__ خوێندكارێكی كورد بانگهێشتی حێراسه‌تی زانكۆی ورمێ كرا__ سێ خوێندكارى پیرانشارى ده‌بێت بنێردرێنه‌ ده‌ره‌وه‌ى ولات__ كرێكارێكی خه‌ڵكی مه‌هاباد به‌هۆی رووداوی كاره‌وه‌ گیانی دا__ سندووقى دراوى پووڵ: قه‌یرانى گه‌وره‌ى ئابوورى به‌رێوه‌یه‌__ ده‌ستیوه‌ردانى رژیم له‌ ئه‌فغانستان و یه‌مه‌ن__ زیاد بوونى ٩٧ له‌سه‌دى هه‌لاوسان له‌ ٢٠ مانگدا__ رێژه‌ى كریارانى نه‌وتى ئێران به‌ قه‌د په‌نجه‌كانى ده‌ست نابێت__ به‌شار ئه‌سه‌د: گوێ له‌ ئامۆژگارییه‌كان ده‌گرین، به‌ڵام رقمان له‌ به‌زۆر سه‌پاندنه‌__ توركیا ساڵانه‌ ملیارێك دۆلار له‌ دژایه‌تیكردنی ( په‌كه‌كه‌)دا خه‌رجده‌كات

خوێندكارێكی كورد بانگهێشتی حێراسه‌تی زانكۆی ورمێ كرا
فشاری هێزه‌ ئیتلاعاتییه‌كان بۆ سه‌ر چالاكانی خوێندكاری و بڵاڤۆكه‌ كوردییه‌كان چۆته‌ قۆناغێكی دیكه‌وه‌ و له‌و په‌یوه‌ندییه‌دا خوێندكارێكی كورد بانگهێشتی حێراسه‌تی زانكۆی ورمێ كرا. به‌پێێ هه‌واڵی هه‌واڵده‌ریی كوردپا، حیراسه‌تی زانكۆی ورمێ خوێندكارێكی ساڵی سێیه‌می رشته‌ی كۆمپیوتری به‌ ناوی "عه‌لی میلانی" بانگهێشت كرد. ئه‌و خوێندكاره‌ كورده‌ به‌ هۆی هاوكاری و دامه‌زراندنی ناوه‌ندی ئه‌ده‌بیی "ئیلام" و ناوه‌ندی ئه‌ده‌بی "كورمانج"، له‌لایه‌ن به‌رپرسانی حێراسه‌تی ئه‌و زانكۆیه‌وه‌ بانگهێشت كراوه‌. ناوه‌ندی ئه‌ده‌بیی ئیلام پاش ماوه‌یه‌ك له‌لایه‌ن به‌رپرسان و حێراسه‌تی زانكۆی ورمێ"وه‌ به‌ره‌ورِووی ئاسته‌نگ و داخران بۆوه‌. چالاكانی خوێندكاریی پارێزگای ئیلام له‌مه‌و به‌دوا بۆ ده‌ركردنی هه‌ر چه‌شه‌ بڵاوكراوه‌یه‌ك به‌ زمانی كوردی، پێویسته‌ له‌ ئیداره‌ی ئیتلاعاتی ئه‌و پارێزگایه‌ مۆڵه‌تی فه‌رمی وه‌ربگرن.






سێ خوێندكارى پیرانشارى ده‌بێت بنێردرێنه‌ ده‌ره‌وه‌ى ولات
به‌ پێى راپۆرتى خه‌به‌ر ئانلاین، نادر قازى پوور نوێنه‌رى ورمێ له‌ مه‌جلیس، له‌ كۆبوونه‌وه‌ى ئاشكراى مه‌جلیس به‌ ئاماژه‌ به‌ خراپ بوونى باروودۆخى سێ خوێندكارى رووداوى ئاور گرتنى قۆتابخانه‌ى شیناوێ رایگه‌یاند كه‌ سێ كه‌س له‌ كچه‌ برینداره‌كانى ئه‌و ئاور گرتنه‌ باروودۆخیان خراپه‌ و ده‌بێت بنێردرێنه‌ ده‌ره‌وه‌ى ولات. هه‌روه‌ها ره‌سووڵ خزرى نوێنه‌رى پیرانشار له‌ مه‌جلیس، وێرِاى ئاماژه‌ به‌ پێویست بوونى ئه‌و بریندارانه‌ به‌ ناردنیان بۆ ده‌ره‌وه‌ى ولات وتى، ئه‌مرۆ ئه‌م بابه‌ته‌ له‌گه‌ڵ سه‌رۆك كۆمار باس ده‌كه‌ین.  خزرى هه‌روه‌ها وتى كه‌ هیوادارم كارووبارى ئه‌و خوێندكارانه‌ بۆ ده‌ره‌وه‌ى ولات به‌ زۆترین كات به‌ رێوه‌ بچێت.






كرێكارێكی خه‌ڵكی مه‌هاباد به‌هۆی رووداوی كاره‌وه‌ گیانی دا
كرێكارێكی لاوی خه‌ڵكی مه‌هاباد به‌ هۆی نه‌بوونی ئه‌منییه‌ت له‌ كارگه‌ی پێترۆشیمیی ئه‌و شاره‌، گیانی دا. ماڵپه‌رِی كۆمیته‌ی هاوئاهه‌نگی بۆ دامه‌زراندنی رێكخراوه‌ كرێكارییه‌كان بڵاوی كرده‌وه‌، "شێرزاد سایلی" ته‌مه‌ن ٢١ ساڵ و خه‌ڵكی ناوچه‌ی "یوسف كه‌ند"ی سه‌ربه‌ شاری مه‌هاباد به‌هۆی رووداوی كاره‌وه‌ له‌ كارگه‌ی پێترۆشیمیی ئه‌و شاره‌ گیانی له‌ده‌ست دا. كه‌مته‌رخه‌میی خاوه‌نكار، ئیمه‌ن نه‌بوونی شوێنی كار و ناستاندارد بوونی كه‌ره‌سته‌كانی كار یه‌كێك له‌ هۆكاره‌كانی گیان له‌ده‌ست دانی كرێكاران له‌ وڵاتی ئێران دێته‌ ئه‌ژمار. له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه‌ بیمه‌ نه‌كردنی كرێكاران له‌ كاتی رووداوی وه‌ك بریندار بوون یان مردن، بنه‌ماڵه‌كانیان به‌ره‌ورِووی كێشه‌ و گرفت ده‌بنه‌وه‌.





سندووقى دراوى پووڵ: قه‌یرانى گه‌وره‌ى ئابوورى به‌رێوه‌یه‌
كریستییه‌ن لاگارد به‌رێوه‌به‌رى گشتى سندووقى دراوى پووڵ ووتى: به‌رده‌وامى كێشه‌ ئابوورییه‌كانى ئه‌مریكا و ئورووپا ده‌توانێ ببێته‌ هۆى دروست بوونى قه‌یرانێكى گه‌وره‌ له‌ جیهاندا. ناوبراو ووتى نه‌دۆزینه‌وه‌ى رێگه‌ى چاره‌ى گونجاو بۆ قه‌رزه‌كانى ئه‌مریكا و كێشه‌ ئابوورییه‌كانى ئورووپا ده‌بێته‌ هۆى پێكهێنانى قه‌یرانێكى گه‌وره‌ى ئابوورى له‌ جیهاندا. به‌ له‌به‌رچاو گرتنى گه‌وره‌یی قه‌باره‌ی ئه‌و دوو ئابوورجیهانیه‌ و پێوه‌ندییه‌كانیان له‌گه‌ڵ باقى وه‌لاتانى جیهان ئه‌گه‌ر رێگه‌چاره‌یێك نه‌دۆزرێته‌وه‌ هاتنى قه‌یران بێ ئه‌ملاو و ئه‌و لایه‌.





ده‌ستیوه‌ردانى رژیم له‌ ئه‌فغانستان و یه‌مه‌ن
وه‌زاره‌تى به‌رگرى ئه‌مریكا له‌ راپۆرتێكدا رایگه‌یاندرژیمى ئێران ده‌ستێوه‌ردان له‌ كاروبارى ئه‌فغانستان ده‌كا و كه‌ل و په‌لى مه‌رگهێنه‌ر ره‌وانه‌ى ئه‌و وه‌لاته‌ ده‌كا. له‌ به‌شێك له‌و راپۆرته‌دا هاتووه‌: رژیمى ئێران سه‌رقاڵى چالاكى نه‌هێنى وه‌ك دابین كردنى چه‌ك و چۆڵ و راهێنانى گروپپه‌ چه‌كداره‌كانى وه‌ك تاڵیبانه‌. له‌هه‌مان كاتدا رۆژنامه‌ى ئه‌لبه‌یانى چاپى دوبه‌ى نووسی: حیزبێكى ئۆپۆزسیۆنى یه‌مه‌نى ره‌وڵى تێكده‌رانه‌ى رژیمى سه‌بره‌ت به‌ جودابوونه‌وه‌ى باشوورى ئه‌و وه‌لاته‌ و كۆنترۆڵى باریكه‌ى بابولمه‌نده‌ب ئاشكرا كرد. ئه‌حمه‌د ساڵح جێگرى حیزبی دیموكراتیكى یه‌مه‌ن ده‌لێ: رژیمى ئێران مانگانه‌ ٢٠ هه‌زار دۆلار یارمه‌تى ئه‌و حیزبه‌ى كردووه‌. 






زیاد بوونى ٩٧ له‌سه‌دى هه‌لاوسان له‌ ٢٠ مانگدا
به‌ پێى راپۆرتى هه‌واڵده‌رى حكومه‌تى فارس، نرخى هه‌لاوسان له‌ ٢٠ مانگى رابردوو له‌ خاكه‌لێوه‌ى ٩٠ تاكوو خه‌زه‌ڵوه‌رى ئه‌مساڵ به‌رز بوونه‌وه‌ى ٩٧ له‌ سه‌دى به‌ خۆیه‌وه‌ دیوه‌، به‌ پێى راپۆرتى ره‌سمى بلاو كراوه‌ى بانكى ناوه‌ندى نرخى هه‌لاوسان له‌ ماوه‌ى ساڵى رابردوو ئه‌مساڵ  ده‌رخه‌رى ئه‌و راستیه‌ تاڵه‌یه‌ كه‌ هیچ دابه‌زینێكى به‌ خۆیه‌وه‌ نه‌دیوه‌.





رێژه‌ى كریارانى نه‌وتى ئێران به‌ قه‌د په‌نجه‌كانى ده‌ست نابێت
به‌ پێى راپۆرتى سایتى عه‌سرى ئێران، یه‌كه‌ى ئیتلاعاتى ئابوورى ئێكۆنۆمیست، نووسى، له‌ سه‌ره‌تاى توند بوونه‌وه‌ى گه‌مارۆكان دژى رژێم له‌ هاوینى ئه‌مساڵ ( ژوئیه‌ى ٢٠١٢) ، ئێران نه‌وتى خۆى ته‌نیا به‌ چوار ولاتى رۆژهه‌لاتى ناوه‌راست، چین، ژاپۆن، كۆریاى باشوور و هێند ده‌فرۆشێت. ئامارێكى دروست له‌ به‌ر ده‌ستدا نیه‌ به‌لام به‌ پێى بلاو كراوه‌ى هێندێك له‌ سه‌رچاوه‌ نه‌وتییه‌كان، هه‌نارده‌ كردنى نه‌وتى رژێم له‌ یه‌ك ساڵى رابردوو به‌ رێژه‌ى ٥٠ له‌سه‌د كه‌م بووه‌ته‌وه‌. به‌ پێى راپۆرتى مانگى رابردووى سازمانى نێونه‌ته‌وه‌یى وزه‌، ئێران له‌ ساڵى ٢٠١٢ به‌ كه‌م بوونه‌وه‌ى زیاتر له‌ یه‌ك میلیون بۆشكه‌ فرۆشى نه‌وتى خۆى، مانگانه‌ پێنج میلیارد دۆلار ( سالانه‌ ٦٠ میلیارد دۆلار) له‌ داهاتى خۆى له‌ ده‌ست داوه‌.





به‌شار ئه‌سه‌د: گوێ له‌ ئامۆژگارییه‌كان ده‌گرین، به‌ڵام رقمان له‌ به‌زۆر سه‌پاندنه‌
ئه‌مرِۆ یه‌كشه‌ممه‌، سه‌رۆك كۆماری‌ سوریا وتارێكی‌ پێشكه‌ش كرد و پاش ماوه‌یه‌كی‌ زۆر له‌ ده‌رنه‌كه‌وتنی‌ ، تیشكی‌ خسته‌ سه‌ر چه‌ندین بابه‌تی‌ هه‌ستیار‌و وتی‌ "ئاماده‌یه‌ پرۆسه‌ سه‌ربازییه‌كان رابگرێت به‌و مه‌رجه‌ی پشتیوانی و پرِچه‌ككردنی گروپه‌ چه‌كداره‌كان بوه‌ستێنرێت". له‌ وتاره‌یه‌كه‌یدا به‌شار ئه‌سه‌د ئاشكرای‌ كرد، وڵاته‌كه‌ی‌ هه‌ر له‌ سه‌ره‌تای‌ قه‌یرانه‌كانه‌وه‌ هه‌وڵی‌ چاكسازی‌ و گفتوگۆی‌ داوه‌، هه‌روه‌ها ئه‌وان ئاماده‌ن به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ك ده‌ستپێشخه‌ری‌ وڵاتانی‌ ده‌ره‌وه‌ وه‌ربگرن، به‌ڵام ده‌بێت ئه‌و ده‌ستپێشخه‌ریانه‌ له‌گه‌ڵ سه‌ركردایه‌تی‌ سوریا یه‌كانگیر بێـت، به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ك گوێ له‌ ئامۆژگارییه‌كان ده‌گرن، به‌ڵام رقیان له‌ به‌ زۆر سه‌پاندنه‌. له‌ درێژه‌ی‌ قسه‌كانیدا وتیشی‌، ئاماده‌ن كۆنگره‌ی‌ نیشتیمانی‌ هه‌مه‌ لایه‌نه‌ له‌سه‌ر مێزی‌ گفتوگۆ ببه‌ستن، به‌ڵام به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ك دژی‌ ده‌ستتێوه‌ردانی‌ ده‌ره‌كین و "رێگه‌ش ناده‌ین كه‌س ده‌ست وه‌ربداته‌ ناو كاروبارمانه‌وه‌". پاش وتاره‌كه‌ی‌ به‌شار ئه‌سه‌د سه‌رۆك كۆماری‌ سوریا، وه‌زیری‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ به‌ریتانیا ولیام هیگ وه‌كو كاردانه‌وه‌یه‌ك بۆ وته‌كانی‌ رایده‌گه‌یه‌نێت، قسه‌كانی‌ به‌شار "دوو رِوویی‌" بوون. ئیتلافی نیشتیمانی سوریا و ئه‌وروپا ئه‌و ده‌ستپێشخه‌ری و پێشنیارانه‌ی ئه‌سه‌د ره‌تده‌كه‌نه‌وه‌ و پێیانوایه‌ ئه‌و وتاره‌ی شكستپێهێنانی هه‌وڵه‌ دیبلۆماسیه‌كانه‌ بۆ كۆتایی هێنان به‌ قه‌یرانی سوریا.






توركیا ساڵانه‌ ملیارێك دۆلار له‌ دژایه‌تیكردنی ( په‌كه‌كه‌)دا خه‌رجده‌كات
جێگری‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ توركیا ئاشكرایكردوه‌، كه‌ شه‌رِكردنیان له‌گه‌ڵ په‌كه‌كه‌، ساڵانه‌ ملیارێك دۆلار تێچویه‌تی. بوڵنت ئه‌ریج، جێگری‌ ره‌جه‌ب ته‌ییب ئه‌ردۆگان ئه‌مرِۆ شه‌ممه‌ وتویه‌تی: دژایه‌تیكرد توندوتیژی‌ هه‌روا ئاسان نیه‌. به‌ رای‌ چاودێرانی‌ سیاسی توركیا، ئه‌و لێدوانه‌ی‌ جێگری‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ توركیا، بۆ پاساوی‌ گفتوگۆ و هه‌وڵه‌كانیانه‌ له‌گه‌ڵ عه‌بدوڵا ئۆجه‌لان، به‌ مه‌به‌ستی‌ چاره‌سه‌ری‌ كێشه‌ی‌ كورد له‌ توركیا. هه‌روه‌ها ئه‌ردۆگان رایگه‌یاند: وه‌ك ده‌وڵه‌ت به‌رده‌وام ده‌بن له‌ دیداره‌كانیان له‌گه‌ڵ عه‌بدوڵا ئۆجه‌لان وه‌ك ته‌واوكاری ئه‌و هه‌وڵانه‌ی داویانه‌ بۆ روبه‌رِوبونه‌وه‌ی په‌كه‌كه‌. پێش به‌رێكه‌وتنی بۆ ئه‌فه‌ریقا، ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆگان، سه‌رۆك وه‌زیرانی توركیا له‌ فرۆكه‌خانه‌ له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا، گفتوگۆكانیانی له‌گه‌ڵ عه‌بدوڵا ئۆجه‌لان، رابه‌ری زیندانیكراوی پارتی كرێكارانی كوردستان پشتراستكرده‌وه‌ و رایگه‌یاند: هه‌وڵده‌ده‌ین سه‌ركه‌وتوبین له‌ تێكۆشان دژی په‌كه‌كه‌، ئه‌وه‌ش قۆناغێك نیه‌ تازه‌ ده‌ستی پێكردبێت، چونكه‌ هه‌مو هه‌وڵێكمان بۆ سه‌ركه‌وتنه‌ به‌سه‌ر په‌كه‌كه‌دا تا وڵات له‌ ئارامیدا بژی.


ڕێکه‌وت: 2013-01-06 16:53:10
به‌شی ( هه‌واڵه‌كانى كوردستان و ئێران و ناوچه‌كه‌(١٧ى به‌فرانبار) )