__ ١٦كارگه‌ی به‌رهه‌مهێنان له‌ پارێزگای كوردستان به‌ره‌و رِووی داخران بوونه‌ته‌وه‌__ ده‌وڵه‌ت ئاماری راسته‌قینه‌ی بێكاری له‌ كرماشان بڵاو ناكاته‌وه‌__ به‌رێوه‌ چوونى مه‌راسمى رۆژى جیهانى مافى مرۆڤ له‌ كرماشان__ خامنه‌یى: به‌رێوه‌چوونى هه‌ڵبژاردنى ئازاد یانى یارمه‌تى دوژمن__ وه‌زیرى پێشوو: گه‌نده‌ڵى ته‌واوى لاشه‌ى ده‌وڵه‌تى گرتووه‌__ نوجێفی: داواكاری لێپرسینه‌وه‌ له‌ مالیكیم پێگه‌یشتوه‌__ ئۆپۆزسیۆنی سوریا پێكهێنانی حكومه‌تی كاتی یه‌كلایی ده‌كاته‌وه‌


١٦كارگه‌ی به‌رهه‌مهێنان له‌ پارێزگای كوردستان به‌ره‌و رِووی داخران بوونه‌ته‌وه‌
زۆربه‌ی كارخانه‌ و كه‌رته‌كانی به‌رهه‌مهێنان له‌ پارێزگای كوردستان به‌هۆی كه‌میی بووجه‌، و نه‌بوونی سه‌رمایه‌ له‌ به‌شی تایبه‌ت و هه‌ڵاوسانی ئابوورییه‌وه‌ داخراون. سه‌ره‌رِاى به‌ڵێنیی به‌رپرسانى رژیمى ئێران له‌مه‌رِ چاره‌سه‌ر كردنی قه‌یرانی بێكاری و دامه‌زراندنی ٢٠ هه‌زار كه‌س له‌ بێكارانی پارێزگای كوردستان، زۆربه‌ی كارگه‌ و به‌شه‌كانى به‌رهه‌م هێنان به‌ره‌ورِووی داخران بوونه‌ته‌وه‌. عه‌باسعه‌لی سه‌فه‌ری" چالاكی كرێكاریی پارێزگای كوردستان به‌ هه‌واڵده‌ریی كاری ئێرانی راگه‌یاندووه‌، له‌ ئستادا ١٦ یه‌كه‌ی به‌رهه‌مهێنانی پارێزگای كوردستان به‌بیانووی جۆراوجۆری وه‌ك كه‌میی بۆدجه‌ و ماده‌ی خاو، نه‌دانی مووچه‌ی كرێكاران له‌به‌ره‌به‌ری داخران دان. هه‌نووكه‌ كارخانه‌كانی رستن و چنین، شاهۆ، خشت سازی، گه‌چی كوردستان تووشی قه‌یرانی ئابووری بوون و له‌ داخران نزیك بوونه‌ته‌وه‌.







ده‌وڵه‌ت ئاماری راسته‌قینه‌ی بێكاری له‌ كرماشان بڵاو ناكاته‌وه‌
به‌ هۆی جێبه‌جێ نه‌كرانی به‌ڵێنییه‌كانی ده‌وڵه‌ت له‌مه‌رِ چاره‌سه‌ریی كێشه‌ی بێكاری له‌ پارێزگای كرماشان، نرخی بیكاری له‌و پارێزگایه‌ رۆژ له‌ دوای رۆژ روو له‌ زیاد بوون ده‌كا و ئه‌و رێژه‌یه‌ش له‌ ئاماره‌ بڵاو كراوه‌كانی ده‌وله‌ت زۆر زیاتره‌. "نێعمه‌ت مه‌نوچێهری" نوێنه‌ری شاره‌كانی پاوه‌، جوانرِۆ سه‌لاس و روانسه‌ر به‌ هه‌واڵده‌ریی ئیسنای راگه‌یاند: به‌ هۆی نه‌بوونی ناوچه‌ی ئازادی بازرگانی و داخرانی ناوچه‌ی سنووریی شۆشمێ، نرخی بێكاری له‌ پارێزگای كرماشان رووی له‌ زیاد بوون كردووه‌ و ده‌وڵه‌تیش له‌و په‌یوه‌ندییه‌دا ئاماری راسته‌قینه‌ ئاشكرا ناكات. ئه‌و نوێنه‌ره‌ی مه‌جلیس نه‌بوونی پلان رێژیی درێژخایه‌ن، نابه‌رپرسیاره‌تیی ده‌وڵه‌ت و لاواز بوونی كه‌رتی تایبه‌تی وه‌ك هۆكاری سه‌ره‌كیی چاره‌سه‌ر نه‌كرانی كێشه‌ی بێكاری له‌ پارێزگای كرماشان له‌ قه‌ڵه‌م دا.  به‌پێی داویین ئامار كه‌ ناوه‌ندی ئاماری ئێران بڵاوی كردۆته‌وه‌، نرخی بێكاری له‌ پارێزگای كرماشان ٢٠.٣% ــه ‌كه‌ ‌له بواری بێكاریدا له‌ناو ٣١ پارێزگادا پاش پارێزگای لورِستان به‌ نرخی بێكاری ٢١.٨%ــه‌وه‌ له‌ پله‌ی دووه‌م دایه‌.






به‌رێوه‌ چوونى مه‌راسمى رۆژى جیهانى مافى مرۆڤ له‌ كرماشان
به‌ پێى راپۆرتى ناوه‌ندى هه‌واڵده‌رى موكریان، كۆبوونه‌وه‌ى مه‌راسمى به‌رز راگرتنى رۆژى جیهانى مافى مرۆڤ له‌ تالارى چاوه‌رێى كرماشان به‌رێوه‌ چوو. به‌ پێى ئه‌م راپۆرته‌، له‌م كۆبوونه‌وه‌دا كه‌ له‌ لایه‌ن كانوونى پارێزه‌رانى پارێزگاى كرماشان له‌گه‌ڵ كۆمیسیونى به‌رگرى له‌ مافى مرۆڤى كرماشان و ئیلام به‌رێوه‌ چوو له‌ سێ چالاكى مافى مرۆڤ ، پرۆفسۆر مۆمتاز ، په‌رویز په‌ره‌ستوویى و به‌همه‌ن په‌روه‌رش، كه‌ له‌سه‌ر باروودۆخى مافى مرۆڤ وبه‌رگرى له‌و مافانه‌ قسه‌یان كرد. له‌ كۆتایى رێوره‌سمه‌كه‌دا به‌ دانى خه‌لات به‌و سێ چالاكه‌ى بوارى مافى مرۆڤ و دانى یه‌كه‌مین ته‌ندیسى مۆرى كانوونى پارێزه‌رانى دادگۆسته‌رى و كۆمیسیونى مافى مرۆڤى كرماشان و ئیلام رێزیان لێ گرتن.






خامنه‌یى: به‌رێوه‌چوونى هه‌ڵبژاردنى ئازاد یانى یارمه‌تى دوژمن
به‌ پێى راپۆرتى هه‌واڵده‌ریه‌كان، خامنه‌یى سه‌ر له‌به‌یانى ئه‌مرۆ له‌ كۆبوونه‌وه‌ى خه‌ڵكى قۆم رایگه‌یاند كه‌ كه‌سانێكه‌ دێنه‌ به‌شی هه‌ڵبژاردنه‌كانه‌وه‌ ده‌بێت له‌ سه‌لاحیه‌تى شۆراى نیگابان ده‌رچن و یاساى ئه‌ساسى ولات به‌رێوه‌ ببه‌ن. خامنه‌یى وتى هه‌میشه‌ ده‌لێن هه‌ڵبژاردنى ئازاد، كامه‌ هه‌ڵبژاردن ئازاد نه‌بووه‌؟ لێكۆلینه‌وه‌كان نیشان ده‌ده‌ن كه‌ دوژمن له‌ سه‌ر ئه‌و هه‌ڵبژاردنانه‌ى كه‌ پێنج مانگیتر به‌رێوه‌ ده‌چێت سه‌رمایه‌گۆزارى كردووه‌ و خه‌ڵكى ئێمه‌ ده‌بێت ئاگا بن و نه‌هێڵن هه‌ڵبژاردنى ئازاد به‌رێوه‌ بچێت.





وه‌زیرى پێشوو: گه‌نده‌ڵى ته‌واوى لاشه‌ى ده‌وڵه‌تى گرتووه‌
به‌ پێى راپۆرتى هه‌واڵده‌رى بازتاب، ئه‌كبه‌ر تۆركان كه‌ بێجگه‌ له‌ به‌رپرسیاره‌تى وه‌زیرى به‌رگرى له‌ ده‌وڵه‌تى ره‌فسه‌نجانى، له‌ ده‌وڵه‌تى نۆهه‌مدا جێگرى وه‌زاره‌تى نه‌وت بووه‌ له‌ كۆبوونه‌وه‌ى ئه‌خلاقى پێشكه‌وتوو له‌ نێو ئه‌ندازیارانى راوێژكار وتى، سێ ئه‌سڵى سه‌ره‌كى كه‌ ده‌بێت بكرێته‌ به‌ردى بناغه‌ىكاره‌كانمان، راستگۆیى، درووستى و به‌جێهێنانى په‌یمانه‌ كه‌ به‌ داخه‌وه‌ ئێستا لاشه‌ى ده‌وڵه‌ت به‌ ته‌واوى پرِ بووه‌ له‌ گه‌نده‌ڵى. له‌ ده‌زگا ده‌وڵه‌تیه‌كان تاكوو به‌رتیل نه‌ده‌یت كاره‌كه‌ت بۆ جێبه‌ جێ ناكه‌ن، له‌ ماوه‌ێكدا ناوى ئه‌م كاره‌ ژێر مێزى بوو به‌لام ئێستا ناوى گۆراوه‌ بۆ سه‌ر مێزى و ئه‌م گه‌نده‌ڵییه‌ له‌ سیسته‌مى برۆكراسیدا بوونى هه‌یه‌. تۆركان وتى، به‌داخه‌وه‌ ده‌بێت بڵیم ئه‌م گه‌نده‌لییه‌ سه‌راسه‌رى بووه‌ و بانك و شاره‌وانى و... هتد نموونه‌ێكن له‌وانه‌,







نوجێفی: داواكاری لێپرسینه‌وه‌ له‌ مالیكیم پێگه‌یشتوه‌
ئوسامه‌ نوجێفی، داواكاری ژماره‌ی یاسایی په‌رله‌مانتارانی پێده‌گات بۆ لێپرسینه‌وه‌ له‌ نوری مالیكی.  نوسینگه‌ی رۆژنامه‌وانی، ئوسامه‌ نوجێفی، سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا رایگه‌یاند: سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌ن داواكاریی ژماره‌یه‌ك په‌رله‌مانتاری پێگه‌یشتوه‌ بۆ لێپرسینه‌وه‌ له‌ نوری مالیكی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراقی بۆ لێپرسینه‌وه‌. راشیگه‌یاندوه‌: داواكارییه‌كه‌ مه‌رجه‌ یاساییه‌كانی تێدایه‌ به‌پێی برِگه‌ی (ج) له‌ ماده‌ی (٦١)ی ده‌ستوری عێراق، كه‌ هه‌ر په‌رله‌مانتارێك به‌ پشتیوانی (٢٥) په‌رله‌مانتاری دیكه‌ داواكارییه‌ك ئاراسته‌ی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران ده‌كات بۆ لێپرسینه‌وه‌ له‌ سه‌رۆك وه‌زیران یان وه‌زیرێك بۆ لێپرسینه‌وه‌ی له‌ بابه‌تێك له‌ تایبه‌تمه‌ندی خۆیان و ناشكرێت لێپرسینه‌وه‌كه‌ ئه‌نجامبدرێت تا حه‌وت رۆژ به‌سه‌ر داواكارییه‌كه‌دا تێپه‌رِنه‌بێت. له‌ كۆبونه‌وه‌ی ئه‌مرِۆی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عێراقدا برِیاردراوه‌ لیژنه‌یه‌كی وزاری بۆ به‌دواداچونی كێشه‌ و داواكاری خۆپیشانده‌رانی پارێزگا سونه‌ نشینه‌كان پێكبهێنرێت. له‌درێژه‌ى كیشه‌كانى وه‌لاتى عێراق پێشنیوه‌رِۆی ئه‌مرِۆ سێشه‌ممه‌، له‌ دانیشتنی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراقدا شه‌رِ و پێكدادان له‌ نێوان ژماره‌یه‌ك له‌ په‌رله‌مانتارانی ده‌وڵه‌تی یاساو ره‌وتی سه‌در رویداو به‌هۆیه‌وه‌، سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانیش دانیشتنه‌كه‌ی هه‌ڵپه‌سارد.






ئۆپۆزسیۆنی سوریا پێكهێنانی حكومه‌تی كاتی یه‌كلایی ده‌كاته‌وه‌
چاوه‌رِوان ده‌كرێت له‌ ماوه‌ی دو هه‌فته‌ی داهاتودا، ئیئتیلافی نیشتیمانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا پێكهێنانی حكومه‌تی كاتی یه‌كلایی بكه‌نه‌وه‌. عه‌لی سه‌در به‌یانونی، ئه‌ندامی ئیئتیلافی نیشتیمانی سوریا به‌ ئاژانسی ئه‌نادۆڵی راگه‌یاندوه‌: له‌ كۆبونه‌وه‌ی داهاتوی ئیئتیلافه‌كه‌دا، كه‌ برِیاره‌ له‌ماوه‌ی هه‌فته‌یه‌ك تا دو هه‌فته‌ی داهاتو له‌ قاهیره‌ی پایته‌ختی میسر ئه‌نجامبدرێت، پرسی پێكهێنانی حكومه‌تی كاتی یه‌كلایی ده‌كه‌ینه‌وه‌. ئه‌وه‌شی وت: تائێستا له‌ كۆبونه‌وه‌كانی ئیئتیلافه‌كه‌دا هیچ ناوێك بۆ سه‌رۆكایه‌تی ئه‌و حكومه‌ته‌ كاتییه‌ پێشنیار نه‌كراوه‌، به‌ڵام له‌ ده‌ره‌وه‌ی كۆبونه‌وه‌كان ناوی ریاز حیجابی سه‌رۆك وه‌زیرانی پێشوی رژێمه‌كه‌ی ئه‌سه‌د باسی لێوه‌ ده‌كرێت. به‌یانونی، كه‌ هاوكات جێگری چاودێری گشتی ئیخوان موسلمینی سوریایه‌، ره‌تیكرده‌وه‌ نارِازی بن به‌رامبه‌ر ریاز حیجاب له‌حاڵه‌تی پێشنیاركردنی له‌كۆبونه‌وه‌ی داهاتوی ئیئتیلافه‌كه‌، وتیشی: سێ پێوه‌رمان ده‌ستنیشان كردوه‌ بۆ دیاریكردنی سه‌رۆكی ئه‌و حكومه‌ته‌ كه‌ له‌ حیجابدا خۆی ده‌بێنێته‌وه‌، ئه‌وانیش له‌ناوخۆی وڵات قبوڵكراو بێت، سه‌ر به‌ رژێم نه‌بێت و توانای ئیداری هه‌بێت. پێشتریش ئیئتیلافی نیشتیمانی له‌ كۆبونه‌وه‌ی ٩ی مانگی رابردویدا كه‌ له‌ قاهیره‌ به‌رِێوه‌چو، برِیاریدا یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی پێكهێنانی حكومه‌تی كاتی دوابخات.








ڕێکه‌وت: 2013-01-08 16:30:16
به‌شی ( هه‌واڵه‌كانى كوردستان و ئێران و ناوچه‌كه‌ (١٩ى به‌فرانبار) )