__ هێزه‌ ئیتلاعاتییه‌كان چالاكێكی مه‌ده‌نیی كوردیان له‌ شاری "دێولان" ده‌ستبه‌سه‌ر كرد__ شیركه‌تی نه‌سری كوردستان ٤٠ كه‌س له‌ كرێكارانی خۆی له‌سه‌ر كار ده‌ركرد__ كۆشتنى ٢٢٠ سه‌ر ئاژه‌ڵى بارهه‌ڵگر له‌ شارى بانه‌__ رێژه‌ى بێكارى له‌ كرماشان زیادى كردووه‌__ یه‌مه‌ن سه‌باره‌ت به‌ ده‌ستیًَوه‌ردانه‌كانى رژیمى ئاخوندى له‌كاروبارى وه‌لاته‌كه‌ى وریایی دا__ سیخۆره‌كانى رژیمى ئاخوندى له‌ ئۆتریش__ گواستنه‌وه‌ى كه‌ل و په‌لى دژه‌ ئاسمانى رووسى له‌ سووریاوه‌ بۆ ئێران__ گه‌مارۆى نوێى ئۆسترالیا دژبه‌ رژێمى ئاخووندى__ زیاد بوونى ٣٠٠ له‌ سه‌د نرخى پێداویستى ساختمانى__ تیرۆرى سێ ژنى چالاكى كوردى نزیك به‌ پ ك ك له‌ پاریس

هێزه‌ ئیتلاعاتییه‌كان چالاكێكی مه‌ده‌نیی كوردیان له‌ شاری "دێولان" ده‌ستبه‌سه‌ر كرد
چالاكێكی مه‌ده‌نیی كورد له‌ لایه‌ن ئیداره‌ی ئیتلاعاتی شاری دێولانه‌وه‌ ده‌ستبه‌سه‌ر كرا. به‌پێی هه‌واڵی هه‌واڵده‌ریی كوردپا، سه‌رله‌ به‌یانی رۆژى چوارشه‌ممه‌ رێكه‌وتی ٢٠ی به‌فرانبار چالاكێكی مه‌ده‌نی به‌ ناوی "سیروان حوسێن په‌ناهی" ته‌مه‌ن ٢٤ ساڵ و خه‌ڵكی گوندی "قوروچا" له‌لایه‌ن هێزه‌ ئیتلاعاتییه‌كانی حكوومه‌تی ئێرانه‌وه‌ له‌ ماڵی باوكی خۆی له‌و گونده‌ ده‌ستبه‌سه‌ر كراوه‌ و بۆ شوێنێكی نادیاریان راگواستووه‌. هێزه‌ ئیتلاعاتییه‌كان به‌ چوار ماشینه‌وه‌ هێزی چه‌كداره‌وه‌ چوونه‌ته‌ گوندی "قورِوچا" و وێرِای پشكنینی ماڵی ئه‌و هاووڵاتییه‌، ده‌ستیان به‌سه‌ر سه‌رجه‌م كه‌لوپه‌له‌ شه‌خسییه‌كانی "سیروان حوسێن په‌ناهی"شدا گرتووه‌.






شیركه‌تی نه‌سری كوردستان ٤٠ كه‌س له‌ كرێكارانی خۆی له‌سه‌ر كار ده‌ركرد
شیركه‌تی نه‌سری كوردستان ٤٠ كه‌س له‌ كرێكارانی خۆی ده‌ركردووه‌ و هه‌رِه‌شه‌ی ده‌ركردن له‌ كرێكارانی دیكه‌ی خۆی كردووه‌. ماڵپه‌رِی كۆمیته‌ی هاوئاهه‌نگی بۆ دامه‌زراندنی رێكخراوه‌ كرێكارییه‌كان له‌ هه‌واڵێكدا بڵاوی كرده‌وه‌، رۆژی چوارشه‌ممه‌ رێكه‌وتی ٢٠ی به‌فرانبار به‌رپرسانی شیركه‌تی "جیهاد نه‌سر"ی كوردستان ٤٠ كه‌س له‌ كرێكارانی ئه‌و شیركه‌ته‌یان به‌ بیانووی نه‌بوونی بۆدجه‌ له‌سه‌ر كار ده‌ركردووه‌. ئه‌و شیركه‌ته‌ سه‌ربه‌ سپای پاسدارانی حكوومه‌تی ئیسلامیی ئێرانه‌ و به‌ كرێكاران رایانگه‌یاندووه‌ كه‌له‌ ئه‌گه‌ری نارِه‌زایه‌تی ده‌ربرِینیان له‌سه‌ر كار ده‌رده‌كرێن. له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ ئه‌و كرێكارانه‌ رایانگه‌یاندووه‌ كه‌ ئه‌گه‌ر به‌رپرسانی ئه‌و شیركه‌ته‌ گوێ له‌ داواكانیان نه‌گرن هاورِێ له‌گه‌ڵ بنه‌ماڵه‌كانیان له‌به‌ر ده‌ركه‌ی ئه‌و شیركه‌ته‌ له‌ شاری سنه‌ كۆ ده‌بنه‌وه‌ و ده‌ست ئه‌ده‌نه‌ نارِه‌زایه‌تی ده‌ربرِین.





كۆشتنى ٢٢٠ سه‌ر ئاژه‌ڵى بارهه‌ڵگر له‌ شارى بانه‌
به‌ پێى راپۆرتى ناوه‌ندى هه‌واڵده‌رى موكریان، مۆحسن بیگله‌رى نوێنه‌رى شاره‌كانى سه‌قز و بانه‌ له‌ مه‌جلیس رایگه‌یاند، هیچ ئینسانێكى عاقڵ حاشا له‌ دژایه‌تى له‌گه‌ڵ قاچاخ ناكات، به‌لام درووس كردنى كه‌ش و هه‌واێكى ترسناك و ته‌قاندنى هه‌زاران فیشه‌ك كه‌ بوو به‌ هۆى كوشتنى ٢٢٠ سه‌ر ئاژه‌ڵى بارهه‌ڵگر له‌ شارى بانه‌ مه‌نته‌قى و یاسایى نییه‌. ئه‌وه‌ باشتر و ئینسانیتر نه‌بوو كه‌ به‌ جێگاى كۆشتنى ئه‌و ئاژه‌لانه‌، ته‌نیا باره‌ قاچاخه‌كانیان بگرتاێت. نوێنه‌رى سه‌قز و بانه‌ وتى، ئه‌م بابه‌ته‌ بووه‌ به‌ هۆى ناره‌زایه‌تى خه‌ڵكى ناوچه‌كه‌، له‌ حالێكدا فه‌رماندارى بانه‌ كه‌ سه‌رۆكى شۆراى دابین كردن و گه‌وره‌ترین به‌رپرسى ده‌وڵه‌ت له‌ شارى بانه‌یه‌ ده‌لێت ئاگادارى ئه‌و كاره‌ نه‌بووم. بۆیه‌ ئێستا ده‌بێت وه‌زاره‌تى ولات له‌ مه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌ و بۆ روون كردنه‌وه‌ى بیروراى گشتى روون كردنه‌وه‌ بدات.




رێژه‌ى بێكارى له‌ كرماشان زیادى كردووه‌
به‌ پێى راپۆرتى هه‌واڵده‌رى ئیلنا، ئاماره‌كان ده‌ریده‌خه‌ن كه‌ رێژه‌ى بێكارى له‌ پارێزگاى كرماشان له‌ چاوو سالانى رابردوو زیادى كردووه‌، به‌ پێى ئه‌م راپۆرته‌، رێژه‌ى بێكارى پارێزگاى كرماشان، ١،١٤ له‌سه‌د راگه‌ێندرِاوه‌ كه‌ له‌ چاوو ساڵى رابردوو ٤،٢ له‌سه‌د زیادى كردووه‌. هه‌ر له‌م پێوه‌نده‌دا نێعمه‌ت مه‌نووچهرى نوێنه‌رى خه‌ڵكى پاوه‌ و هه‌ورامان له‌ مه‌جلیس به‌ شكه‌وه‌ سه‌یرى ئه‌م ئاماره‌ ده‌كات و ده‌لێت، رێژه‌ى بێكارى له‌ كرماشان زۆرتر له‌ وه‌یه‌ كه‌ راگه‌ێندراوه‌ و ده‌وڵه‌ت به‌ به‌لێنه‌كانى پابه‌ند نه‌بووه‌.




یه‌مه‌ن سه‌باره‌ت به‌ ده‌ستیًَوه‌ردانه‌كانى رژیمى ئاخوندى له‌كاروبارى وه‌لاته‌كه‌ى وریایی دا
دوكتور ئه‌لئه‌حمه‌دى سه‌رۆكى ئه‌منیه‌تى یه‌مه‌ن ووتى: رژیمى ئێران به‌ پشتیوانى له‌ گرووپه‌ جیاییخوازه‌كان له‌ كاروبارى یه‌مه‌ن ده‌ستێوه‌ردان ده‌كا. ئه‌و كرده‌وانه‌ى رژیمى ئێران له‌مپه‌رێكى گه‌وره‌یه‌ له‌ به‌رده‌م به‌رێوه‌چوونى كۆنفرانسی ووتووێژى نه‌ته‌وه‌یی و ناهێڵێ ده‌سپێشخه‌رییه‌كانى وه‌لاتانى كه‌نداوى فارس و یه‌كێتى ئورووپا بۆ چاره‌سه‌رى كێشه‌كان جێبه‌جێ بێ. نابراو داواى ده‌ست هه‌ڵگرتنى ئه‌و سیاسه‌ته‌ چه‌وته‌ى له‌ رژیمى ئێران كرد. 





سیخۆره‌كانى رژیمى ئاخوندى له‌ ئۆتریش
رۆژنامه‌ى دى پرێس چاپی ئۆتریش راپۆرتى دا، ویه‌ن پر بووه‌ له‌ سیخۆره‌كانى رژیمى ئێران. هێندێك له‌و سیخۆرانه‌ ئێرانین و هێندێكیان عێراقین. كارناسانى ئه‌منیه‌تى له‌وباوه‌ره‌ن كه‌ سیخۆره‌كانى رژیمى ئێران له‌ ویه‌ن ده‌گاته‌ ١٠٠ كه‌س. كارى ئه‌وان سه‌ره‌رِاى چاودێرى نه‌یارانى ده‌روه‌ى وه‌لاتى رژیمى ئاخوند و یان فشار خستنه‌ سه‌ریانه‌، به‌ڵكو كارى بازدان به‌سه‌ر گه‌مارۆ ئابوورییه‌كان و شۆردنه‌وه‌ى پووڵیش ده‌كه‌ن. 





گواستنه‌وه‌ى كه‌ل و په‌لى دژه‌ ئاسمانى رووسى له‌ سووریاوه‌ بۆ ئێران
به‌ پێى راپۆرتى رادیو فه‌رانسه‌، رۆژنامه‌ى فیگارۆ نوسیویه‌، ئه‌وه‌یكه‌ ئه‌مرۆ نیگه‌رانى ولاتانى رۆژئاوایى له‌ مه‌ر رژێمى تاران زیاتر كردووه‌ هه‌واڵێكه‌ كه‌ له‌ لایه‌ن سازمانه‌ ئیتلاعاتیه‌كانه‌وه‌ بلاو كراوه‌ته‌وه‌. به‌ پێى ئه‌م راپۆرته‌، ئه‌و فرۆكانه‌ى كه‌ له‌ ئێرانه‌وه‌ چه‌ك و چۆڵیان بۆ سووریا ده‌برد باره‌كه‌یان خالى ده‌كرد و ده‌گه‌رِانه‌وه‌، به‌لام له‌ماوه‌ى رابردوو ئه‌م فرۆكانه‌ كه‌ل و په‌لى مووشه‌كى رووسى كه‌ له‌ سامانه‌ى دژه‌ ئاسمانى پێشكه‌وتوو به‌كار دێت به‌ ناوى ئێس ئا ١٧ به‌ مه‌به‌ستى ئێران ده‌گوێزنه‌وه‌. به‌ پێى نووسراوى رۆژنامه‌ى فیگارۆ، رژێمى ئێران پێشتر خوازیارى كینى مووشه‌كى ئێس ٣٠٠ بوو له‌ رووسیا كه‌ رووسیا فرۆشتبووى به‌ ئێران به‌لام تا ئێستا ته‌حوێلى نه‌دابوو. تاران ده‌یه‌وێت له‌م مووشه‌كانه‌ بۆ پاراستنى دامه‌زراوه‌ ناوه‌كیه‌كانى خۆى كه‌ڵك وه‌ر بگرێت.





گه‌مارۆى نوێى ئۆسترالیا دژبه‌ رژێمى ئاخووندى
به‌ پێى راپۆرتى ده‌نگى ئه‌مریكا، ئۆسترالیا گه‌مارۆكانى دژبه‌ رژێمى تاران توندتر كرده‌وه‌، باب كار، وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئۆسترالیا، رۆژى پێنج شه‌ممه‌ رایگه‌یاند،گه‌مارۆ نوێیه‌كان به‌شه‌كانى ماڵى، بازرگانى، وزه‌ و گواستنه‌وه‌ى رژێم له‌ خۆ ده‌گرێت، به‌ وته‌ى باب كار، ئه‌م گه‌مارۆانه‌ فشارى زیاتر ده‌خاته‌ سه‌ر رژێمى ئاخووندى تاكوو به‌ به‌لێنه‌كانى خۆى له‌مه‌ر قه‌ده‌غه‌ كردنى چه‌ك و چۆلى ناوه‌كى و هه‌روه‌ها بریاره‌كانى شۆراى ئه‌منیه‌تى نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان پابه‌ند بێت و به‌ جێدى برِواته‌ ناو وتووێژه‌كانه‌وه‌.









زیاد بوونى ٣٠٠ له‌ سه‌د نرخى پێداویستى ساختمانى
سه‌رۆكى ئه‌نجۆمه‌نى ساختمان سازى ئێران له‌ وتووێژ له‌گه‌ڵ ئیلنا رایگه‌یاند، نرخى پێداویستى بینا سازى ٣٠٠ له‌سه‌د زیادى كردووه‌ و به‌م پێیه‌ ده‌بێت نرخى هه‌ر مه‌تر واحێدی نیشته‌جێ بوون ٥٠٠ هه‌زار تمه‌ن زیاد بكرێت كه‌ بۆ هه‌ر واحێدێكى ٦٠ مه‌ترى نیشته‌جى بوون ١٠ تا ١٢ میلیون نرخى زیاد ده‌كات






تیرۆرى سێ ژنى چالاكى كوردى نزیك به‌ پ ك ك له‌ پاریس
به‌ پێى راپۆرتى هه‌واڵده‌رى فه‌رانسه‌ له‌ پاریس، پۆلیسى فه‌رانسه‌ رایگه‌یاند، سه‌ر له‌ به‌یانى ئه‌مرۆ پێنج شه‌ممه‌ لاشه‌ى سێ ژنه‌ چالاكى كورد له‌ جاده‌ى لافایت له‌ ناوچه‌ى ده‌ى پاریس دۆزراوه‌ته‌وه‌ كه‌ هه‌ر كامه‌یان به‌ به‌ركه‌وتنى فیشه‌كێك به‌ مێشكیانه‌وه‌ كوژراون. مانۆئێل والس، وه‌زیرى ولاتى فه‌رانسه‌ كه‌ رۆیشتبووه‌ شوێنى تیرۆره‌كه‌ وتى، ئێستا زووه‌ كه‌ له‌مه‌ر ئه‌و قه‌تلانه‌ قسه‌ بكه‌ین ده‌بێت لێكۆلینه‌وه‌ى پێویست بكرێت. به‌ پێى وته‌ى هه‌واڵده‌ریه‌كان، ئه‌و سێ ژنه‌ له‌ دامه‌زرێنه‌رانى حێزبى كرێكارانى كوردستان بوون. هێندێك له‌ چالاكانى كورد له‌ پاریس، ده‌وڵه‌تى تركیا به‌ ئه‌نجامده‌رى ئه‌و تیرۆره‌ ده‌زانن.


ڕێکه‌وت: 2013-01-10 17:10:29
به‌شی ( هه‌واڵه‌كانى كوردستان و ئێران و ناوچه‌كه‌ (٢١ى به‌فرانبار) )