__ سێ‌ كۆڵبه‌ری‌ كورد له‌ سنووری‌ قه‌ندیل كه‌وتنه‌ به‌ر ته‌قه‌ و كوژران__ به‌رده‌وامى مانگرتن له‌ خواردنى زیندانیه‌كى كورد له‌ زیندانى سنه‌__ هاووڵاتییه‌كی كورد به‌ته‌قه‌ی هێزه‌ نیزامییه‌كان گیانی لێ‌ ئه‌ستێنرا__ ناره‌زایه‌تى توندى ئاڵمان سه‌باره‌ت به‌ پێشێلكردنى مافى مرۆڤ له‌ لایه‌ن ئێرانه‌وه‌__ تووش بوون به‌ ئیدز به‌رده‌وام له‌زیادبووندایه‌__ خه‌لاتى ساخارۆف به‌خشرایه‌ چالاكانى به‌هارى عه‌ره‌بى__ ٢ ده‌لاڵى ئه‌مریكایی و ئیرانیی به‌ تاوانى قاچاخى كه‌ل و په‌لى نیزامى سزا دران__ عه‌ره‌بستان وریایی دا به‌ رژیمى ئێران



سێ‌ كۆڵبه‌ری‌ كورد له‌ سنووری‌ قه‌ندیل كه‌وتنه‌ به‌ر ته‌قه‌ و كوژران
شه‌وى  چوارشه‌ممه‌ ٤ى خه‌زه‌ڵوه‌رى ١٣٩٠ له‌ ئه‌نجامی‌ ته‌قه‌ كردن له‌ كۆمه‌ڵێك كۆڵبه‌ر، سێ‌ كاسبكاری‌ كوردی‌ كوردستانى ئێران به‌ر فیشه‌ك كه‌وتن و كوژران . سه‌رچاوه‌یه‌كی‌ ئه‌منیی‌ ناوچه‌كه‌ به‌ ئاژانسی‌ هه‌واڵی‌ په‌یامنێری‌ راگه‌یاند: "كاتژمێر هه‌شتی‌ شه‌وی‌ رابردوو له‌ سه‌رسنوری‌ نێوان بۆزی‌ قه‌ندیل و ئالی‌ دۆی‌ له‌لایه‌ن هێزه‌كانی ئێران ته‌قه‌ له‌ ژماره‌یه‌ك كۆڵبه‌ر كراوه‌ و له‌ ئه‌نجامدا سێ‌ كۆڵبه‌ر به‌ر ده‌سترِێژی‌ گولله‌ كه‌وتوون و گیانیان له‌ ده‌ست داوه‌." ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ روونی‌ كرده‌وه‌، هه‌ر سێ‌ كۆڵبه‌ره‌كه‌ كوردن و دانیشتووی‌ شاری‌ سه‌رده‌شت له‌ كوردستانی‌ ئێرانن و ناوه‌كانیان بریتیه‌ له‌ سه‌لیم ئه‌حمه‌د، سلێمان محه‌ممه‌د و فه‌رزاد كه‌ریمی‌.






به‌رده‌وامى مانگرتن له‌ خواردنى زیندانیه‌كى كورد له‌ زیندانى سنه‌
حیسام مینبه‌رى زیندانى ئاسایی له‌ زیندانى ناوه‌ندى سنه‌ هێشتا به‌ردوامه‌ له‌سه‌ر مانگرتنه‌كه‌ى. براى ئه‌و زیندانیه‌ كورده‌ له‌ووتووێژێك له‌گه‌ڵ ئاژانسی هه‌واڵده‌رى موكریان ده‌لێ: حیسام مینبه‌ر ى زیندانى خه‌ڵكى سنه‌ كه‌ له‌ رۆژى ٢٦ى مانگى ره‌زبه‌ره‌وه‌ مانی له‌ خواردن گرتووه‌ له‌به‌ر پێراگه‌یشتنى هه‌ره‌رِه‌مه‌كى به‌ په‌روه‌نده‌كه‌ى هه‌روا له‌سه‌ر ناره‌زایه‌تیه‌كه‌ى به‌رده‌وامه‌. ناوبراو زیادى كردووه‌، دۆخى جه‌ساته‌یی حیسام كه‌ به‌ ٨ ساڵ زیندان مه‌حكووم كراوه‌ و به‌ده‌ست نه‌خۆشی ئاسمه‌وه‌ ده‌ناڵێنێ زۆر ناله‌باره‌ و خانه‌واده‌كه‌ى نیگه‌رانى دۆخى ناوبراون. براكه‌ى له‌كۆتایی دا ووتى: تا ئێستا چه‌ندین جار به‌رپرسانى زیندان سه‌ردانیان كردووه‌ و داوایان لێكردووه‌ مانه‌كه‌ى كۆتایی پێ بێنێ به‌لام حیسام رایگه‌یاندووه‌ تا سه‌ر له‌نوێ په‌روه‌نده‌كه‌ى سه‌ر له‌نوێ نه‌كرێته‌وه‌ و پێى رانه‌گه‌ن ده‌ست له‌مانگرتنه‌كه‌ى هه‌ڵناگرێ. 





هاووڵاتییه‌كی كورد به‌ته‌قه‌ی هێزه‌ نیزامییه‌كان گیانی لێ‌ ئه‌ستێنرا
هاووڵاتییه‌كی كوردی توركیه‌ له‌ نزیك گوندی "راژان"ی ورمێ‌ له‌لایه‌ن هێزه‌ نیزامییه‌كانی حكوومه‌تی ئێرانه‌وه‌ درایه‌ به‌ر ده‌سترِێژی راسته‌وخۆ و له‌ ئه‌نجامدا گیانی دا. به‌پێی هه‌واڵی هه‌واڵده‌ریی كوردپا، چه‌ند رۆژ له‌مه‌وبه‌ر هاووڵاتییه‌كی خه‌ڵكی گوندی "كاتوونه‌"ی سه‌ر به‌ ناوچه‌ی شه‌مدینانی توركیه‌ له‌ ئه‌نجامی ته‌قه‌ی هێزه‌ نیزامییه‌كانی حكوومه‌تی ئێران گیانی لێ‌ ئه‌ستێنراوه‌. ئه‌و هاووڵاتییه‌ كورده‌ له‌ نزیك چیای خه‌لیل له‌ نزیك گوندی راژان له‌لایه‌ن هێزه‌كانی پاسگای ئه‌و ناوچه‌یه‌وه‌ دراوه‌ته‌ به‌ر ده‌سترِێژی راسته‌وخۆ. به‌وته‌ی شایه‌تحاڵان ئه‌و هاووڵاتییه‌ی كوردستانی توركیه‌ به‌ مه‌به‌ستی سه‌ردانی خزم و كه‌سی هاتبووه‌ خاكی ئێرانه‌وه‌. هێزه‌ نیزامییه‌كانی رژیمى ئاخوندى ته‌رمی ئه‌و هاووڵاتییه‌ كورده‌یان راده‌ستی خه‌ڵكی گوندی راژان كردووه‌.






ناره‌زایه‌تى توندى ئاڵمان سه‌باره‌ت به‌ پێشێلكردنى مافى مرۆڤ له‌ لایه‌ن ئێرانه‌وه‌
سه‌رۆكى كومیسیۆنى ده‌ره‌وه‌ى پارله‌مانى ئاڵمان رۆپرشت پۆلێنتێس له‌ جه‌ریانى چاوپێكه‌وتن له‌گه‌ڵ محه‌ممه‌د ره‌زا فه‌رزین جێگرى وه‌زاره‌تى ئابوورى و دارایی رژیم، سه‌باره‌ت به‌ پێشێلكردنى له‌راده‌به‌ده‌رى مافى مرۆڤ له‌ لایه‌ن رژیمى ئاخوندییه‌وه‌ ره‌خنه‌ى گرت. ناوبراو له‌ چاوپێكه‌وتنى رۆژى سێ شه‌ممه‌ ٢٥ى ئۆكته‌بر له‌گه‌ڵ به‌رپرسێكى رژیم، به‌ به‌ڵگه‌ هێنانه‌وه‌ى راپۆرته‌كه‌ى ئه‌حمه‌د شه‌هید راپۆتده‌رى تایبه‌تى نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووكان له‌پێوه‌ند به‌ ئێران گازه‌نده‌ى له‌ پێشێلكردنى مافه‌كانى مرۆڤ و له‌وان پێشێلكردنى مافى هاوه‌لاتیان و خوێندكاران و چالاكانى سیاسی گرت. ناوبراو هه‌روه‌ها له‌وچلوپێكه‌وتنه‌دا به‌ ئاماژه‌ى دان به‌ شۆرِشه‌ یه‌ك له‌دواى یه‌كه‌كانى ناوچه‌ى رۆژهه‌لاتى ناوه‌رِاست و باكوورى ئه‌فریقا، ووتى ئازادى ناتواندرێ بۆ هه‌میشه‌ سه‌ركووت بكرێ.  






تووش بوون به‌ ئیدز به‌رده‌وام له‌زیادبووندایه‌
سه‌رۆكى ده‌فته‌رى ئیدز، به‌رێوه‌به‌رایه‌تى نه‌خۆشیه‌ گۆازراوه‌كان، وه‌زاره‌تى بێهداشت و ده‌رمان و راهێنانى پزیشكى باس له‌ به‌ره‌وسه‌ر ژوونى سه‌رژمێرییه‌كانى تووش بوون به‌ نه‌خۆشی ئیدز ده‌كه‌ن. عه‌بباس سداقه‌ت رایگه‌یاند: به‌ پێى سه‌رژمێرییه‌كانى راگه‌یه‌ندراو له‌ ساڵى ٨٩، گواستنه‌وه‌ى وایرۆسی HIV له‌ ئێران ٦٦.٩ له‌سه‌د له‌رێگه‌ى كه‌ڵك وه‌رگرتن له‌ ماده‌ى هۆشبه‌ر و له‌رێگه‌ى ده‌رزى كوتانه‌وه‌ بووه‌ و ٢١.١ له‌سه‌دیش له‌رێگه‌ى پێوه‌ندى جینسی كۆنترۆڵ نه‌كراو تۆمار كراوه‌. ناوبراو ووتى به‌ پێى سه‌رژخمێرییه‌كانى راگه‌یه‌ندراو ١ میلیۆن و ٢٠٠ هه‌زار كه‌سی تووش بوو به‌ ماده‌هۆشبه‌ره‌كان هه‌یه‌ كه‌ له‌م نێوه‌دا ٣٠٠ هه‌زار كه‌سی له‌رێگه‌ى كووتانه‌وه‌ كه‌ڵك له‌مه‌واد وه‌رده‌گرن.






خه‌لاتى ساخارۆف به‌خشرایه‌ چالاكانى به‌هارى عه‌ره‌بى
به‌ پێى راپۆرتى هه‌واڵده‌رى فه‌رانسه‌ له‌ ئیستراسبۆرگ پارله‌مانى ئورووپا رۆژى پێنج شه‌ممه‌ خه‌لاتى ساخارۆف به‌خشرایه‌ ٥ كه‌س له‌ چالاكانى به‌هارى عه‌ره‌بی.  براوه‌كانى ئه‌و خه‌لاتانه‌ بریتین له‌: محه‌ممه‌د بوعه‌زیزى نارازى كۆچكردووى تونێسى، خاتوو ئه‌سما مه‌حفوز چالاكى میسرى، ئه‌حمه‌د زوبه‌یر ئه‌حمه‌د زنوسی نارازى لیبیایی، خاتوو رۆزان زه‌یتونه‌ پارێزه‌رى سوورى و عه‌لى فرزات كاریكاتۆریستى سووورى. ساخارۆف فیزیكدانى ناوكه‌یی شوره‌وى پێشوو و داهێنه‌رى بۆمبى هیدرۆژێن له‌ ساڵى ١٩٥٢ ى زایینیه‌. ناوبراو به‌ به‌كارهێنانى خه‌راپى داهێنانه‌كه‌ى له‌ لایه‌ن شوره‌وى پێشوو زانى و بوو به‌ نه‌یارى ئه‌و وه‌لاته‌.




٢ ده‌لاڵى ئه‌مریكایی و ئیرانیی به‌ تاوانى قاچاخى كه‌ل و په‌لى نیزامى سزا دران
به‌ پێى راپۆرتى هه‌واڵده‌رى ئاسۆ شێتد پرێس، مایك تاد و حه‌مید سێفى له‌ شیكاگۆ تاونبارن به‌ قاچاخى كه‌ل و په‌لى نیزامى بۆ ئێران. به‌ پێى زانیارییه‌كان هێندێك له‌كه‌ل و په‌له‌كان له‌ رێگه‌ى كۆمپانیاێكى فه‌رانسه‌وى نێردراون بۆ ئێران. مایكڵ تاد به‌ ٣ ساڵ زیندانى هه‌ڵپه‌سێردراو و دانى غه‌رامه‌ى ١٠٠ هه‌زار دۆلار مه‌حكووم كراوه‌ و حه‌مید سه‌یفیش به‌ ٤ ساڵ زیندان مه‌حكووم كراوه‌. 




عه‌ره‌بستان وریایی دا به‌ رژیمى ئێران
له‌ماوه‌ى رۆژانى رابردوو لێپرسراوانى عه‌ره‌بستانى سه‌عوودى به‌ ئاشكرا وریاییان دا به‌ كرده‌وه‌ ئاژاوه‌گێرییه‌كانى رژیمى ئێران. سه‌عد ئه‌لخه‌لیوى جێگرى ئه‌منیه‌تى عه‌ره‌بستانى سه‌عوودى گووتى: ئه‌گه‌ر ئێران بیهه‌وێ حه‌ج بكاته‌ مه‌یدانێك بۆ به‌رێوه‌بردنى گه‌لاڵه‌كانى خۆى ئه‌وه‌ وه‌لامێكى سه‌خت وه‌رده‌گرێ.ناوبراو ووتى ئێمه‌ هه‌موو هێزه‌كانمان بۆ به‌ره‌ورووبوونه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ ئه‌و كاره‌ ئاماده‌ كردووه‌. 


ڕێکه‌وت: 2011-10-27 17:21:22
به‌شی ( هه‌واڵه‌كانى كوردستان و ئێران و ناوچه‌كه‌ (٥ى خه‌زه‌ڵوه‌ر) )