__ گواستنه‌وه‌ى زیندانیه‌كى كورد بۆ ژوورى تاكه‌كه‌سی__ هاووڵاتییه‌كی شاری ورمێ‌به‌ زیندان حوكم درا__ به‌رده‌وامیی شه‌پۆلی كۆ كردنه‌وه‌ی ماهواره‌ له‌ مه‌ریوان__ بانگه‌وازى به‌رێوه‌چوونى ده‌یه‌مین فێستیڤاڵی سه‌رانسه‌ریی چیرۆك، له‌ بانه‌ __ دیكتاتۆرى ئاخوندى له‌ خوارترین پله‌كانى جیهان له‌ بوراى پێوانه‌ى دیموكراسی__ ئۆباما ده‌یهه‌وێ گه‌لاڵه‌ى ته‌حریمى بانكى رژیم ئیمزا بكات__ په‌ره‌دان به‌ ئابلۆقه‌كان دژى رژیمى ئاخوندى__ كێشه‌ی سوریا ده‌برێته‌ ئه‌نجومه‌نی ئاسایش

گواستنه‌وه‌ى زیندانیه‌كى كورد بۆ ژوورى تاكه‌كه‌سی
زیندانیه‌كى كورد به‌ فه‌رمانى به‌رپرسانى زیندانى ره‌جایی شارى كه‌ره‌ج بۆ ژوورى تاكه‌كه‌سی ئه‌و زیندانه‌ گۆاسترایه‌وه‌. به‌ پێى راپۆرتى ئاژانسی موكریان نیوز سه‌رله‌به‌یانى ئه‌مرۆ شه‌ممه‌ ٢٦ى سه‌رماوه‌ز زیندانیه‌كى راگیراو له‌ زیندانى ره‌جایی شارى كه‌رج به‌ ناوى ره‌مه‌زان سه‌عیدى كه‌ ماوه‌ى ٦ ساڵه‌ له‌ زینداندایه‌ به‌ فه‌رمانى به‌رپرسانى زیندانى ره‌جایی شارى كه‌ره‌ج بۆ ژوورى تاكه‌كه‌سی ئه‌و زیندانه‌ گواسترایه‌وه‌. جێگه‌ى باسه‌ كه‌ ره‌مه‌زان سه‌عیدى له‌ لایه‌ن دادگاى رژیم به‌ تۆمه‌تى هاوكارى حیزبه‌ شۆرشگێره‌كانى كوردستان به‌ ٨ ساڵ زیندان مه‌حكووم كراوه‌.






هاووڵاتییه‌كی شاری ورمێ‌به‌ زیندان حوكم درا
هاووڵاتییه‌كی كوردی خه‌ڵكی ناوچه‌ی سۆما له‌ ورمێ‌ له‌لایه‌ن دادگای ئینقلابی ئه‌و شاره‌وه‌ به‌ زیندانی حوكم درا. به‌پێی هه‌واڵی هه‌واڵده‌ریی كوردپا، كورووش پاشایی خه‌ڵكی ناوچه‌ی "سۆما"ی سه‌ر به‌ ورمێ‌له‌لایه‌ن دادگای ئینقلابی رژیمى ئێرانه‌وه‌ به‌ ٥ ساڵ زیندانی ته‌عزیری حوكم دراوه‌. ئه‌و هاوولاتییه‌ به‌ تاوانی هاوكاری له‌گه‌ڵ حیزبیكی دژبه‌ری حكوومه‌تی ئێران حوكم دراوه‌. كورووش پاشایی چه‌ند مانگ له‌مه‌وبه‌ر بۆ ماوه‌یه‌كی كاتی له‌ گرتنگه‌ی ئیداره‌ی ئیتلاعاتی شاری ورمێ ‌ده‌ستبه‌سه‌ر بووه‌.





به‌رده‌وامیی شه‌پۆلی كۆ كردنه‌وه‌ی ماهواره‌ له‌ مه‌ریوان
له‌ درێژه‌ی ته‌رحی كۆ كردنه‌وه‌ی دیشی ماهواره‌ له‌لایه‌ن هێزه‌ نیزامییه‌كانی حكوومه‌تی ئێران له‌ ناوچه‌ كوردنشیه‌كان، شاره‌كه‌كانی ده‌ورووبه‌ری مه‌ریوانیشی گرته‌وه‌. به‌پێی هه‌واڵێك كه‌ له‌ مه‌ریوانه‌وه‌ به‌ ئاژانسی هه‌واڵده‌ریی كوردپا گه‌یشتووه‌، هێزه‌ نیزامییه‌كانی رژیمى ئێران له‌ ماوه‌ی دوو رۆژی رابردوودا به‌رده‌وام سه‌ردانی شاره‌كه‌كانی ده‌وروبه‌ری مه‌ریوانیان كردووه‌ و ده‌ستیان كردووه‌ به‌ كۆ كردنه‌وه‌ی دیش و ئانتێنی ماهواره‌ی خه‌ڵك. شاره‌كی "كانی دینار" یه‌ك له‌و شاره‌كانه‌ی ده‌ورووبه‌ری مه‌ریوان بووه‌ كه‌ له‌ ماوه‌ی دوو رۆژی رابردوودا هێزه‌ نیزامییه‌كان تێیدا حزوورێكی پرِ ره‌نگیان هه‌بووه‌. ماوه‌یه‌كه‌ ته‌رحی كۆ كردنه‌وه‌ی وه‌رگر "گیرنده‌"ی ماهواره‌ له‌ زۆربه‌ی ناوچه‌كانی ئێران ده‌ستی پێكردووه‌، به‌ڵام جێبه‌جێ‌ كردنی ئه‌م ته‌رحه‌ له‌ ناوچه‌ كوردنشینه‌كان به‌ شێوه‌یه‌كی توندوتۆڵ بووه‌ و هه‌تا ئێستا هه‌ر به‌رده‌وامه‌.





بانگه‌وازى به‌رێوه‌چوونى ده‌یه‌مین فێستیڤاڵی سه‌رانسه‌ریی چیرۆك، له‌ بانه‌ 
ده‌یه‌مین فێستیڤاڵی سه‌رانسه‌ری چیرۆك له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی ئه‌ده‌بیی بانه‌، چالاكانی فه‌رهه‌نگیی ئه‌و شاره‌  له‌ مانگی ره‌شه‌مه‌دا بۆ ماوه‌ی دوو رۆژ له‌ بانه‌ به‌رِێوه‌ ده‌چێت. لێپرسراوی گشتیی ئیداره‌ی فه‌رهه‌نگ و ئیرشادی رژیم له‌ پارێزگای كوردستان به‌ هه‌واڵدده‌ریی فارسی راگه‌یاندووه‌، ئامانجی ئه‌و فێستیڤاڵه‌ په‌ره‌دان به‌ ره‌وتی ئه‌ده‌بیاتی داستانی له‌ ئێران و رێزگرتنه‌ له‌ چالاكانی بواری ئه‌و ژانره‌ ئه‌ده‌بیه‌. قوباد مه‌یمه‌نه‌ت ئابادی، راشیگه‌یاند، ده‌یه‌مین فێستیڤاڵی چیرۆكی بانه‌ بریتییه‌ له‌: كورته‌ چیرۆك، چیرۆكی درێژ و رۆمان، چیرۆكی منداڵان و مێرمنداڵان، به‌شی توێژینه‌وه‌ و به‌شی تایبه‌ت كه‌ بۆ ماوه‌ی كه‌ دوو رۆژ ده‌خایه‌نێت.  بابه‌ته‌ نێردراوه‌كان ده‌بێ‌ به‌ دوو زمانی كوردی و فارسی بن و له‌ ماوه‌ی یه‌ك ساڵی رابردوودا به‌رهه‌م هاتبێتن و هه‌روه‌ها به‌شی توێژنه‌وه‌ش ئه‌و بابه‌تانه‌ ده‌گرێـته‌وه‌ كه‌ بپه‌رِژێنه‌ سه‌ر ئه‌ده‌بیاتی داستانی ده‌یه‌ی هه‌شتا، ره‌خنه‌ و پێگه‌ و تاوتوێی فێستیڤاڵی چیرۆكی بانه‌ كه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی تایبه‌ت له‌ فێستیڤاڵدا ده‌گونجێنرێن. دوایین مۆڵه‌ت بۆ ناردنی بابه‌ته‌كان كۆتایی مانگی به‌فرانباره‌ و له‌ رۆژانی ١٧ و ١٨ی ره‌شه‌مه‌دا به‌رِێوه‌ ده‌چێت. له‌ ماوه‌ی نۆ ساڵی رابردوودا به‌رِێوه‌ چوونی فێستیڤاڵی سه‌رانسه‌ریی چیرۆك له‌ شاری بانه‌، توانیویه‌ ناسنامه‌ و پێگه‌یه‌كی گرینگی فه‌رهه‌نگی بۆ ئه‌و شاره‌ ساز بكات و كۆ كردنه‌وه‌ی ئه‌دیبان و چیرۆكنووسانی سه‌رانسه‌ری ئێران له‌ شاری بانه‌ یه‌كێك له‌ رووداوه‌ گرینگه‌ فه‌رهه‌نگی و ئه‌ده‌بییه‌كانی ئێرانه‌.







دیكتاتۆرى ئاخوندى له‌ خوارترین پله‌كانى جیهان له‌ بوراى پێوانه‌ى دیموكراسی
دیكتاتۆرى ئاخوندى له‌ بارى پی,َانه‌ى دیموكراسی له‌ خوارتین پله‌كانى جیهاندایه‌. به‌ پێى پێوانه‌ى دیموكراسی له‌ وه‌لاتان كه‌ له‌ لایه‌ن ناوه‌ندى زانیارى ئێكۆنۆمیست ئاماده‌كراوه‌، رژیمى ئێران له‌ نێوان ١٦٥ وه‌لاتى جیهان له‌پله‌ى ١٥٩ دایه‌. 





ئۆباما ده‌یهه‌وێ گه‌لاڵه‌ى ته‌حریمى بانكى رژیم ئیمزا بكات
به‌ پێى راپۆرتێكى رۆژنامه‌ى والستریت ژۆرناڵ، گه‌لاڵه‌ى ئابلۆقه‌ى بانكى ناوه‌ندى رژیمى ئێران بۆ ئیمزاكردنى نێردراوه‌ بۆ باراك ئۆباما و ناوبراویش به‌ پێچه‌وانه‌ى هه‌ڵویستى پێشووى خۆى رایگه‌یاند ده‌یهه‌وێ ئه‌و  گه‌لاڵه‌یه‌ ئیمزا بكات.  به‌ پێى راپۆرتى ئه‌و رۆژنامه‌یه‌، مه‌جلیسى سه‌ناى ئه‌مریكا رۆژى پێنج شه‌ممه‌ گه‌لاڵه‌ى بووجه‌ى دیفاعى ئه‌مریكاى كه‌ خالێكى تایبه‌ته‌ به‌ ئابلۆقه‌ خستنه‌ سه‌ر بانكى ناوه‌ندى رژیمى ئێران په‌سه‌ند كرد. رۆژێك دواى په‌سه‌ند كردنى ئه‌و گه‌لاڵه‌یه‌ له‌ لایه‌ن مه‌جلیسى نوێنه‌ران، مه‌جلیسى سه‌ناش ئه‌و گه‌لاڵه‌یه‌ى به‌ ٨٦ ده‌نگى ئه‌رێ و ١٣ ده‌نگى ناكۆك په‌سه‌ند كرد. ئه‌و گه‌لاڵه‌یه‌ به‌ ئیمزاى باراك ئۆباما ده‌چێته‌ ناو خانه‌ى كارپێكردنه‌وه‌. 





په‌ره‌دان به‌ ئابلۆقه‌كان دژى رژیمى ئاخوندى
به‌ پێى راپۆرتى ماڵپه‌رى رادیۆ فه‌رانسه‌، ده‌یوید كۆهێن، جێگرى خه‌زێنه‌دارى ئه‌مریكا سه‌باره‌ت به‌ خه‌بات دژى ترۆریسم له‌مرۆوه‌ شه‌ممه‌ ٢٦ى سه‌رماوه‌ز سه‌فه‌رێكى ٤ رۆژه‌ بۆ عه‌ه‌ره‌بستان و به‌حره‌ین ده‌ستپێده‌كا. به‌ پێى راگه‌یه‌ندراوى ئه‌وه‌زاره‌تى خه‌زێنه‌دارى ئه‌مریكا، كۆهێن قه‌راره‌ سه‌باره‌ت به‌ په‌ره‌ددانى ته‌حریمه‌كان و سزاى گه‌مارۆدانى بانكى ناوه‌ندى ئێران له‌گه‌ڵ ئه‌و ٢ وه‌لاته‌ ووتووێژ بكه‌ن. 




كێشه‌ی سوریا ده‌برێته‌ ئه‌نجومه‌نی ئاسایش
ئه‌مرِۆ شه‌ممه‌ ٢٦ى سه‌رماوه‌ز سه‌رۆك وه‌زیرانی قه‌ته‌ر شێخ حه‌مه‌د بن جاسم رایگه‌یاند، یه‌كێتى وه‌لاتانى عه‌ره‌بی بۆ ئه‌وه‌ ده‌چێت، داوا له‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بكات، برِیاره‌كانی عه‌ره‌بی سه‌باره‌ت به‌ سوریا بگرێته‌ خۆی. له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا، شێخ حه‌مه‌د، روونیكرده‌وه‌، رۆژی چوارشه‌ممه‌ی داهاتوو وه‌زیرانی ده‌ره‌وه‌ی عه‌ره‌ب له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌یاندا ئه‌و بابه‌ته‌ ده‌خه‌نه‌ به‌رباس و گفتوگۆ. ناوبراو ئاماژه‌یدا: هه‌روه‌ك چۆن روسیا په‌نای برده‌ به‌ر ئه‌نجومه‌نی ئاسایش، كۆمكاری عه‌ره‌بیش له‌ بیری ئه‌وه‌دایه‌ له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ی ٢١ دیسه‌مبه‌ر له‌ قاهیره‌ په‌نا بباته‌ به‌ر ئه‌نجومه‌نی ئاسایش. وتیشی: له‌سه‌ر ئه‌م هه‌نگاوه‌ نیمچه‌ رێككه‌وتنێكی به‌هێز هه‌یه‌. جێگه‌ى باسه‌ سه‌رچاوه‌كانى هه‌واڵ له‌ وه‌لاتى تركیا باسی كۆبوونه‌وه‌ێكى شۆراى به‌رزى نیزامى به‌ سه‌رۆكایه‌تى سه‌رۆك وه‌زیران به‌ مه‌به‌ستى خۆ ئاماده‌ كردن بۆ شه‌ر له‌دژى سوریه‌ ده‌كه‌ن و ئه‌وه‌ یه‌كه‌م جار له‌كۆبوونه‌وه‌ى ئه‌و ناوه‌نده‌ باس له‌ كێشه‌ى وه‌لاتانى تر ده‌كرێ و زیاتر باس له‌ بابه‌ته‌ ناوخۆییه‌ نیزامیه‌كانى تێدا كراوه‌. 


ڕێکه‌وت: 2011-12-17 18:32:50
به‌شی ( هه‌واڵه‌كانى كوردستان و ئێران و ناوچه‌كه‌ (٢٦ى سه‌رماوه‌ز) )