__ ده‌ست به‌سه‌ركردنى ٣ هاوه‌ڵاتى كورد له‌ شارى مه‌ریوان له‌ لایه‌ن هێزه‌ ئه‌منیه‌كانه‌وه‌__ رۆژنامه‌نووسانی كورد كۆنترین رۆژنامه‌نووسانی ناو زیندانه‌كانی رژیمن__ ئیعدامى نه‌هێنى زیندانیه‌كى كورد له‌ زیندانى ئێوین__ ئه‌گه‌رى زۆره‌ چین په‌یوه‌ست بێ به‌ ئابڵوقه‌ى دژ به‌ ئێران __ بانكى مۆن خوازیارى راگرتنى به‌رنامه‌ى ناوكه‌یى رژیم ئێران بوو __ حوكمى ئێعدام بۆ چالاكێكى سایبرى __ ترس له‌ هاتنى  نه‌بوونى له‌ ئێران و شاردنه‌وه‌ى رژیم__ ئۆپۆزسیۆنى سوریه‌: رژیمى ئێران ده‌ستى له‌ جینایه‌ته‌كانى سه‌ریا دا هه‌یه‌__ به‌رزترین رێژه‌ى خوشگوزه‌رانى له‌ ٢٠ وه‌لاتى جیهان

ده‌ست به‌سه‌ركردنى ٣ هاوه‌ڵاتى كورد له‌ شارى مه‌ریوان له‌ لایه‌ن هێزه‌ ئه‌منیه‌كانه‌وه‌
خه‌باتمێدیا: به‌پێى هه‌واڵده‌رى موكریان روژى چوارشه‌ممه‌ ٥ى رێبه‌ندانى ١٣٩٠ سێ هاوه‌ڵاتى خه‌ڵكى دێى لنج ئاواى سه‌ربه‌شارى مه‌ریوان له‌ پارێزگاى سنه‌ به‌ ناوى ئارام فه‌ره‌جى و رزگار و موزه‌فه‌رشه‌ریفى له‌ لایه‌ن هێزه‌ ئه‌منیه‌كانى ئه‌و شاره‌ ده‌ست به‌سه‌ر كران . فه‌ره‌جى خوێندكارى زانستگاى په‌یام نور له‌ مه‌یدانى نه‌ورۆز و رزگار و موزه‌فه‌ر شه‌ریفى مامۆستاى قوتابخانه‌ى ئه‌وشاره‌، دواى پشكنینى ماڵه‌كانیان ده‌ست به‌سه‌ركران. تا ئێستا له‌ شوێنى ده‌ست به‌ سه‌ربوونیان و تۆمه‌تى ئه‌و سێ هاوه‌ڵاتیه‌ هیچ زانیاریه‌ك نییه‌.




رۆژنامه‌نووسانی كورد كۆنترین رۆژنامه‌نووسانی ناو زیندانه‌كانی رژیمن
رێكخراوی نێونه‌ته‌وه‌یی په‌یامنێرانی بێ‌سنوور تازه‌ترین راپۆرتی ساڵانه‌ی خۆی دا له‌ مه‌رِ بارودۆخی رۆژنامه‌نووسان و دۆخی ئازادی چاپه‌مه‌نی له‌ جیهان دا بڵاو كرده‌وه‌ كه‌ به‌ پێی ئه‌و راپۆرته‌ رژیمى ئێران سێهه‌مین وڵاتی جیهانه‌ بۆ سه‌ركوتی ئازادیی چاپه‌مه‌نی له‌ ئاستی جیهان دا و هاوكات دوو رۆژنامه‌نووسی كورد له‌ پله‌كانی یه‌كه‌م و دووهه‌می كۆنترین رۆژنامه‌نووسانی به‌ندكراو له‌ زیندانه‌كانی ئه‌و وڵاته‌دا جێیان گرتووه‌. به‌ پێی راپۆرته‌كه‌ هه‌ر ئیستا له‌ زیندانه‌كانی رژیمى ئێران دا ٢٦ رۆژنامه‌نووس به‌ندكراون كه‌ له‌ ناویان دا ناوی رۆژنامه‌نووس و چالاكی كورد عه‌دنان حه‌سه‌نپوور وه‌ك كۆنترین رۆژنامه‌نووسی به‌ندكراو له‌ سه‌ره‌وه‌ی لیسته‌كه‌دا به‌رچاو ده‌كه‌وێ. به‌ دوای ئه‌ویش دا یه‌كسه‌ر ناوی محه‌ممه‌د سه‌دیق كه‌بوودوه‌ند رۆژنامه‌نووس و به‌رپرسی رێكخراوی مافی مرۆڤی كوردستان هاتووه‌.  عه‌دنان حه‌سه‌نپوور ئه‌ندامی ده‌سته‌ی نووسه‌رانی حه‌وته‌نامه‌ی داخراوی ئاسۆ و محه‌ممه‌د سه‌دیقی كه‌بوودوه‌ند خاوه‌ن ئیمتیاز و سه‌رنووسه‌ری بڵاوكراوه‌ی داخراوی په‌یامی مه‌ردووم بوو.




ئیعدامى نه‌هێنى زیندانیه‌كى كورد له‌ زیندانى ئێوین
رۆژى سێ شه‌ممه‌ ٤ى رێبه‌ندان زیندانى كورد ئیسماعیل كرمانجى  ته‌مه‌ن ٣٠ ساڵه‌ كه‌ ماوه‌ى ٦ ساڵ بوو له‌ زیندان راگیرابوو له‌ به‌ندى ٣ى زیندانى گه‌وهه‌ر ده‌شتى كه‌ره‌ج بۆ ژووره‌كانى تاكه‌كه‌سی  زیندانى ئێوین گواسترایه‌وه‌ و رۆژى چوارشه‌ممه‌ ٥ى رێبه‌ندان له‌و زیندانه‌ له‌سێداره‌ درا. به‌ تێپه‌رینى ٤ رۆژ هێشتا سه‌رچاوه‌كانى دادوه‌رى رژیم ئه‌و هه‌واڵه‌یان بلاونه‌كردۆته‌وه‌. 





ئه‌گه‌رى زۆره‌ چین په‌یوه‌ست بێ به‌ ئابڵوقه‌ى دژ به‌ ئێران 
هه‌واڵده‌رى فه‌رانسه‌ : تیموتى گایتنێر، وه‌زیرى خه‌زێنه‌دارى ئه‌مریكا ووتى كه‌ ده‌وڵه‌تانى به‌هێز زیاترخه‌ریكى كوبۆنه‌وه‌ بۆ هه‌وڵ و سه‌پاندنى ئابڵوقه‌كانه‌ن دژ به‌ ئێران كه‌ ئه‌گه‌رى په‌یوه‌ست بوونى چینیش یه‌كێك له‌و هه‌ولانه‌یه‌. چین ده‌یهه‌وێ به‌شێك له‌و هه‌وڵانه‌ بێ . هه‌وڵه‌كانى ئورووپا له‌وباره‌وه‌ زۆر باش بووه‌. ناوبراو ووتى به‌ كۆكردنه‌وه‌ى سه‌رجه‌م هه‌وڵه‌كان پێش به‌ به‌رزه‌فرِییه‌ ئه‌تۆمیه‌كانى رژیمى ئێران ده‌گرین.




بانكى مۆن خوازیارى راگرتنى به‌رنامه‌ى ناوكه‌یى رژیم ئێران بوو 
 بانكى مۆن به‌رێوه‌به‌رى گشتى رێكخراوه‌ى نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان به‌ پێداگرییه‌وه‌ داواى له‌ رژیمى ئێران كرد تا به‌رنامه‌ى ناوه‌كى خوى رابگرێ . ناوبراو ووتى له‌ پێوه‌ند به‌ هه‌واڵى ماوه‌ێك له‌مه‌وبه‌رى ئاژانس سه‌باره‌ت به‌ لایه‌ن نیزامیه‌كانى به‌رنامه‌ى ناوكه‌یى ئێران به‌ قووڵى نیگه‌رانه‌. بانكى مون ووتى رژیمى ئێران ده‌بێ له‌ برِیارنامه‌ى شۆرِاى ئه‌منیه‌ت په‌یره‌وى بكا و ئه‌وه‌ له‌ ئه‌ستۆى رژیمى ئێرانه‌ كه‌ بیسه‌لمێنێ نییه‌تى پاكى هه‌یه‌،  كارێك كه‌ تا ئێستا نه‌یكردوو.






حوكمى ئێعدام بۆ چالاكێكى سایبرى 
لقى ١٥ى دادگاى رژیم مێهدى عه‌لى زاده‌ى به‌ تومه‌تى دژایه‌تى له‌ گه‌ڵ خودا به‌ ئێعدام مه‌حكوم كرد. مێهدى عه‌لى زاده‌ فه‌خرئاباد ٣٠ساڵه‌ و خێزاندار و خه‌ڵكى مه‌شهه‌د له‌ رێكه‌تى ٢٠/١/١٣٩٠ده‌ست به‌ سه‌ر كرا و دواى ٤ مانگ لێپرسینه‌وه‌ و راگرتنى له‌ ژوورى تاكه‌كه‌سى له‌ به‌ندى ٢ ى ئه‌لف له‌ خه‌زه‌ڵوه‌رى ئه‌مساڵ ، حوكمى ئیعدامى به‌سه‌ر دا سه‌پا و به‌ خانه‌واده‌كه‌ى راگه‌یندرا. تۆمه‌تى لكێندراو به‌ مه‌هدى چالاكى سایبێرى و ته‌نزنووسیه‌.




ترسى هاتنى  نه‌بوونى له‌ ئێران و شاردنه‌وه‌ى رژیم
به‌ پێى هه‌واڵه‌كان به‌ هۆى ترسی خه‌ڵكى ئێران له‌ هاتنى نه‌بوونى و قاتى هێرشیان كردۆته‌ سه‌ر شوێنه‌كانى فرۆشتنى خوارده‌مه‌نى و خه‌ریكى كۆكردنه‌وه‌ى پێداویستین. له‌تاران و چه‌ندین شارى گه‌وره‌ى دیكه‌ى ئێران ره‌وتى كرینى خوارده‌مه‌نی و پێداویستیه‌ سه‌ره‌كیه‌كانى وه‌ك برینج و دانه‌وێله‌ و ماكارۆنى و رۆن ده‌ستى پێ:ردووه‌ و به‌ هۆى ته‌وژمى له‌راده‌به‌ده‌رى جه‌ماوه‌ر فرۆشگاكان له‌گه‌ڵ ته‌واو بوونى پێدوایستى و كه‌ل و په‌ل به‌ره‌و رووبوونه‌. ئه‌وه‌ له‌كاتێكدایه‌ كه‌ لێپرسراوانى رژیم حاشا له‌ بوونى دۆخێكى له‌م چه‌شنه‌ ده‌كه‌ن و له‌و پێوه‌ندییه‌ دا، جێگرى وه‌زیرى پیشه‌سازى و كانگاكان و تیجاره‌ت ووتى، ئه‌وه‌ى كه‌ جه‌ماوه‌ر سه‌رقاڵى شت كرِینن زۆر باشه‌ و ئه‌وه‌ ده‌رخه‌رى جووله‌ و گه‌رم و گورِى بازاره‌. 




ئۆپۆزسیۆنى سوریه‌: رژیمى ئێران ده‌ستى له‌ جینایه‌ته‌كانى سه‌ریا دا هه‌یه‌
رۆژى شه‌ممه‌ شۆراى نه‌ته‌وه‌یی ئۆپۆزسیۆنى سوریا، ئێرانیان به‌ به‌شدارى سه‌ركووتى خوێ،اوى خه‌ڵ:ى سوریال تاوانبار كرد و داوایان له‌ رژیم كرد پشتیوانى له‌ رژیمى بله‌شار ئه‌سه‌د رابگرێ. سه‌میر نشار ئه‌ندامى كومیته‌ى به‌رێوه‌رى شۆراى نه‌ته‌وه‌یی سوریا له‌ كۆنفرانسێكى هه‌واڵده‌رى دا به‌شدارى رژیمى ئاخوندى له‌ جینایه‌ته‌كانى رژیمى به‌عسی سوریا مه‌حكووم كرد و داواى راگرتنى هاوكارییه‌كانى ئه‌و رژیمه‌ له‌گه‌ڵ رژیمى سوریاى كرد






به‌رزترین رێژه‌ى خوشگوزه‌رانى له‌ ٢٠ وه‌لاتى جیهان
دامه‌زراوه‌ى لیگاتوم راپۆرتى رێژه‌ى خوشگوزه‌رانى جیهانى له‌ ساڵا ٢٠١١ بلاوكرده‌وه‌. ئه‌و راپۆرته‌ له‌ نێو ١١٠ وه‌لاتى جیهان و به‌ پێى ٩ پێوه‌رى گه‌شه‌ى ئابوورى، پێداویستیه‌ ئابوورییه‌كان، ئازادى تاكه‌كه‌سی، حكوومه‌تى شیاو، دیموكراسی، به‌خته‌وه‌رى تاكه‌كه‌سی . خوشگوزه‌رانى تاكه‌كمه‌سی و ره‌زامه‌ندى له‌ ژیان دارێژراوه‌.  ناوى ئه‌و ٢٠ وه‌لاته‌ به‌ ریز به‌م جۆریه‌: ١ـ نوروێژ  ٢ـ  دانمارك  ٣ـ ئوسترالیا  ٤ـ نیوزله‌ند  ٥ـ سۆئێد  ٦ـ كه‌نه‌دا  ٧ـ فه‌نلاند  ٨ـ سوئیس  ٩ـ هۆله‌ند  ١٠ـ ئه‌مریكا  ١١ـ ئیرله‌ند  ١٢ـ ئیسله‌ند  ١٣ـ بریتانیا  ١٤ـ ئۆتریش  ١٥ـ ئاڵمان  ١٦ـ سه‌نگاپوور  ١٧ـ بلژیك  ١٨ـ فه‌رانسه‌  ١٩ـ هۆنگكۆنگ ـ چین ٢٠ ـ تایوان


ڕێکه‌وت: 2012-01-28 16:41:15
به‌شی ( هه‌واڵه‌كانى كوردستان و ئێران (٨ى رێبه‌ندان) )