__ گواستنه‌وه‌ى زیندانیه‌كى مه‌ریوانى بۆشوێنیكى نادیار__ بیست سه‌ر ئه‌سب له‌ سه‌رده‌شت به‌ده‌ستی هێزه‌ ئینتزامییه‌كان به‌ كوشت چوون__ وه‌رزشوانانی مه‌هابادی سه‌ركه‌وتنیان له‌ ئاستی نێوخۆیی و ده‌ره‌وه‌دا به‌ده‌ستهێنا__ له‌سه‌ره‌تاى ئه‌مساڵه‌وه‌ ١٧ كه‌س به‌ هۆى سووتانه‌وه‌ له‌پارێزگاى كوردستان مردوون__ چل و چواره‌مین ساڵیادى كۆچى دوایی پاڵه‌وان ته‌ختى له‌كرماشان __ حوكمى ئێعدام بۆ چالاكوانێكى سایبرى __ پێشكه‌وتووترین ناوى ده‌ریایی بریتانیا به‌ره‌و كه‌نداوى فارس__ سه‌رۆكى پێشوى سیا: رژێمى تاران گه‌وره‌ترین مه‌ترسیه‌ له‌ جیهاندا__ مێهمانپه‌ره‌ست: هه‌رگیز پالاوته‌كردنى وه‌لا نانێین__ وه‌زیرى نه‌وتى رژیم : له‌ شه‌رى ئابووریداین 

گواستنه‌وه‌ى زیندانیه‌كى مه‌ریوانى بۆشوێنیكى نادیار
خه‌باتمێدیا: زیندانیه‌كى به‌ندكراو له‌ زیندانى ناوه‌ندى مه‌ریوان له‌ لایه‌ن به‌رپرسانى زیندانه‌وه‌ بانگ كرا و بۆ شوێنیكى نادیار گواسترایه‌وه‌. به‌ پێى هه‌واڵى هه‌واڵده‌رى مۆكریان، سه‌ر له‌ به‌یانى چوارشه‌مه‌ ٧ ى به‌فرانبار سه‌ركه‌وت خاته‌مى زیندانى كورد له‌ لایه‌ن مه‌ئمورانى زیندانه‌وه‌ بۆ شوینیكى نادیار گواسترایه‌وه‌، تا نوسینى ئه‌م هه‌واڵه‌ هیچ زانیاریك له‌ جێگه‌و بارودۆخى ناوبراو له‌ به‌ر ده‌ستدا نیه‌. جێى ئاماژه‌یه‌ كه‌ سه‌ركه‌وت خاته‌مى ٨ مانگ پێش له‌ لایه‌ن هێزه‌ ئه‌منیه‌تیه‌كانه‌وه‌ به‌ تۆمه‌تى هاوكارى كردنى یه‌كێك له‌ حیزبه‌كانى كوردستان ده‌ستبه‌سه‌ر و ره‌وانه‌ى زیندان كرابوو.





بیست سه‌ر ئه‌سب له‌ سه‌رده‌شت به‌ده‌ستی هێزه‌ ئینتزامییه‌كان به‌ كوشت چوون
به‌هۆی ده‌سترِێژی هێزه‌ ئینتزامییه‌كانی پاسگایه‌ك له‌ سه‌رده‌شت بیست سه‌ر ئه‌سپی كاسبكارانی سه‌ر سنوور به‌ كوشت چوون. به‌پێی هه‌واڵی ئاژانسی كوردپا ، دوو رۆژ له‌مه‌وبه‌ر مه‌ئموورانی پاسگای ئینتزامیی "به‌رده‌پان"ی سه‌ر به‌ شاری سه‌رده‌شت هێرشیان كردۆته‌ سه‌ر كاروانی ئه‌سبی بارهه‌ڵگری كاسبكارانی گوندی "ده‌رماناوێ" و له‌ ئه‌نجامی ده‌سترِێژدا بیست سه‌ر به‌ كوشت چوون. هه‌واڵنێری كوردپا له‌ درێژه‌دا ئه‌وه‌شی ئاشكرا كردووه‌، بۆ پێشگیری له‌ ئه‌گه‌ری ئیعترازی خه‌ڵكی ناوچه‌كه‌، هێزێكی زۆریان له‌ گونده‌كانی ده‌ورووبه‌ر جێگیر كردووه‌ و خه‌ڵكیان خستۆته‌ ژێر چاوه‌دێرییه‌وه‌.





وه‌رزشوانانی مه‌هابادی سه‌ركه‌وتنیان له‌ ئاستی نێوخۆیی و ده‌ره‌وه‌دا به‌ده‌ستهێنا
وه‌رزشوانانی مه‌هابادی له‌ بواری كاراته‌ و هه‌ڵگرتنی قۆرسایی (پرس سینه‌) له‌ ئاستی ئێران و ئاسیادا سه‌ركه‌وتنیان به‌ ده‌ستهێنا. جه‌ماڵ ئه‌بووبه‌كری كاراته‌كاری شاری مه‌هاباد له‌ كێبرِكێیه‌كانی نێوده‌وڵه‌تیدا له‌ كۆماری ئازه‌ربایجان توانی پله‌ی سێهه‌م بۆ خۆی مسوگه‌ر بكات. هه‌واڵده‌ریی ئیرنا بڵاوی كرده‌وه‌، ١٧ وڵات له‌و كێبرِكییانه‌دا له‌ شاری باكوو به‌شدار بوون. له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ ره‌سووڵ سۆنه‌، توانی له‌ كێبرِكییه‌كانی هه‌ڵگرتنی قورسایی (پرس سینه‌) له‌ ئاستی ئێراندا پله‌ی دووهه‌م به‌ ده‌ست بهێنێت. هه‌ر له‌و پێوه‌ندییه‌دا پله‌ی دووهه‌می ئه‌و كێبرِكیانه‌ش درا به‌ سامان ته‌به‌سومی مێرمنداڵی شاری مه‌هاباد. ٤٥٠ وه‌رزشوان له‌و كێبرِكیانه‌ی هه‌ڵگرتنی قورساییدا به‌شدار بوون.





له‌سه‌ره‌تاى ئه‌مساڵه‌وه‌ ١٧ كه‌س به‌ هۆى سووتانه‌وه‌ له‌پارێزگاى كوردستان مردوون
به‌رێوه‌به‌رى گشتى پزیشكى قانونى پارێزگاى كوردستان ووتى، له‌سه‌ره‌تاى ئه‌مساڵه‌وه‌ به‌ هۆى سووتانه‌وه‌ ١٧ كه‌س گیانیان داوه‌. غولامره‌زا هومایونپوور وێراى ئاماژه‌دان به‌وه‌ى كه‌ ئه‌و رێژه‌ له‌چاو سالى رابردوو كه‌مى كردووه‌ ووتى: له‌وژماره‌یه‌ ٢ كه‌سیان پیاو بوونه‌ و ١٥ كه‌سیش ئافره‌ت بوونه‌. جێگه‌ى باسه‌ به‌شێكى به‌رچاو له‌و سه‌رژمێرییه‌ پێوه‌ندى به‌ خۆسووتاندنه‌وه‌ به‌ هۆى كێشه‌ كۆمه‌لایه‌تى و خێزانیه‌كانى كۆمه‌ڵگاوه‌ هه‌یه‌. 




چل و چواره‌مین ساڵیادى كۆچى دوایی پاڵه‌وان ته‌ختى له‌كرماشان 
ئه‌مرۆ شه‌ممه‌ ١٧ى به‌فرانبار له‌ كرماشان چل و چواره‌مین ساڵیادى كۆچى دوایی پاڵه‌وان ته‌ختى رێزى لێگیرا. به‌ پێى راپۆرته‌ سه‌رچاوه‌ حكوومه‌تیه‌كان ئه‌و رێوره‌سمه‌ به‌ ئاماده‌بوونى وه‌رزشوانان و كه‌سایه‌تیه‌ به‌ناوبانگه‌كانى وه‌رزشی به‌رێوه‌ چووه‌ و تێیدا ئاماژه‌ به‌ ژیانى پاڵه‌وان غولامره‌زا ته‌ختى درا. له‌كۆتایی ریوَره‌سمه‌كه‌ش هێندێك له‌ مورشیده‌كانى پارێزگاى كوردستان له‌هه‌یئه‌تى وه‌زرشه‌كانى پاڵه‌وانى و زۆرخانه‌ به‌رنامه‌یان به‌رێوه‌ برد. 





حوكمى ئێعدام بۆ چالاكوانێكى سایبرى 
هه‌والده‌رى مافى مروڤ له‌ كوردستان بلاوى كرده‌وه‌، دادگایى وه‌حید ئه‌سغه‌رى چالاكوانى سایبرى مانگێك له‌ مه‌وه‌پێش به‌ سه‌رۆكایه‌تى قازى سه‌لاوه‌تى له‌ به‌شى ١٥ى دادگاى ئینقلابى رژیم به‌ رێوه‌چوو و  چه‌ند روژ پێش حوكمى ئێعدامى ناوبراو ده‌ركرا. ناوبراو ته‌مه‌ن ٢٥ ساله‌ و ٤٢ مانگه‌ له‌ زیندان ده‌ست به‌ سه‌ر كراوه‌ . له‌ سه‌رماوه‌زى ٨٧ رایلكه‌ى سایبرى سپاى پاسداران هه‌واڵى گرتنى وه‌حید ئه‌سغه‌رى و چه‌ند كه‌سى دیكه‌ى به‌ تومه‌تى به‌رێوه‌ بردنى ماڵپه‌رى دژ به‌ ئایین بلاوكرده‌وه‌. ناوبراو له‌ گه‌ڵ باقى تۆمه‌ت بار كراوه‌كان له‌ ماوه‌ى ده‌ستبه‌سه‌ر كردنه‌ه‌یان له‌ زیندان، فشارێكى زۆرى جه‌سته‌ى و رووحیان له‌ سه‌ر بووه‌ و ناچار به‌ دانپێدانانى ته‌له‌ویزیۆنى به‌ دژى خۆیان بوونه‌ . ئه‌و دانپێدانانه‌ له‌ كاتێك له‌ ته‌له‌فزیۆنه‌كان بڵاو ده‌كرانه‌وه‌ كه‌ هێشتا له‌ هیج دادگایه‌ك موحاكه‌مه‌ نه‌كرابوون .





پێشكه‌وتووترین ناوى ده‌ریایی بریتانیا به‌ره‌و كه‌نداوى فارس
رۆژنامه‌ى ده‌لى تلگراف رۆژى شه‌ممه‌ ١٧ى به‌فرانبار نووسی ، ناوى بریتانیایی "ئێچ ئێم ئێس دارینگ" رۆژى چوارشه‌ممه‌ ئاوه‌كانى ئه‌و وه‌لاته‌ى به‌ مه‌به‌ستى چوونه‌ ناو كه‌نداوى فارس به‌ جێى هێشتووه‌. ئه‌و ناوه‌ پێشكه‌وتووترین و نوێـرین ناوى شه‌ركه‌رى بریتانیایه‌ و یه‌كێ: له‌ ته‌یارترین به‌له‌مه‌كانى نیزامى جیهان دێته‌ ئه‌ژمار. ده‌یلى ته‌لگراف له‌ زمانوه‌زاره‌تى دیفاعى بریتانیاوه‌ نووسی: چوونى ئه‌و ناوه‌ بۆ كه‌نداوى فارس په‌یامێكى روون ده‌نێرێ بۆ رژیمى ئێران.  جێگه‌ى باسه‌ رژیمى ئاخوندى ماوه‌ێ: له‌مه‌وبه‌ر له‌زمان به‌رپرسێكه‌وه‌ هه‌رِه‌شه‌ى ئه‌وه‌ى له‌ جیهانیان كرد كه‌ ئه‌گه‌ر ته‌حریمى نه‌وت بخرێته‌ سه‌ر ئێرَان ئه‌وا باریكه‌ى هۆرمز كه‌ ١٧ له‌سه‌دى نه‌وتى جیهان له‌و شوێنه‌وه‌ ده‌نێردرێ، ده‌گرن. 





مێهمانپه‌ره‌ست: هه‌رگیز پالاوته‌كردنى وه‌لا نانێین
وته‌وێژى وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى ئیران له‌ وتووێژ له‌ گه‌ڵ هه‌واڵده‌رى شینهووا ووتى، ئیران هه‌رگیز هه‌وڵدانى پالاوته‌كردنى ئۆرانیوم وه‌لا نانێت .رامین مێهمانپه‌ره‌ست وتى، چالاكیه‌كانى پالاوته‌كردنى ئۆرانیۆم له‌ ولاتى ئیمه‌ هه‌رگیز وه‌لا نانرێت، چالاكى ناوكه‌یى ئیمه‌ ئاشتى خوازانه‌یه‌ و مافى بنه‌رِه‌تى خۆمانه‌. ناوبراو دوپاتى كرده‌وه‌ كه‌ له‌ ئیران هه‌رگیز قسه‌ێك له‌ بوارى وه‌لانانى پرۆژه‌ى ناوكه‌یى ناوترێ.






سه‌رۆكى پێشوى سیا: رژێمى تاران گه‌وره‌ترین مه‌ترسیه‌ له‌ جیهاندا
سه‌رۆكى پێشوى سازمانى ئیتلاعاتى ناوه‌ندى ئامریكا(سیا) وێراى ئه‌وه‌ى كه‌ سه‌باره‌ت به‌ درێژه‌دانى چالاكى ناوكه‌یی ئیران وریایی داو ولاتانى جیهانى به‌ هاوپه‌یمانى دژ به‌ رژیمى ئیران بانگهێشت كرد، وتى ئێران گه‌وره‌ترین مه‌ترسیه‌ بۆ جیهان. مایكل هایدن: له‌ وتووێژ له‌گه‌ڵ رایلكه‌ى هه‌واڵى نیوزمه‌كس، وتى ئیران له‌ سالى ٢٠١٢ى زایینى ده‌بێته‌ گه‌وره‌ترین هه‌رِه‌شه‌ بۆ جیهان. ژنراڵ هایدن وتى كه‌ ئیران له‌ رێگه‌یكى سه‌ختدایه‌ بۆ به‌ ده‌ست هێنانى وزه‌ى ناوكه‌یى و ده‌بیت ولاتانى جیهان له‌ به‌رابه‌ر ئه‌م ولاته‌ هاوپه‌یمان بن.





وه‌زیرى نه‌وتى رژیم : له‌ شه‌رى ئابووریداین 
وه‌زیرى نه‌وتى رژیم ووتى: له‌ ئێستادا سه‌رقاڵى شه‌رَى ئابوورین و به‌رپرسیاره‌تیه‌كى گه‌وره‌ له‌سه‌ر كارمه‌نده‌كانى پیشه‌سازى نه‌وته‌. بابه‌تى ئابڵوقه‌ى بانكى ناوه‌ندى و ئابڵوقه‌ى كرِینى نه‌وت له‌ ئێران به‌ برِواى وه‌لاتانى روژئاوا كارێگه‌رى زۆر خه‌راپى ده‌بێ بو سه‌ر ئابوورى ئێران به‌ڵام به‌رپه‌رسانى رژیم به‌زۆرى ئیدعاى بێكاریگه‌ربوونى ئه‌و ته‌حریمانه‌ ده‌كه‌ن . به‌ هه‌مان شیوه‌  رۆسته‌مى قاسمى له‌كاتێكدا باسی بێكاریگه‌ربوونى ئابلۆقه‌كانى كرد، كه‌ پێشتر ووتبوى ئابڵوقه‌ى كرِینى نه‌وتى ئێران كارێكى ئاقڵانه‌ نیه‌و ناچێته‌ نێو خانه‌ى كرداره‌وه‌ . قسه‌كانى وه‌زیرى نه‌وت له‌ كاتێكدایه‌ كه‌ هه‌واڵده‌ره‌كانى نێونه‌ته‌وه‌یى ووتویانه‌ كه‌ ده‌وڵه‌تانى ئورووپایى له‌ باره‌ى قه‌ده‌غه‌كردنى نه‌وتى خاوى ئێران بۆ یه‌كێتى ئورووپا به‌ رێكه‌وتنێكى سه‌ره‌تایى گه‌ێشتون، به‌ڵام تا ئێستا له‌ سه‌ر كاتى به‌رێوه‌بردنى ئه‌و مه‌به‌سته‌ بریارێكیان نه‌داوه‌.





ڕێکه‌وت: 2012-01-07 19:23:20
به‌شی ( هه‌واڵه‌كانى كوردستان و ئێران (١٧ى به‌فرانبار) )