له‌ پیلان و گه‌لاڵه‌یێكى له‌پێش دارێژراو، هێزى به‌سیج و به‌كرێگیراوه‌كانى ژێر ده‌سه‌لاتى خامنه‌یی له‌دژ كرده‌وه‌ له‌به‌رانبه‌ر فشاره‌ جیهانیه‌كان و ئابلۆقه‌كان، هێرشیان كرده‌ سه‌ر باڵوێزخانه‌ى ئینگلستان له‌ تاران و وێراى شكاندنى ده‌رگا و په‌نجه‌ره‌ى سه‌فاره‌تخانه‌كه‌، به‌ڵگه‌كانیش پارێزراو نه‌مان و له‌ لایه‌ن هێرشبه‌رانه‌وه‌ فرَیدرانه‌ سه‌ر شه‌قام و ئالاى....
بریتانیا داگیراو و سوتێندرا و له‌جێگه‌یدا، ئالاى رژیم داندرا. 
بێ گومان هێرش بۆسه‌ر باڵوێزخانه‌ى وه‌لاتێك له‌گه‌ڵ بنه‌ما ئه‌خلاقى و رێكه‌وتنه‌ جیهانیه‌كان ناته‌بایه‌. ئه‌و هێرشه‌ پێشێلكردنى ئه‌سڵى ٢٢ى كۆنوانسیۆنى ویه‌ن له‌ ساڵى ١٩٦١، چاودێر به‌ سه‌ر پاراستنى شوێنى نوێنه‌رایه‌تیه‌كان و دیپلۆمات و به‌ڵگه‌نامه‌كانیانه‌،  ئه‌و كرده‌وه‌یه‌ شه‌خسى خامنه‌یی لێى به‌رپرسیاره‌ و وه‌ك هێرشێكى چه‌كدارى بۆ سه‌ر ئه‌ندامێكى پارێزراوى نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان دژمێردرێ. ئه‌و كرده‌وه‌یه‌ به‌ راده‌یێك هه‌ستیاره‌ كه‌ هیچ جۆره‌ پاساو و بیانووێكى بۆ نییه‌، ته‌نانه‌ت له‌ كاتى جه‌نگى دوو وه‌لاتیشدا. له‌دواى روودانى ئه‌و كرده‌وه‌ ئاژاوه‌گێرانه‌یه‌ وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى رژیمى ئاخوندى  له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا بیانووى، له‌كۆنترۆڵ ده‌رچوونى دۆخه‌كه‌ى باس كردووه‌، به‌لام ئه‌و پاساوه‌ بایه‌خى یاسایی و دیپلۆماسی نییه‌.
 هه‌ڵبه‌ت جیهانیان به‌ تێكرا و خه‌ڵكى ئێران و ئازادیخوازان و خه‌باتكارانى دژ به‌ ده‌سه‌لاتى دیكتاتۆرى ئاخوندى به‌ باشی ئاگادارن كه‌ ئه‌و كرده‌وه‌یه‌ پیلانى له‌پێش دارێژراوى خودى ده‌سه‌لاتداران بووه‌ و ره‌زامه‌ندى سه‌ره‌وه‌ى به‌ دڵنیاییه‌وه‌ له‌سه‌ر بووه‌. ده‌سه‌لاتدارانى رژیم بۆ سه‌ركووت و كوشتنى جه‌ماوه‌ر له‌ خۆپیشاندانه‌ هێمنانه‌كانى ناوخۆ هێزی داپلۆسێنه‌ریان هه‌یه‌، به‌لام چۆنه‌  به‌ بیانووى له‌كۆنترۆڵ ده‌رچوونى خۆپیشاندانه‌كه‌ى به‌رده‌م باڵوێزخانه‌ى بریتانیا، راستیه‌كان چه‌واشه‌ ده‌كه‌ن، له‌كاتێكدا كه‌ ژماره‌ى ئه‌و كه‌سانه‌ى هێرشیان كردبووه‌ سه‌ر باڵوێزخانه‌ى ئینگلستان له‌چه‌ند سه‌د كه‌س تێنه‌ده‌په‌رین و رێگرى لێكردنیان ئاسان ده‌بوو. 
ئه‌و كرده‌وه‌ غه‌یره‌ ئه‌خلاقیه‌ى به‌كرێگیراوانى رژیم، ته‌وژمێكى توندى پرۆتیستۆ كردن و ده‌ربرینى نیگه‌رانى و ئاگاداركردنه‌وه‌ى ناوه‌نده‌ جیهانیه‌كان به‌رانبه‌ر رژیمى ئاخوندى به‌دواوه‌ بوو.  زۆرێك له‌وه‌لاتانى جیهان به‌ ره‌سمى ئه‌و كرده‌وه‌یه‌یان مه‌حكووم كردووه‌ و چه‌ندین وه‌لاتیش باڵوێزه‌كانیان له‌تاران بانگ كردۆته‌وه‌ و وه‌لاتى بریتانیاش وێراى ئه‌وه‌ى وریایی دا كه‌ له‌و تاوانه‌ گه‌وره‌یه‌ نابوورێ،  له‌یه‌كه‌م دژكرده‌وه‌ باڵوێزخانه‌ى خۆى له‌تاران داخست و بریارى ده‌ركردنى باڵوێز و دیپلۆماته‌كانى رژیمیش له‌وه‌لاته‌كه‌ى ده‌ركرد. 
له‌هه‌ڵوێسته‌ سه‌ره‌تاییه‌كانى ده‌سه‌لات و ناوه‌نده‌ جیهانیه‌كان ده‌رده‌كه‌وێ كه‌ ده‌سه‌لاتدارانى رژیم ده‌بێ باجى ئه‌و كرده‌وه‌ خه‌راپه‌یان بده‌نه‌وه‌.
 ده‌سه‌لاتدارانى رژیمى ئاخوندى به‌ خه‌یاڵى خۆیان له‌به‌رانبه‌ر فشارى جیهانیان به‌ربه‌ره‌كانێ ده‌كه‌ن، به‌لام كۆمه‌ڵگاى نێوده‌وڵه‌تى له‌چوارچێوه‌ى سه‌پاندنى ته‌حریم و دژكرده‌وه‌كان بۆ وه‌ستاندنى به‌رنامه‌ مه‌ترسیداره‌ ئه‌تۆمیه‌كانى مكۆرتر ده‌بێ و له‌دواى راپۆرتى ئاژانس و ئاشكرا بوونى لایه‌نه‌ نیزامیه‌كانى به‌رنامه‌ ئه‌تۆمیه‌كه‌ى هه‌موو هه‌ولێكى جیهانى كه‌وتۆته‌ گه‌رِ بۆ به‌ چۆك داهێنانى رژیمى ئێران. ئه‌و دۆخه‌ى ئێستا كه‌ به‌دواى هێرش بۆ سه‌ر باڵوێزخانه‌ى ئینگلستان رژیمى به‌ره‌ورووى هه‌ڵ و مه‌رجێكى یه‌كجار دژوار كردووه‌ و زیاتر له‌ هه‌موو كاتێك مه‌ترسی هێرشى هه‌مه‌ لایه‌ن بۆ سه‌ر ئێران ده‌كرێ. ره‌نگه‌ كاربه‌ده‌ستانى رژیم به‌ خه‌یاڵى خۆیان له‌ هێرش بۆ سه‌ر باڵوێزخانه‌ى بریتانیا مه‌به‌ستیان هاندان و به‌رزكردنه‌وه‌ى وره‌ى هێزه‌ سه‌ركووتگه‌ره‌كانیان و دروست كردنى هه‌ل و مه‌رجى سه‌ره‌تاى ئینقلاب و زیندووكردنه‌وه‌ى روحى فیداكارى و به‌رخودان بۆ به‌ره‌ورووبوونه‌وه‌ى وه‌لاتانى جیهان بووبێ، كه‌ به‌دڵنیاییه‌وه‌ زیانه‌كانى ئه‌و كرده‌وه‌یه‌ زۆر زیاتره‌ له‌ وه‌دى هێنانى ئه‌و ئامانجه‌ خه‌یاڵیه‌. دروست كردنى كێشه‌ و ئاڵۆزى، قه‌یرانى دیكه‌ى لێ ده‌بێته‌وه‌ و بۆیه‌ تووشی هه‌ڵه‌یێكى موحاسباتى بوون و به‌ دڵنیاییه‌وه‌ ئه‌و هه‌نگاوه‌یان سه‌ره‌تاى ده‌ورێكى نوێى فشاره‌كان دژى نیزامى ئاخوندى ده‌بێ و كۆمه‌ڵگاى جیهانى زیاتر له‌ مه‌ترسیه‌كانى ئه‌و رژیمه‌ ئاگادار بوو.   
سازمان خه‌بات ى كوردستانى ئێران وێراى مه‌حكووم كردنى هێرش بۆ سه‌ر باڵوێزخانه‌ى بریتانیا و پێشێل كردنى قانونه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كان له‌ لایه‌ن ده‌سه‌لاتدارانى ئێران، پێى وایه‌ رژیم تووشی كێشه‌یێكى گه‌وره‌ بۆته‌وه‌، كێشه‌یێك كه‌ ئاسۆى رزگارى گه‌لانى ئێران له‌ژێر سته‌مى ئاخوندانى ملهور گه‌شتر و رووناكتر ده‌كا. سازمانى خه‌بات داواكاره‌ وه‌لاتانى جیهان سه‌رجه‌م پێوه‌ندییه‌ دیپلۆماسیه‌كانى خۆیان له‌گه‌ڵ رژیمى ئێران هه‌ڵپه‌سێرن و په‌له‌ بكه‌ن له‌ به‌رفراوان كردنى ئابلۆقه‌ ئابوورییه‌كان و ته‌ریك خستنه‌وه‌ى زیاترى ده‌سه‌لاتدارانى ئێران.

سازمانى خه‌بات ى كوردستانى ئێران
كومیته‌ى ناوه‌ندى
١٠ى سه‌رماوه‌زى ١٣٩٠


ڕێکه‌وت: 2011-12-02 13:42:35
به‌شی ( هێرش بۆ سه‌ر باڵوێزخانه‌ى بریتانیا كرده‌وه‌ێك دژ به‌ قانوونه‌ جیهانیه‌كان و هۆیێك بۆ فشارى زیاتر له‌ دژى رژیمى ئێران )