__ ته‌رمی ژنێكی ٢٦ ساڵه‌ له‌شاری مه‌هاباد دۆزرایه‌وه‌__ هێزه‌ نیزامییه‌كان به‌ جلوبه‌رگی هاوچه‌شنه‌وه‌ كۆڵبه‌ران ده‌كوژن__ هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ى ئاكامی خوولی دووهه‌می هه‌ڵبژاردنه‌كانى شاری مه‌لێكشای پارێزگای ئیڵام تووندوتیژی لێكه‌وته‌وه‌__ به‌ هۆێ گه‌رمای زۆر ئاوی خواردنى شاری ئیڵام پچرا__ هه‌ڵسووكه‌وتى هێزه‌كانى رژیمى ئاخووندى سه‌باره‌ت به‌ خه‌ڵكى مه‌دنى له‌ ناو پاركه‌كاندا__ ئاماده‌كرنى ١٢هه‌زار هێزى نیزامى له‌ ١٩ وڵاتى جیهان بۆ هێرش كردنه‌سه‌ر رژیمى ئاخووندى یان رژیمى ئه‌سه‌د __ فه‌رمانى باراك ئۆباما بۆ په‌ه‌ردان به‌ هێرشی سایبێری دژ به‌ رژیمى ئاخووندى ئێران__ وتووێژه‌كانى ئه‌تۆمى مسكۆ ، بۆ رژیمى ئێران جێگای مه‌ترسیه‌كى زۆره‌__ مانگرتنى گشتى له‌ ٢ شاری سووریا بۆ مه‌به‌ستى رووخانى رژیمه‌ ئه‌سه‌د

ته‌رمی ژنێكی ٢٦ ساڵه‌ له‌شاری مه‌هاباد دۆزرایه‌وه‌
خه‌باتمێدیا: ته‌رمی ژنێكى ٢٦ ساڵه‌ له‌نزیكه‌ى چه‌می مه‌هاباد دۆزرایه‌وه‌. به‌ پێی راپۆرتى هه‌واڵده‌رى موكریان ،ته‌رمی ژنێكی ٢٦ ساڵه‌ كه‌ ناوی تائێستا نادیاره‌ ،رۆژی سێ شه‌ممه‌ له‌ نزیكه‌ى چه‌مى مه‌هاباد دۆزرایه‌وه‌. سه‌رچاوه‌یه‌كى ئاگادار له‌ وتووێژ له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌وانی هه‌واڵده‌رى موكریان وتی: مردنی ئه‌و ژنه‌ جێی گوومانه‌  و هه‌روه‌ها زیادى كرد، ته‌رمی ئه‌و ژنه‌ بۆ مه‌به‌ستى لێكوڵینه‌وه‌ بۆ ساردخانه‌ى شاری مه‌هاباد گوازرایه‌وه‌. ئه‌وه‌ له‌ حاڵێكدایه‌ كه‌ نیشانه‌ى ئازار و شكه‌نجه‌ به‌ سه‌روچاویه‌وه‌ دیار نییه‌ و تا ئێستا هۆی مردنى ئه‌و ژنه‌ نادیاره‌. 





هێزه‌ نیزامییه‌كان به‌ جلوبه‌رگی هاوچه‌شنه‌وه‌ كۆڵبه‌ران ده‌كوژن
به‌م دوایانه‌ هێزه‌ نیزامییه‌كانی رژیمى ئاخوندى به‌ له‌به‌ركردنی جلوبه‌رگی ناوچه‌یی ده‌چنه‌ كه‌مینی كۆڵبه‌رانی كورده‌وه‌ له‌سه‌ر سنوور و ده‌سترِێژیان لێ‌ ده‌كه‌ن. به‌پێی راپۆرتی ئاژانسی هه‌واڵده‌ریی كوردپا، له‌ ماوه‌ی چه‌ند حه‌فته‌ی رابردوودا و له‌ چه‌ند حاڵه‌تی جیادا، هێزه‌ نیزامییه‌كانی حكوومه‌تی ئێران له‌ ناوچه‌ی "ته‌رگه‌وه‌ر"ی ورمێ‌ به‌ له‌به‌ر كردنی جلوبه‌رگی ناوچه‌یی كۆڵبه‌رانی سه‌رسنوور به‌لارِێدا ده‌به‌ن و به‌ ئاسانی ده‌یانخه‌نه‌ بۆسه‌وه‌. یه‌كێك له‌ كۆڵبه‌ران له‌و ناوچه‌یه‌ به‌ هه‌واڵنێری ئاژانسی كوردپای راگه‌یاند: دوێنێ‌ پێنجشه‌ممه‌ رێكه‌وتی ١١ی جۆزه‌ردان كۆمه‌ڵێكی به‌رچاو له‌ هێزه‌ نیزامییه‌كانی حكوومه‌ت به‌ پۆشینی جلوبه‌رگی ناوچه‌یی له‌ چه‌شنی كۆڵبه‌ران، له‌ شوێنێك به‌ناوی "جێرمه‌"ی سه‌ر به‌ ورمێ‌ له‌ ناوچه‌ی سنووریی "ته‌رگه‌وه‌رِ" ده‌سترِێژیان له‌ ئه‌سپی بارهه‌ڵگری كۆڵبه‌رانی كورد كردووه‌ و ٣٠ سه‌ریان به‌كوشت چوون.





هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ى ئاكامی خوولی دووهه‌می هه‌ڵبژاردنه‌كانى شاری مه‌لێكشای پارێزگای ئیڵام تووندوتیژی لێكه‌وته‌وه‌
به‌ پێی راپۆرتى هه‌واڵده‌رى كورد نیوز،له‌ دوای هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ى ئاكامی هه‌ڵبژاردنه‌كانى خولی دووهه‌می پارڵمانى رژیمى ئێران له‌ شاری مه‌لێكشای پارێزگای ئیڵام ،له‌ لایه‌ن شۆرای نیگه‌هبانه‌وه‌، پێش له‌ چوونى عه‌ڵی ئه‌كبه‌ر مه‌تین بۆ پارڵمان گیرا. هه‌ر به‌و هۆیه‌ خه‌ڵكى ناوچه‌كانى ئه‌ركوازی ،رۆژی سێ شه‌ممه‌٩ى جوێزه‌ردان له‌ ناره‌زایه‌تى به‌و كرده‌وه‌ى شۆرای نیگه‌هبانى رژیمى ئاخووندى ،به‌ به‌رێوه‌بردنى كۆبوونه‌وه‌یه‌ك، له‌ به‌رانبه‌ری ده‌رگای فه‌رمانداری شاری ئیڵام خوازیاری وڵام دانه‌وه‌ى به‌رپرسانى رژیم سه‌باره‌ت به‌و مه‌سه‌له‌یه‌ بوون. به‌ڵام وه‌ك هه‌میشه‌ به‌رپرسان و فه‌رمانداری ،هیچ وڵامێكى راسته‌قینه‌یان به‌ خه‌ڵك نه‌داوه‌ وكه‌وتنه‌ به‌ر هێرشی هێزه‌كانى ئینتزامى ئه‌و شاره‌.ئه‌وه‌ له‌ حاڵێك دایه‌ كه‌ جارێكى تر خه‌ڵكى نارازى رۆژی چوارشه‌ممه‌ ١٠ى جوێزه‌ردان به‌ مه‌به‌ستى ده‌ربرینى ناره‌زایه‌تى هاتنه‌ شه‌قامه‌كانى ئه‌و شاره‌ و هاوكات له‌گه‌ڵ هاتنى هێزه‌كانى رژیم ،ئه‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌ تووندوتیژی لێكه‌وته‌وه‌  و كومه‌ڵێكى زۆر له‌و نارازیانه‌ ده‌ست به‌سه‌ر و بۆ شۆێنێكى نادیار گوازرانه‌وه‌. له‌ به‌رده‌وامى ئه‌و ناره‌زایه‌تیانه‌ رۆژی پێنج شه‌ممه‌ خه‌ڵكێكى زۆر له‌ ناوچه‌كانى ئه‌ركوازی به‌ره‌و شاری مه‌لێكشا وه‌رێ كه‌وتن وبه‌ هۆی زۆربوونى به‌شداربووان له‌و ناره‌زایه‌تیانه‌دا،هێزى ئینتزامى ئه‌و شاره‌ نه‌یتوانی كۆنترۆڵى ئه‌و ناره‌زایه‌تیانه‌ بكات وله‌ هێزه‌كانى ئینتزامى شاره‌كانى ئه‌هواز وكرماشان داوای یارمه‌تى كرد كه‌ له‌ ئاكام دا به‌ هۆی ته‌قه‌كرنی چه‌ند كه‌س له‌ نیو نارازیان دا،سه‌رۆكى یه‌گانى تایبه‌تى شاری ئه‌هواز و٥كه‌س له‌ ئه‌فسه‌ره‌كانى هێزى ئینتزامى شاری ئیڵام كوژراون وكومه‌ڵێكى زۆر له‌ نارازیان به‌ تووندى بریندار بوون . تا ئێستاش ، دۆخى ئه‌و شارانه‌ نا ئارامه‌ وحكوومه‌ت نیزامی راگه‌یندراوه‌. 




به‌ هۆێ گه‌رمای زۆر ئاوی خواردنى شاری ئیڵام پچرا
به‌ هۆی بوونى گه‌رمای زۆر ئاوی خواردنه‌وه‌ى زۆربه‌ى ناوچه‌كانى ئیڵام پچرا. به‌ پێی راپۆرتى هه‌واڵده‌رى موكریان و له‌ زمانى سه‌رچاوه‌یه‌كى ئاگادار ،هاوكات له‌گه‌ڵ چوونه‌ سه‌ره‌ی پله‌ى گه‌رما ،ئاوی خواردنى شاری ئیڵام له‌ ساعه‌تى ٢ى دوانیوه‌روى رۆژی پێنج شه‌ممه‌وه‌،پچراوه‌. له‌ پێوه‌ندى له‌گه‌ڵ فریاكه‌وتنى ١٢٢ى شاری ئیڵام ، ته‌قینى لووله‌ ئاوی شاری ئیڵام له‌ جاده‌ى كه‌نار گووزه‌رى ئیڵام، به‌ هۆی پچرانى ئاو له‌و شاره‌ راگه‌ێندراوه‌. 




هه‌ڵسووكه‌وتى هێزه‌كانى رژیمى ئاخووندى سه‌باره‌ت به‌ خه‌ڵكى مه‌دنى له‌ ناو پاركه‌كاندا
له‌ حاڵێك دا، كه‌ زۆر له‌ هاووڵاتیه‌كانى شاری تاران و شاره‌كانى دیكه‌ى ئێران ، له‌ ده‌رفه‌تى رۆژه‌كانى پشووى وه‌رزى هاوین كه‌ڵك وه‌رده‌گرن و به‌ره‌و شاره‌كانى باكوور و ناوچه‌ جوراوجوره‌كانى ئێران وه‌رێ ده‌كه‌ون،هێندێك له‌وان وایان پێ باشه‌ كه‌ له‌گه‌ڵ هاوسه‌ر ومنداله‌كانیان بچنه‌ ناو پاركه‌كان و كۆتایی حه‌تووه‌كه‌یان له‌وێ بن، به‌ڵام ئه‌وه‌ى كه‌ زیاتر له‌ هه‌موو شتێك دێته‌ به‌رچاو، هێزه‌كانى رژیمى ئاخووندیه‌ كه‌ له‌ ناو ئه‌و پاركانه‌دا به‌ بیانووی جوراجور،وه‌ك جۆرى مۆدێلی لیباس وقژی سه‌ر وچۆنیه‌تی ره‌نگی لیباسه‌كان، ده‌بنه‌ هۆی ئازار وئه‌زیه‌تى خه‌ڵك وده‌ست به‌سه‌ر كردنى لاوه‌كان و هه‌ر ئه‌وه‌ش ده‌بێته‌ هۆی ده‌ست به‌یه‌خه‌بوونى خانه‌واده‌كان له‌گه‌ڵ هێزه‌كانى رژیم و له‌ كوتاییدا رۆژێكى ناخۆش بۆ خه‌ڵك درووست ده‌كه‌ن. 




ئاماده‌كرنى ١٢هه‌زار هێزى نیزامى له‌ ١٩ وڵاتى جیهان بۆ هێرش كردنه‌سه‌ر رژیمى ئاخووندى یان رژیمى ئه‌سه‌د 

راپۆرته‌كان باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ نزیكه‌ى ١٢ هه‌زار هێزی نیزامى له‌ ١٩ وڵاتى جیهان خه‌ریكى به‌رێوه‌بردنى مانوری نیزامى هاوبه‌ش له‌ ناوچه‌ى رۆژهه‌ڵاتدان . به‌ڵام به‌ رای زۆریك له‌ چاودێران، ئه‌و مانوره‌ ،سه‌ره‌تای رووداوێكى زۆر گه‌وره‌یه‌. ده‌وڵه‌تى ئه‌مریكا وعه‌ره‌بستانى سه‌عوودى وئۆردۆن ته‌نیا نموونه‌یه‌ك له‌و وڵاتانه‌ن كه‌ هاوكات له‌گه‌ڵ یه‌كێتى ئورووپا له‌و مانوره‌ نیزامیه‌دا، به‌ ناوى "شێرى چاوه‌رێ " كه‌ حه‌وتووی داهاتوو ته‌واو ده‌بیت ،به‌شداریان كردوه‌ .هه‌رچه‌ند به‌شێك له‌و مانوره‌ به‌ شێوه‌ى نه‌هێنى ئه‌نجام دراوه‌، به‌ڵام له‌ كه‌س شاراوا نیه‌ كه‌ له‌ یه‌ك مانگى رابردوودا ،مه‌شقى شه‌ریان كردووه‌ وله‌ راهێنانێكى به‌ربڵاودا پێكه‌وه‌ هاوكاریان بووه‌. به‌ پێی راپۆرتى هه‌واڵده‌رى "دێبكا" له‌ ئیسرائیڵ ، جیمز مێتیس ،سه‌رۆكی فه‌رمانده‌یی ناوه‌ندى ئه‌مریكا كه‌ له‌و مانوره‌زیاتر ئاگاداره‌ وتى: له‌ ئه‌گه‌ری هێرشی ره‌سمى بۆسه‌ر رژیمى ئێران یان سووریا ،به‌رپرسایه‌تى ئه‌و هێزانه‌ به‌ ئه‌ستۆی ناوبراو ده‌بێت. 




فه‌رمانى باراك ئۆباما بۆ په‌ه‌ردان به‌ هێرشی سایبێری دژ به‌ رژیمى ئاخووندى ئێران
به‌ پێی راپۆرتى رادیو ئاڵمان : رۆژنامه‌ى "نیویۆرك تایمز " له‌ ژماره‌ى رۆژی هه‌ینى خۆێدا نووسی: سه‌رۆك كۆماری ئه‌مریكا ده‌ستووری هێرشی وایروسی بۆ سه‌ر دامه‌زراوه‌كانى رژیمى ئێرانى دا." نیویۆرك تایمز" له‌ زمانى سه‌رچاوه‌یه‌كى ئیتلاعاتى خۆی نووسی: یه‌كێك له‌و هێرشانه‌ ،هێرشی وایروسی "ئێستاكس نێت" له‌ ساڵى ٢٠١٠ ى زائینى بۆ سه‌ر دامه‌زراوه‌كانى ناوكه‌یی رژیمى ئێران بووه‌. له‌ درێژه‌ى ئه‌و راپۆرته‌ دا هاتوو كه‌ له‌ دوای ئاشكرا بوونى ئه‌و وایروسه‌،سه‌رۆك كۆماری ئه‌مریكا ،هێرشی وایروسی ئێستاكس نیتى بۆ سه‌ر دامه‌زراوه‌كانى ئه‌تۆمى شاری بووشێهر ،دژ به‌ رژیمى جینایه‌تكاری ئێران خێراێكى زیاترى پێداوه‌. 




وتووێژه‌كانى ئه‌تۆمى مسكۆ ، بۆ رژیمى ئێران جێگای مه‌ترسیه‌كى زۆره‌
به‌ پێی راپۆرتى رادیۆ ئاڵمان: له‌ زمانى كارناسانى ئه‌تۆمى ،كۆبوونه‌وه‌ى مسكۆو ده‌بێته‌ هۆی درێژه‌دانى وتووێژه‌كانى ئه‌تۆمى یان كوتایی وتووێژه‌كان. رژیمى تاران بۆ لابردنى ئابڵۆقه‌كان ئاماده‌ى ئیمتیاز دانه‌، به‌ڵام درزى نێوان كۆمه‌ڵگای جیهانى ورژیمى ئاخووندى ،وتووێژه‌كان به‌ بۆنبه‌ست ده‌گه‌ینێ . دوایین خولی وتووێژه‌كان له‌ به‌غدا به‌رێوه‌ چوو وهیچ ئاكامێكى لێ نه‌كه‌وته‌وه‌، ته‌نیا درزى نێوان گرووپی ١+٥ ورژیمى ئێرانى نیشان دا وهه‌روه‌ها رێكه‌وتنێكى نۆێی بۆ خولی دوایی وتووێژه‌كان له‌ مسكۆ دابین كرد.به‌ وته‌ى كارناسان بۆ چاره‌سه‌ر كردنى كێشه‌ى ئه‌تۆمى ئێران ته‌نیا ٢ ریگا چاره‌ ماوه‌:كوتایی وتووێژه‌كانى ئه‌تۆمى یان به‌ جیدی به‌رێوه‌ بردنى وتووێژه‌كان.




مانگرتنى گشتى له‌ ٢ شاری سووریا بۆ مه‌به‌ستى رووخانى رژیمه‌ ئه‌سه‌د
مانگرتنى گشتى له‌ ٢ شاری گوره‌ى سووریا،ده‌مێشق وحه‌له‌ب /ئه‌رته‌شی رژیمى به‌شار ئه‌سه‌د بۆ كردنه‌وه‌ى دووكانه‌كان ،ناچار به‌ ده‌ستى زۆر بوو/زۆرتری سه‌رمایه‌ داره‌كانی سووریا پووڵه‌كانى خۆیان له‌ بانكه‌كانى سووریا هێنا ده‌رێ.
له‌ سه‌ره‌تای ده‌ست پێكرنى ناره‌زایه‌تیه‌كان له‌ ناو سووریا ،خه‌ڵكى ئه‌و وڵاته‌ به‌رده‌وام  شاهیدى سه‌ركووت وكووشتاری نارازیان بوونه‌،به‌ڵام كۆمه‌ڵگای جیهانى وسووریایه‌كان ناتوانن جینایه‌ته‌كه‌ی هێزه‌كانى ئه‌سه‌د له‌ حه‌وله‌ له‌ بیر خویان ببه‌نه‌وه‌.تا ئێستا ١٤ وڵاتی جیهان كارداره‌كانى رژیمى به‌شار ئه‌سه‌دیان له‌ وڵاته‌كه‌ی خۆیان ده‌ركردووه‌ وبیجگه‌ له‌وان ،ئه‌مرۆ ده‌وڵه‌تى پورته‌قالیش كارداره‌كه‌ى رژیمى ئه‌سه‌دى ده‌ركرد. له‌ سووریاش هێندێك له‌ نیزامیه‌كان به‌ جیابوونه‌وه‌ له‌ رژیمى ئه‌سه‌د و به‌ بردنى هێندێك چه‌ك وچۆڵ،چوونه‌ ناو ئه‌رته‌شی ئازادى سووریاوه‌. هه‌روه‌ها مانگرتنى گشتى خه‌ڵك له‌ ٢ شاری ده‌مێشق وحه‌له‌ب له‌ سووریا،رژیمى به‌شار ئه‌سه‌دى خستۆته‌ ناو مه‌ترسیكى گه‌وره‌وه‌ وناچار به‌وه‌ بووه‌ كه‌ به‌ زۆر دووكانه‌ داخراوه‌كان هه‌ڵبگرێ . له‌ لایه‌كى دیكه‌وه‌ ده‌وڵه‌تى ئه‌مریكا داواى له‌ رژیمى ئێران كرد تا ده‌ست له‌ پشتیوانى كردنى رژیمى سووریا هه‌ڵبگری وله‌وه‌ زیاتر نه‌بێته‌ هۆی كووشتاری خه‌ڵكى بێتاوان. 



ڕێکه‌وت: 2012-06-01 18:35:09
به‌شی ( هه‌واڵه‌كانى كوردستان و ئێران و ناوچه‌كه‌ (١٢ى جۆزه‌ردان ) )