرائیل چالاكیه‌كانی ئێران به‌ گرینگییه‌كی زیاتره‌وه‌ چاودێری ده‌كات__ یه‌كێتى ئورووپا له‌هه‌وڵى زیادكردنى ئابلۆقه‌كان دژى تاران و دیمه‌شقه‌__ ٢٠ له‌سه‌دی مندالان تووشی نه‌خۆشی ده‌روونی بوون__ خه‌لاتى ئه‌ده‌بیاتى نۆبیڵى ٢٠١١ درا به‌ شاعیرێكى سوئێدى

گواستنه‌وه‌ی ٤ به‌ندكراوی مه‌حكوم به‌ سێداره‌ بۆ ژووره‌ تاكه‌كه‌سیه‌كانی به‌ندیخانه‌ی وه‌رمێ
خه‌باتمێدیا: ئێواره‌ی رۆژی چوارشه‌ممه‌ ٤ به‌ندكراوی حوكم دراوه‌ به‌ سێداره‌ به‌ برِیاری به‌رپرسی به‌ندیخانه‌ی ورمێ بۆ ژووره‌كانی تاكه‌كه‌سی گواسترانه‌وه‌. به‌پێی راپۆرِتی هه‌واڵده‌ری موكریان، ناوی ئه‌و ٤ به‌ندكراوه‌، مه‌هدی سادقیان، شاهین ساڵحی، ئه‌لاهوێردی پوورئازه‌ر و حاجی په‌ژوهه‌ش راگه‌یه‌ندراوه‌. هه‌تا ئێستا هۆی گواستنه‌وه‌ی ئه‌و ٤ به‌ندكراوه‌ كه‌ به‌تاوانی قاچاخكردنی مادده‌ هۆشبه‌ره‌كانه‌وه‌ حوكمی سێداره‌یان به‌سه‌ردا سه‌پاوه‌ رانه‌گه‌یه‌ندراوه‌.




٣٠ به‌ندكراو له‌ به‌ندیخانه‌ی ره‌جایی شار مانیان له‌خواردن گرت
به‌ پێى راپۆرتى رێكخراوی مافی مرۆڤی كوردستان، لانیكه‌م ٣٠ به‌ندكراو له‌ به‌ندیخانه‌ی ره‌جایی شاری كه‌ره‌ج له‌ دوو رۆژی رابردوو مانیان له‌خواردن گرت. ئه‌و به‌ندكراوانه‌ رایانگه‌یاندووه‌ كه‌، له‌ ناره‌زایه‌تی ده‌ربرِین به‌ پێشێل كردنی مافی كه‌مینه‌كانی مه‌زهه‌بی و دینی ده‌ستیان داوه‌ته‌ مانگرتن له‌خواردن. ناوی ژماره‌یه‌ك له‌و كه‌سانه‌ی مانیان له‌خواردن گرتووه‌ بریتیه‌ له‌، محه‌ممه‌د به‌رانی، فه‌رهاد سه‌لیمی، خه‌لیل حه‌میدی، حسێن ئه‌مینی، برایم قه‌دیرف، عه‌بدولا خوسره‌زاده‌، خه‌سره‌و به‌شاره‌ت، ئه‌حمه‌د عه‌بدولاهی، هێمن مه‌حمود ته‌ختی، حسێن جه‌وادی، خالید حاجی زاده‌، ئارمان به‌همه‌نی، حامید ئه‌حمه‌دی، به‌هرام ئه‌حمه‌دی، كه‌ماڵ مه‌لایی، محه‌ممه‌د زاهیر به‌همه‌نی، كه‌یوان زه‌ند كه‌ریمی، جه‌مشید ده‌هقانی، جه‌هانگیر ده‌هقانی، هوشیار محه‌ممه‌دی، خه‌بات مینبه‌ری، سه‌لاح مه‌حمودی، هادی ئه‌مینی، ره‌مه‌زان سه‌عیدی، جه‌عفه‌ر غه‌فووری، حیسام محه‌ممه‌دی، ئه‌نوه‌ر خزری، كامران شێخه‌ و خه‌سره‌و زرستان. جێگه‌ى باسه‌ به‌شێكى زۆرى ئه‌و زیندانیانه‌ كوردن.




ماهواره‌ سیخۆرییه‌كه‌ی ئیسرائیل چالاكیه‌كانی ئێران به‌ گرینگییه‌كی زیاتره‌وه‌ چاودێری ده‌كات
ئیسرائیل له‌هه‌وڵی ئه‌وه‌دایه‌ كه‌ به‌ به‌رێكردنى ماهواره‌ی سیخۆری بۆ ئاسمان، كرده‌وه‌كانی ئێران زیاتر چاودێری بكات. كاناڵی ١٠ ى ئیسرائیڵ، رۆژی چوارشه‌ممه‌ رایگه‌یاند كه‌ ماهواره‌ی سیخۆری سازكراوی ئه‌و وولاته‌، كه‌ به‌م نزیكانه‌ له‌ مه‌داری زه‌وی جێگیر ده‌بێت، توانای ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ كه‌ له‌ به‌رزایی ٦٠٠ كیلۆمه‌تری وێنه‌كان به‌ رووناكی دوو هێنده‌ی جاران بۆ زه‌وی بنێرێته‌وه‌. به‌پێی ئه‌و راپۆرِته‌، مه‌ئمورییه‌تی سه‌ره‌كی ئه‌و ماهواره‌یه‌، چاودێری كردنى  ئه‌و ناوچانه‌یه‌ كه‌  په‌یوه‌ندی به‌چالاكییه‌كانی ناوكه‌یی ئێرانه‌وه‌ هه‌یه‌ و هه‌روه‌ها چاودێركردنى باره‌كانی چه‌ك و چۆڵى ئێران كه‌ به‌ره‌ و حیزبولای لوبنانه‌وه‌ به‌رێده‌كرێن.





یه‌كێتى ئورووپا له‌هه‌وڵى زیادكردنى ئابلۆقه‌كان دژى تاران و دیمه‌شقه‌
یه‌كێتى ئورووپا خۆى بۆ په‌سه‌ند كردنى ئابلۆقه‌ نوێیه‌كان دژى رژیمى ئێران و سوریه‌ له‌ حه‌وتووى داهاتوو ئاماده‌ ده‌كات. ده‌گووترێ ئه‌ندامانى یه‌كێتى له‌سه‌ر ئه‌و برِیاره‌ رێكه‌وتوون كه‌ بانكى ناوه‌ندى سوریه‌ بخه‌نه‌ ژێر ئابلۆقه‌كان و ٢٩ به‌رپرسی تری ئێرانیش بخه‌نه‌ ناو لیستى ته‌حریمه‌كانى پێشوویانه‌وه‌. ئه‌و گه‌لاڵه‌یه‌ چوارشه‌ممه‌ى داهاتوو له‌ شوراى وه‌زیره‌كانى ده‌ره‌وه‌ى وه‌لاتانى ئه‌ندامى یه‌كێتى ئورووپا ده‌خرێته‌ به‌ر لێكۆڵینه‌وه‌. به‌و ٢٩ كه‌سه‌ له‌ به‌رپرسانى رژیم ژماره‌ى لێپرسراوانى ئابلۆقه‌ له‌سه‌رى رژیمى ئێران ده‌گاته‌ ٦١ كه‌س كه‌ یه‌كێتى ئورووپا سه‌رجه‌مى ئه‌و كه‌سانه‌ به‌ پێشێلكه‌رى مافه‌كانى مرۆڤ تاوانبار ده‌كا. 





٢٠ له‌سه‌دی مندالان تووشی نه‌خۆشی ده‌روونی بوون
به‌پێیسه‌رژمێرییه‌كان، نه‌خۆشییه‌كانی ده‌روونی له‌ناو ژنانی دووگیان ٢٦ له‌سه‌د و له‌ناو پیاوان ١٦ له‌سه‌ده‌. به‌رِێوه‌به‌ری گشتی ته‌ندروستی كۆمه‌لایه‌تی ده‌رونی و ئێعتیادی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی ووتی: له‌مه‌رِ نه‌خۆشییه‌كانی ده‌رونی له‌ناو مندالان هه‌تا ئێستا به‌دواداچوونێكى نه‌ته‌وه‌یی ده‌ستپێنه‌كراوه‌ به‌لام سه‌رژمێرییه‌كان نیشانیانداوه‌ كه‌ لانیكه‌م ٢٠ له‌سه‌دی مندالانی وولات تووشی نه‌خۆشی ده‌روونی بوون كه‌ به‌شێوه‌یه‌ك پێویستییان به‌ ده‌رمان هه‌یه‌. به‌وپێیه‌ كێشه‌كانی پێوه‌ندیدار به‌ مندالان له‌ دوو لایه‌نه‌وه‌ گرینگی هه‌یه‌، له‌ ده‌ستپێكدا چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی مندالان و دواییش كرده‌وه‌ی به‌رگریكارانه‌ بۆ گه‌وره‌كان.




خه‌لاتى ئه‌ده‌بیاتى نۆبیڵى ٢٠١١ درا به‌ شاعیرێكى سوئێدى
به‌ پێى راپۆرتى هه‌واڵده‌رى فه‌رانسه‌ له‌ ئیستوكهۆڵم له‌ درێژه‌ى به‌خشینى خه‌لاته‌كانى نۆبێل له‌ بواره‌ جۆراوجۆره‌كاندا، خه‌لاتى ئه‌ده‌بیاتى نۆبێلى ٢٠١١ ئه‌مرۆ پێنج شه‌ممه‌ ١٤ى ره‌زبه‌ر درا به‌ شاعیرى سوئێدى توماس ترانسترۆمێر. تۆماس ته‌مه‌نى ٨٠ ساڵه‌ و تا ئێستا ١٠ كتێبی شیعرى به‌ زمانى سوئێدى بلاوكردۆته‌وه‌.


ڕێکه‌وت: 2011-10-06 17:22:35
به‌شی ( هه‌واڵه‌كانى كوردستان و ئێران و جیهان (١٤ى ره‌زبه‌ر) )