__ باروودۆخى دوو خوێندكارى پیرانشارى خراپه‌__ نه‌بوونى نه‌خۆشخانه‌  له‌ شارى ٢٣٠ هه‌زار كه‌سى مه‌ریوان عادلانه‌ نییه‌__ سه‌رژمێرى ته‌لاق له‌ سه‌قز نیگه‌رانكه‌ره‌__ ٢٨ میلیارد تمه‌ن له‌ بۆدجه‌ی رووداوه‌ چاورِوان نه‌كراوه‌كان درا به‌ ناوه‌ندی سه‌ركۆماری ئێران__ ٢١ هاووڵاتیی ئێرانی له‌لایه‌ن پۆلیسی وڵاتی عه‌ره‌بستانه‌وه‌ ده‌سبه‌سه‌ر كران__ نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان: ژماره‌ی كوژراوان له‌ سووریه‌ سنوورى  ٦٠ هه‌زاری كه‌سی تێپه‌رِاند __ ئه‌حمه‌د تورك له‌ ئیمراڵی چاوی به‌ ئۆجه‌لان كه‌وت

باروودۆخى دوو خوێندكارى پیرانشارى خراپه‌
به‌ پێى وته‌ى نوێنه‌رى پیرانشار له‌ مه‌جلیس، باروودۆخى دوو كه‌س له‌ خوێندكارانى پیرانشارى به‌ هۆى زۆر بوونى سوتانه‌كه‌یانه‌وه‌ خراپه‌. ره‌سووڵ خزرى وتى، شه‌ش كه‌س له‌ خوێندكاره‌ سووتاوه‌كانمان دوو رۆژ پێش ناردووه‌ته‌ نه‌خۆشخانه‌ى رووداوى سووتان له‌ ئیسفه‌هان. ناوبراوو هه‌روه‌ها وتى، ته‌واوى رێگه‌ یاساییه‌كان بۆ وه‌رگرتنى مافى خوێندكاران له‌ ئیداره‌ى راهێنان و بارهێنان ده‌گرێنه‌ به‌ر و ئه‌وه‌یش به‌ مافى یاسایى خۆمان ده‌زانین.






نه‌بوونى نه‌خۆشخانه‌  له‌ شارى ٢٣٠ هه‌زار كه‌سى مه‌ریوان عادلانه‌ نییه‌
به‌ پێى راپۆرتى ناوه‌ندى هه‌واڵده‌رى موكریان، نوێنه‌رى مه‌ریوان و سه‌ولاوا له‌ مه‌جلیس رایگه‌یاند، ئێستا به‌ هۆى نه‌بوونى نه‌خۆشخانه‌ له‌ مه‌ریوان، خه‌ڵكى ئه‌م شاره‌ له‌ ناوه‌نده‌ ده‌رمانیه‌كانى ناوچه‌كانیتر كه‌ڵك وه‌رده‌گرن كه‌ ئه‌مه‌یش خه‌رجى زۆر و تێ په‌راندنى كاتى زۆرى ده‌وێت. ئۆمید كه‌ریمیان سێ شه‌ممه‌ شه‌و له‌ دانشتنى هاوبه‌شى نوێنه‌رانى مه‌جلیس له‌گه‌ڵ به‌رێوه‌به‌رانى بیمه‌ و ده‌رمانى كۆمه‌لایه‌تى پارێزگاى كوردستان وتى، به‌ پێى ئه‌سڵى ٢٩ى یاساى ئه‌ساسى، ئه‌ركى ده‌وڵه‌ته‌ به‌ پێى یاساكان له‌ شوین ده‌رامه‌دى گشتى و هاوبه‌شى خه‌ڵك، پێرِاگه‌یشتن و پاڵپشتى بۆ تاك به‌ تاكى كۆمه‌ڵگا دابین بكات. كه‌ریمیان وتى، به‌ردى بناغه‌ى ده‌رمانگاى مه‌ریوان ٨ مانگه‌ دانرِاوه‌ كه‌ تا ئێستا هیچ كارێك له‌م گه‌لاڵه‌دا نه‌كراوه‌ و ته‌نیا خه‌ڵكى دڵ سارد كردووه‌ته‌وه‌. هیوادارم به‌ هاوكارى نێوان نوێنه‌رانى خه‌ڵك له‌ مه‌جلیس بتوانین له‌ بێ به‌ش بوونى پارێزگاكه‌مان له‌ گه‌شه‌سه‌ندن كه‌م بكه‌ینه‌وه‌.





سه‌رژمێرى ته‌لاق له‌ سه‌قز نیگه‌رانكه‌ره‌
به‌ پێى راپۆرتى ناوه‌ندى هه‌واڵده‌رى موكریان، نوێنه‌رى شاره‌كانى سه‌قز و بانه‌ له‌ مه‌جلیس رایگه‌یاند، ئامارى ته‌لاق له‌ سه‌قز جێگه‌ى نیگه‌رانییه‌ و ده‌بێت له‌م پێناوه‌دا خه‌ڵك له‌ ئاكامه‌كانى جیابوونه‌وه‌ ئاگادار بكه‌ینه‌وه‌. بیگله‌رى له‌ داواى له‌مامۆستایانى شارى سه‌قز كرد هه‌ر یه‌كه‌ و له‌ گه‌ره‌كه‌كانى خۆیان به‌ كردنه‌وه‌ى كلاسێك له‌ بوارى فه‌رهه‌نگى و دینیدا، له‌ بوارى ژیانى هاوبه‌ش و ته‌لاق راده‌ى ووشیارى خه‌ڵك ببه‌نه‌ سه‌ره‌وه‌. ئه‌وه‌ له‌كاتێكدایه‌ كه‌ سه‌رچاوه‌ى زۆربه‌ى كێشه‌ كۆمه‌لایه‌تیه‌كان له‌ نه‌بوونى ده‌رفه‌تى كار و هه‌ژارى تاكه‌كانى كۆمه‌ڵگا دایه‌.





٢٨ میلیارد تمه‌ن له‌ بۆدجه‌ی رووداوه‌ چاورِوان نه‌كراوه‌كان درا به‌ ناوه‌ندی سه‌ركۆماری ئێران
ده‌وڵه‌تی ئه‌حمه‌دی نژاد له‌ برِیارێكی نوێدا رایگه‌یاند: ٢٨ میلیارد تمه‌ن له‌ بۆدجه‌ی رووداوه‌ چاوه‌رِوان نه‌كراوه‌كانی وڵاتی ئێران ده‌درێت به‌ ناوه‌ندی سه‌ركۆماری. رۆژنامه‌ی خۆراسان له‌ راپۆرتێكدا بڵاوی كرده‌وه‌، به‌پێی برِیاری ده‌وڵت ٢٨ میلیارد ریاڵ له‌ سندووقی پاره‌ی رووداوه‌ چاورِوان نه‌كراوه‌كان كه‌ بۆ قه‌ره‌بوو كردنه‌وه‌ی زیان به‌ركه‌وتوانی رووداوه‌ سرووشتییه‌كان دانراوه‌، ده‌درێت به‌ ناوه‌ندی سه‌ركۆماری ئێران. به‌پێی راپۆرتی هه‌مان سه‌رچاوه‌، ئه‌و برِیاره‌ ماوه‌یه‌ك پێش ئێستا به‌ پێشنیاری وه‌زاره‌تی ناوخۆ و جێگری پلان رێژی و چاوه‌دێری پژرِاست كرایه‌وه‌ و دواتر له‌لایه‌ن "محه‌ممه‌د ره‌زا ره‌حیمی" جێگری یه‌كه‌می سه‌ركۆماره‌وه‌ وه‌ك برِیاری ده‌وڵه‌ت راگه‌یه‌ندرا. ئه‌وه‌ له‌ كاتێك دایه‌ كه‌ له‌ مانگی گه‌لاوێژی ئه‌مساڵدا پارێزگای ئازه‌ربایجانی رۆژهه‌ڵات به‌ هۆی رووداوی زلزله‌وه‌ زیانێكی به‌رچاوی به‌ركه‌وت و هاوكات ماڵپه‌رِی "خبر انلاین" زیانی ئه‌و زلزله‌یه‌ی زیاتر له‌ ٩ هه‌زار میلیارد به‌راورد كردبوو كه‌ هه‌تا ئێستاش قه‌ره‌بووی پێویستیان بۆ نه‌كراوه‌ته‌وه‌.






٢١ هاووڵاتیی ئێرانی له‌لایه‌ن پۆلیسی وڵاتی عه‌ره‌بستانه‌وه‌ ده‌سبه‌سه‌ر كران
دوو به‌له‌م كه‌ هه‌ڵگری ٢١ كه‌س ئێرانی بوو و ده‌یانهه‌ویست له‌ رێگای قاچاخه‌وه‌ بچه‌نه‌ عه‌ره‌بستان له‌لایه‌ن هێزی ده‌ریاییه‌وه‌ ده‌ستبه‌رسه‌ر كراون. پۆلیسی سنوورى عه‌ره‌بستان رایگه‌یاند كه‌ لێكۆڵینه‌وه‌كان له‌و كه‌سانه‌ ده‌ستى پێكردووه‌. جێگه‌ى وه‌بیرهێناوه‌یه‌ كه‌ پێشتریش پۆلیسی عه‌ره‌بستان له‌ هه‌وڵێكی هاوچه‌شندا ١٥ هاووڵاتیی ئێرانی ده‌سبه‌سه‌ر كردبوو.






نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان: ژماره‌ی كوژراوان له‌ سووریه‌ سنوورى  ٦٠ هه‌زاری كه‌سی تێپه‌رِاند 
ناوی پیلای، كۆمیساریای باڵای مافی مرۆڤی رێكخراوی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان رۆژی چوارشه‌ممه‌ ١٣ به‌فرانبار، رایگه‌یاند ، له‌ ده‌سپێكى قه‌یرانى سوریا تا ئێستا ٦٠ هه‌زار مرۆڤ كوژراون.  به‌پێی راپۆرتی هه‌واڵده‌رى رۆیته‌رز، خاتوو پیلای گوتوویه‌تی: ئه‌و سه‌رژمێرییه‌ به‌ پێى لێكۆڵینه‌وه‌ێك بووه‌ كه‌ ٥ مانگى خایاندووه‌ و له‌ ماوه‌ی رۆژه‌كانی ٢٥ مارس تا ٣٠ نۆامبری ٢٠١٢، ٥٩ هه‌زار و ٦٤٨ كه‌س له‌ سووریه‌ كوژراون. پیلاى ووتى: ژماره‌ى قوربانیه‌كان زیاتر له‌ چاوه‌روانى و راچڵه‌كێنه‌ر بوو.





ئه‌حمه‌د تورك له‌ ئیمراڵی چاوی به‌ ئۆجه‌لان كه‌وت
ئه‌مرِۆ په‌رله‌مانتارانی كورد له‌ په‌رله‌مانی توركیا سه‌ردانی زیندانی ئیمرالیان كرد و چاویان به‌ عه‌بدوڵا ئۆجه‌لان كه‌وت.دوای بینینی هاكان فیدان، راوێژكاری ده‌زگای میتی توركیا، ئه‌مرِۆ پێنج شه‌ممه‌، ئه‌حمه‌د تورك و ئایلا ئاكات په‌رله‌مانتارانی به‌ده‌په‌ له‌ په‌رله‌مانی توركیا، چونه‌ زیندانی دورگه‌ی ئیمرِالی و چاویان به‌ عه‌بدوڵا ئۆجه‌لان، رێبه‌ری زیندانیكراوی پارتی كرێكارانی كوردستان كه‌وتوه‌ و له‌باره‌ی دواین پێشھاته‌كانی كێشه‌ی گه‌لی كورد و پارتی كرێكارانی كوردستان قسه‌یان له‌گه‌ڵ كردوه‌. له‌هه‌مان كاتدا به‌تۆمه‌تی ئه‌نجامدانی كوده‌تای سه‌ربازی له‌ ساڵی (١٩٩٧) له‌ توركیا، (٦٢) كه‌س ده‌ستگیركران كه‌ سه‌رۆك ئه‌ركانی سوپا و ژماره‌یه‌ك ئه‌فسه‌ری خانه‌نشینی تێدایه‌. به‌ فه‌رمانی داواكاری گشتی توركیا، (٦٢) كه‌س به‌ تۆمه‌تی كوده‌تاكه‌ی (٢٨)ی شوباتی (١٩٩٧)ی سه‌رده‌می حكومه‌تی نه‌جمه‌دین ئه‌ربه‌كان، ده‌ستگیركران كه‌ چه‌ندنین ئه‌فسه‌ری خانه‌نشین و به‌رپرسی باڵای تێدایه‌.


ڕێکه‌وت: 2013-01-03 16:20:45
به‌شی ( هه‌واڵه‌كانى كوردستان و ئێران و ناوچه‌كه‌(١٤ى به‌فرانبار) )