__ ده‌ركردنى حوكمى ٦ ساڵ زیندان بۆ هاوه‌لاتیه‌كى كورد__ هاووڵاتییه‌كی كورد كوژرا و دوو كه‌سی دیكه‌ش بریندار بوون__ لاوێكى كورد خه‌لاتى باڵوێزى ئاشتى پێ به‌خشرا__ له‌هێرشێكی په‌كه‌كه‌دا ٢٦ سه‌ربازی سوپای تركیا ده‌كوژرێن__ ئه‌مریكا خوازیارى مه‌حكووم بوونى جیهانى رژیمى سه‌ركووتگه‌رى ئێرانه‌__ پاسداره‌ ترۆریسته‌كان له‌ لیستى ره‌شى كه‌نه‌دا__ ١٥ میلیۆن ئێرانى تووشی نه‌خۆشی ره‌وانین__ نیو سه‌ده‌ ژیان له‌ ئه‌شكه‌وتدا

ده‌ركردنى حوكمى ٦ ساڵ زیندان بۆ هاوه‌لاتیه‌كى كورد
خه‌باتمێدیا: هاوه‌لاتیه‌كى كوردى خه‌ڵكى شارى سه‌رده‌شت له‌ لایه‌ن دادگاى رژیم له‌ تاران به‌ زیندان مه‌حكووم كرا. به‌ پێى راپۆرتى هه‌واڵده‌رى موكریان، ئه‌و هاوه‌لاتیه‌ كه‌ سۆران عه‌لیپوورى ناوه‌ و ماوه‌ى ١٠ مانگه‌ له‌ زینداندایه‌، له‌ لایه‌ن لقى ٢٨ى دادگاى رژیم له‌تاران به‌ تۆمه‌تى هاوكارى له‌گه‌ڵ ره‌وته‌ ئایینیه‌كان به‌ ٦ ساڵ زیندان مه‌حكووم كرا. جێگه‌ى باسه‌ ناوبراو ئێستا له‌ زیندانى ره‌جایی شارى كه‌ره‌ج ده‌وزرانى حوكمه‌كه‌ى تێده‌په‌رێنێ. 



هاووڵاتییه‌كی كورد كوژرا و دوو كه‌سی دیكه‌ش بریندار بوون
له‌ ئه‌نجامی ته‌قه‌ی هێزه‌ نیزامییه‌كانی رژیمى ئێران له‌ شاری بانه‌ له‌ كۆمه‌ڵێك كاراونچی، هاووڵاتییه‌ك كوژرا و ٢‎ی دیكه‌ش بریندار بوون. به‌پێی هه‌واڵی هه‌واڵده‌ریی كوردپا، رێكه‌وتی ٢٦‎ی ره‌زبه‌ر ته‌ها ته‌مه‌ن ٢٧ ساڵ و كورِی عومه‌ری مامه‌ عه‌به‌ له‌ شوێنێك به‌ناوی "دۆژه‌" له‌ بناری سووركێو له‌لایه‌ن هێزه‌ نیزامییه‌كانی شاری بانه‌وه‌ به‌ ته‌قه‌ی راسته‌وخۆ گیانی لێ‌ ئه‌ستێنراوه‌. هه‌ر له‌ ئه‌نجامی ئه‌و ده‌سترِێژه‌دا دوو هاووڵاتیی دیكه‌ش بریندار كراون. ناوی یه‌كێك له‌ برینداره‌كان "محه‌ممه‌د"ه‌ و ئامۆزای ئه‌و هاووڵاتیه‌یه‌ كه‌ كوژراوه‌.  به‌ وته‌ی شایه‌تحاڵان، ٤ ئه‌سپی كاسبكارانیش له‌لایه‌ن هێزه‌ نیزامییه‌كانی حكوومه‌تی ئێرانه‌وه‌ له‌ناوبراون. به‌پێی ئاماری هه‌واڵده‌ریی كوردپا، له‌ سه‌ره‌تای ساڵی١٣٩٠وه‌ هه‌تا ئێستا له‌ ئه‌نجامی ده‌سترِێژی راسته‌وخۆی هێزه‌ نیزامییه‌كانی ئێران بۆ سه‌ر كۆڵبه‌رانی كورد ٨٦ هاووڵاتیی كوژراو و بریندار بوون. له‌ كۆی گشتیی ئه‌و ئاماره‌ ٥٠ كۆڵبه‌ر كوژراون و ٣٦‎ی دیكه‌ش بریندار بوون.




لاوێكى كورد خه‌لاتى باڵوێزى ئاشتى پێ به‌خشرا
به‌ئاماده‌بوونی چه‌ندین كه‌سایه‌تی جیهانی، له‌ شاری له‌نده‌نی پایته‌ختی وڵاتی به‌ریتانیا، (لاوێن ئه‌ترۆشی) ته‌مه‌ن ٢٢ ساڵان كه‌ گه‌نجێكی كورده‌و دانیشتووی ئه‌و وڵاته‌یه‌ له‌لایه‌ن نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كانه‌وه‌ خه‌ڵاتی باڵیۆزی ئاشتی له‌ جیهان پێ به‌خشرا.




له‌هێرشێكی په‌كه‌كه‌دا ٢٦ سه‌ربازی سوپای تركیا ده‌كوژرێن
به‌پێی هه‌واڵێكی ته‌له‌فزیۆنی (ئێن تی ڤی) توركی، له‌ئاكامی شه‌رِ وپێكدادانی نێوان گریلاكانى پارتی كرێكارانی كوردستان و هێزه‌كانی سوپای تركیا كه‌ شه‌وی رابردوو له‌ سه‌عات یه‌كی شه‌وه‌وه‌ ده‌ستیپێكردو تا سه‌رله‌به‌یانی ئه‌مرِۆ ١٠ و ٣٠ ده‌قیقه‌  به‌رده‌وامی هه‌بوو، ٢٦ سه‌ربازی سوپای توركیا كوژران و ٢٢ ی تریش برینداربوون. گریلاكانى پارتی كرێكارانی كوردستان له‌ یه‌ك كاتدا هێرشیان كرده‌سه‌ر هه‌شت بنكه‌ی سه‌ربازی نزیك سنور له‌ پارێزگای هه‌كاری له‌ناوچه‌ی چه‌لی له‌ جوڵه‌مێرگ له‌ باشوری رۆژهه‌ڵاتی تركیا. له‌پاش ئه‌م هێرشانه‌ش ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆگان سه‌رۆك وه‌زیرانی تركیا كه‌ برِیاربوو به‌سه‌ردانێك بگاته‌ كازاخستان سه‌ردانه‌كه‌ی هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌. هه‌واَلده‌ریی میهر بڵاوی كرده‌وه‌: ئه‌مرِۆ رێكه‌وتی ٢٧‎ی ره‌زبه‌ر هێزه‌كانی توركیه‌ به‌ مه‌به‌ستی دژكرده‌وه‌ به‌ كوژرانی ئه‌و ٢٤ كه‌سه‌ سنووری هه‌رێمی كوردستانیان به‌زاندووه‌ و هێزه‌كانیان له‌ قه‌ندیل جێگیر كردووه‌. سه‌رۆك كۆماری توركیا عه‌بدوڵا گول له‌ئه‌ستانبۆڵ هه‌رِه‌شه‌ی تۆڵه‌ سه‌ندنه‌وه‌ی راگه‌یاند و ده‌ڵێت: ئه‌وانه‌ی پشتگیریی به‌ پێى ئیدعاى ناوبراو تیرۆر و چاوپۆشی له‌تیرۆر ده‌كه‌ن، پێویسته‌ باش بزانن كینه‌ و تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌ی توركیا هێنده‌ گه‌وره‌یه‌ كه‌ باجه‌كه‌ی بۆ ئه‌وانه‌ چه‌ند به‌رامبه‌ر ده‌بێت.  




ئه‌مریكا خوازیارى مه‌حكووم بوونى جیهانى رژیمى سه‌ركووتگه‌رى ئێرانه‌
به‌ پێى هه‌واڵده‌رى فه‌رانسه‌ ووته‌بێژى وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مریكا به‌ ئاماژه‌ به‌ راپۆرتى رێكخراوى نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان سه‌باره‌ت به‌ پێشێلكردنى به‌بلاوى مافى مرۆڤ له‌ ئێران خوازیارى مه‌حكووم كردنى جیهانى رژیمى تاران بووه‌. مارك تۆنێر له‌ كۆى هه‌واڵنێران ووتى : ده‌سه‌لاتدارانى رژیمى ئێران له‌سه‌ر خه‌فه‌كردنى ده‌نگى ناره‌زایه‌تى خه‌ڵك به‌رده‌وامن و كه‌مینه‌ نه‌ته‌وه‌یی و مه‌زهه‌بیه‌كان ئازار و شكه‌نجه‌ ده‌ده‌ن و داكۆكیكارانى مافى مرۆڤ ده‌ترسێنن و ئازاریان ده‌ده‌ن و زیندانیان شكه‌نجه‌ ده‌ده‌ن. ووته‌بێژى وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مریكا زیادى كرد: له‌م هه‌ل و مه‌رجه‌ ئێمه‌ داوا له‌ كۆمه‌ڵگاى نێوده‌وڵه‌تى ده‌كه‌ین كه‌ رژیمى تاران به‌ توندى مه‌حكووم بكا و خوازیارى گۆرِینى دۆخه‌كه‌ بوو. 




پاسداره‌ ترۆریسته‌كان له‌ لیستى ره‌شى كه‌نه‌دا
ده‌وڵه‌تىكه‌نه‌داش قاسمى سلێمانى سه‌ركرده‌وه‌ى هێزى ترۆریستى قودس و ٤ كه‌سى دیكه‌ى له‌ سه‌ركرده‌كانى و به‌كرێگیراوانى ئه‌و ته‌شكیلاته‌ ترۆریستیه‌ به‌ هۆى ده‌وریان له‌ پیلانى ترۆرى باڵوێزى عه‌ره‌بستانى سه‌عوودى له‌ واشینگتۆن خسته‌ ناو لیستى ته‌حریمه‌كانه‌وه‌. ناوى ئه‌و چوار كه‌س بریتیه‌ له‌ حامید عه‌بدوڵلاهى، عه‌بدولره‌زا شه‌هلایی، مه‌نسوور ئه‌رباب سه‌یار و غولام شه‌كوورى. وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى كه‌نه‌دا له‌وباره‌وه‌ رایگه‌یاند كه‌ پیلانى ئه‌مجاره‌ ده‌رخه‌رى هه‌ره‌شه‌كانى رژیمى ئێرانه‌. جان بورد زیادى كرد، ده‌وڵه‌تى كه‌نه‌دا له‌گه‌ڵ هاوبه‌شه‌كانى له‌سه‌ر ئابلۆقه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كان دژى ئه‌و رژیمه‌ به‌رده‌وام ده‌بێ. 






١٥ میلیۆن ئێرانى تووشی نه‌خۆشی ره‌وانین
لێكۆلینه‌وه‌كان ده‌ریان خستووه‌ كه‌ نزیك به‌ ١٠ له‌سه‌دى حه‌شیمه‌تى ١٥ تا ٦٤ ساڵى وه‌لاتى ئێران كێشه‌ى ده‌روونیان هه‌یه‌ و ئه‌ویش له‌ رێگه‌ى ئه‌وه‌وه‌ ده‌ركه‌وتووه‌ كه‌ ئه‌و كه‌سانه‌ به‌ زۆرى سه‌ردانى فاڵگر و داهاتوو بینه‌ قۆڵبره‌كان ده‌كه‌ن و باوه‌ریان به‌م جۆره‌ داهاتوو بینیه‌ هه‌یه‌. به‌ پێى ووته‌ى عه‌بباس ناسحى به‌رێوه‌به‌رى گشتى نووسینگه‌ى سلامه‌تى ره‌وانى، كۆمه‌لایه‌تى و ئیعتیادى وه‌زاره‌تى بێهداشت، رێژه‌ى بلاوبوونه‌وه‌ى كێشه‌ ره‌وانیه‌كان له‌ ژنانى ٢٦ و له‌ پیاوان ١٦ له‌سه‌د راگه‌یاند. له‌لایێكى دیكه‌وه‌ پرۆفسۆر حه‌مید قودوس مامۆستاى زانستگاى سه‌نت جۆرجى له‌نده‌ن به‌ ئیشاره‌ به‌وه‌ى كه‌ ٤٥٠ میلیۆن كه‌س له‌ جیهان توشی كێشه‌ى ره‌وانى بوونه‌ ووتى: ١٢١ میلیۆن كه‌سیش له‌ نه‌خۆشی خه‌مۆكى ئازار ده‌بینن و پێش بینى ده‌كرێ تا ساڵى ٢٠٢٠ رێژه‌ى ئه‌و نه‌خۆشیه‌ له‌ جیهاندا ١٥ له‌سه‌د به‌رز ببێته‌وه‌. 




نیو سه‌ده‌ ژیان له‌ ئه‌شكه‌وتدا
ئیداره‌ى سه‌بتى ئه‌حواڵى فومه‌ن شناسنامه‌ى بۆ عه‌زیز نه‌ورۆزى كه‌ ماوه‌ى ٥٠ ساڵه‌ له‌ ئه‌شكه‌وتیك له‌ دارستانى ئالیانى فوومه‌ن دا ده‌ژی ده‌ركرد. ئه‌و پیاوه‌ ئه‌شكه‌وت نشینه‌ له‌ته‌مه‌نى ٢٠ ساڵیه‌وه‌ شناسنامه‌كه‌ى لێ وون بووه‌. ئه‌و پیاوه‌ هۆى ژیانى ئه‌شكه‌وتى بۆ هه‌ستى ته‌نیایی خۆى له‌دواى كۆچى دایك و باوكى گه‌رِاندۆته‌وه‌ و بوونى خانوو و هاوسه‌رى جوان و چه‌كى راوى به‌ ٣ ئاواتى خۆى ناوبردووه‌.  ئه‌و پیاوه‌ كه‌ڵكى له‌ میوه‌كانى دارستان وه‌رگرتووه‌ و ته‌نیا حه‌وتووى جاریك بۆ وه‌رگرتنى نان و ماست سه‌ردانى دێێكى نزیك شوێنى نیشته‌جێ بوونى كردووه‌. به‌ پێى هه‌واڵه‌كان ناوبراو ته‌نیا تا قۆناغى چواره‌مى سه‌ره‌تایی ده‌رس خوێ،دووه‌ و ئێتا خوشكێكى ٦٨ ساڵه‌ى نه‌خۆشی هه‌یه‌.  


ڕێکه‌وت: 2011-10-19 15:13:40
به‌شی ( هه‌واڵه‌كانى كوردستان و ئێران و ناوچه‌كه‌ (٢٧ى ره‌زبه‌ر) )