__ هه‌رِه‌شه‌ى كوشتن له‌ زیندانیانى سیاسی و مه‌زهه‌بی كورد__ لاوێكی كورد به‌ ته‌قه‌ی راسته‌وخۆی هێزه‌ نیزامییه‌كان گیانی لێ‌ ئه‌ستێندرا__ هاووڵاتییه‌كی كورد دوای چه‌ند جار بانگهێشت كردنی بۆ ده‌زگای قه‌زایی ـ ئه‌منیه‌تیی چاره‌نووسی نارِوونه‌__ هاووڵاتییه‌كی كورد له‌ شاری ئابادان ده‌ستبه‌سه‌ر كرا__ زیندانیه‌كى كورد مانى له‌خواردن گرت__ ئه‌مریكا: رژیمى یاخى تاران هه‌رِه‌شه‌یێكه‌ بۆ سه‌ر ئه‌منیه‌ت و ئاشتى نێوده‌وڵه‌تى__ لێبووردنى نێوده‌وڵه‌تى: رژیمى ئێران پێشێلكه‌رى زنجیره‌یێك له‌ خاڵه‌كانى مافى مرۆڤ__ به‌هه‌زاران سه‌ربازی توركی له‌ پێنج قۆڵه‌وه‌ هاتنه‌ خاكی هه‌رێمه‌وه‌__ موعه‌ممه‌ر قه‌زافى دیكتاتۆرى لیبى كوژرا

هه‌رِه‌شه‌ى كوشتن له‌ زیندانیانى سیاسی و مه‌زهه‌بی كورد
خه‌باتمێدیا: به‌ پێى راپۆرتى چالاكانى مافى مرۆڤ و دیموكراسی له‌ ئێران، فه‌ره‌جى نه‌ژاد سه‌رۆكى ئیتلاعاتى زیندان، هه‌ره‌ِشه‌ى كوشتن و سرِینه‌وه‌ى فیزیكى له‌ زیندانیانى سیاسی و مه‌زهه‌بی كورد له‌ زیندانى گه‌وهه‌ر ده‌شتى كه‌ره‌ج كردووه‌. ناوبراو هه‌رِه‌شه‌ى كردووه‌ كه‌ زیندانیانى سیاسی و مه‌زهه‌بی كورد سه‌باره‌ت به‌ هه‌ل و مه‌رجى نامرۆڤانه‌ و پرِ له‌ ساووكایه‌تیه‌ مه‌زهه‌بیه‌كان مان له‌ خواردن بگرن و ناره‌زایه‌تى پیشان بده‌ن له‌ لایه‌ن باڵه‌كانى مافیایی ناو زیندانه‌وه‌ كه‌ له‌ ژێر كۆنترۆڵى به‌رپرسانى زیندانن ده‌كوژرێن.زیندانیانى سیاسی و مه‌زهه‌بی كورد له‌ به‌نده‌كانى ٢ و ٦ى زیندانى گه‌وهه‌ر ده‌شتى كه‌ره‌ج به‌ نیشانه‌ى ناره‌زایه‌تى به‌ دۆخى نامرۆڤانه‌ و سووكایه‌تى عه‌قیده‌تى ماوه‌ێك له‌مه‌به‌ر مانیان له‌خواردن گرتبوو، كه‌ به‌رپرسانى زیندان به‌ڵینى جێبه‌جێكردنى داواكانیان دابوو، به‌لام له‌دواى تێپه‌رینى چه‌ند رۆژ و مانه‌وه‌ى دۆخه‌كه‌ وه‌ك خۆى زیندانیان داواى سه‌رخستنى به‌ڵینى به‌رپرسانیان كردووه‌ كه‌ له‌گه‌ڵ هه‌لس و كه‌وتێكى وه‌حشیانه‌ به‌ره‌ورووبوونه‌ و هه‌ره‌شه‌ى كوشتنیان لێكراوه‌. 




لاوێكی كورد به‌ ته‌قه‌ی راسته‌وخۆی هێزه‌ نیزامییه‌كان گیانی لێ‌ ئه‌ستێندرا
چه‌ند رۆژ له‌مه‌وبه‌ر هێزه‌ نیزامییه‌كانی شاری چاڵدوران به‌ ده‌سترِێژی راسته‌وخۆ گیانیان له‌ لاوێكی كوردی ئه‌و شاره‌ ئه‌ستاند. به‌پێی هه‌واڵی هه‌واڵده‌ریی كوردپا ، ئیسماعیل قاسمی خه‌ڵكی گوندی "قلمه‌ خاچ"ی سه‌ر به‌ شاری چاڵدوران له‌ ئه‌نجامی ده‌سترِێژی هێزه‌كانی هه‌نگی مه‌رزی(میله‌ ١٩٠)یه‌وه‌ گیانی له‌ ده‌ست دا. به‌وته‌ی شایه‌تحالان، ئیسماعیل قاسمی به‌ هۆی به‌ركه‌وتنی گوڵله‌ به‌ سینگیه‌وه‌ گیانی له‌ ده‌ست داوه‌. ئه‌و لاوه‌ كورده‌ له‌ كاتی له‌وه‌رِاندنی مه‌رِ و ماڵاتدا بۆته‌ ئامانجی ته‌قه‌ی هێزه‌كانی هه‌نگی مه‌رزی چاڵدوران.





هاووڵاتییه‌كی كورد دوای چه‌ند جار بانگهێشت كردنی بۆ ده‌زگای قه‌زایی ـ ئه‌منیه‌تیی چاره‌نووسی نارِوونه‌
هاووڵاتییه‌كی شاری بۆكان له‌لایه‌ن دادگای ئینقلابی شاری مه‌هاباده‌وه‌ بانگهێشت كراوه‌و هه‌تا ئێستاش چاره‌نووسی نارِوونه‌. به‌ پێى هه‌واڵى هه‌واڵده‌رى كوردپا، مه‌ولوود خورشیدی خه‌ڵكی گوندی حوسێن مامه‌ چه‌ند رۆژ له‌مه‌وبه‌ر له‌لایه‌ن ده‌زگای قه‌زایی شاری مه‌هاباده‌وه‌ بانگهێشت كراوه‌.
پێشتر مه‌ولوود خورشیدی له‌ رێكه‌وتی ١٤‎ی ره‌شه‌ممه‌ی ساڵی ١٣٨٩ دا له‌لایه‌ن هێزه‌كانی ئیداره‌ی ئیتلاعاتی شاری بۆكانه‌وه‌ ده‌ستبه‌سه‌ر ده‌كرێ‌. ئه‌و هاووڵاتییه‌ كورده‌ دوای راگیرانی ١٤ رۆژ له‌ گرتنگه‌ی ئیداره‌ی ئیتڵاعاتی شاری بۆكاندا ئازاد ده‌كرێ‌. تاوانی مه‌ولوود خورشیدی هاوكاری له‌ حیزبێكی كوردی دژبه‌ری رژیمى ئێران راگه‌یه‌ندرابوو. مه‌ولوود خورشیدی چه‌ند رۆژ له‌مه‌وبه‌ر بۆ جاری دووهه‌م بانگهێشتی ده‌زگای قه‌زایی شاری مه‌هاباد كراوه‌ته‌وه‌. هه‌تا گه‌یشتنی ئه‌م هه‌واڵه‌ هیچ زانیارییه‌ك له‌مه‌رِ پێدانی حوكم به‌ ئه‌و هاووڵاتییه‌ كورده‌ له‌به‌ر ده‌ست دا نیه‌.





هاووڵاتییه‌كی كورد له‌ شاری ئابادان ده‌ستبه‌سه‌ر كرا
هاووڵاتێكی كوردی كامیارانی له‌لایه‌ن لیباس شه‌خسییه‌كانی ئیداره‌ی ئیتلاعاتی شاری ئابادانه‌وه‌ ده‌ستبه‌سه‌رده‌كرێ‌ و دواتر بۆ ستادی خه‌به‌ری ئه‌هواز گوازراوه‌ته‌وه‌. به‌پێی هه‌واڵی هه‌واڵده‌ریی كوردپا، عوسمان كه‌ریمی كورِی عه‌بدولره‌حمان و خه‌ڵكی گوندی" ته‌نگی سه‌ر"ی كامیاران، له‌ شاری ئابادان له‌ شوێنی كاره‌كه‌ی له‌لایه‌ن ٥كه‌سی لیباس شه‌خسی ئیداره‌ی ئیتلاعاته‌وه‌ ده‌ستبه‌سه‌ر كرا. به‌وته‌ی شایه‌تحالان، دوای ده‌ستبه‌سه‌ر كردنی ئه‌م هاووڵاتییه‌ كورده‌، لیباس شه‌خسییه‌كان ده‌چنه‌ ماڵی ئه‌و ده‌ستبه‌سه‌ركراوه‌ و كامپییوتێر و نزیك به‌ ١٠ كتێبیش له‌گه‌ڵ خۆیان ده‌به‌ن. عوسمان كه‌ریمی دوای راگرتنی ٢ رۆژ له‌ گرتنگه‌ی ئیتلاعاتی شاری ئابادان بۆ ستادی خه‌به‌ری شاری ئه‌هواز گوازراوه‌ته‌وه‌. تاوانی عوسمان كه‌ریمی هاوكاری له‌گه‌ڵ حیزبێكی دژبه‌ری رژیمى ئێران راگه‌یندراوه‌. لێپرسراوانی ستادی خه‌به‌ری شاری ئه‌هواز ئیزنی چاوپێكه‌وتنی بنه‌ماڵه‌كه‌یان به‌و هاووڵاتییه‌ كامیارانییه‌ نه‌داوه‌.




زیندانیه‌كى كورد مانى له‌خواردن گرت
زیندانیه‌كى ئاسایی كورد له‌ زیندانى ناوه‌ندى سنه‌ به‌ناوى حیسام مینبه‌رى مانى له‌خواردن گرتووه‌. یه‌كێك له‌ ئه‌ندامانى خانه‌واده‌ى ئه‌و زیندانیه‌ له‌ لێدوانێك بۆ ئاژانسی هه‌واڵده‌رى موكریان ووتى: حیسام مینبه‌رى كه‌ ماوه‌ى ٤ مانگه‌ له‌ زینداندایه‌، له‌ رۆژى ٢٦ى ره‌زبه‌ر به‌ نیشانه‌ى ناره‌زایه‌تى به‌ په‌روه‌نده‌ى پێك هێندراوى خۆى مانى له‌خواردن گرتووه‌. ناوبراو له‌درێژه‌ دا ووتى: حیسام به‌ ٨ ساڵ زیندان مه‌حكووم كراوه‌ و به‌ده‌ست نه‌خۆشی ئاسمه‌وه‌ له‌زیندان ده‌ناڵێنێ. ده‌وترێ ئه‌و هاوه‌لاتیه‌ كه‌ خه‌ڵكى شارى سنه‌ له‌دواى مانگرتنه‌كه‌ گواستراوه‌ته‌وه‌ بۆ ژوورى تاكه‌كه‌سی زیندان. 





ئه‌مریكا: رژیمى یاخى تاران هه‌رِه‌شه‌یێكه‌ بۆ سه‌ر ئه‌منیه‌ت و ئاشتى نێوده‌وڵه‌تى
هیلارى كلینتۆن وه‌زیرى كاروبارى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مریكا رۆژى رابردوو له‌سه‌فه‌ر بۆ عه‌ممان چاوپێكه‌وتنى له‌گه‌ڵ سوڵتان قابوس چاوپێكه‌وتن و ووتووێژى كرد. هیلارى كلینتۆن وێراى راگه‌یاندنى سپاس و پێزانینى ده‌ورى عه‌ممان له‌ ئازادكردنى سێ ئه‌مریكاییه‌ ده‌ستبه‌سه‌ركراوه‌كه‌ چۆنیه‌تى پیلانه‌ ترۆریستیه‌كه‌ى رژیمى ئێرانى له‌ ئه‌مریكا بۆ ئه‌و وه‌لاته‌ روون كرده‌وه‌. لێپرسراوێك كه‌ نه‌یویستووه‌ ناوى ئاشكرا ببێ گووتى: ئه‌مریكا رژیمى ئێران وه‌كوو رژیمێكى یاخى و هه‌ره‌شه‌یێك بۆ سه‌ر ئاشتى و ئه‌منیه‌تى نێوده‌وڵه‌تى ده‌زانێ و ده‌یهه‌وێ فشاره‌ ئابوورى و سیاسیه‌كانى له‌سه‌ر توندتر بكات و له‌وچوارچێوه‌یه‌دا ئه‌مریكا گرینگى به‌ عه‌ممان ده‌دا. 





لێبووردنى نێوده‌وڵه‌تى: رژیمى ئێران پێشێلكه‌رى زنجیره‌یێك له‌ خاڵه‌كانى مافى مرۆڤ
لیبووردنى نێوده‌وڵه‌تى سه‌باره‌ت به‌ راپۆرتى رژیمى ئێران به‌ كومیته‌ى مافى مرۆڤى نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان به‌ پێداگرى له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كه‌ له‌دواى ١ ده‌یه‌ دواخستن وه‌لام و پرسیاره‌كانى زۆر له‌یه‌ك جیاوازن و وه‌لامه‌كانى رژیم به‌ پرسیاره‌كانى كومیته‌ى مافى مرۆڤ وێناێكى شێواو له‌ په‌روه‌نده‌ى مافى مرۆڤ ده‌دات به‌ ده‌سته‌وه‌. رژیمى ئێرأن پێشێلكه‌رى زنجیره‌یێك له‌ مافه‌كانى مرۆڤه‌ كه‌ سه‌دان كه‌س له‌وان ێرمندالانى سالانه‌ ئیعدام كردووه‌. لێپرسراوانى حكوومه‌تى ئێران حاشا له‌ بوونى پێشێلكارى مافى كه‌مینه‌كان و بوونى جیاوازى ده‌كه‌ن. رژیمى ئێران پارێزه‌ر و داكۆكیكارانى مافى مرۆڤ زیندانى ده‌كه‌ن و كه‌مینه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كان و مه‌زهه‌بیكان و هه‌ركه‌سێك كه‌ به‌ جۆرێك ناره‌زایه‌تى هه‌بێ ده‌خه‌نه‌ به‌ر ئازاردان و شكه‌نجه‌ و ئه‌و كرده‌وه‌ نامرۆڤانه‌یه‌ كارێكى ئاساییه‌ له‌و رژیمه‌ى دا. 




به‌هه‌زاران سه‌ربازی تورك له‌ پێنج قۆڵه‌وه‌ هاتنه‌ خاكی هه‌رێمه‌وه‌
سه‌رۆكایه‌تی ئه‌ركانی سوپای توركیا رایگه‌یاند هێزه‌كانیان له‌پێنج قۆڵی سنوری جیاوازه‌وه‌ چونه‌ته‌ ناو خاكی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ و هێرشیان بۆ سه‌ر په‌كه‌كه‌ ده‌ستپێكردووه‌. له‌به‌یاننامه‌یه‌كی نوسراوی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌ركانی سوپای توركیادا ئه‌وه‌ خراوه‌ته‌رِوو كه‌ ٢٢ فیرقه‌ی سه‌ربازی توركی كه‌ هه‌ر فیرقه‌یه‌ك له‌ نزیكه‌ی ٩٠٠ سه‌رباز پێكدێت سه‌رله‌به‌یانی ئه‌مرِۆ پێنج شه‌ممه‌ له‌پێنج خاڵی سنورییه‌وه‌ چونه‌ته‌ خاكی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌. به‌پێی به‌یاننامه‌كه‌ هێزه‌كانی سوپای توركیا هێرشه‌كانیان له‌دژی په‌كه‌كه‌ ده‌ستپێكردووه‌ به‌پاڵپشتی فرِۆكه‌ و هه‌لیكۆپته‌ری جه‌نگی.




موعه‌ممه‌ر قه‌زافى دیكتاتۆرى لیبى كوژرا
به‌ پێى راپۆرتى هه‌واڵده‌رى فه‌رانسه‌، به‌رپرسێك له‌ شوراى مییلى كاتى لیبى هه‌واڵى كوژرانى موعه‌ممه‌ر قه‌زافى به‌ هۆى قورسی برینداره‌كانى دا. عه‌بدولحه‌مید ملیقته‌ له‌ به‌رپرسانى شوراى كاتى لیبى گووتى: قه‌زافى له‌كاتى راكردنى كه‌وته‌ به‌ر ئامانجى شه‌ركه‌ره‌كانى ناتۆ و هه‌ر دوو قاچى بریندار كرا و له‌پاشان دا به‌ هۆى ته‌قه‌كردنى له‌ كاروانى هه‌ڵگرى ناوبراو له‌به‌شی سه‌ر بریندار بووه‌ و هه‌ر ئه‌وه‌ش بوو به‌ هۆى مردنى موعه‌ممه‌ر قه‌زافى. دوابه‌دواى بلاوبوونه‌وه‌ى هه‌واڵى كوژرانى ناوبراو خه‌ڵكى شاره‌كانى لیبى خۆشیان ده‌ربریوه‌. 


ڕێکه‌وت: 2011-10-20 18:48:44
به‌شی ( هه‌واڵه‌كانى كوردستان و ئێران و ناوچه‌كه‌ (٢٨ى ره‌زبه‌ر) )