__ ئه‌گه‌رى ئێعدامى دوو زیندانى سیاسى كورد__ كۆڵبه‌رێكی دیكه‌ی كورد به‌ ته‌قه‌ی هێزه‌ نیزامییه‌كان بریندار كرا__ چالاكێكى كرێكارى له‌ مه‌هاباد ده‌ستبه‌سه‌ر كرا__ مه‌جلیسى رژێم رایگه‌یاند كه‌ به‌ هۆى گه‌مارۆكانه‌وه‌ داهاتى نه‌وتى ئێران نیوه‌ بووه‌__ گه‌مارۆكان: ناوى رژێمى ئاخووندى له‌ پاڵ تاله‌بان و ئه‌لقاعێده‌__ ئێران كار بۆ پێكهێنانی ده‌وڵه‌تێكی شیعه‌ له‌ عێراق ده‌كات__ سووریا: ته‌واوى سه‌رمایه‌گۆزاریه‌كانى رژێمى تاران بوو به‌ هیچ__ بۆ پشتیوانی‌ ئه‌سه‌د، حزبوڵا پێنج هه‌زار جه‌نگاوه‌ر رِه‌وانه‌ی‌ سوریا ده‌كات

ئه‌گه‌رى ئێعدامى دوو زیندانى سیاسى كورد
به‌ پێى راپۆرتى هه‌واڵده‌ریه‌كان، باوكى زانیار و لۆقمان مۆرادى دوو زیندانى سیاسى كورد، ئه‌گه‌رى نزیك بوونى ئێعدامى ئه‌و دوو زیندانیه‌ى راگه‌یاند. ناوبراوو وتى كه‌ پێش نوێژى هه‌ینى مه‌ریوان رۆیشتووه‌ته‌ تاران تاكوو حۆكمى ئێعدامى زانیار و لۆقمان به‌رێوه‌ ببات. حۆكمى ئێعدامى زانیار و لۆقمان له‌ لایه‌ن لقى ١٤ى دیوانى بالاى رژێم په‌سه‌ند كراوه‌ و بۆ به‌رێوه‌بردنى حۆكم نێردراوه‌ و ئه‌گه‌رى ئه‌وه‌ هه‌یه‌ ئه‌و حۆكمه‌ به‌رێوه‌ بچێت.





كۆڵبه‌رێكی دیكه‌ی كورد به‌ ته‌قه‌ی هێزه‌ نیزامییه‌كان بریندار كرا
هێزه‌ نیزامییه‌كانی رژیمى ئێران له‌ نزیك گوندی سه‌رشیوی سه‌رده‌شت ته‌قه‌یان له‌ ده‌سته‌یه‌ك كۆڵبه‌ر كردووه‌ و له‌ ئه‌نجامدا یه‌كێك له‌و كۆڵبه‌رانه‌ به‌ توندی بریندار بووه‌. به‌پێی هه‌واڵی هه‌واڵده‌ریی كوردپا، رۆژی یه‌كشه‌ممه‌ رێكه‌وتی ١٧ی به‌فرانبار كۆڵبه‌رێكی كورد به‌ ناوی "سمكۆ ئه‌حمه‌دی" ته‌مه‌ن ١٨ ساڵ كورِی كه‌ریم و خه‌ڵكی سه‌رده‌شت له‌ ئه‌نجامی ده‌سترِێژی هێزه‌ نیزامییه‌كانی حكوومه‌تی ئیسلامیی ئێران بریندار بوو. ئه‌و كۆڵبه‌ره‌ كورده‌ پاش بریندار بوون بۆ چاره‌سه‌ریی برینه‌كانی ره‌وانه‌ی نه‌خۆشخانه‌ی شاری قه‌ڵادزێی هه‌رێمی كوردستان كراوه‌.






چالاكێكى كرێكارى له‌ مه‌هاباد ده‌ستبه‌سه‌ر كرا
به‌ پێى راپۆرتى كۆمیته‌ى هاوئاهه‌نگى بۆ یارمه‌تى به‌ دانانى ناوه‌نده‌ كرێكاریه‌كان، رۆژى شه‌ممه‌ ١٦ى به‌فرانبارى ١٣٩١ مه‌حه‌مه‌د مه‌ولانایى ئه‌ندامى ئه‌و كۆمیته‌یه‌ بۆ ئیداره‌ى ئیتلاعات بانگهێشت كرا و دواى رۆیشتنى ناوبراوو له‌ سه‌عاتى ١٢ى نیوه‌رۆ بۆ ئیداره‌ى ئیتلاعات تا ئێستا نه‌گه‌راوه‌ته‌وه‌.






مه‌جلیسى رژێم رایگه‌یاند كه‌ به‌ هۆى گه‌مارۆكانه‌وه‌ داهاتى نه‌وتى ئێران نیوه‌ بووه‌
به‌ پێى راپۆرتى وه‌زاره‌تى نه‌وتى رژێم، بانكى ناوه‌ندى و جێگرى رێكارى ناوه‌ندى سه‌رۆك كۆمارى له‌ راپۆرتێكدا له‌ رۆژى یه‌كشه‌ممه‌ ١٧ى به‌فرانبار له‌ كۆبوونه‌وه‌ى كۆمیسیونى به‌رنامه‌و بوجه‌ى مه‌جلیس كه‌م بوونه‌وه‌ى داهاتى ٤٥ له‌سه‌دى نه‌وتى رژێم به‌ هۆى كاریگه‌رى گه‌مارۆكان له‌ ساڵى ١٣٩١ ى راگه‌یاند. غۆلامره‌زا كاتب، وته‌وێژى كۆمیسیونى به‌رنامه‌و بوجه‌ى مه‌جلیس وتى، له‌م كۆبوونه‌وه‌دا به‌رپرسانى ده‌وڵه‌ت كه‌م بوونه‌وه‌ى ٤٥ له‌سه‌دى داهاتى نه‌وت له‌نۆ مانگى سه‌ره‌تاى ئه‌مساڵ له‌ چاو سالى رابردوویان راگه‌یاند. كاتب پێشبینى كرد له‌ سێ مانگى داهاتوو باروودۆخ هه‌ر وا ده‌بێت و باروودۆخ باشتر نابێت. فرۆشى نه‌وتى رژێم به‌ هۆى گه‌مارۆكانه‌وه‌ له‌م ساڵدا به‌ شێوه‌ى به‌رچاو كه‌م بووه‌ته‌وه‌ به‌ شێوه‌ێكه‌ باروودۆخى ئابوورى ئێرانى خستووه‌ته‌ به‌ر مه‌ترسییه‌وه‌.



گه‌مارۆكان: ناوى رژێمى ئاخووندى له‌ پاڵ تاله‌بان و ئه‌لقاعێده‌
به‌ پێى راپۆرتى سایتى عه‌سرى ئێران، ئۆسترالیا له‌ لایه‌ن شۆراى ئه‌منیه‌تى نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كانه‌وه‌ بوو به‌ سه‌رۆكى كۆمیته‌ى چاودێرى گه‌مارۆكانى ئه‌و شۆرایه‌ دژبه‌ رژێمى ئاخووندى، تاله‌بان و ئه‌لقاعێده‌. به‌ پێى ئه‌م راپۆرته‌ به‌رپرسیاره‌تى سه‌ره‌كى ئه‌م كۆمیته‌یه‌، چاودێرى له‌سه‌ر شێوه‌ى به‌رێوه‌ چوونى گه‌مارۆكانى په‌سه‌ند كراوو دژبه‌ ولاتان و ناساندنى پێشێلكه‌رانى ئه‌و گه‌مارۆوانه‌ به‌ شۆراى ئه‌منیه‌ت. باب كار، وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئۆسترالیا وێرِاى ده‌ربرِینى خۆشحالى خۆى له‌ مه‌ر به‌ده‌سته‌وه‌ گرتنى سه‌رۆكایه‌تى ئه‌و شۆرایه‌ وتى، ده‌نگدان به‌ ئۆسترالیا نیشانه‌ى ئیعتمادى كۆمه‌ڵگاى نێونه‌ته‌وه‌ییه‌ به‌ ولاته‌كه‌م. ئۆسترالیا له‌ ساڵى ٢٠١٢ وه‌ك یه‌كێك له‌ ئه‌ندامانى غه‌یره‌ دائيمى شۆراى ئه‌منیه‌ت وه‌ر گیراوه‌. 








ئێران كار بۆ پێكهێنانی ده‌وڵه‌تێكی شیعه‌ له‌ عێراق ده‌كات
سه‌رچاوه‌یه‌كی توركی ئاشكرای ده‌كات، له‌ حاڵه‌تی روخانی رژێمه‌كه‌ی به‌شار ئه‌سه‌د له‌ سوریا، ئێران كار بۆ پێكهێنانی ده‌وڵه‌تێكی شیعه‌ له‌ عێراق ده‌كات، كه‌ ژماره‌یه‌ك پارێزگا له‌ خۆده‌گرێت. ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ كه‌ ناوی ئاشكرا نه‌كراوه‌ به‌ رۆژنامه‌ی (سیاسه‌)ی كوه‌یتی راگه‌یاندوه‌، به‌رپرسانی ئێران پێشنیاری پێكهێنانی ده‌وڵه‌تێكی گه‌وره‌ی شیعه‌یان له‌ عێراق بۆ (هاوپه‌یمانی نیشتیمانی شیعه‌كان) كردوه‌، كه‌ چه‌ند پارێزگایه‌كی عێراق له‌خۆده‌گرێت، ئه‌وانیش نه‌جه‌ف، كه‌ربه‌لا، دیوانیه‌، واست، زیقار، بابل، قادسیه‌و به‌ری ره‌سافه‌ی به‌غدا. ئه‌وه‌شی ئاشكراكردوه‌، نوری مالیكی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق له‌ سه‌رو ئه‌و كه‌سانه‌وه‌یه‌ پشتگیری ئه‌م پرِۆژه‌یه‌ ده‌كه‌ن و پێیوایه‌، روخانی رژێمه‌كه‌ی ئه‌سه‌د، رێگه‌ بۆ پێكهێنانی هاوپه‌یمانێتییه‌كی هه‌رێمی به‌هێز خۆش ده‌كات كه‌ هه‌ریه‌كه‌ له‌ توركیاو میسر و كه‌نداوی عه‌ره‌بی و ئوردن له‌خۆده‌گرێت و هه‌روه‌ها حوكمی نوێی سوریاش، ده‌بێته‌ پشتیوانی سوننه‌كانی عێراق و ئه‌مه‌ش به‌زیانی ئه‌و كۆتایی دێت.





سووریا: ته‌واوى سه‌رمایه‌گۆزاریه‌كانى رژێمى تاران بوو به‌ هیچ
به‌ پێى راپۆرتى گۆڤارى ئه‌مریكایى فارین پالیسى، راپۆرتى ناوه‌نده‌ ئه‌مریكاییه‌كان نیشان ده‌دات كه‌به‌ ده‌سپێكى ناره‌زایه‌تیه‌كان له‌ سووریا، سه‌رمایه‌ گۆزارى ئابوورى گه‌وره‌ى رژێم له‌و ولاته‌ زه‌ربه‌ێكى گه‌وره‌ى به‌ر كه‌وتووه‌. رژێمى تاران سالانێكه‌ سه‌رمایه‌ گۆزارى به‌ربلاو له‌ سووریا ده‌كات و ئه‌و سه‌رمایه‌گۆزاریه‌ له‌ مانگه‌كانى ده‌ستپێكى ناره‌زاییه‌كان له‌ سووریا له‌ مانگى مارسى ٢٠١١ گه‌یشتبووه‌ بانترین رێژه‌ى خۆى. هاوكارى نێوان سووریا و ئێران له‌وه‌ زیاتر بووبوو، ته‌نیا چه‌ند مانگ پێش له‌ ده‌ستپێكى ناره‌زایه‌تیه‌كان، وه‌زیرانى نه‌وتى ئێران، ئێراق و سووریا، رێكه‌وتن نامه‌ی دانانى خه‌تى لووله‌ى گازى هاوبه‌شیان به‌ ئه‌رزشى ١٠ میلیارد دۆلار واژۆ كرد. به‌ پێى ئه‌م راپۆرته‌ گه‌مارۆكانى دژبه‌ سووریا بوو به‌ هۆى ئه‌وه‌ێكه‌ زۆربه‌ى ئه‌و رێكه‌وتننامانه‌ سه‌ر نه‌گرێت و ئێران زه‌ره‌رێكى گه‌وره‌ى لێ بكه‌وێت.






بۆ پشتیوانی‌ ئه‌سه‌د، حزبوڵا پێنج هه‌زار جه‌نگاوه‌ر رِه‌وانه‌ی‌ سوریا ده‌كات

نزیكه‌ی‌ پێنج هه‌زار جه‌نگاوه‌ر له‌ حزبوڵای‌ لوبنان سنوری‌ وڵاته‌كه‌یان تێپه‌رِاندووه‌ و بۆ پاڵپشتیكردنی‌ به‌شار ئه‌سه‌د و شه‌رِه‌كه‌ی‌ دیمه‌شق، چونه‌ته‌ ناو خاكی‌ سوریاوه‌. ئه‌مرِۆ دووشه‌ممه‌، رۆژنامه‌ی‌ " وه‌ته‌ن"ی‌ سعودی‌ بڵاویكردۆته‌وه‌، سه‌رچاوه‌یه‌كی‌ باوه‌رِپێكراو، ئاشكرای‌ كردووه‌، جه‌نگاوه‌ره‌كانی‌ حزبوڵا مانگی‌ رابردوو چونه‌ته‌ ناو خاكی‌ سوریاوه‌، جه‌نگاوه‌ره‌كانیش له‌ چوار كه‌تیبه‌ی‌ پشتیوانی‌ پێكهاتوون و ئه‌وانیش له‌چه‌ند یه‌كه‌یه‌ك پێكدێنن كه‌ هه‌ریه‌كه‌یان به‌لایه‌نی‌ كه‌مه‌وه‌ ١٣٠٠ كه‌س ده‌بن هه‌روه‌ها له‌ماوه‌ی‌ چه‌ند رۆژی‌ رابردوودا نزیكه‌ی‌ ٣٠٠ كه‌س له‌وانه‌ كوژراون.
 سایتی‌ "سكای‌ نیوز" بڵاویكردۆته‌وه‌، به‌شداری‌ كردنی‌ هێزه‌كانی‌ حزبوڵا_ی‌ لوبنانی‌ له‌ كاتێكدایه‌ كه‌ سوپای‌ ئازاد به‌ شێوه‌یه‌كی‌ كوشنده‌ گه‌مارۆی‌ هێزه‌كانی‌ به‌شار ئه‌سه‌د_یان داوه‌ و شه‌رِه‌كه‌یان له‌ ده‌وروبه‌ری‌ دیمه‌شق چرِ كردۆته‌وه‌.





ڕێکه‌وت: 2013-01-07 16:22:51
به‌شی ( هه‌واڵه‌كانى كوردستان و ئێران و ناوچه‌كه‌ (١٨ى به‌فرانبار) )