به‌داخه‌وه‌ رۆژى یه‌ك شه‌ممه‌١ى خه‌زه‌ڵوه‌رى ١٣٩٠ بوومه‌له‌رزه‌ێكى به‌ هێز شارى وان و ده‌وربه‌رى هه‌ژاند و وێرانى و زیانێكى زۆرى گیانى له‌دواى خۆى به‌ جێهشت. ژماره‌ى قوربانیانى ئه‌و بوومه‌له‌رزه‌یه‌ تا هه‌نووكه‌ زیاتر له‌ ٢٥٠ كه‌س بووه‌ و زیاتر له‌ ١٠٠٠ كه‌سیش بریندار بوونه‌ و خه‌ڵكێكى زۆر له‌ژێر داروپه‌ردووى رووخاوى بیناكان به‌ جێ ماون و مه‌زه‌نده‌ ده‌كرێ ....
ژماره‌ى كوژراون به‌ره‌وسه‌رتر بچێ و سه‌ره‌راى ئه‌وه‌ش مه‌ترسیه‌كانى هاتنه‌وه‌ى سه‌ر له‌نویێ بوومه‌ڵه‌رزه‌ێكى تر نه‌رِه‌ویوه‌ته‌وه‌. 
هه‌ر چه‌ند بوومه‌له‌رزه‌ یه‌كێك له‌و دیاردانه‌یه‌ كه‌ له‌ژێر ئیراده‌ و كۆنترۆڵى مرۆڤدا نییه‌، به‌لام به‌ هاوكارى و به‌ده‌مه‌وچوونى خێرا ده‌كرێ پێش به‌ به‌شێك له‌زیانه‌كان بگیرێ و سووكنایی دڵى لێقه‌وماوان بێ، به‌لام به‌داخه‌وه‌ ئه‌و جۆره‌ى كه‌ پێویست بووه‌ ده‌سه‌لاتى توركیه‌ به‌ده‌م كاره‌سات دیتووانى شارى وان نه‌چووه‌ و به‌شی زۆرى  هاوكارى و یارمه‌تیه‌كان له‌لایه‌ن خه‌ڵكى شار و دێیه‌كانى ده‌وربه‌ر به‌رێوه‌چووه‌. 
سازمانى خه‌بات ى كوردستانى ئێران وێراى ده‌ربرِینى پرسه‌ و هاوخه‌مى له‌ گه‌له‌كه‌مان له‌كوردستانى توركیه‌ و بنه‌ماڵه‌ى قوربانیان و هیواى چاكبوونه‌وه‌ى برینداران و سێبوورى به‌ جێماوانى كاره‌ساته‌كه‌ داوا له‌ خاچى سوور و نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان و سه‌رجه‌م ناوه‌نده‌ مرۆڤدۆسته‌كان ده‌كا به‌ده‌م خه‌ڵكى زیانلێكه‌وتى شارى وان و باقى ناوچه‌ بوومه‌له‌رزه‌ لێدراوه‌كانى كوردستانى توركیه‌وه‌ بچن و ژیانى كه‌سانى به‌ جێماو له‌ناو خاپوورى مال و بیناكان و برینداره‌كان رزگار بكه‌ن . هه‌روه‌ها داوا له‌گه‌لى كورد له‌ كوردستانى ئێران ده‌كا چه‌نده‌ى له‌توانایان دابوو له‌بوارى هاوكارى ماڵى و كه‌ل و په‌ل و ئیمكانات دریغى نه‌كه‌ن.


سازمانى خه‌بات ى كوردستانى ئێران 
كومیته‌ى ناوه‌ندى
٢ خه‌زه‌ڵوه‌رى ١٣٩٠
 


ڕێکه‌وت: 2011-10-24 15:07:51
به‌شی ( په‌یامى هاوخه‌مى سازمانى خه‌بات بۆ قوربانیانى بوومه‌له‌رزه‌كه‌ى شارى وان و ده‌وربه‌رى )