__ مه‌ترسی ئیعدامی زندانیانی سیاسی كورد به‌ره‌وسه‌ر چووه‌__ هه‌ڵپه‌ساردنی ئیزنی وانه‌ ووتنه‌وه‌ی موختار ئه‌سه‌دی له‌ قوتابخانه‌كانی پارێزگای كوردستان__ ژماره‌یه‌ك هاووڵاتیی شاری ماكۆ سه‌رجه‌م به‌ ١٠٧ ساڵ زیندانی حوكم دراون __ رێوره‌سمی  رۆژی جیهانی مندالان له‌ كرماشان__ مه‌هاباد: به‌رِێوه‌نه‌چوونی زیاتر له‌ ٩٠ له‌ سه‌دی په‌سه‌ندكراوه‌كانی سه‌ردانی سێیه‌می ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد__ سێ هاولاتی پیرانشاری به‌ ٦ ساڵ به‌ندیخانه‌ حوكم دران__ له‌ به‌ره‌به‌ری سه‌فه‌ری خامنه‌یی بۆ كرماشان دۆخی ئه‌منیه‌تی ئه‌و پارێزگایه‌ی داگرتووه‌ __ عه‌لی عه‌بدولا ساڵح: له‌رۆژانی داهاتوو ده‌سه‌لات به‌جێ ده‌هێڵم__ كاترین ئێشتۆین: تیرۆری رێبه‌رێكی كوردی نه‌یاری رژێمی سووریای مه‌حكوم كرد__ سه‌ده‌ی بیست و یه‌كه‌م، كاتی به‌شداری كردنی ته‌واو و به‌رانبه‌ری ژنان له‌سه‌رجه‌م ئاسته‌كانی كۆمه‌ڵگا 

مه‌ترسی ئیعدامی زندانیانی سیاسی كورد به‌ره‌وسه‌ر چووه‌
خه‌باتمێدیا: دوابه‌دوای ئیعدامی نه‌هێنی و كتوپرِی زیندانی سیاسی كورد عه‌زیزی خاكزاد له‌زیندانی كرمان خانه‌واده‌ی زیندانیانی سیاسی كه‌ رۆڵه‌كانیان به‌ ئیعدام مه‌حكووم كراون و به‌ چركه‌ ئه‌گه‌ری به‌رێوه‌بردنی حوكمه‌ ناعادلانه‌كه‌یان ده‌كرێ، نیگه‌رانیه‌كانیان به‌ره‌وسه‌ر هه‌ڵكشاوه‌. ئێستا زیندانی سیاسی حه‌بیبوڵلا گوڵپه‌ری پوور ته‌مه‌ن ٢٧ ساڵ و خه‌ڵكه‌ مه‌هاباد، سید سامی حوسێنی  ٣٣ ساڵ  و خه‌ڵكی سه‌ڵماس و سه‌یید جه‌ماڵ محه‌ممه‌دی ٢٥ ساڵه‌ و خه‌ڵكی سه‌ڵماس له‌و زیندانیه‌ سیاسیه‌ كوردانه‌ن كه‌ هه‌رِه‌شه‌ی به‌رێوه‌بردنی كتوپرِی حوكمه‌كه‌یان له‌سه‌ره‌. ئه‌و زیندانیانه‌ له‌گه‌ڵ ٤٠ زیندانی سیاسی كورد له‌ به‌ندی ٢ی زیندانی ورمێ راگیراون. 





هه‌ڵپه‌ساردنی ئیزنی وانه‌ ووتنه‌وه‌ی موختار ئه‌سه‌دی له‌ قوتابخانه‌كانی پارێزگای كوردستان
سه‌ره‌رِای تێپه‌رِبوونی نیوه‌ی مانگی ره‌زبه‌ر و ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی ساڵی خوێندن موختار ئه‌سه‌دی ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی پیشه‌یی مامۆستایانی كوردستان به‌شێوه‌یه‌كی نایاسایی كاره‌كه‌ی هه‌ڵپه‌سێردراوه‌. ئه‌وه‌له‌حاڵێكدایه‌ كه‌ وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ و راهێنان و هه‌روه‌ها په‌روه‌رده‌ و راهێنانیی پارێزگای ئه‌لبورز له‌ چه‌ند نامه‌یه‌ك كه‌ بۆ به‌رپرسانی په‌روه‌رده‌ و راهێنانی ئه‌و پارێزگایه‌ نووسیویانه‌ خوازیاری ئه‌وه‌ بووه‌ن كه‌ ئه‌و فه‌رهه‌نگییه‌ له‌ سنه‌ ده‌ست به‌كار بێته‌وه‌. مامۆستایانی سنه‌یی به‌ تۆمارێكی ئیمزا، له‌ به‌رِێوه‌به‌ری گشتی په‌روه‌رده‌ و راهێنانی پارێزگای كوردستان داوایان كردووه‌ كه‌ به‌ زووترین كات موختار ئه‌سه‌دی له‌ شوێنی نیشته‌جێ بوونی سازمانده‌هی بده‌ن. موختار ئه‌سه‌دی خوێندكاری كارناسیی به‌رزی زانكۆی تاران له‌ به‌شه‌كانی كۆمه‌ڵناسی و له‌ چالاكانی فه‌رهه‌نگی و مافی مرۆڤه‌.  ناوبراو له‌ ماوه‌ی چه‌ند ساڵی رابردوو چه‌ندین جار له‌ وانه‌ وتنه‌وه‌ بێبه‌شكراوه‌ و چه‌ند ساڵێكیش دوورخراوه‌ته‌وه‌. ناوبراو له‌ ساڵی ١٣٨٩ چه‌ندین مانگ ده‌ستبه‌سه‌ركرابوو و له‌ ژووره‌ تاكه‌كه‌سیه‌كانی به‌ندیخانه‌كانی ره‌جایی شار و به‌ندی ٢٠٩ ی به‌ندیخانه‌ی ئه‌ڤین دا راگیرابوو، كه‌ به‌ دانانی بارمته‌ به‌شێوه‌ی كاتی ئازاد كرابوو.





رێوره‌سمی  رۆژی جیهانی مندالان له‌ كرماشان
سه‌ر له‌به‌یانی رۆژی ١٦ی ره‌زبه‌ر رێوره‌سمی رۆژی جیهانی مندالان ، له‌پاركی مامۆستا (معلم) ی ئه‌و شاره‌ به‌رِێوه‌چوو. به‌پێی راپۆرِتی هه‌واڵده‌ری موكریان، له‌و رێوره‌سمه‌دا ره‌زا موزونی به‌رِێوه‌به‌ری ناوه‌ندی راهێنانی بیری مندالان و هه‌رزه‌كارانی پارێزگای كرماشان ووتی: رۆژی جیهانی مندالان له‌جیهان ئه‌و په‌یامه‌ ده‌گه‌یه‌نێته‌ به‌رپرسان كه‌ بۆ گه‌شه‌كردن، ده‌بێت منداڵه‌كان ببیندرێن. ناوبراو وتی: هه‌ر به‌رنامه‌ێكی دارێژراو بۆ داهاتوو ده‌بێت له‌ مندالانه‌وه‌ ده‌ستپێبكات. ناوبراو گرنگترین پێداویستی مندالانی كرماشانی ده‌ستپێراگه‌یه‌شتن به‌ كتێبخانه‌ی باش و فرۆشگاكانی كه‌لوپه‌لی مندالان راگه‌یاند. له‌ كۆتایی ئه‌و رێوره‌سمه‌ به‌یانییه‌ی رۆژی جیهانی مندالان خوێندرایه‌وه‌.






مه‌هاباد: به‌رِێوه‌نه‌چوونی زیاتر له‌ ٩٠ له‌ سه‌دی په‌سه‌ندكراوه‌كانی سه‌ردانی سێیه‌می ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد
زیاتر له‌ ٩٠له‌ سه‌دی په‌سه‌ندكراوه‌كانی سه‌ردانی سێیه‌می مه‌حموودی ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد بۆ مه‌هاباد به‌رِێوه‌نه‌چووه‌. نوێنه‌ری مه‌هاباد له‌ پارلمانی ئێران له‌و بواره‌دا وتی كه‌: زیاتر له‌ ٩٠ له‌سه‌دی په‌سه‌ندكراوه‌كانی سه‌ردانی سێیه‌می سه‌رۆك كۆمار، ٧٥ له‌سه‌دی په‌سه‌ندكراوه‌كانی سه‌ردانی دووهه‌م، ٥٠ له‌ سه‌دی په‌سه‌ندكراوه‌كانی سه‌ردانی یه‌كه‌م،له‌ پارێزگای ئازه‌ربایجانی رۆژئاوا و شاری مه‌هاباد به‌رِێوه‌نه‌چووه‌. وه‌ك یاریگای ٥ هه‌زار كه‌سی مه‌هاباد له‌ لیستی په‌سه‌ندكراوه‌كانی سه‌ردانی یه‌كه‌م بووه‌ كه‌ زه‌وی و شوێنی سازكردنه‌كه‌ی هێشتا نادیاره‌. به‌پێی راپۆرِتی هه‌واڵده‌ری موكریان، جه‌لال مه‌حمودزاده‌، له‌درێژه‌ی قسه‌كانیدا وتی: به‌رِێوه‌نه‌چوونی په‌سه‌ندكراوه‌كانی سه‌ردانی یه‌كه‌م بووه‌ته‌ هۆی ناهومێدی. ناوبراو ووتی: سه‌رۆك كۆمار له‌جیات ئه‌وه‌ی كه‌ سه‌ردانی دیكه‌ بكات و خه‌رجی زیاده‌ بكات، هه‌وڵی به‌رِێوه‌چوونی په‌سه‌ندكراوه‌كانی پێشووی بدات.





سێ هاولاتی پیرانشاری به‌ ٦ ساڵ به‌ندیخانه‌ حوكم دران
دادگای شۆرِشی تاران سێ هاولاتی كوردی خه‌ڵكی شاری پیرانشاری به‌ به‌ندیخانه‌ مه‌حكوم كرد. به‌پێی راپۆرِتی هه‌واڵده‌ری موكریان، دادگای شۆرِشی شاری تاران سێ هاولاتی خه‌ڵكی پیرانشاریان به‌ ناوه‌كانی جه‌لال فه‌رۆخی، عه‌لی مینایی و حه‌سه‌ن عه‌بدولاهی به‌تۆمه‌تی هاوكاری له‌گه‌ڵ تاقمه‌ مه‌زهه‌بییه‌كان هه‌ر كامه‌یان به‌ ٢ ساڵ زیندان مه‌حكوم كرد. جێگه‌ی وتنه‌ كه‌ ئه‌و سێ هاولاتییه‌ كه‌ ماوه‌ی ٦ مانگ به‌ر له‌ ئێستا گیرابوون، ئێستا له‌ به‌ندیخانه‌ی ره‌جایی شاری كه‌ره‌ج به‌سه‌ر ده‌به‌ن.





ژماره‌یه‌ك هاووڵاتیی شاری ماكۆ سه‌رجه‌م به‌ ١٠٧ ساڵ زیندانی حوكم دراون
دوازده‌ كه‌س له‌ ده‌ستبه‌سه‌ركراوانی شاری ماكۆ له‌لایه‌ن دادگای ئینقلابی رژیمی ئێرانه‌وه‌ سه‌رجه‌م حوكمی ١٠٧ ساڵ زیندانیان بۆ برِایه‌وه‌. به‌پێی ئاماری تومار كراو له‌ ناوه‌ندی ئاماری ئاژانسی هه‌واڵده‌ریی كوردپا له‌ سه‌ره‌تای ساڵه‌وه‌ هه‌تا ئیستا ١٢ كه‌س له‌و هاووڵاتیانه‌ كه‌له‌لایه‌ن ده‌زگا ئه‌منیه‌تی ـ قه‌زاییه‌كانی رژێمی  ئێرانه‌وه‌ له‌ ناوچه‌كانی شاری ماكۆ ده‌ستبه‌سه‌ركراوان حوكمه‌كانیان یه‌كلایی كراوه‌ته‌وه‌. ده‌زگا قه‌زاییه‌كانی ئێران تاوانی ئه‌و ١٢ كه‌سه‌ی هاوكاریی له‌گه‌ڵ حیزبه‌ كوردییه‌كانی دژبه‌ری ئێران راگه‌یاندووه‌. سه‌عید عومه‌ر پوور كورِی عومه‌ر خه‌ڵكی گوندی زه‌لكه‌، ٢ ساڵ زیندان ـ عه‌بدوڵڵا عومه‌ر پوور كورِی عومه‌ر خه‌ڵكی گوندی زه‌لكه‌، ١٢ ساڵ زیندان ـ محه‌ممه‌د عومه‌ر پوور كورِی عومه‌ر خه‌ڵكی گوندی زه‌لكه‌، ١٥ ساڵ زیندان ـ حه‌سه‌ن چیلان كورِی عه‌لی خه‌ڵكی گوندی زه‌لكه‌، ١٥ ساڵ زیندان ـ عه‌لی چیلان كورِی گه‌لۆ خه‌ڵكی گوندی زه‌لكه‌، ١٥ ساڵ زیندان ـ سه‌عید ئاهۆز كورِی محه‌ممه‌د، ١٥ ساڵ زیندان ـ حاجی جه‌نگجوو كورِی عومه‌ر خه‌ڵكی گوندی مخد، ٢ساڵ زیندان ـ رۆسته‌م ئه‌ركیا كورِی ره‌حیم خه‌ڵكی گوندی یولاگه‌لدی، ١٠ ساڵ زیندان ـ فه‌رمان ئه‌فخان كورِی ره‌حیم خه‌ڵكی گوندی یولاگه‌لدی، ١ ساڵ زیندان ـ محه‌ممه‌د ئه‌فخان كورِی عه‌لی خه‌ڵكی گوندی یولاگه‌لدی، ١ساڵ زیندان ـ ره‌سووڵ ئاسف كورِی یووسف خه‌ڵكی گوندی عه‌لی جاج، ٤ ساڵ زیندان ـ ئه‌رده‌شیر ده‌لایی میلان كورِی محه‌ممه‌د خه‌ڵكی گوندی كه‌ندال، ١٥ ساڵ زیندان. ئه‌م هاووڵاتیانه‌ ئێستا له‌ زیندانی ماكۆ له‌ حاڵی تێپه‌رِاندنی حوكمه‌كانیاندان.




له‌ به‌ره‌به‌ری سه‌فه‌ری خامنه‌یی بۆ كرماشان دۆخی ئه‌منیه‌تی ئه‌و پارێزگایه‌ی داگرتووه‌
له‌ به‌ره‌به‌ری سه‌فه‌ری عه‌لی خامنه‌یی رێبه‌ری رژیمی ئاخوندی بۆ پارێزگای كرماشان كه‌شی ئه‌منیه‌تی ـ نیزامی له‌ كرماشان و شارۆ و شارۆچه‌كانی ئه‌و پارێزگایه‌ رووی له‌ زیاد بوون كردووه‌. به‌پێی هه‌واڵی هه‌واڵنێری ئاژانسی هه‌واڵده‌ریی كوردپا له‌ كرماشان، ماوه‌ی زیاتر له‌ یه‌ك حه‌فته‌یه‌ له‌ شاری كرماشان، پاوه‌ و روانسه‌ر كه‌ش و دۆخێكی ئه‌منیه‌تی گیراوه‌ته‌ به‌ر و زیاتر له‌ ٦ هه‌زار هێزی سپا هێنراونه‌ته‌ پادگانی "شهید همت" و له‌ حاڵی ئاماده‌ باش دان و هه‌موو مه‌ره‌خه‌سییه‌كان هه‌ڵوه‌شێنراونه‌ته‌وه‌. له‌ چه‌ند رۆژی رابردوودا هێزی زۆری نیزامی و ئه‌منیه‌تی له‌ژێر ناوی ئوردووی قوتابیاندا ره‌وانه‌ی شاری پاوه‌ كراون، ئه‌مه‌ له‌ حاڵێك دایه‌ كه‌ هیچكات له‌م وه‌رزه‌دا ئوردووی قوتابیان به‌رِێوه‌ ناچێت. هه‌واڵنێری كوردپا ئه‌وه‌شی زیاد كردووه‌، له‌ گه‌ردنه‌ی ناڵه‌ شكێنه‌ له‌ نێوان كامیاران روانسه‌ر، ده‌روازی كرماشان، جاده‌ی كووزه‌ران ـ كرماشان و هه‌روه‌ها جاده‌ی روانسه‌ر ـ پاوه‌ و سێ‌ رێیانی جوانرِۆ ـ روانسه‌ر شه‌وانه‌ بازگه‌ی پشكنین داده‌نێن و به‌ توندی له‌گه‌ڵ خه‌ڵك ده‌جووڵێنه‌وه‌. له‌ رۆژانی رابردوودا هێزه‌ ئه‌منیه‌تییه‌كان له‌ناو شاری روانسه‌ر گومانیان له‌ چه‌ند هاووڵاتی هه‌بووه‌ و ده‌ستبه‌سه‌ریان كردوون و بۆ ئیداره‌ی ئیتلاعاتی ئه‌وشاره‌یان راگواستوون.





عه‌لی عه‌بدولا ساڵح: له‌رۆژانی داهاتوو ده‌سه‌لات به‌جێ ده‌هێڵم
سه‌رۆك كۆماری یه‌مه‌ن رۆژی شه‌ممه‌ رایگه‌یاند كه‌ له‌ رۆژه‌كانی داهاتوو ده‌سه‌لات به‌جێده‌هێڵێت. عه‌لی عه‌بدولا ساڵح له‌ ووته‌كانی كه‌ له‌ تی ڤی بلاوبوویه‌وه‌ ووتی: ده‌سه‌لات ره‌ت ده‌كه‌مه‌وه‌ و به‌ ره‌ت كردنه‌وه‌كه‌ی درێژه‌ به‌كاره‌كانم ده‌ده‌م و له‌ رۆژه‌كانی داهاتوو له‌ ده‌سه‌لات ده‌چمه‌ ده‌ره‌وه‌. ناوبراو هه‌روه‌ها ووتی: له‌ لایه‌نگره‌كانم ده‌خوازم هه‌نگاوی باش هه‌ڵبگرن و له‌گه‌ڵ هه‌ر كێشه‌یه‌ك به‌ره‌و رووببنه‌وه‌. عه‌لی عه‌بدولا ساڵح له‌حاڵێكدا ئه‌و قسانه‌ی وت كه‌ ٩ مانگ خۆپێشاندان ده‌سه‌لاتی ٣٣ ساڵه‌كه‌ی ئیفلیج كردووه‌. پێشووتر سه‌رۆك كۆماری یه‌مه‌ن هه‌رشێوه‌ رێگا چاره‌یه‌كی بۆ گواستنه‌وه‌ی ده‌سه‌لات بۆ ئه‌و وولاته‌ ره‌ت كردبۆوه‌.





كاترین ئێشتۆین: تیرۆری رێبه‌رێكی كوردی نه‌یاری رژێمی سووریای مه‌حكوم كرد
هه‌واڵده‌ری فه‌رانسه‌: كاترین ئێشتۆین سه‌رۆكی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی یه‌كێتی ئه‌ورووپا، تیرۆر كردنی رێبه‌رێكی كورد له‌ نه‌یارانی حكومه‌تی سووریای مه‌حكوم كرد.ناوبراو خوازیاری راگرتنی تووندوتیژیه‌كان و سه‌ركووتی خۆپێشانده‌ران و لایه‌نگرانی دێموكراسی له‌لایه‌ن به‌شار ئه‌سه‌د بوو. رژێمی سووریا ((مه‌شعه‌ل ته‌مۆ)) له‌ ئه‌ندامانی كۆمه‌ڵه‌ی نه‌ته‌وه‌یی سووریای رۆژی هه‌ینی له‌ ماڵی خۆی له‌ شاری ((قامیشلو)) تیرۆر كرد.




سه‌ده‌ی بیست و یه‌كه‌م، كاتی به‌شداری كردنی ته‌واو و به‌رانبه‌ری ژنان له‌سه‌رجه‌م ئاسته‌كانی كۆمه‌ڵگا 
میشێل باشله‌ سه‌رۆكی كۆمه‌ڵی ژنانی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان سه‌باره‌ت به‌ بردنه‌وه‌ی  خه‌لاتی ئاشتی نۆبیلی ئه‌مساڵ ووتی: هه‌ركام له‌و ژنانه‌ به‌سه‌ر كه‌ندوكۆسپی گه‌وره‌ سه‌ركه‌وتوون. ژنان له‌سه‌رانسه‌ری جیهان مافه‌كانی خۆیان و به‌شداری به‌رانبه‌ر له‌ دروست كردنی ئاشتی، دیموكراسی و گه‌شه‌پێدانی وه‌لاته‌كه‌یان داوا ده‌كه‌ن. خه‌لاتی ئاشتی نۆبێلی ئه‌مساڵ، ئه‌و په‌یامه‌ی به‌ جیهان دا كه‌ سه‌ده‌ی بیست و یه‌كه‌م كاتی به‌شداری كردنی ته‌واو و به‌رانبه‌ری ژنان له‌سه‌رجه‌م بواره‌كانی كۆمه‌ڵگایه‌. 



ڕێکه‌وت: 2011-10-09 14:54:57
به‌شی ( هه‌واڵه‌كانی كوردستان و ئێران و جیهان (١٧ی ره‌زبه‌ر) )