عه‌لى به‌هرامى له‌ دواى ئه‌وه‌ى كۆمه‌ڵى نێو نه‌ته‌وه‌یی بۆى روون بۆوه‌ كه‌ رژیمى ئێران به‌ دواى چه‌ك و چۆڵى ناوه‌كیه‌وه‌یه‌، به‌ شێوه‌یێكى گشتى له‌ ئه‌نجومه‌نى ئاسایشى نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان چوار برِیارنامه‌یان له‌ دژ ده‌ركرد و داوایان له‌ ده‌سه‌لاتدارانى رژیم كرد كه‌ پێبه‌ند بن به‌و برِیارنامانه‌ و هاوكارى ئاژانسى وزه‌ى ناوكه‌یی بكات.هه‌ر چه‌ند ئه‌و چوار برِیارنامه‌یه‌ له‌ بارى ئابوورى و سیاسیه‌وه‌ له‌ سه‌ر رژیم كاریگه‌رى هه‌بوو و ئه‌و رژیمه‌ى له‌ بارى سیاسیه‌وه‌ له‌ كۆمه‌ڵگاى نێوده‌وڵه‌تی دا گۆشه‌گیر كرد و له‌ بارى ئابووریشه‌وه‌ فشارێكى زۆرى خسته‌ سه‌ر، به‌لام خامنه‌یی رایگه‌یاند كه‌ پاشه‌كشێ له‌ به‌رنامه‌ی....
ناوكه‌یی كارێكى مه‌حاڵه‌ و یه‌ك هه‌نگاو كشانه‌وه‌ بۆ دواوه‌، پاشه‌كشێى زیاترى به‌ دوادا دێ و زلهێزه‌كان داواى زیاتریان لێمان ده‌بێ و داواى له‌ به‌رپرسانى رژیم كرد كه‌ به‌رده‌وام بن له‌ پالاوته‌كردنى ئورانیۆم و په‌ره‌ به‌ كاره‌كانیان بده‌ن و گوێ نه‌ده‌ن به‌ فشاره‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كان.
 له‌ دواى دوا راپۆرتى ئاژانس سه‌باره‌ت به‌ به‌رنامه‌ گووماناویه‌ ناوكه‌ییه‌كانى رژیم و ئه‌گه‌رى نیزامى بوونى ئه‌و گه‌لالانه‌ و هه‌روه‌ها سووربوونى رژیم بۆ په‌ره‌پێدانى پالاوتنى ئورانیۆم له‌ ٥/٣ له‌سه‌د بۆ ٢٠ له‌سه‌د، هه‌روه‌ها وه‌گه‌رِخستنى بنكه‌ى ناوكه‌یی فه‌ردوو له‌ نزیك شارى قوم، ئه‌مریكا و هاوپه‌یمانه‌كانه‌ رۆژئاواییه‌كانى، كه‌ به‌رنامه‌ى ناوكه‌یی رژیم به‌ مه‌ترسى بۆ سه‌ر ئاسایشى نێونه‌ته‌وه‌یی ده‌زانن، به‌و قه‌ناعه‌ته‌ گه‌یاند كه‌ ئابڵوقه‌ یه‌ك لایه‌نه‌كانیان په‌ره‌ پێ بده‌ن و فشاره‌كانیان بۆ سه‌ر رژیم به‌ره‌و سه‌ر ببه‌ن.
به‌ پێى قانوونێك كه‌ له‌ كونگره‌ و سه‌ناى ئه‌مریكا دارێژراو ئوباما ئیمزاى كرد، راسته‌وخۆ بانكى ناوه‌ندى و به‌شى وزه‌ى رژیمى كرده‌ ئامانج، دوابه‌دواى ئه‌و برِیاره‌ى ئه‌مریكا وه‌لاتانى ئوروپایی رێكه‌وتن له‌ سه‌ر ئابڵوقه‌دانى بانكى ناوه‌ندى و نه‌وتى رژیم، كه‌ ئه‌م هه‌نگاوه‌ى وه‌لاتانى ئوروپایی و ئه‌مریكا رژیمى ئێرانى زۆر زیاتر له‌ رابردوو خسته‌ ژێر فشار.
وه‌لاتانى رۆژئاوا هه‌نگاوه‌كانیان بۆ فشار خستنه‌ سه‌ر رژیم به‌وه‌نده‌وه‌ نه‌وێستاوه‌ و له‌ دوایین راپۆرته‌كاندا باس له‌وه‌ ده‌كرێ كه‌ ئه‌و وه‌لاتانه‌ له‌ هه‌وڵى ئه‌وه‌دان له‌ ئه‌نجومه‌نى ئاسایشدا برِیارنامه‌یێكى دیكه‌ له‌ دژی رژیم په‌سه‌ند بكرێ كه‌ ئه‌م برِیارنامه‌یه‌ به‌هێزتر و توندتر ده‌بێ له‌ برِیارنامه‌كانى پێشوو. هه‌ر له‌و باره‌وه‌ له‌ نوێترین هه‌ڵوێست ویلیام هیگ وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى بریتانیا كه‌ وه‌لاته‌كه‌ى یه‌كێك له‌ ئه‌ندامانى هه‌میشه‌یی ئه‌نجومه‌نى ئاسایش و یه‌كێكه‌ له‌ وه‌لاتانى ١+٥ بۆ وتووێژ له‌گه‌ڵ رژیم، رایگه‌یاند له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى هێرشى سه‌ربازى بۆ سه‌ر رژیمى ره‌د نه‌كرده‌وه‌ ووتى: وه‌لاتانى ئوروپایی بۆ ئابڵوقه‌ى به‌شى نه‌وتى و به‌شه‌كانى دیكه‌ى رژیم له‌ هه‌وڵدان. هه‌روه‌ها رایگه‌یاند كه‌ ئوروپا كار بۆ ئابڵوقه‌ى به‌ربلاوتر و توندترى رژیم ده‌كات. 
هاوكات بۆ په‌ره‌پێدانى فشاره‌كان، ئه‌مریكا داواى له‌ وه‌لاتانى چین، هیند، ژاپۆن و كوره‌ى باشوور كه‌ كرِیارى نه‌وتى ئێرانن كردوه‌ بۆ ئه‌وه‌ى كرِینى نه‌وت له‌ رژیم راگرن. هه‌ر به‌و مه‌به‌سته‌ تیمونى گایتنر وه‌زیرى خه‌زێنه‌دارى ئه‌مریكا سه‌ردانى چینى كردوه‌ و داواى له‌و وه‌لاته‌ كردوه‌ كه‌ رێژه‌ى كرِینى نه‌وتى خاو له‌ ئێران كه‌م كه‌نه‌وه‌. ناوبراو رایگه‌یاندوه‌ كه‌ ئه‌و وه‌لاتانه‌ى له‌گه‌ڵ سیاسه‌ته‌كانى كۆمه‌ڵى نێونه‌ته‌وه‌یی دژ به‌ رژیمى ئێران رێ نه‌كه‌ون، ده‌خرێنه‌ ناو بازنه‌ى ئابڵوقه‌كانى ئه‌مریكاوه‌، هه‌روه‌ها به‌ روونى ئه‌و په‌یامه‌ى پێ گه‌یاندوون كه‌ "ئێوه‌ یان له‌گه‌ڵ ئێمه‌ن، یان دژ به‌ ئێمه‌".
ئه‌م ئابڵوقانه‌ كاریگه‌ریێكى زۆرى هه‌یه‌ له‌ سه‌ر ئابوورى رژیم، له‌ كاتێكدا رژیمى ئێران ٧٥ له‌سه‌دى داهاتى له‌ هه‌نارده‌ كردنى نه‌وت و گاز به‌ده‌ست دێنێ، له‌ ماوه‌یێكى كه‌مدا هه‌نارده‌كردنى ئه‌و به‌رهه‌مه‌ له‌ ٥٠ تا ٧٠ له‌سه‌د داده‌به‌زێ، به‌و پێ یه‌ زه‌ربه‌یێكى كارێگه‌ر له‌ جه‌سته‌ی ئابوورى رژیم ده‌درێ. هه‌روه‌ها به‌ ته‌حریمى بانكى ناوه‌ندى پووڵى ئێران به‌ شێوه‌یێكى به‌رچاو دابه‌زینى به‌ خۆیه‌وه‌ بینى به‌ جۆرێك ١ دولارى ئه‌مریكایی تا ١٨٠٠ تمه‌ن رۆیشت و ئه‌و به‌ره‌و سه‌رچوونه‌ به‌رده‌وامه‌. هه‌ر ئه‌وه‌ بۆته‌ هۆى ئه‌وه‌ى كه‌ ژماریێكى زۆر له‌ شیركه‌ته‌ ناوخۆییه‌كان نه‌توانن به‌رده‌وام بن و به‌ره‌ورووى مه‌ترسى بنه‌وه‌. هه‌روه‌ها رێژه‌ى هه‌لاوسان له‌ ئێراندا به‌ شێوه‌یێكى بێوێنه‌ به‌ره‌و سه‌رچووه‌، سه‌رۆكى ژوورى بازرگانى ئێران ـ چین له‌و باره‌وه‌ ده‌ڵێ: هه‌لاوسان له‌ ئێراندا ٤٠ له‌سه‌ده‌. 
ئه‌وه‌ى جێى سه‌رنجه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ده‌سه‌لاتدارانى رۆژئاوایی زۆرجار رایانگه‌یاندوه‌ كه‌ مه‌به‌ست و ئامانج له‌و برِیارنامه‌ و ئابڵوقانه‌ مه‌جبور كردنى ده‌سه‌لاتدارانى رژیمه‌ بۆ سه‌ر مێزى وتووێژ، به‌لام رِاپۆرته‌كان له‌ زارى كه‌سایه‌تى و سیاسه‌توانه‌ رۆژئاواییه‌كانه‌وه‌ باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ ئامانجى ئه‌و ئابڵوقانه‌ رووخانى رژیم و ئاڵوگۆرِى بنه‌رِه‌تیه‌ له‌ ئێراندا.
له‌ یه‌كه‌م كاردانه‌وه‌دا روسیه‌ رایگه‌یاند كه‌ مه‌به‌ست له‌ ئابڵوقه‌كان رووخان و گۆرِینى رژیمه‌.
رۆژنامه‌ى واشیگنتۆن پۆست له‌ زمانى به‌رپرسێكى ئاسایشى ئه‌مریكاوه‌ ده‌ڵێ كه‌ ئامانج له‌ زیاد كردنى ئابڵوقه‌كان دژ به‌ رژیمى ئێران، به‌ره‌و سه‌ربردنى نارِه‌زایه‌تی له‌ ناوخۆى ئێرانه‌ بۆ ئه‌وه‌ى له‌ رێگه‌ى فشاره‌ ناوخۆیی و ده‌ره‌كیه‌كان، رژیم ناچار به‌ پاشه‌كشه‌ و راگرتنى به‌رنامه‌ ناوكه‌ییه‌كانى بكرێ.
ئه‌و رۆژنامه‌یه‌ له‌ درێژه‌ى راپۆرته‌كه‌یدا له‌ زمانى ئه‌و به‌رپرسه‌ى ئه‌مریكاوه‌ ده‌نووسێ: ئامانجى كۆتایی له‌ ته‌حریمه‌كان له‌ دژى رژیمى ئێران، رووخانى ئه‌و رژیمه‌یه‌. ئه‌وه‌ یه‌كه‌م جاره‌ به‌رپرسێكى پله‌به‌رزى وه‌لاتێكى رۆژئاوایی به‌ روونى باس له‌ ئامانجى ئابڵوقه‌كان به‌ ئاقارى رووخانى رژیم ده‌كا.
به‌ پێى ووته‌ى یه‌كێك له‌ دیپلۆماتكاره‌ پله‌به‌رزه‌كانى ئه‌مریكا، وه‌لاتانى رۆژئاوایی له‌ هه‌وڵى ئه‌وه‌دان كه‌ رژیمى ئێران له‌وه‌ حاڵى كه‌ن كه‌ ئه‌گه‌ر هه‌ر له‌ سه‌ر ئه‌و رێره‌وه‌ى بروات، رووخانى رژیم ئه‌گه‌رى زۆر ده‌بێ.
یه‌كێكى دیكه‌ له‌ دیپلۆماته‌كانى ئه‌مریكا به‌ واشینگتۆن پۆستى وتووه‌: رژیمى ئێران كه‌ له‌ بارى ئابووریه‌وه‌ له‌ هه‌ل و مه‌رجێكى خراپ و هه‌ستیاردایه‌، نارِه‌زایه‌تیه‌كانى جه‌ماوه‌ر به‌ره‌و سه‌ر ده‌چێ.
به‌ برواى زۆرێك له‌ ده‌سه‌لاتدارانى رۆژئاوایی، رژیمى ئێران تواناى به‌رده‌وامى سیاسه‌ته‌كانى ئێستاى نیه‌، له‌ كاتێكدا سه‌رسه‌ختانه‌ مكورِ بێ بۆ به‌رێوه‌به‌رى ئه‌و سیاسه‌تانه‌، ده‌بێ هه‌زینه‌یێكى گه‌وره‌ بدات كه‌ به‌ ئه‌گه‌رى زۆر رووخانى رژیم بێت. هه‌روه‌ها ئه‌و وه‌لاتانه‌ هۆشداریان داوه‌ كه‌ ئه‌گه‌ر رژیمى ئێران هه‌وڵ بدات باریكه‌ى هورموز ببه‌ستێ كه‌ زیاتر له‌ ٤٠ له‌سه‌دى نه‌وتى جیهان له‌و باریكه‌وه‌ به‌رێ ده‌كرێ، به‌ توندترین شێوه‌ به‌ره‌ورووى ده‌بنه‌وه‌. هه‌ر به‌و مه‌به‌سته‌ش ئه‌مریكا و بریتانیا ده‌ستیان كردوه‌ به‌ چاودێرى كردنى جموجوڵه‌كانى رژیم و هێزه‌ ده‌ریاییه‌كانى خۆیان بۆ پاراستنى ئه‌و باریكه‌یه‌ هێناوه‌ته‌ ناوچه‌كه‌.
له‌ كۆتاییدا به‌و ئاكامه‌ ده‌گه‌ین كه‌ رۆژئاوا به‌و نه‌تیجه‌ گه‌یشتووه‌ كه‌ ده‌بێ پرسى رژیمى ئێران چاره‌سه‌ر بكات، پێشتر كه‌ باس له‌ گه‌رانه‌وه‌ى رژیم بۆ سه‌ر مێزى وتوێژ ده‌كرا، وادیاره‌ ئه‌و وه‌لاتانه‌ له‌وه‌ ناهومێد بوون و به‌رنامه‌ى رووخان و لابردنى رژیم بۆته‌ باسێك و وه‌ك دیاره‌ هه‌نگاوه‌كان به‌و مه‌به‌سته‌ ده‌رۆن كه‌ ئه‌ویش به‌و جۆره‌یه‌، سه‌ره‌تا له‌ رێگه‌ى ئابڵوقه‌ ئابووریه‌كانه‌وه‌ زه‌ربه‌ى كاریگه‌ر و كه‌مه‌ر شكێنى لێ بده‌ن و به‌ ته‌واوى لاوازى بكه‌ن، له‌ دواى بێ هێزكردنى رژیم هه‌نگاوى كۆتایی بۆ رووخانى رژیم هه‌ڵگرن، كه‌ ئه‌ویش خۆى له‌ دوو بژارده‌دا ده‌بینێته‌وه‌، ئه‌گه‌ر رژیم هه‌وڵ بۆ سه‌رپێچى و مه‌ترسى بۆ قازانجه‌كانیان سازبكات رێگه‌ى سه‌ربازى ده‌گرنه‌به‌ر، بژارده‌كه‌ى دیكه‌ ئه‌وه‌یه‌ به‌ رێگه‌ى هاندانى خه‌ڵك و پشتیوانى كردنى ئوپۆزسیۆنه‌وه‌ كۆتایی به‌و ده‌سه‌لاته‌ بێنن.


ڕێکه‌وت: 2012-01-17 19:02:35
به‌شی ( ئابڵوقه‌كانى سه‌ر رژیمى ئێران به‌ چ ئامانجێك؟ )