__ ناشتنى نه‌هێنى ته‌رمى زیندانیه‌كى سیاسی كورد__ ده‌ركردنى حوكمى زیندان بۆ سێ هاوه‌لاتى كورد__ لێدان و گرتنى هاوه‌لاتێكى كورد__ لاوێكی مه‌ریوانی له‌ تاوانه‌كه‌ی به‌رى كرا__ لێپرسراوانی زانكۆی په‌یام نووری ماكۆ به‌روانگه‌ی ئه‌منیه‌تییه‌وه‌ ده‌رِواننه‌ خوێندكارانی كورد__ ٧ كه‌س له‌ ئێران ئیعدام كران __ پیلانى ترۆریستى رژیم،یه‌كێتى ئورووپا: ئاكامى زۆر خه‌راپ بۆ رژیم__ ده‌وڵه‌تى ئوسترالیا پێشێلكردنى مافى مرۆڤى له‌لایه‌ن رژیمى ئێرانه‌وه‌ مه‌حكووم كرد__ وه‌لاتانى به‌رپرس ده‌بێ ئابلۆقه‌كانیان دژى رژیمى ئێران كاراتر بكه‌ن

ناشتنى نه‌هێنى ته‌رمى زیندانیه‌كى سیاسی كورد
خه‌باتمێدیا: به‌ پێى راپۆرتى چالاكانى مافى مرۆڤ و دیموكراسی له‌ ئێران مه‌ئمورانى وه‌زاره‌تى ئیتلاعات ته‌رمى زیندانى سیاسی عه‌زیز خاكزادیان نه‌دایه‌وه‌ به‌ خانه‌واده‌كه‌ى و له‌ شوێنێكى نادیار خۆ یان ئه‌سپه‌رده‌ى خاكیان كرد. وه‌زاره‌تى ئیتلاعات له‌ دانه‌وه‌ى ته‌رمى زیندانى سیاسی كورد عه‌زیز خاكزاد به‌ خانه‌واده‌كه‌ى خۆیان پاراست و ته‌رمى ناوبراویان له‌ شوێنێكى نادیار به‌ نه‌هێنى له‌شارى كرمان به‌ خاك سپارد. خانه‌واده‌ى ئه‌و زیندانیه‌ سیاسیه‌ له‌ دێى تار سه‌ر به‌ شارى سه‌ڵماس نیشته‌جێن. وه‌زاره‌تى ئیتلاعات هه‌روه‌ها پێش به‌ به‌رێوه‌بردنى رێوره‌سمى پرسه‌ بۆ ناوبراو پێشگیرییان كرد. 




ده‌ركردنى حوكمى زیندان بۆ سێ هاوه‌لاتى كورد
دادگاى شۆرشى رژیم له‌شارى مه‌هاباد ٣ هاوه‌لاتى بۆكانى به‌ زیندان مه‌حكووم كرد. به‌ پێى راپۆرتى هه‌واڵده‌رى ئاژانسی موكریان، دادگاى رژیم له‌ شارى مه‌هاباد سێ هاوه‌لاتى خه‌ڵكى دێى سارۆقامیشى سه‌ر به‌ شارستانى بۆكان به‌ ناوه‌كانى ، رێبوار پیرامپوور، ئه‌سعه‌د دامه‌نگیر و بیژه‌ن پژومان به‌ تۆمه‌تى پروپاگه‌نده‌ دژى نیزام هه‌ركام به‌ ٦ مانگ زیندان مه‌حكووم كرد. جێگه‌ى وه‌بیرهێنانه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌و ٣ هاوه‌لاتیه‌ ساڵى رابردوو ماوه‌ێك له‌ گرتووخانه‌دابوون و به‌ دانانى بارمته‌ به‌ شێوه‌ێكى كاتى ئازاد كران. 




لێدان و گرتنى هاوه‌لاتێكى كورد
چه‌ند رۆژ له‌مه‌وبه‌ر هاووڵاتییه‌كی كورد له‌ شاری روانسه‌ر له‌لایه‌ن هێزه‌ لیباس شه‌خسییه‌كانی رژیمى ئاخوندى ده‌ستبه‌سه‌ر كراوه‌. به‌پێی هه‌واڵی ئاژانسی هه‌واڵده‌ریی كوردپا، كیانووش وه‌یسی كورِی محه‌ممه‌د له‌ شاری روانسه‌ر له‌لایه‌ن هێزه‌ لیباس شه‌خسییه‌كانه‌وه‌ ده‌ستبه‌سه‌ر و پاش لێدان و كوتان ناوبراویان بۆ شوێنێكی نادیار راگواستووه‌. هه‌تا كاتی بڵاو كردنه‌وه‌ی ئه‌م هه‌واڵه‌ زانیارییه‌ك له‌ هۆكاری گیران و شوێنی راگیرانی ئه‌و هاووڵاتیه‌ كورده‌ له‌به‌ر ده‌ستدا نیه‌. له‌ ماوه‌ی یه‌ك مانگی رابردۆوه‌ هه‌تا ئێستا له‌ كوردستان ٣١ هاووڵاتیی كورد له‌لایه‌ن هێزه‌ نیزامییه‌كانی حكومه‌تی ئیسلامیی ئێرانه‌وه‌ ده‌ستبه‌سه‌ر و ره‌وانه‌ی زیندان كراون.  زۆربه‌ی ئه‌و هاووڵاتییانه‌ به‌ تاوانی چالاكیی سیاسی و مه‌ده‌نی ده‌ستبه‌سه‌ر كراون.




لاوێكی مه‌ریوانی له‌ تاوانه‌كه‌ی به‌رى كرا
لاوێكی خه‌ڵكی گوندی "نێ‌"ی سه‌ر به‌ مه‌ریوان كه‌ دوو مانگ له‌مه‌وبه‌ر له‌لایه‌ن هێزه‌كانی ئیتلاعاتی ئه‌و شاره‌وه‌ ده‌ستبه‌سه‌ر كرابوو، له‌ تاوانه‌كه‌ی به‌رى كرا. به‌پێی هه‌واڵی ئاژانسی هه‌واڵده‌ریی كوردپا، زانیار ئه‌فسه‌ری ته‌مه‌ن ١٩ ساڵ كۆرِی ئه‌حمه‌د رێكه‌وتی ١٩‎ی گه‌لاوێژی ئه‌مساڵ به‌ تاوانی هاوكاری له‌گه‌ڵ حیزبێكی كوردی دژبه‌ری حكوومه‌تی ئێران ده‌ستبه‌سه‌ر كرابوو. ئه‌و لاوه‌ دوای راگیرانی بۆ ماوه‌ی یه‌ك مانگ له‌ گرتنگه‌ی ئیداره‌ی ئیتلاعاتی شاری مه‌ریوان، به‌ دانانی وه‌سیقه‌ی٥٠ میلیۆن تمه‌ن ئازاد كرابوو. زانیار ئه‌فسه‌ری رێكه‌وتی ١٨‎ی ره‌زبه‌ر بۆ جارێكی تر بانگهێشتی دادگا كرایه‌وه‌ و له‌ تاوانه‌كه‌ی ته‌برئه‌ كرا. له‌ ماوه‌ی یه‌ك ساڵی رابردوودا نزیك به‌ ٢٠ كه‌س له‌ دانیشتوانی گوندی نێ‌ له‌لایه‌ن ده‌زگا ئه‌منیه‌تییه‌كانی رژیمى ئاخوندییه‌وه‌ ده‌ستبه‌سه‌ر كراون.





لێپرسراوانی زانكۆی په‌یام نووری ماكۆ به‌روانگه‌ی ئه‌منیه‌تییه‌وه‌ ده‌رِواننه‌ خوێندكارانی كورد
خوێندكارانی كوردی زانكۆی په‌یام نووری ماكۆ به‌هۆی نه‌بوونی پێداویستیه‌ سه‌ره‌تاییه‌كان و هه‌روه‌ها روانینی ئه‌منیه‌تی، فشاریان خراوه‌ته‌ سه‌ر. به‌پێی هه‌واڵی ئاژانسی كوردپا له‌ شاری ماكۆ، هه‌ڵسوكه‌وتی نابه‌رپرسیارانه‌ی زانكۆی په‌یام نوور، بۆته‌ هۆی ئه‌وه‌ی كه‌ درێژه‌ دان به‌ خوێندن له‌و زانكۆیه‌دا رۆژ له‌ دوای رۆژ ئه‌سته‌متر ببێت. خوێندكارێكی ئه‌و زانكۆیه‌ ئاشكرای كردووه‌، نه‌بوونی پێداویستیی سه‌ره‌تایی و نه‌بوونی ستانداری بێهداشتی، كه‌شێكی زۆر ناڵه‌باری بۆ خوێندكاران درووست كردووه‌. خوێندكارانی كوردی زانكۆی په‌یامی نووری ماكۆ به‌ شێوه‌یه‌كی به‌رده‌وام له‌لایه‌ن لێپرسراوانی ئه‌و زانكۆیه‌ تۆمه‌تی لایه‌نگری له‌ حیزبه‌ كوردییه‌كانیان لێ‌ ده‌درێ‌. سه‌ره‌رِای ئیعترازی به‌رده‌وامی خوێندكاران به‌ بارودۆخی زانكۆی په‌یام نووری ماكۆ، له‌لایه‌ن لێپرسراوانه‌وه‌ هیچ هه‌وڵێك بۆ چاكسازی و وه‌ڵامی داخوازیی خوێندكاران نه‌دراوه‌.



٧ كه‌س له‌ ئێران ئیعدام كران 
سیاسه‌تى ئیعدامى زیندانیانى سیاسی و ئیعدامى به‌ كۆمه‌ڵ و له‌به‌رچاوى گشتى به‌ مه‌به‌ستى دروست كردنى ترس له‌ كۆمه‌ڵگا ماوه‌ێكه‌ به‌ شێوه‌یێكى به‌ربلاو به‌رێوه‌ ده‌چێ و ته‌نیا له‌ماوه‌ى نزیك به‌مانگێك  ١٤٧ زیندانى ئیعدام كراون كه‌ رۆژى رابردووش ٣ زیندانى له‌ زیندانى قزلحه‌سار به‌ناوه‌كانى ته‌قى ره‌حمانى ٤٠ ساڵ و باباعه‌لى ئاخره‌تى ٥٠ ساڵ و له‌تیف.. به‌شێوه‌ى نه‌هێنى ئیعدام كران. هه‌روه‌ها ئه‌مرۆ چوارشه‌ممه‌ ٢٠ى ره‌زبه‌ر ٤ كه‌سی دیكه‌ له‌به‌رچاوى گشتى له‌ خومه‌ینى شارى ئیسفه‌هان ئیعدام كران. 





پیلانى ترۆریستى رژیم،یه‌كێتى ئورووپا: ئاكامى زۆر خه‌راپ بۆ رژیم
به‌ پێى راپۆرتى هه‌واڵده‌رى فه‌رانسه‌ له‌ برۆكسێل یه‌كێتى ئورووپا ئه‌مرۆ چوارشه‌ممه‌ ٢٠ى ره‌زبه‌ر وریایی دا كه‌ تاوانى باس كراو له‌ لایه‌ن به‌رپرسانى ئه‌مریكا سه‌باره‌ت به‌ گه‌لاڵه‌ى ترۆریستى رژیمى تاران له‌ واشینگتۆن بسه‌لمێ، ئاكامى زۆر خه‌راپى بۆ ئه‌و رژیمه‌ به‌دواوه‌ ده‌بێ. شه‌وى رابردوو ئێریك هۆلدر وه‌زیرى دادگوسته‌رى ئه‌مریكا و رابێرت مۆلێر، سه‌رۆكى ئه‌منیه‌تى ناوخۆى ئه‌مریكا، رژیمى تارانى به‌ ده‌ست تێدابوون له‌ گه‌لاڵه‌ى ترۆریستى بۆ هێرش كردنه‌ سه‌ر باڵوێزخانه‌كانى عه‌ره‌بستانى سه‌عودى و ئیسرائیل و كوشتنى باڵوێزى عه‌ره‌بستان له‌ واشینگتۆن تاوانبار كرد. ووته‌بێژى كاترین ئیشتۆن، به‌رپرسی سیاسه‌تى ده‌ره‌وه‌ى یه‌كێتى ئورووپا ئه‌مرۆ چوارشه‌ممه‌ یه‌كێتى ئورووپا سه‌باره‌ت به‌و تاوان ووتى: ئێمه‌ ئه‌و بابه‌ته‌ زۆر به‌ جییدى ده‌گرین و ئه‌گه‌ر تۆمه‌ته‌كان بسه‌لمێن ئاكامى زۆر خه‌راپى بۆ رژیم به‌دواوه‌ ده‌بێ. 





ده‌وڵه‌تى ئوسترالیا پێشێلكردنى مافى مرۆڤى له‌لایه‌ن رژیمى ئێرانه‌وه‌ مه‌حكووم كرد
ده‌وڵه‌تى ئیسرائیل كه‌ڵك وه‌رگرتنى رژیمى ئێرانى له‌ كرده‌وه‌ بێ به‌زییه‌كان و نامرۆڤانه‌ و یان سزاى پرِ له‌سووكایه‌تى  مه‌حكووم كرد و داواى له‌ رژیمى ئێران كرد كه‌ مافى مرۆڤى هاوه‌لاتیه‌كانى بپارێزێ. به‌ پێى راپۆرتى هه‌واڵده‌رى فه‌رانسه‌ كوین راد، سه‌رۆك وه‌زیرى ئۆستراڵیا، نیگه‌رانى ده‌ربرِى سه‌باره‌ت به‌ راپۆرتى حوكمى یه‌ك ساڵ زیندان و حوكمى قه‌مچى لێدان له‌ هونه‌رمه‌ندێكى ئێرانى. 




وه‌لاتانى به‌رپرس ده‌بێ ئابلۆقه‌كانیان دژى رژیمى ئێران كاراتر بكه‌ن
ئیلیانا رۆزلێهتنێن، سه‌رۆكى كومیته‌ى ده‌ره‌وه‌ى مه‌جلیسى نوێنه‌رانى ئه‌مریكا له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا رایگه‌یاند: رژیمى ئێران بۆ هێرش كردنه‌ سه‌ر وه‌لاته‌كه‌مان و هاوپه‌یمانانمان و قازانجى گشتى له‌سه‌رانسه‌ر جیهان هه‌وڵ ده‌دات. ئێمه‌ ناتوانین زیاتر له‌وه‌ كات به‌ فیرۆ بده‌ین. وه‌لاتانى به‌رپرس ده‌بێ دژى ئه‌و هه‌ره‌شه‌یه‌ یه‌كگرتوو بن و به‌ خێرایی فشارى ئیفلیج كه‌ردژى رژیمى ئێران و به‌كرێگیراوانى به‌ كار ببه‌ن. 


ڕێکه‌وت: 2011-10-12 16:29:27
به‌شی ( هه‌واڵه‌كانى كوردستان و ئێران (٢٠ى ره‌زبه‌ر) )