__ كچه‌ قوتابییه‌كانی رووداوی شیناوێ ره‌وانه‌ی ژووری نه‌شته‌رگه‌ری كران__ هیزه‌ ئیتلاعاتی و ئینتزامییه‌كان زیاتر ٣٠ هاووڵاتیی كوردیان له‌ "به‌نده‌ر ئیمام" ده‌ستبه‌سه‌ر كرد__ بانگهێشتى عه‌لى نه‌جاتى بۆ دادگاى رژیم له‌ سنه‌__ ١٣٣ ئه‌ندام په‌رله‌مانی عێراق داوا ده‌كه‌ن كامپی لیبرتی بخرێته‌ ژێر سه‌رپه‌رشتی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان__ كه‌وتنه‌ خواره‌وه‌ى په‌یكانێك له‌ جاده‌ى مه‌هاباد-سه‌رده‌شت بوو به‌ هۆى كوژران و بریندار بوونى ٦ كه‌س__ بوونى ٢١ هه‌زار مۆعتاد له‌ كوردستان__ بوونى هه‌زار جۆر ماده‌ى هۆشبه‌ر له‌ كۆمه‌ڵگا__ تووشبوونى سالانه‌ ٨٥ هه‌زار كه‌س به‌ سه‌ره‌تان له‌ ئێران

كچه‌ قوتابییه‌كانی رووداوی شیناوێ ره‌وانه‌ی ژووری نه‌شته‌رگه‌ری كران
سه‌رله‌به‌یانی رۆژی دووشه‌ممه‌ ١١ی به‌فرانبار ٦ كچه‌ قوتابیی رووداوی "شیناوێ"ی پیرانشار پاش ٥ رۆژ دواخران، به‌مه‌به‌ستی چاره‌سه‌ریی پزیشكی بۆ به‌شی تایبه‌تیی سووتاوی نه‌خۆشخانه‌ی ئیسفه‌هان به‌رِێ كران. به‌رپرسی نه‌خۆشخانه‌ی "ئیمام مووسای كازم"ی ئیسفه‌هان رایگه‌یاند: ئه‌مرِۆ ٣ كچه‌ قوتابی بۆ لابردنی توێخی مردووی سه‌ر جه‌سته‌یان و برین پێچ كردن، ره‌وانه‌ی ژووری نه‌شته‌رگه‌ری ده‌كرێن. هه‌واڵده‌ریی ئیسنا له‌ زاری "فه‌ردین عابدینی"یه‌وه‌ بڵاوی كرده‌وه‌، برینی ئه‌و كچه‌ قوتابییانه‌ مه‌ترسیداره‌ و دۆخی جه‌سته‌یی و ته‌ندروستی ئه‌و ٣ كچه‌ قوتابییه‌ بۆ كاری نه‌شته‌رگه‌ری گونجاو نییه‌ و له‌ ئێستادا نه‌شته‌رگه‌ری كردنیان ده‌چیته‌ خانه‌ی ریسكه‌وه‌. ئه‌و به‌رپرسه‌ له‌ درێژه‌دا ئاماژه‌ی به‌وه‌دا، ٢ كچه‌ قوتابی كه‌ له‌ ئیسفه‌هان له‌ ژیر چاوه‌دێری پزیشكیدان به‌شێك له‌ چڵكی پێستی له‌شیان بۆ ناو هه‌ناو و ریخۆڵه‌كانیان ته‌شه‌نه‌ی سه‌ندووه‌ و ته‌ندروستیان به‌ره‌و دۆخێكی هه‌ستیار ده‌چێت. "ئه‌سما دروی، ئه‌سرین مه‌عرووفی، موبینه‌ پركه‌م" ئه‌و ٣ كچه‌ قوتابیه‌ن كه‌ هه‌نووكه‌ له‌ نه‌خۆشخانه‌ی مه‌شهه‌د له‌ ژێر چاوه‌دێریی پزیشكی دان.




هیزه‌ ئیتلاعاتی و ئینتزامییه‌كان زیاتر ٣٠ هاووڵاتیی كوردیان له‌ "به‌نده‌ر ئیمام" ده‌ستبه‌سه‌ر كرد
زیاتر له‌٣٠ شۆفیری كورد كه‌ نارِه‌زایه‌تییان له‌مه‌رِ كه‌مته‌رخه‌میی به‌رپرسانی پاركینگی "به‌نده‌ر ئیمام" ده‌برِیبوو له‌لایه‌ن هێزه‌ ئیتلاعاتی و ئینتزامییه‌كانی حكوومه‌تی ئێرانه‌وه‌ ده‌ستبه‌سه‌ر كران. به‌پێی هه‌واڵی ئاژانسی هه‌واڵده‌ریی كوردپا، رۆژی یه‌كشه‌ممه‌ رێكه‌وتی ١٠ی به‌فرانبار كۆمه‌ڵێك له‌ شۆفیرانی ماشینه‌ نه‌وتكێشه‌كان له‌مه‌رِ كه‌مته‌رخه‌میی به‌رپرسان و دۆخی قورِ و چڵپاوی پاركینگی "به‌نده‌ر ئیمام" نارِه‌زایه‌تییان ده‌ربرِیبوو و كه‌ دواتر هێزه‌ ئینتزامییه‌كان ده‌ستێوه‌ردانیان كردبوو له‌ ئه‌نجامدا توندو تیژی له‌ نیوانیاندا هاتبووه‌ ئاراوه‌ و زیاتر له‌ ٣٠ كه‌سیان كه‌ هاووڵاتیی كوردی عێراقی و ئێرانی بوون له‌لایه‌ن هێزه‌ ئیتلاعاتی و ئینتزامییه‌كانی به‌نده‌ر ئیمام"ه‌وه‌ ده‌ستبه‌سه‌ر كراون. ده‌ستبه‌سه‌ر كرانی ئه‌و شۆفیرانه‌ له‌ كاتێك دایه‌ كه‌ به‌رپرسانی پاركینگی ئیمام به‌ مه‌به‌ستی قیرتاو كردنی ئه‌و پاركینگه‌ له‌ هه‌ر شۆفیرێك برِێكی به‌رچاو پاره‌یان وه‌رگرتووه‌، به‌ڵام هه‌تا ئیستا هیچ خزمه‌تگوزارییه‌ك بۆ ئه‌و شۆفیرانه‌ ئه‌نجام نه‌دراوه‌.




بانگهێشتى عه‌لى نه‌جاتى بۆ دادگاى رژیم له‌ سنه‌
عه‌لى نه‌جاتى ئه‌ندامى شاندى به‌رێوه‌به‌رایه‌تى سه‌ندیكاى نه‌یشه‌ه‌رى حه‌وت ته‌په‌ى خوزستان بۆ بێ دادگاى رژیم له‌شارى سنه‌ بانگهێشت كراوه‌. تۆمه‌تى خراوه‌ پاڵ ناوبراو بریتیه‌ له‌ قسه‌كردن له‌ پارێزگاى كوردستان و خوێندنى سرودى دایه‌ دایه‌ وه‌ختى جه‌نگه‌.





١٣٣ ئه‌ندام په‌رله‌مانی عێراق داوا ده‌كه‌ن كامپی لیبرتی بخرێته‌ ژێر سه‌رپه‌رشتی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان

(١٣٣) ئه‌ندام په‌رله‌مانی سه‌ر به‌ فراكسیۆنه‌ جیاجیاكانی په‌رله‌مانی عێراق و له‌ ناویاندا: سه‌رۆكی لێژنه‌ی مافه‌كانی مرۆڤ، سه‌رۆكی لێژنه‌ی كۆچبه‌ران، سه‌رۆكی لێژنه‌ی ئابووری و وه‌به‌رهێنان و خوێندنی باڵا، به‌ ئیمزاكردنی به‌یاننامه‌یه‌كی هاوبه‌ش، پشتیوانیكردنی خۆیان بۆ راگه‌یاندنی كامپی لیبرتی وه‌ك كامپی په‌نابه‌ران و له‌ ژێر سه‌رپه‌رشتیكردنی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كاندا راگه‌یاند. ئه‌ندامانی په‌رله‌مان له‌ به‌یاننامه‌كه‌ی خۆیاندا نووسیویانه‌: ”به‌ تیپه‌رِبوونی (١٠) مانگ به‌سه‌ر گواستنه‌وه‌ یه‌كه‌م وه‌جبه‌ی دانیشتووانی ئه‌شرِه‌ف بۆ لیبرتی ده‌ركه‌وتووه‌ كه‌ نیشته‌جێكردنه‌وه‌ی دانیشتووانی لیبرتی له‌ ده‌ره‌وه‌ی عێراق پێویستی به‌ كاتێكی زۆره‌. كه‌وایه‌ ئه‌م كامپه‌ كامپێكی كاتی نییه‌ و ئه‌م ناودێركردنه‌ ناكۆكه‌ له‌گه‌ڵ راستییه‌كان. ئێمه‌ له‌و باوه‌رِه‌داین كه‌ رێكخراوی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ چاره‌سه‌ری ئه‌م كێشه‌یه‌ هاوكاریی عێراق بكات و به‌رپرسیارێتیی ئه‌م كامپه‌ بگرێته‌ ئه‌ستۆی خۆی و كامپی لیبرتی وه‌ك كامپی په‌نابه‌ران به‌ره‌سمی رابگه‌یه‌نێت و نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان خۆی سه‌رپه‌رشتیی بكات”. یاسادانه‌رانی عێراق هه‌روه‌ها به‌ جه‌ختكردن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كه‌ دانیشتووانی كامپی لیبرتی له‌ ناو بازنه‌ی رێككه‌وتننامه‌ی چواره‌می ژنێڤدا، «كه‌سانی پارێزراو»ن و كۆمیساریای باڵای په‌نابه‌ران (UNHCR)یش زۆر جار ئه‌وانی له‌ ریزی «په‌ناخوازانی جێی نیگه‌رانی» داناوه‌ نووسیونانه‌: ”ئێستا كه‌ وڵاته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا ناوی رێكخراوی موجاهیدینی خه‌لقی له‌ لیستی تیرۆر سرِیوه‌ه‌ته‌وه‌ و هیچ لایه‌نێكی دی ئه‌وان به‌ تیرۆریست نازانێت، پێویسته‌ سه‌رجه‌م گه‌مارۆِدان و سنوورداركردنه‌كانی كامپی لیبرتی هه‌ڵوه‌شێته‌وه‌ و گۆرِانكارییه‌كی بنه‌رِه‌تی له‌ شێوازی مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ ئه‌و په‌نابه‌رانه‌دا بكرێت و دانیشتووان ده‌بێ سوودمه‌ند و ئازاد بن له‌ هاتوچۆكردن بۆ ده‌ره‌وه‌ی كامپه‌كه‌ و پارێزه‌ران و په‌رله‌مانتاران و شانده‌ بیانییه‌كانیش بتوانن سه‌ردانیان بكه‌ن”. ١٣٣ په‌رله‌مانتاری عێراقی هه‌روه‌ها به‌ پشت به‌ستن به‌ یاسای نێوده‌وڵه‌تی له‌ پێوه‌ند له‌گه‌ڵ داراییه‌كانی دانیشتووانی ئه‌شرِه‌ف ته‌ئكیدیان كرد: ”ئێمه‌ له‌و باوه‌رِه‌داین كه‌ دانیشتووانی ئه‌شرِه‌ف و لیبرتی به‌ سوودمه‌ندبوون له‌ مافه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان، كه‌ كۆكیشه‌ له‌گه‌ڵ ده‌ستووری عێراقیدا،  ده‌بێ بتوانن داراییه‌كانیان له‌ ناوخۆی عێراق یان ده‌ره‌وه‌ی عێراق بفرۆشن یا بیانگوازنه‌وه‌ بۆ شوێنێكی دی و بازرگانه‌ عێراقییه‌كانیش بتوانن كرِیاری داراییه‌كانیان بن”.





كه‌وتنه‌ خواره‌وه‌ى په‌یكانێك له‌ جاده‌ى مه‌هاباد-سه‌رده‌شت بوو به‌ هۆى كوژران و بریندار بوونى ٦ كه‌س
به‌ پێى راپۆرتى ناوه‌ندى هه‌واڵده‌رى موكریان، سه‌ر له‌ به‌یانى ئه‌مرۆ سێ شه‌ممه‌ به‌ هۆى كه‌وتنه‌ خواره‌وه‌ى ماشینێكى په‌یكان له‌ جاده‌ى كێوسانى مه‌هاباد – سه‌رده‌شت سێ كه‌س كوژران كه‌ هه‌موویان ئه‌ندامى یه‌ك بنه‌ماڵه‌ بوون و سێ كه‌سیش بریندار بوون كه‌ گوازراونه‌ته‌وه‌ بۆ نه‌خۆشخانه‌. به‌ پێى وته‌ى كارناسان هۆكارى ئه‌م رووداوه‌ پێبه‌ند نه‌بوونى شۆفیره‌كه‌ به‌ رێنماییه‌كان و  له‌ كۆنترۆل ده‌رچوونى ماشینه‌كه‌ بووه‌. جاده‌ى مه‌هاباد – سه‌رده‌شت به‌ درێژایى ١٢٥ كیلۆمه‌تر له‌ ناوچه‌ شاخاویه‌كان و به‌فر گیره‌كانى ئازه‌ربایجانى رۆژئاوادایه‌.





بوونى ٢١ هه‌زار مۆعتاد له‌ كوردستان
به‌ پێى راپۆرتى ناوه‌ندى هه‌واڵده‌رى موكریان، سه‌رۆكى پۆلیسى خه‌بات له‌گه‌ڵ ماده‌ هۆشبه‌ره‌كان رایگه‌یاند كه‌ له‌ كوردستان ٢١ هه‌زار گیرۆده‌ به‌م مادانه‌ بوونیان هه‌یه‌ و رێژه‌ى ده‌ست به‌سه‌ردا گرتنى ئه‌و مادانه‌ ١٩٦ له‌ سه‌د زیادى كردووه‌. عه‌لى توولایى، وتى كه‌ له‌ سه‌ره‌تاى ئه‌مساڵه‌وه‌ تا ئێستا ١٧٤٤، تووشبوو به‌ ماده‌ هۆشبه‌ره‌كان ناسراون و بۆ ده‌رمان نێردراون بۆ ناوه‌نده‌كانى ته‌ركى ئیعتیاد. ناوبراوو هه‌روه‌ها رایگه‌یاند، رێژه‌ى تووشبووان به‌ ماده‌ هۆشبه‌ره‌كان دوو قات زیادى كردووه‌.





بوونى هه‌زار جۆر ماده‌ى هۆشبه‌ر له‌ كۆمه‌ڵگا
به‌ پێى راپۆرتى هه‌واڵده‌رى حكومه‌تى مێهر، سه‌رۆكى پۆلیسى مۆبارزه‌ له‌گه‌ڵ ماده‌ هۆشبه‌ره‌كانى ئازه‌ربایجانى رۆژهه‌لات رایگه‌یاند، له‌ سالانى رابردوو ٤ جۆر ماده‌ى هۆشبه‌ر بوونى هه‌بوو به‌لام ئێستا نزیك به‌ هه‌زار جۆر ماده‌ى هۆشبه‌ر بوونى هه‌یه‌. سه‌رهه‌نگ باغه‌بان وتى، بلاو كردنه‌وه‌ و به‌رهه‌مهێنانى ماده‌ى سه‌نعه‌تى زیادى كردووه‌ و بووه‌ به‌ سه‌ره‌كیترین دڵه‌رِاوكێى بنه‌ماڵه‌كان، چونكوو گۆرانى شێوه‌ى به‌كارهێنانى ماده‌ هۆشبه‌ره‌كان له‌ سۆنه‌تییه‌وه‌ بۆ سه‌نعه‌تى عه‌وارزى زۆر مه‌ترسیدارترى هه‌یه‌.




تووشبوونى سالانه‌ ٨٥ هه‌زار كه‌س به‌ سه‌ره‌تان له‌ ئێران
به‌ پێى راپۆرتى سایتى جكومه‌تى دیگه‌ریان، ناسر پارسا ئه‌ندامى ئه‌نجۆمه‌نى سه‌ره‌تان ناسى ئه‌مریكا، رایگه‌یاند، په‌ره‌ سه‌ندنى نه‌خۆشى سه‌ره‌تان له‌ ئێران روو له‌ زیاد بووندایه‌ و سالانه‌ ٨٥ هه‌زار كه‌س به‌م نه‌خۆشینه‌ تووش ده‌بن كه‌ ناوه‌ندى ته‌مه‌نیان له‌ ژێر سی ساڵدایه‌ و زیاتر له‌ ٢٠ هه‌زار كه‌سیان به‌م هۆیه‌وه‌ گیان له‌ ده‌ست ده‌ده‌ن. به‌ وته‌ى ئه‌م كارناسه‌ ئێران له‌ دوو ساڵى داهاتوو به‌ سۆنامى سه‌ره‌تان به‌ره‌وو روو ده‌بێته‌وه‌. كارناسان پێس بوونى كه‌ش و هه‌وا، كووده‌ شیمیاییه‌كان كه‌ له‌ چینه‌وه‌ ئاوه‌رده‌ ده‌كرێن و پارازیت به‌ سێ هۆكارى سه‌ره‌كى سه‌ره‌تان له‌ ئێران ده‌زانن.


ڕێکه‌وت: 2013-01-02 16:32:19
به‌شی ( هه‌واڵه‌كانى كوردستان و ئێران (١٣ى به‌فرانبار) )