ب_ رۆژینله‌مێژووى كۆن و هاوچه‌رخى جیهان دا سیاسه‌تى نیوده‌ڵه‌تى له‌ بێچم و رِه‌وت دان به‌ چۆنیه‌تى رووداو و پێشهات و ئاڵوگۆره‌كان ده‌ورى بالاى هه‌بووه‌ و ته‌نانه‌ت وه‌ك فاكته‌رێكى یه‌كلایی كه‌ره‌وه‌ به‌ درێژایی مێژوو خوى نواندووه‌ و ده‌ورى گیراوه‌. چاره‌نووس و ئازادى و كویله‌یی گه‌لانى جیهان به‌ به‌رده‌وامى له‌ ئاكامى سیاسه‌ته‌ نیوده‌وڵه‌تیه‌كانى وه‌لاتانى زلهیز و خاوه‌ن پێگه‌ى جیهان دیارى كراوه‌ و له‌هێندیك له‌ قۆناغه‌كانى مێژووى مرۆڤایه‌تى به‌ هۆى هاوته‌ریب بوونى سیاسه‌تى وه‌لاتان له‌گه‌ڵ....
به‌رژوه‌ندى گه‌لان خیر و خۆشی و دابین بوونى سه‌روه‌رى و وه‌دى هاتنى مافه‌كانى لێ شین بووه‌ و  به‌ پێچه‌وانه‌شه‌وه‌ هاوته‌ریب نه‌بوون و دژایه‌تى چاره‌نووس و ویسته‌كانى گه‌لان له‌گه‌ڵ سیاسه‌ت و به‌رژوه‌ندییه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كان ماڵوێرانى و نه‌گبه‌تى و چاره‌رِه‌شی به‌دواوه‌ بووه‌. هه‌ڵبه‌ت رێژه‌ى زه‌ق بوونى ئه‌و دیارده‌یه‌ به‌ پێى قۆناغه‌كانى مێژوو و زاڵبووبوونى سیستم و بلۆك به‌ندییه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كان جیاوازى بووه‌. له‌ هێندێك قۆناغ وه‌لاتان سیاسه‌تى خۆیان به‌ پێى دابه‌ش كردن و به‌رژوه‌ندى هاوسه‌نگ رێكخستووه‌ و له‌ سه‌رده‌مى تریش چاره‌نووسی گه‌لان له‌ژێر تارمایی شه‌رِى سارد و دوو بلۆكى جیاواز دیارى كراوه‌. له‌سه‌رده‌مى ئێستا هه‌ر چه‌ند ئه‌و دیارده‌یه‌ به‌و شێوه‌ زه‌قه‌ى رابردوو نه‌ماوه‌ و لانى كه‌مى به‌ هۆى پێشكه‌وتن و به‌ جیهانى بوونى چه‌مكه‌كانى دیموكراسی و مافه‌كانى مرۆڤ وه‌ك رابردوو چاره‌نووسی گه‌لان ناكه‌وێته‌ نێوبه‌رداشی به‌رژوه‌ندى هێزه‌ زلهێزه‌كانه‌وه‌، به‌لام حاشاهه‌ڵنه‌گره‌ سیاسه‌تى نێوده‌وڵه‌تى هه‌نووكه‌ش ده‌ور و كاریگه‌رى خۆى له‌سه‌ر رِه‌وتى رووداوه‌كان ماوه‌ و په‌نجه‌ى ئه‌و ده‌ستێوه‌ردانه‌ نێوده‌وڵه‌تیانه‌ ده‌بیندرێ. 
به‌داخه‌وه‌ زۆر به‌ كه‌مى بووه‌ ئیراده‌ و ویستى زۆرینه‌ و دیموكراسی و مافه‌كانى مرۆڤ و ئازادى گه‌لان ده‌ورى بووبێ له‌سه‌ر دارشتنى سیاسه‌تى نێوده‌وڵه‌تى وه‌لاتان، به‌ڵكو ئه‌وه‌ هه‌میشه‌ به‌رژوه‌ندییه‌ ئابوورى و سیاسیه‌كان بووه‌ كه‌ ده‌ورى بالا و ته‌نانه‌ت یه‌ك لایێكه‌ره‌وه‌ى بینیوه‌. پێویسته‌ ئیشاره‌ به‌وه‌ بكه‌ین كه‌ خۆى له‌ خۆى دا ئه‌و ده‌ستێوه‌ردان و ده‌ورگیرانى سیاسه‌تى وه‌لاتانى زلهێز له‌ دیارى كردنى مه‌سیر و بارودۆخى ئالوگۆره‌ جیهانیه‌كان بابه‌تێكى نه‌خوازراو و نه‌شیاو نییه‌. ته‌نانه‌ت بێ هه‌ڵویست نه‌بوون و هاریكارى گه‌لانى بێ ده‌ره‌تان و ژێر سته‌م له‌ لایه‌ن وه‌لاتانى زلهێز و خاوه‌ن پێگه‌ و داهاتى زۆر ده‌رخه‌رى پێش كه‌وتن و زاڵبوونى چه‌مكى هیومانیسم و به‌خه‌مووه‌بوونى چاره‌نووسی یه‌كتره‌. به‌لام ئه‌وه‌ى جێگه‌ى قه‌بووڵ نییه‌ و له‌گه‌ڵ پێشكه‌وتنه‌كانى مرۆڤایه‌تى له‌ سه‌ده‌ى ٢١ دا نایه‌ته‌وه‌ هاوته‌ریب بوونى به‌رژوه‌ندى ئه‌و وه‌لاتانه‌ له‌گه‌ڵ دیكتاتۆران و هاوكارى كردنى وه‌لاتانى مه‌ترسیدار بۆ سه‌ر گشت جیهانه‌.
مێژووى گه‌لى كورد نمونه‌ى زۆرى پشتگوێخستن مافه‌كان و موعامه‌له‌ كردن له‌ سه‌ر چاره‌نووسی له‌ لایه‌ن وه‌لاته‌ زلهێزه‌كان تێدا تۆمار كراوه‌، كه‌ له‌ نیویاندا ده‌تواندرێ ئاماژه‌ به‌ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى په‌یمانى سێڤه‌ر و سه‌پاندنى په‌یمانى لۆزان  و هه‌روه‌ها پشت تێكردنى شۆره‌وى پێشوو له‌ كۆمارى مه‌هاباد و له‌ ئاكامدا رووخانى كۆمار و بوون به‌ قوربانى سیاسه‌ت و به‌رژوه‌ندى وه‌لاته‌ زلهێزه‌كان بكرێ. 
سه‌ره‌رِاى كه‌مره‌نگ بوونه‌وه‌ى بلۆكبه‌ندییه‌كانى رۆژهه‌لات و رۆژئاوا به‌لام دیسان شاهیدین كه‌ زۆربه‌ى سیاسه‌ت و دارشتنى سیاسه‌ته‌كان به‌ خوێندنه‌وه‌ و له‌ژێر كاریگه‌رى ئه‌و ده‌ورانه‌ لێكدانه‌وه‌ى بۆ ده‌كرێ و له‌ عه‌ملیش دا به‌رێوه‌ ده‌چێ. 
لێدوان و هه‌ڵوێسته‌كانى روسیه‌ و چین له‌ به‌رانبه‌ر وه‌لاتانى سوریا و ئێران و پشتگیرى ئاشكراى مانه‌وه‌ى دیكتاتۆریه‌ت و به‌رده‌وام بوونى جینایه‌ته‌كانى ئه‌و دوو رژیمه‌، ده‌چێته‌ خانه‌ى به‌رێوه‌بردنى ئه‌و سیاسه‌ته‌ له‌ ره‌هه‌ندى شوومه‌كه‌ی. وه‌لاتى روسیه‌ هه‌ر هه‌نگاوێك له‌ لایه‌ن وه‌لاتانى رۆژئاوایی به‌ سه‌رۆكایه‌تى ئه‌مریكا هه‌ڵبگیرێ، راسته‌وخۆ له‌دژى هه‌ڵویست ده‌گرێ و به‌ مه‌ترسی بۆ سه‌ر وه‌لات و قازانجه‌كانى ده‌زانێ. سه‌باره‌ت به‌ كێشه‌كانى ئێران له‌ چه‌ند رۆژى رابردوو ته‌نانه‌ت رایگه‌یاند به‌رزكردنه‌وه‌ى فشار و ئابلۆقه‌كان له‌دژى ئێران هه‌رِه‌شه‌ى راسته‌وخۆ له‌ وه‌لاتى روسیه‌یه‌. ره‌نگ بێ روسیه‌ و چین به‌گێرِِانى ئه‌و ده‌وره‌ خه‌راپانه‌  و هه‌رِه‌شه‌ى وێتۆ كردنى بریارى سه‌پاندنى فشارى زیاتر بۆسه‌ر ئه‌و وه‌لاته‌ دیكتاتۆرانه‌ له‌ وه‌همى زیندووكردنه‌وه‌ى شۆره‌وى و بلۆكى رۆژهه‌لات دابن و بیانهه‌وێ به‌م جۆره‌ له‌به‌رانبه‌ر ئه‌مریكا و بلۆكى رۆژئاوا بوێستن، به‌لام به‌م هه‌ڵوێست و كرداره‌یان گه‌وره‌ترین خه‌یانه‌ت و جینایه‌ت ده‌رحه‌ق به‌ گه‌لانى ئازادیخواز و ژێر سته‌مى دیكتاتۆران ده‌كه‌ن و یارمه‌تى ئه‌و وه‌لاتانه‌، ته‌نانه‌ت بۆ درێژكردنه‌وه‌ى رۆژێك ده‌سه‌لاتدارایى رژیمه‌ دیكتاتۆره‌كان خه‌ساره‌تى قه‌ره‌بوونه‌كراوه‌ و زیانى گه‌وره‌ له‌ گه‌لانى ناوچه‌كه‌ ده‌دا  و دڵنیام ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ نامرۆڤ و ناپه‌سه‌ندانه‌یان له‌ بیر و هزرى گه‌لانى ئازادیخواز ناچێته‌وه‌ و رۆژێك ده‌بێ سزاى ئه‌و هه‌ڵوێست وكرده‌وانه‌یان وه‌ربگرنه‌وه‌.    


ڕێکه‌وت: 2012-01-24 05:21:22
به‌شی ( چاره‌نووسی گه‌لانى ناوچه‌كه‌ له‌نێوبه‌رداشى سیاسه‌ته‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كان )