__ ته‌قینه‌وه‌ی TNT له‌ كۆنه‌ پایه‌گایه‌كی شاری سه‌وڵاوا، بریندار بوونی هاووڵاتییه‌كی لێكه‌وته‌وه‌__ زیندانیانى سیاسی گه‌وهه‌رده‌شت خوازیارى راگرتنى حوكمى ئیعدامى زانیار و لوقمان مورادین__ چالاكێكی دیكه‌ی كرێكاری له‌ مه‌هاباد ده‌ستبه‌سه‌ر كرا__ بانگهێشتى ١١ ئه‌ندامى ئه‌نجۆمه‌نى سینفى مۆعه‌لیمانى كوردستان__ ناره‌زایه‌تى خه‌ڵكى بۆكان له‌ ده‌زگا ده‌وڵه‌تیه‌كان__ مه‌هاباد زۆرترین ئامارى پێكدادانى ماشینى ئازه‌ربایجانى رۆژئاواى هه‌یه‌__ ده‌لاڵێكى بریتانیایی به‌ هۆى قاچاخى چه‌ك و چۆڵ به‌ ئێران مه‌حكووم كرا__ ته‌واوى رێگاكان بۆ شكاندنى گه‌مارۆكانى رژێم داده‌خرێت__ حسابى بانكى خوێندكاره‌ ئێرانیه‌كان له‌ ئه‌مریكا داده‌خرێت__ ته‌مه‌نى تووش بوون به‌ نه‌خۆشى دڵ له‌ ئێران ١٥ ساڵ له‌ خوار ناوه‌ندى ته‌مه‌نى جیهانییه‌__ سوپای ئازاد ٤٨ ئێرانی به‌رامبه‌ر دوو هه‌زار گیراوی مه‌ده‌نی سوری ده‌گۆرِێته‌وه‌__ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران ره‌زامه‌ندی‌ له‌سه‌ر لێپرسینه‌وه‌ له‌گه‌ڵ مالیكی نیشاندا

ته‌قینه‌وه‌ی TNT له‌ كۆنه‌ پایه‌گایه‌كی شاری سه‌وڵاوا، بریندار بوونی هاووڵاتییه‌كی لێكه‌وته‌وه‌
هاووڵاتییه‌كی كورد به‌ هۆی ته‌قینه‌وه‌ی TNT له‌ كۆنه‌ پایه‌گایه‌كی رژیمى ئێران له‌ ناوچه‌ی سه‌وڵاوا، به‌ توندی بریندار بوو. به‌پێی هه‌واڵی هه‌واڵده‌ریی كوردپا، رۆژی دووشه‌ممه‌ رێكه‌وتی ١٨ی به‌فرانبار هاووڵاتییه‌كی كورد به‌ناوی " ره‌حمان ده‌روێشی" كورِی محه‌مه‌د و خه‌ڵكی گوندی ده‌زڵی به‌ هۆی ته‌قینه‌وه‌ی TNT له‌ كۆنه‌ پایه‌گای "شامراوه‌" له‌ نێوان جاده‌ی سه‌وڵاوا – مه‌ریوان به‌ توندی بریندار بووه‌. ئه‌و هاووڵاتییه‌ له‌ پایه‌گای شامراوه‌ سه‌رقاڵی كۆكردنه‌وه‌ی ئاسنه‌واڵه‌ بووه‌ كه‌ ماده‌ی TNT به‌روویدا ته‌قیوه‌ته‌وه‌ له‌ ئه‌نجامدا به‌ توندی بریندار بووه‌ و دواتر بۆ چاره‌سه‌ریی برینه‌كانی ره‌وانه‌ی شاری تاران كراوه‌.






زیندانیانى سیاسی گه‌وهه‌رده‌شت خوازیارى راگرتنى حوكمى ئیعدامى زانیار و لوقمان مورادین
رۆژىدووشه‌ممه‌ ١٨ى به‌فرانبار ٣٦ زیندانى سیاسی له‌ ساڵۆنى ١٢ى زیندانى گه‌وهه‌رده‌شتى كه‌ره‌ج له‌نامه‌یێكدا خوازیارى راگرتنى حوكمى ئیعدامى زانیار و لوقمان مورادین. له‌نامه‌یه‌دا ئاماژه‌ به‌ بێ تاوانى و دانپیانان له‌ ژیچر شكه‌نجه‌ى تاقه‌تپرۆكێن دا كراوه‌. ئه‌و دوو هاوه‌لاتیه‌ كورده‌ زیاتر له‌ ٣ ساڵه‌ له‌ به‌رزه‌خى حوكمى ئیعدام دا به‌سه‌ر ده‌به‌ن. 





چالاكێكی دیكه‌ی كرێكاری له‌ مه‌هاباد ده‌ستبه‌سه‌ر كرا
دوابه‌دوای ده‌ستبه‌سه‌ر كردنی چه‌ندین چالاكی كرێكاری له‌ ناوچه‌ كوردنشینه‌كانی ئێران، ئیداره‌ی ئیتلاعاتی مه‌هاباد چالاكێكی كرێكاریی كوردی خه‌ڵكی ئه‌و شاره‌ی ده‌ستبه‌سه‌ر كرد. ماڵپه‌رِی كۆمیته‌ی هاوئاهه‌نگی بۆ دامه‌زراندنی رێكخراوه‌ كرێكارییه‌كان بڵاوی كرده‌وه‌، سه‌رله‌به‌یانی ئه‌مرِٶ سێ‌شه‌ممه‌ رێكه‌وتی ١٩ی به‌فرانبار چالاكێكی كرێكاریی كورد به‌ناوی "یۆسف ئاب خرابات" خه‌ڵكی شاری مه‌هاباد له‌لایه‌ن ئیداره‌ی ئیتلاعاتی ئه‌و شاره‌وه‌ بانگهێشت و پاش خۆناساندن به‌و ئیداره‌یه‌، ده‌ستبه‌سه‌ر كراوه‌. هه‌تا كاتی بڵاو بوونه‌وه‌ی ئه‌م هه‌واڵه‌ هیچ زانیارییه‌ك له‌مه‌رِ هۆكاری ده‌ستبه‌سه‌ر كردن و چاره‌نووسی ئه‌و چالاكه‌ كرێكارییه‌ له‌به‌ر ده‌ستدا نییه‌.






بانگهێشتى ١١ ئه‌ندامى ئه‌نجۆمه‌نى سینفى مۆعه‌لیمانى كوردستان
به‌ پێىراپۆرتى ناوه‌ندى ئاژانسى هه‌واڵده‌رى موكریان، ١١ ئه‌ندامى ئه‌نجوومه‌نى مۆعه‌لیمانى كوردستان به‌ ناوه‌كانى رامین زه‌ندنیا، به‌ها مۆلكى، په‌یمان نه‌ودینیان، عه‌لى قۆره‌یشى، كه‌ماڵ فه‌كوورى، مۆسته‌فا سه‌ربازان، عێزه‌ت نۆسره‌تى، په‌رویز ناسێحى، مه‌حه‌مه‌د سدێق سادقى، هیوا ئه‌حمه‌دى و ره‌زا وه‌كێلى له‌ لایه‌ن به‌رێوه‌به‌رى حوكمه‌كانى دادگاى شۆرشى سنه‌وه‌ بانگهێشت كراون تاكوو رۆژى چوارشه‌ممه‌ ٢٠ى به‌فرانبار خۆیان به‌و دادگایه‌ بناسێنن. جێگه‌ى باسه‌ كه‌ ئه‌و كه‌سانه‌ سه‌رماوه‌زى ئه‌مساڵ له‌ لایه‌ن لقى یه‌كى دادگاى شۆرشى سنه‌وه‌ به‌ تۆمه‌تى ته‌بلیغ دژبه‌ نیزام، هه‌ر كامه‌یان به‌ چوار مانگ زیندان كه‌ بۆ ماوه‌ى دوو ساڵ هه‌ڵپه‌سێردراوه‌ مه‌حكوم كراون.





ناره‌زایه‌تى خه‌ڵكى بۆكان له‌ ده‌زگا ده‌وڵه‌تیه‌كان
به‌ پێى راپۆرتى ئاژانسى هه‌واڵده‌رى موكریان، جێگرى پارێزگا و سكرتێرى ده‌فته‌رى پشكنین، به‌رێوه‌به‌رى كرده‌وه‌ و كارووبارى مافه‌وانى پارێزگاى ئازه‌ربایجانى رۆژئاوا وتى، خه‌ڵكى بۆكان له‌ دام و ده‌زگا ده‌وڵه‌تیه‌كان نارازین و زۆرترین شكایه‌تى تۆمار كراو له‌ لایه‌ن خه‌ڵكه‌وه‌ له‌ شیركه‌تى گاز، ئاو و فازلاو و شاره‌دارییه‌. نادر سلامه‌ت وتى، ئاسانكارى له‌ بوارى وه‌رگرتنى قه‌رز و داواكارى بۆ پاڵپشتى كردنیان له‌ لایه‌ن كۆمیته‌ى ئیمداد و بێهزیستییه‌وه‌ له‌ داواكارى گه‌وره‌ى خه‌ڵكى بۆكانه‌. سلامه‌ت وتى كه‌ ٩٠ له‌سه‌دى كێشه‌كانى خه‌ڵكى ده‌كرێت له‌ ناوخۆى بۆكاندا چاره‌سه‌ر بكرێت و ١٠ له‌سه‌دى له‌ ناوه‌ندى پارێزگا.






مه‌هاباد زۆرترین ئامارى پێكدادانى ماشینى ئازه‌ربایجانى رۆژئاواى هه‌یه‌
به‌ پێى راپۆرتى ناوه‌ندى هه‌واڵده‌رى موكریان له‌زمان ئیلنا، سه‌رۆكى هاتووچۆى مه‌هاباد رایگه‌یاند، ئه‌مساڵ له‌ رووداوى هاتووچۆ له‌ شارى مه‌هاباد ١٢ كه‌س بوونه‌ته‌ قۆربانى و گیانیان داوه‌. سه‌رهه‌نگ رۆحۆلا حسین زاده‌ وتى، ئامارى رووداوى هاتووچۆ له‌ چاوو ساڵى رابردوو له‌م شاره‌ ١٤. ٤٦ له‌سه‌د زیادى كردووه‌. جێگه‌ى باسه‌ كه‌ شارى مه‌هاباد ٢١٥ هه‌زار كه‌س دانیشتووى هه‌یه‌ كه‌ ١٤٨ هه‌زار كه‌سیان له‌ شارى مه‌هاباد داده‌نیشن.




ده‌لاڵێكى بریتانیایی به‌ هۆى قاچاخى چه‌ك و چۆڵ به‌ ئێران مه‌حكووم كرا
دلاڵێكى بریتانیایی به‌ هۆى قاچاخى چه‌ك و چۆڵ به‌ ئێران مه‌حكووم كرا. ئاسۆشێتدپرێس راپۆتى دا، كریستۆفێر ناپین، قه‌راره‌ رۆژى چوارشه‌ممه‌ له‌ تێگزاز بچێته‌ به‌رده‌م دادوه‌ر. ئه‌و ده‌لاڵه‌ ٦٥ ساڵه‌یه‌ له‌ مانگى نوامبر تاوانى خۆى كه‌ ٣٣ مانگ حوكمى زیندانى به‌دوادا دێ قه‌بوول كردووه‌.





ته‌واوى رێگاكان بۆ شكاندنى گه‌مارۆكانى رژێم داده‌خرێت
به‌ پێى راپۆرتى رادیو ئالمان، به‌ واژۆ كردنى گه‌مارۆى نوێ له‌ لایه‌ن سه‌رۆك كۆمارى ئه‌مریكاوه‌، مامه‌ڵه‌ى نه‌وتى ئێران له‌ به‌رانبه‌ر زێر و باقى كانزا به‌نرخه‌كان قه‌ده‌غه‌ ده‌كرێت. وال ئیستریت جۆرناڵ: ده‌نووسێت، پێداگرى رێبه‌رى ئێران هه‌ستى شیركه‌ته‌كان و خه‌ڵكى ئێرانى خستووه‌ته‌ به‌ر مه‌ترسییه‌وه‌، له‌م باروودۆخه‌دا كه‌ توندیی كاریگه‌رى گه‌مارۆكان له‌سه‌ر ئابوورى ئێران كارناسانى تووشی سه‌رسوورمان كردووه‌، رێبه‌رى ئێران له‌ مامه‌ڵه‌ ناوه‌كیه‌كه‌ى نه‌رمى نیشان نادات.





حسابى بانكى خوێندكاره‌ ئێرانیه‌كان له‌ ئه‌مریكا داده‌خرێت
به‌ پێى راپۆرتى هه‌واڵده‌رى فارس له‌زمان له‌ ئێم پى ئار نیوز، یه‌كێك له‌ بانكه‌كانى ئه‌مریكا له‌ درێژه‌ى به‌رێوه‌بردنى گه‌مارۆكانى یه‌ك لایه‌نه‌ى دژبه‌ رژێمى ئاخووندى، حسابى بانكى خوێندكارانى ئێرانى یه‌كێك له‌ زانكۆكانى ئه‌مریكاى داخستووه‌. به‌ پێى ئه‌م راپۆرته‌، ئه‌م كرده‌وه‌ له‌ حالێكدایه‌ كه‌ ئه‌مریكا گه‌مارۆى توندى دژبه‌ رژێمى ئاخووندى سه‌پاندووه‌. یه‌كێك له‌ وته‌بێژانى وه‌زاره‌تى خه‌زێنه‌دارى ئه‌مریكا وتى، بانكه‌ ئه‌مریكاییه‌كان ناتوانن راسته‌وخۆ له‌گه‌ڵ ئێران مامه‌ڵه‌ بكه‌ن.





ته‌مه‌نى تووش بوون به‌ نه‌خۆشى دڵ له‌ ئێران ١٥ ساڵ له‌ خوار ناوه‌ندى ته‌مه‌نى جیهانییه‌
به‌ پێى راپۆرتى هه‌واڵده‌رى حكومه‌تى مێهر، پسپۆرێكى جه‌راحى دڵ كه‌ تا ئێستا زیاتر له‌ هه‌زار عه‌مه‌ڵى جه‌راحى دڵى كردووه‌ وتى، به‌ هۆكارى جۆراوجۆر ناوه‌ندى ته‌مه‌نى تووش بوون به‌ نه‌خۆشى دڵ له‌ ئێران ١٠ تا ١٥ ساڵ خوارتر له‌ ناوه‌ندى ته‌مه‌نى جیهانییه‌. دكتۆر سه‌عید سالكى رایگه‌یاند، له‌ پارێزگا باكوورییه‌كان ئه‌م نه‌خۆشینه‌ زۆرتره‌ به‌لام خه‌ڵك ده‌بێت هه‌ستیارى زۆرتر له‌مه‌رِ نه‌خۆشى دڵ له‌ خۆیان نیشان بده‌ن.







سوپای ئازاد ٤٨ ئێرانی به‌رامبه‌ر دوو هه‌زار گیراوی مه‌ده‌نی سوری ده‌گۆرِێته‌وه‌

شه‌ویرابرد‌وو هێزه‌كانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا ٤٨ ئێرانی ئازاد ده‌كه‌ن له‌ به‌رامبه‌ر ئازادكردنی دوو هه‌زار و ١٣٠ زیندانی مه‌ده‌نی، كه‌ له‌ناویاندا هاوڵاتی توركیشی تێدایه‌، ته‌له‌فیزیۆنی ره‌سمیی ئێران-یش هه‌واڵه‌كه‌ پشترِاست ده‌كاته‌وه‌. ئاژانسی هه‌واڵی (ئه‌نادۆڵ)ی توركی بڵاوی كرد‌ووه‌ته‌وه‌، شه‌وی رابرد‌وو له‌ دیمه‌شقی پایته‌ختی سوریا، له‌ ماوه‌یه‌كی كورتدا و به‌ناوه‌ندگیری رێكخراوی هاریكاری مرۆیی (IHH) هێزه‌كانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا ٤٨ ده‌سگیركراوی ئێرانییان ئازاد كرد‌ووه‌، كه‌ پێشتر ده‌ستگیركرابوون، له‌به‌رامبه‌ریشدا حكومه‌تی به‌شار ئه‌سه‌د دوو هه‌زار و ١٣٠ زیندانیی مه‌ده‌نی ئازاد كرد‌ووه‌ كه‌ له‌ناویاندا هاوڵاتی توركیشی تێدایه‌.







ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران ره‌زامه‌ندی‌ له‌سه‌ر لێپرسینه‌وه‌ له‌گه‌ڵ مالیكی نیشاندا
سه‌رۆكایه‌تی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران، ره‌زامه‌ندی‌ نیشاندا له‌سه‌ر لێپرسینه‌وه‌ له‌گه‌ڵ نوری‌ مالیكی، برِیارده‌ری‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانیش، رایده‌گه‌یه‌نێت، ئه‌گه‌ر له‌ كاتی‌ لێپرسینه‌وه‌ ‌و وه‌ڵامدانه‌وه‌یدا، ئه‌ندامانی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران متمانه‌یان به‌ وه‌ڵامه‌كه‌ی‌ مالیكی نه‌بوو، ده‌توانرێت ده‌نگ له‌سه‌ر وه‌رگرتنه‌وه‌ی‌ متمانه‌ له‌ سه‌رۆكی‌ حكومه‌ت، بدرێت.  له‌ لایێكى دیكه‌وه‌  به‌شێوه‌یه‌كی مه‌بده‌ئی‌، ئه‌مرِۆ له‌ دانیشتنی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران، ده‌نگ له‌سه‌ر پرۆژه‌یاسای ده‌ستنیشانكردنی‌ ویلایه‌تی‌  سێ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ی‌ عیراق، درا، به‌پێی پرۆژه‌یاساكه‌ش، نوری‌ مالیكی بۆ خولی‌ داهاتوو ناتوانێت پۆستی‌ سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیران، وه‌ربگرێته‌وه‌.



ڕێکه‌وت: 2013-01-09 15:23:56
به‌شی ( هه‌واڵه‌كانى كوردستان و ئێران و ناوچه‌كه‌ (٢٠ى به‌فرانبار) )