__ دوو كۆڵبه‌رى كورد برینداربوونه‌ و ده‌ست به‌سه‌ر كه‌ل و په‌له‌كانیاندا گیراوه‌__ ئه‌گه‌رى بێكار بوونى ٣ میلیۆن كرێكار له‌ ئێران__ خوێندكارێكى كورد له‌دواى نادیار بوونى چاره‌نووسی ماوه‌ى ١ مانگ زيندانى بۆ برِاوه‌ته‌وه‌__ هاوه‌لاتیه‌كى سه‌قزى به‌ زیندان مه‌حكووم كرا__ به‌ربلاوى ماده‌هۆشبه‌ره‌كان له‌شارى مه‌هاباد __ به‌كارهێنانى ١٢هه‌زار میلیارد دۆلار به‌ نایاسایی بۆ دانى یارانه‌كان__ زیاتر له‌ ١٢٠٠ كارگه‌ى پیشه‌سازى ده‌ستى له‌به‌رده‌م داخران__ سكالاى عه‌ره‌بستان  و ئه‌مریكا له‌نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان  سه‌باره‌ت به‌ كرده‌وه‌ى ترۆریستى رژیمى ئێران__ ٧ هه‌زار خاڵه‌تى ئازاردانى مندالان له‌ماوه‌ى ساڵى رابردوو__ ئه‌گه‌رى ده‌ركردنى رژیمى سوریه‌ له‌ یه‌كێتى عه‌ره‌ب

دوو كۆڵبه‌رى كورد برینداربوونه‌ و ده‌ست به‌سه‌ر كه‌ل و په‌له‌كانیاندا گیراوه‌
خه‌باتمێدیا: له‌ ئه‌نجامی ده‌سترِێژی گوللـه‌ی هێزه‌كانی پاسدارانی سوپای ئێران له‌ سنوری شاره‌دێی حاجی ئۆمه‌ران له‌ كاروانێكی كوردان دوو كه‌س بریندار ده‌بن و دوو ولاَخیش ده‌كوژن و ده‌ستبه‌سه‌ر ته‌واوی كه‌لوپه‌لی كاروانه‌كه‌ش داده‌گرن.  سه‌رچاوه‌یه‌كی ئه‌منی له‌ شاره‌دێی حاجی ئۆمه‌ران به‌ ئاژانسی هه‌واڵی په‌یامنێری راگه‌یاند: له‌ سنوری حاجی ئۆمه‌ران كاروانێكی كاسبكارانی كوردی رۆژهه‌لاَت كه‌وتنه‌ نێو بۆسه‌ی پاسداران و ده‌سترِێژی گوللـه‌یان لێكرا، به‌و هۆیه‌وه‌ دوو كاسبكار بریندار بوون و دوو باربه‌ری ئه‌و كاروانه‌ش ده‌كوژن و ته‌واوی كه‌لوپه‌لی كاسبكاره‌كانیش ده‌ست به‌سه‌ر داده‌گرن. سه‌رچاوه‌كه‌ روونیكرده‌وه‌: ئه‌و كاروانه‌ له‌ ١٢ كه‌س پێكهاتبوون و خه‌ریكی گواستنه‌وه‌ی سیگار بوونه‌، به‌لاَم له‌ ناوچه‌ی كانیه‌ره‌ش توشی بۆسه‌ی پاسدارانی ئێران بوونه‌و دوو كه‌س به‌ ناوه‌كانی محه‌ممه‌د جه‌لاله‌دین حوسێن و ئیبراهیم حوسێن زامدار بوون.


هاوه‌لاتیه‌كى سه‌قزى به‌ زیندان مه‌حكووم كرا
هاوه‌لاتیه‌كى خه‌ڵكى شارى سه‌قز له‌ لایه‌ن دادگاى شۆرِشى رژیتم به‌ زیندان مه‌حكووم كرا. به‌ پێى راپۆرتى ئاژانسی موكریان، ئه‌و هاوه‌لاتیاه‌ كه‌ به‌هائه‌دینى شه‌هابی ناوه‌ له‌ لایه‌ن دادگاى شۆرِشى رژیم به‌ تۆمه‌تى هاوكارى حیزبه‌ شۆرِشگێره‌كانى نه‌یارى رژیم به‌ سالێك زیندان مه‌حكووم كرا. جێگه‌ى باسه‌ ناوبراو كه‌ پێشتر ماوه‌ێك بوو له‌ گرتووخانه‌ دابوو به‌ دانانى بارمته‌ به‌ شێوه‌ى كاتى له‌ زیندان ئازاد كرابوو، رۆژى پێنج شه‌ممه‌ى رابردوو به‌ مه‌به‌ستى تێپه‌رِاندنى ماوه‌ى حوكمه‌كه‌ى خۆى به‌ زیندان ناوه‌ندى سه‌قز ناساند. 






خوێندكارێكى كورد له‌دواى نادیار بوونى چاره‌نووسی ماوه‌ى ١ مانگ زيندانى بۆ برِاوه‌ته‌وه‌
چه‌ند رۆژ له‌مه‌وبه‌ر خوێندكارێكی زانكۆی په‌یام نووری مه‌ریوان له‌لایه‌ن ئیداره‌ی ئیتلاعاتی مه‌ریوانه‌وه‌ ده‌ستبه‌سه‌ر كراوه‌. ره‌حیم باجوه‌ر ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی سه‌وزی چیای مه‌ریوان و خوێندكاری زانستگای په‌یام نووری مه‌ریوان كه‌ رۆژی پێنج شه‌ممه‌ ٢١ی ره‌زبه‌ر دوای بانگهێشتی بۆ ئیداره‌ی ئیتلاعاتی مه‌ریوان ده‌ستبه‌سه‌ر كرا، ئه‌مرِۆ برِیاری ده‌ستبه‌سه‌ر كرانی یه‌ك مانگه‌ی بۆ برِایه‌وه‌. به‌ پیًَى راپۆرتى هه‌واڵده‌رى رۆژهه‌لات تایمز، ره‌حیم باجوه‌ر برای شه‌ریف باجوه‌ره‌ كه‌ ماوه‌ی نزیك به‌ سێ مانگه‌ له‌ لایه‌ن ئیداره‌ی ئیتلاعاتی مه‌ریوانه‌وه‌ ده‌ستبه‌سه‌ر كراوه‌ و تا ئێستا هیچ هه‌واڵێ له‌ سه‌ر بارودۆخی له‌ به‌ر ده‌ستدا نییه‌ و هه‌ر وه‌ها دوو كه‌سی تریش له‌ ئه‌ندامانی ده‌سته‌ی به‌رِێوه‌به‌ری ئه‌نجومه‌نی سه‌وزی چیا به‌ ناوه‌كانی ئیره‌ج قادری و بهرووز داروه‌ند ماوه‌ی نزیك به‌ دوو مانگ له‌ لایه‌ن ئیداره‌ی ئیتلاعاته‌وه‌ ده‌ستبه‌سه‌ر كرابوون كه‌ به‌ دانانی بارمته‌ به‌ شێوه‌ی كاتی ئازاد كران. جێگای ئاماژه‌یه‌ كه‌ ئه‌م فشارانه‌ به‌ره‌ورِووی خوێندكارانیش بووه‌ته‌وه‌ و هه‌ر ئێستا خه‌بات عارفی خوێندكاری زانستگای په‌یام نووری مه‌ریوان زیاتر له‌ یه‌ك مانگه‌ كه‌ له‌ گرتووخانه‌ی ئیداره‌ی ئیتلاعاتی مه‌ریواندایه‌ و ٤ كه‌سی تر له‌ ئه‌ندامانی كومیته‌ی ناوه‌ندی یه‌كیه‌تی دیموكراتیكی خوێندكارانی كورد به‌ ناوه‌كانی سۆران دانشوه‌ر، مهدی دوعاگوو، میلاد كه‌ریمی و شێرزاد كه‌ریمی له‌ ماوه‌ی دوو مانگی رابردوودا له‌ لایه‌ن ئیداره‌ی ئیتلاعاتی سنه‌وه‌ ده‌ستبه‌سه‌ر كران و ئێستا به‌ دانانی بارمته‌ به‌ شێوه‌ی كاتی ئازاد كراون. جێگه‌ى باسه‌، ئه‌نجومه‌نی سه‌وزی چیای مه‌ریوان یه‌ك له‌ ئه‌نجومه‌نه‌ خه‌ڵكییه‌كانه‌ی بواری ژینگه‌پارێزیی كوردستانه‌ كه‌له‌ ساڵی ١٣٨١ی هه‌تاوییه‌وه‌ له‌ بواری ژینگه‌پارێزیدا چالاكه‌ و له‌لایه‌ن كۆمه‌ڵێك له‌ چالاكانی مه‌ده‌نی و ژینگه‌پارێزی مه‌ریوانه‌وه‌ دامه‌زراوه‌ و ساڵی ١٣٨٧ به‌ فه‌رمی مۆڵه‌تی كار كردنی پێدراوه‌. 




به‌ربلاوى ماده‌هۆشبه‌ره‌كان له‌شارى مه‌هاباد 
هێندێ‌ كه‌س و لایه‌ن له‌ شاری مه‌هاباد به‌ شێوه‌یه‌كی ئاشكرا له‌نێو هاووڵاتیاندا ماده‌ سرِكه‌ره‌كان بڵاو ده‌كه‌نه‌وه‌ و ده‌زگا پێوه‌ندیداره‌كانی حكوومه‌ت له‌و شاره‌ هه‌وڵێك بۆ پێشگرتنی ناگرنه‌ به‌ر. به‌پێی هه‌واڵی هه‌واڵده‌ریی كوردپا، هێندێ‌ ماده‌ی هۆشبه‌ری وه‌كوو تریاك، شیشه‌ و حه‌به‌ وزه‌ به‌خشه‌كان له‌نێو هاووڵاتییانی شاری مه‌هاباد به‌ تایبه‌تی لاوه‌كاندا بڵاو ده‌كرێته‌وه‌ و كه‌مته‌رخه‌میی لایه‌نه‌ پێوه‌ندیداره‌كانی حكومه‌تیش بۆته‌ هۆكاری په‌ره‌سه‌ندنی ئه‌م دیارده‌یه‌.  به‌پێی ئاماری هه‌واڵده‌ریی میهر له‌ ئێران ٢٧ هه‌زار كه‌س به‌كار هێنه‌ری ماده‌ی شیشه‌ هه‌یه‌. له‌ سه‌دا٩٠‎ی به‌كارهێنه‌رانی شیشه‌ ته‌مه‌نیان له‌ خوار ٢٨ ساڵه‌وه‌یه‌. ماده‌ی شیشه‌ بۆ ماوه‌ی سێ‌ ساڵه‌ هاتۆته‌ ناو بازاره‌كانی ئێران و له‌ سه‌ره‌تادا یه‌ك كیلۆی ماده‌ی شیشه‌ ١٧ میلیۆن تمه‌ن بووه‌ كه‌چی ئێستا ١ كیلۆ شیشه‌ به‌ ٥ میلیۆن تمه‌نه‌. ئه‌مه‌ له‌ حاڵێك دایه‌ كه‌ یه‌ك كیلۆ ماده‌ی شیشه‌ له‌ وڵاتانی تایله‌ند و مالێزی٨٠ میلیۆن تمه‌نه‌. حه‌مید ره‌زا حوسێن ئابادی لێپرسراوی پیشووی پۆلیسی مه‌وادی موخه‌دیر ئیدیعای ئه‌وه‌ی كردبوو، له‌ دووساڵی رابردۆوه‌ هه‌تا ئێستا نزیك به‌ ٨٧ كارگه‌ی به‌رهه‌مهێنه‌ری ماده‌ی شیشه‌یان له‌ ئێران له‌ناو بردووه‌.




به‌كارهێنانى ١٢هه‌زار میلیارد دۆلار به‌ نایاسایی بۆ دانى یارانه‌كان
به‌ پێى نوێنه‌رى مه‌جلیسى شوراى رژیم،  ده‌وڵه‌ت به‌ هۆى نه‌بوونى سه‌رچاوه‌ى ماڵى بۆ دانى یارانه‌كان له‌سه‌رچاوه‌ى نایاسایی پووڵى هه‌ڵگرتووه‌. دیوانى موحاسیباتیش ماوه‌ێ: له‌مه‌وبه‌ر راگه‌یاند كه‌ ته‌نیا ٤٢ له‌سه‌دى یارانه‌كان له‌ شوێنى ئازادكردنى نرخه‌كان دراوه‌. موسا سه‌روه‌تى ئه‌ندامى كومیسیۆنى به‌رنامه‌ و بووجه‌ى مه‌جلیس هه‌واڵى هه‌ڵگرتنى ١٢ هه‌زار میلیاردى ده‌وڵه‌تى له‌ ٣ شوێنى نایاسایی بۆ دانى یارانه‌كان هێنایه‌ به‌ر باس. به‌ پێا ووته‌ى ناوبراو ئه‌و هه‌ڵگرتنه‌ به‌شه‌كانى دیكه‌ى تووشی كێشه‌ كردووه‌ و به‌شێكى كه‌ له‌ وه‌زاره‌تى وه‌زه‌ بووه‌ بۆته‌ هۆى ئه‌وه‌ى ده‌وڵه‌ت نه‌توانێ كونتۆرى داواكراو له‌لایه‌ن خه‌ڵك كه‌ پێشتر پووله‌كه‌شی وه‌رگرتووه‌ دابین بكات و ئه‌وه‌ ناره‌زایه‌تى خه‌ڵكى به‌دواوه‌ ده‌بێ. 




زیاتر له‌ ١٢٠٠ كارگه‌ى پیشه‌سازى ده‌ستى، له‌به‌رده‌م داخران
پشكنینه‌كانى به‌رێوه‌چوو له‌ لایه‌ن كارناسانى پیشه‌سازى ئێران ده‌ریده‌خات، به‌ هۆى نه‌بوونى توانایی دابین كردنى سه‌رچاوه‌كانى سووته‌مه‌نى و پشتیوانى پێویست بۆ پیشه‌سازى، ١٢٠٠ كارگه‌ى پیشه‌سازى تووشی دارمان هاتوون و له‌به‌رده‌م داخران دان. به‌ پێى سه‌رژمێرییه‌كان كارگه‌كانى شوشه‌ و سیرامیك و كاشی و كاره‌ گلینیه‌كان به‌ هۆۆى كه‌لچك وه‌رگرتن له‌ سووته‌مه‌نى بۆ به‌رهه‌م هێنان زیاتر له‌ مه‌ترسی دان. 




سكالاى عه‌ره‌بستان  و ئه‌مریكا له‌نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان  سه‌باره‌ت به‌ كرده‌وه‌ى ترۆریستى رژیمى ئێران
به‌ پێا راپۆرتى كه‌ناڵى ئاسمانى ئه‌لجه‌زیره‌، ده‌وڵه‌تى عه‌ره‌بستانى سه‌عوودى به‌ شێوه‌ى ره‌سمى داواى له‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان كرد تا به‌مه‌به‌ستى پێراگه‌یشتن به‌ په‌روه‌نده‌ى پیلانى رژیمى ئاخوندى بۆ ترۆرى باڵوێزى ئه‌و وه‌لاته‌ له‌ واشینگتۆن كۆبوونه‌وه‌ پێك بێنێ. ده‌وڵه‌تى عه‌ره‌بستان خوازیارى به‌ سزا گه‌یاندنى سه‌رجه‌م بكه‌رانى ئه‌و پیلانه‌ بوو.  هه‌روه‌ها ئه‌مریكا سكالاى دژى رژیمى ئێران بۆ شۆرااى ئه‌منیه‌تى نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان به‌رز كردۆته‌وه‌. ئه‌مریكا هه‌روه‌ها له‌سه‌ر هه‌وڵه‌كانى بۆ كۆكردنه‌وه‌ى پشتیوانى به‌ مه‌به‌ستى ئابلۆقه‌ خستنه‌ سه‌ر بانكى ناوه‌ندى ئێران به‌رده‌وامه‌. جێگه‌ى باسه‌ ئه‌حمه‌دى نه‌ژاد ئه‌مرۆ له‌ هه‌ڵوێستێك دا پیلانى ترۆریستى ره‌دكرده‌وه‌ و رایگه‌یاند: ترۆر كارى مرۆڤه‌ بێ فه‌رهه‌نگه‌كانه‌. 





٧ هه‌زار خاڵه‌تى ئازاردانى مندالان له‌ماوه‌ى ساڵى رابردوو
جێگرى كاروبارى كۆمه‌لایه‌تى و پشتیوانى سازمانى بێهزیستى ئێران له‌ روودانى ٧ هه‌زار حاڵه‌تى ئازار دانى منداڵ له‌ماوه‌ى ساڵى رابردوو له‌ ئێران هه‌واڵى دا. عه‌لى زه‌نگه‌نه‌ سه‌باره‌ت به‌ مندالانى سه‌رشه‌قام رایگه‌یاند، له‌ساڵى رابردوو زیاتر له‌ ٦ هه‌زار منداڵى كرێكار و سه‌رشه‌قام له‌ لایه‌ن رێكخراوى بێهزیستیه‌وه‌ دوزرانه‌وه‌ و رێكخرانه‌وه‌ به‌لام له‌دواى دانه‌وه‌یان به‌ كه‌س و كاریان به‌ هۆى هه‌ژارى و نه‌دارى سه‌ر له‌نوێ نێردرانه‌وه‌ بۆ كار كردن و سه‌ر شه‌قام. 





ئه‌گه‌رى بێكار بوونى ٣ میلیۆن كرێكار له‌ ئێران
سه‌رۆكى شاندى به‌رێوه‌به‌رى ناوه‌ندى ئه‌نجوومه‌نه‌كانى پیشه‌یی و خاوه‌نكارانى شیركه‌ته‌كانى خزمه‌تگوزارى و فه‌ننى و ئه‌ندازیارى ئێران له‌ نامه‌یێكدا بۆ جێگرى سازمانى مالیات له‌سه‌ر نرخ زیاده‌ باسی نه‌دانى نرخى زیاده‌ى له‌ لایه‌ن خاوه‌نكاره‌كانى ده‌وڵه‌تى دا و ئه‌گه‌رى وه‌رشكست بوونى ئه‌و شیركه‌تانه‌ى بیر هێنایه‌وه‌. له‌ونامه‌یه‌دا هاتووه‌ كه‌ ئه‌و ناوه‌نده‌ به‌ ١٤٦ ئه‌نجوومه‌ن، ٢٣ هه‌زار شیركه‌تى خزمه‌تگوزارى و ٣ میلیۆن كرێكار له‌سه‌رانسه‌رى وه‌لات سه‌رقاڵى كارن و نه‌دجانى نرخى زیاده‌ له‌ لایه‌ن خاوه‌نكارى ده‌وڵه‌تى زۆربه‌ى ئه‌و شیركه‌تانه‌ى تووشی كێشه‌ كردووه‌ و ئه‌گه‌رى وه‌رشكست بوونیان هه‌یه‌. 





ئه‌گه‌رى ده‌ركردنى رژیمى سوریه‌ له‌ یه‌كێتى عه‌ره‌ب
وه‌زیره‌كانى ده‌ره‌وه‌ى یه‌كێتى عه‌ره‌ب سه‌باره‌ت به‌ ده‌ركردنى سوریه‌ به‌و یه‌كێتیه‌ دانیشتنى به‌ په‌له‌یان رێكخست. به‌ پپێى هه‌واڵى هه‌واڵده‌رى نێوده‌وڵه‌تى مه‌وج، وه‌زیره‌كانى ده‌ره‌وه‌ى یه‌كێتى عه‌ره‌ب ده‌یانهه‌وێت له‌ دانشتنێكى به‌ په‌له‌ دا  له‌سه‌ر بابه‌تى ده‌ركردنى سوریه‌ له‌ یه‌كێتى وه‌لاتانى عه‌ره‌ب بریار بده‌ن. به‌ پێى سه‌رچاوه‌كانى هه‌واڵده‌رى ئه‌گه‌ر رژیمى سوریه‌ له‌و یه‌كێتیه‌ ده‌ربكرێ به‌دواى دا كۆمه‌ڵیك بریارى توندتریش له‌دژى دێنـه‌گۆرێ. 


ڕێکه‌وت: 2011-10-16 16:54:10
به‌شی ( هه‌واڵه‌كانى كوردستان و ئێران و ناوچه‌كه‌ (٢٤ى ره‌زبه‌ر) )