__ برایانى عه‌لایى،خه‌لاتى جیهانى بێهداشتیان وه‌رگرت__ سه‌پاندنى چوار سال زیندان به‌سه‌ر شارۆمه‌ندیكى سه‌قزى__ ئاور كه‌وتنه‌وه‌ له‌ قامیشه‌كانى زرێبارى مه‌ریوان__ ئه‌مریكا سزاى قورستر به‌سه‌ر رژیمى ئێران ده‌سه‌پێنێ__ حه‌ق ده‌ستى كرێكاران بۆ یه‌ك له‌سه‌ر سێى كه‌م ده‌بێته‌وه‌__ ئاندرێس راسمۆسێن : رژیمى ئێران هه‌ره‌شه‌یه‌__ خه‌لاتى ئاشتى نوبێل وریایی به‌ دیكتاتۆره‌كانه‌__ مانگرتنى گشتى له‌ سوریا/ به‌شار ئه‌سه‌د ده‌ستى داوه‌ته‌ هه‌رِه‌شه‌ كردن

برایانى عه‌لایى،خه‌لاتى جیهانى بێهداشتیان وه‌رگرت
خه‌باتمێدیا: ماڵپه‌رى خۆدنویس بلاوى كرده‌وه‌، كامیار و ئاره‌ش عه‌لایى كه‌ له‌باره‌ى نه‌خۆشى ئه‌یدزه‌وه‌ لێكۆلینه‌وه‌ ئه‌كه‌ن، رۆژى رابردو خه‌لاتى ناسراوى شۆراى جیهانى بێهداشتیان وه‌ر گر.، ئه‌م دو برا كورده‌ كه‌ به‌ تۆمه‌تى (رووخانى نه‌رم) به‌ زیندان مه‌حكوم كراون. رۆژى رابردو ئه‌م خه‌لاته‌یان به‌ بۆنه‌ى ماندوبوونیان له‌ ناسین و ده‌رمانى نه‌خۆشى ئیدز پێ به‌خشرا. به‌ پێى هه‌والى هه‌والده‌رى فه‌رانسه‌ ئه‌م خه‌لاته‌ به‌ كامیار عه‌لایى درا كه‌ ماوه‌یكه‌ له‌ زیندان ئازاد كراوه‌ ، كامیار عه‌لایى وتى كه‌ هێشتا باوه‌ر ناكه‌م كه‌ ئازاد كراوم و هیوادارم كه‌ براكه‌یشم ئارش به‌ زووترین كات له‌ زیندان ئازاد بكری.  جێف ئسترجه‌بۆ، به‌رێوه‌به‌رى شۆراى جیهانى بێهداشت، كه‌ ئه‌م خه‌لاته‌ ده‌ هه‌زار دولاریه‌ى به‌ كامیار دا، وتى كه‌ برایانى عه‌لایى هێماى شاره‌زایین له‌ بوارى بێهداشتى جیهانیدا، ناوبراو وتى كه‌ برایانى عه‌لایى خۆیان خستۆته‌ مه‌ترسیه‌وه‌ تا له‌ مافى خه‌ڵكى گیرۆده‌ بوو به‌ نه‌خۆشى ئیدز به‌رگرى بكه‌ن. ئه‌م دو برایه‌ لێكولینه‌وه‌یان له‌ سه‌ر نه‌خۆشه‌كانى گیرۆده‌بوو به‌ ئیدز له‌ ساڵى ١٩٩٠وه‌ ده‌ست پێكرد و ئه‌وان بناغه‌دانه‌رى به‌رنامه‌یك بوون به‌ ناوى (كیلینیكى سێ گۆشه‌ بۆ به‌رگرتن له‌ توش بون به‌ نه‌خۆشۆ ئیدز)





سه‌پاندنى چوار سال زیندان به‌سه‌ر شارۆمه‌ندیكى سه‌قزى
شارۆمه‌ندیكى سه‌قزى به‌ ناوى مه‌حیه‌دین ئازادى له‌ لایه‌ن لقى یه‌كى دادگاى ئینقلابى پارێزگاى كوردستانه‌وه‌ به‌ چوار سال زیندان مه‌حكووم كرا. به‌ پێى هه‌واڵى ناوه‌ندى هه‌واڵده‌رى موكریان ئه‌م شارۆمه‌نده‌ سه‌قزییه‌ به‌ تۆمه‌تى سیخۆرى و كۆكردنه‌وه‌ى ئه‌سناد و به‌ڵگه‌ى نه‌هێنى و كۆ كردنه‌وه‌ى هه‌واڵى ناو شار و ناردنیان بۆ ده‌ره‌وه‌ به‌ پێى ماده‌ى ٥٠١ى قانونى سزا له‌ لایه‌ن ئه‌و دادگایه‌وه‌ به‌ چوار سال زیندانى ته‌عزیرى مه‌حكوم كراوه‌. جێگه‌ى باسه‌ كه‌ مه‌حیه‌دین ئازادى ماوه‌ى دو ساله‌ كه‌ له‌ زینداندایه‌ كه‌ ماوه‌یكى له‌ گرتوخانه‌ى شارى سنه‌ و ئیستا له‌ زیندانى سه‌قز ده‌ست به‌سه‌ره‌.





ئاور كه‌وتنه‌وه‌ له‌ قامیشه‌كانى زرێبارى مه‌ریوان
ئیواره‌ى هه‌ینى قامیشه‌كانى گۆلى زریبار به‌ هۆیكى نادیار ئاورى گرت و به‌شێكى زورى له‌ ئاوردا سووتا. به‌ پێى هه‌واڵى ناوه‌ندى هه‌واڵده‌رى موكریان بۆ جارى چه‌ندم قامیشه‌كانى زرێبار له‌ سێ شوینه‌وه‌، یه‌نگیجه‌، كانى سانان و به‌رده‌ره‌شه‌ ئاورى گرت كه‌ به‌ هوى نه‌بوونى ئیمكاناتى ئاور كوژانه‌وه‌ به‌شێكى زۆر له‌و قامیشانه‌ سوتاون كه‌ ئه‌مه‌ بوه‌ته‌ هۆى دله‌راوكێى خه‌ڵكى شاره‌كه‌ و چالاكانى ژینگه‌ پارێز، جێگه‌ى باسه‌ كه‌ به‌ هوى هاتنه‌ناوه‌ى زێرابى ئه‌و گۆندانه‌وه‌ رۆژ به‌ رۆژ له‌ پانتایى ئه‌و گۆله‌ كه‌م ده‌بیته‌وه‌ ومه‌ترسى له‌ ناو چونى له‌سه‌ره‌.






ئه‌مریكا سزاى قورستر به‌سه‌ر رژیمى ئێران ده‌سه‌پێنێ
به‌ پێى رادیۆ فه‌رانسه‌ نوێنه‌رانى مه‌جلیسى ئه‌مریكا گووتوویانه‌ كه‌ حه‌وتووى داهاتوو سزاگه‌لێكى نوێ دژى رژیمى ئێران و بۆ پێشگرتنى ئه‌و وه‌لاته‌ له‌ده‌ست گه‌یشتن به‌ چه‌كى ناوكه‌یی په‌سه‌ند ده‌كات. نوێنه‌رانى مه‌جلیسى ئه‌مركیا ده‌یانهه‌وێت به‌ په‌سه‌ندكراوه‌كه‌ى خۆیان هه‌موو شیركه‌ت و كه‌سایه‌تیه‌كان كه‌ پێوه‌ندییان به‌ پیشه‌سازى نه‌وت و گاز هه‌یه‌ بخه‌نه‌ به‌ر ئامانج. نوێنه‌رانى مه‌جلیسى ئه‌مریكا داوایان كردووه‌ كه‌ داراییه‌كانى شیركه‌ت و ئه‌و كه‌سانه‌ى كه‌ هاوكارى رژیمى ئێران ده‌كه‌ن له‌بوارى چه‌ك و چۆڵى ناوكه‌یی و میكرۆبی و شیمیایی دابخه‌ن و له‌هاتنیان بۆ ئه‌مریكا پێشگیرى بكرێ. رۆژى رابردووش رێبه‌رانى یه‌كێتى ئورووپا داوایان له‌ وه‌زیره‌كانى ده‌ره‌وه‌ى وه‌لاتانى ئورووپایی كرد تا پێش كۆتایی مانگى ژانویه‌ سزاكانى بۆ سه‌ر ئێران قورستر و په‌ره‌پێ بده‌ن. 





حه‌ق ده‌ستى كرێكاران بۆ یه‌ك له‌سه‌ر سێى كه‌م ده‌بێته‌وه‌
به‌ چاككردنى ماده‌كانى ١١٢ و ١١٥ى یاساى كار، كرێكارانى ئێران به‌ بیانووى نه‌بوونى شاره‌زایی ته‌نانه‌ت له‌ ته‌مه‌نى ٦٠ ساڵیش دا فێرخواز دێنه‌ ئه‌ژمار. عه‌لیره‌زا حه‌یده‌رى سه‌رپه‌شتى سازمانى راهێنانى فه‌ننى و حیرفه‌یی ئێران رایگه‌یاند، ده‌وڵه‌ت ده‌یهه‌وێ به‌ به‌رێوه‌بردنى سیاسه‌تى له‌ چه‌شنى راگه‌یاندنى بریارى نیزامى وه‌ستا و شاگردى مافى كرێكاران بۆ یه‌ك له‌سه‌ر سێ به‌شی پێشووى كه‌م بكاته‌وه‌. ناوبراو وێراى ئاماژه‌دان به‌وه‌ى كه‌ به‌شی زۆرى كرێكارانى وه‌لات شاره‌زایی ته‌واویان نییه‌ ووتى: له‌ئێستا دا به‌رێوه‌بردنى ئه‌و گه‌لاڵه‌یه‌ هانده‌رى هێزى كارى وه‌لات له‌ناو ده‌بات. 






ئاندرێس راسمۆسێن : رژیمى ئێران هه‌ره‌شه‌یه‌
ئاندرێس راسمۆسێن به‌رێوه‌به‌رى گشتى په‌یمانى ئاتلانتیكى باكوورى (ناتۆ) رایگه‌یاند: رژیمى ئێران له‌ریزى ئه‌و حكوومه‌تانه‌یه‌ كه‌ وه‌ك هه‌رِه‌شه‌ ده‌ناسرێن. به‌رێوه‌به‌رى گشتى ناتۆ له‌ ووتووێژ له‌گه‌ڵ فیگارۆ چاپی فه‌رانسه‌ سه‌باره‌ت به‌ هه‌رِه‌شه‌ى مووشه‌كى گووتى: من پێم خۆش نییه‌ ناوى وه‌لاتێكى تایبه‌ت ببه‌م، هه‌ر چه‌ند ئه‌وه‌ شاراوه‌ نییه‌ كه‌ رژیمى ئێران له‌ریزى وه‌لاتانى هه‌رِه‌شه‌ئامێزه‌. رژیمى ئێران خۆى دانى به‌ مه‌به‌سته‌كانى ناوه‌ و گه‌لاڵه‌ مووشه‌كیه‌كانى به‌شێك له‌ ئیستراتژى ناوچه‌یی ئه‌و رژیمه‌یه‌. 





خه‌لاتى ئاشتى نوبێل وریایی به‌ دیكتاتۆره‌كانه‌
سه‌رۆكى كومیته‌ى ئاشتى نوبێل له‌ رێوره‌سمى دانى ئه‌و خه‌لاته‌ له‌ شارى ئۆسلۆى نۆروێژ ووتى، خه‌لاتى ئاشتى نوبێلى ٢٠١١ ده‌بێ له‌خزمه‌ت وریایی دان به‌ دیكتاتۆره‌كانى وه‌ك سوریه‌ و یه‌مه‌ن بێ كه‌ رۆژه‌كانى كۆتاییان تێدده‌په‌رێنن. رۆژى شه‌ممه‌ له‌ ئۆسلۆ، ئالێن جانسۆن سێرلیف سه‌رۆك كۆمارى لیبریا و لیما بووى هاوخه‌باتى ناوبراو و ته‌وكول كرمان له‌ رێبه‌رانمى راپه‌رینه‌كانى یه‌مه‌ن و له‌ چالاكوانانى بوارى ژنان، به‌ هۆى خه‌باتیان له‌پێناو ئاشتى و دیموكراسی، خه‌لاتى ئاشتى نوبێلیان وه‌رگرت. 




مانگرتنى گشتى له‌ سوریا/ به‌شار ئه‌سه‌د ده‌ستى داوه‌ته‌ هه‌رِه‌شه‌ كردن
به‌ ده‌ست پێكردنى مانگرتنى سه‌رانسه‌رى له‌ سوریه‌، دوكانه‌كان له‌ زۆربه‌ى شاره‌كانى ئه‌و وه‌لاته‌ ئه‌مرۆ داخرابوو و فێرخواز و خوێندكارانیش نه‌چوونه‌وه‌ خوێندگه‌كان. سه‌رچاوه‌كانى ئۆپۆزسیۆن رایگه‌یاند له‌ جه‌ریانى ناره‌زایه‌تیه‌كانى رۆژىشه‌ممه‌ ٢٠ى سه‌رماوه‌ز لانى كه‌م ٢١ كه‌س كوژران. له‌لایێكى دیكه‌وه‌سه‌رچاوه‌كانى نزیك له‌ به‌شار ئه‌سه‌د رایانگه‌یاند كه‌ ناوبراو وریایی داوه‌ به‌ وه‌لاتانى ناوچه‌كه‌ كه‌ ئاگرى ئاژاوه‌ ته‌نیا به‌ سوریه‌ كورت نابێته‌وه‌ و به‌رۆكى وه‌لاتانێك وه‌ك كووه‌یت، عێراق، لوبنان و عه‌ره‌بستانیش ده‌گرێـته‌وه‌. به‌ پێى ووته‌ى به‌شار ئه‌سه‌د ئاماده‌ى هاتنه‌ ئاراى ئه‌و دۆخه‌ له‌ سووریا نه‌بووه‌ و ئێستاش دۆخى ئه‌و وه‌لاته‌ له‌ژێر كۆنترۆل دایه‌ و ته‌نیا ره‌ته‌كانى دژى نیزام له‌شاره‌كانى سوریا چالاكى ده‌كه‌ن. به‌ پێى ئه‌و سه‌رچاوانه‌ به‌شار ئه‌سه‌د به‌رگى براوه‌ى زۆرى له‌ راست لوبنان، كورده‌كان، عێراق، عه‌له‌وییه‌كانى توركیا و به‌ گشتى هێزه‌كانى خۆراگرى له‌ كه‌نداوى فارس  به‌ده‌سته‌وه‌یه‌ كه‌ هێشتا رووى نه‌كردوون. 


ڕێکه‌وت: 2011-12-11 18:55:39
به‌شی ( هه‌واڵه‌كانى كوردستان و ئێران و ناوچه‌كه‌(٢٠ى سه‌رماوه‌ز) )