__ كۆبوونه‌وه‌ى بنه‌ماڵه‌ى زیندانیانى سیاسى كۆرد له‌ شارى مه‌هاباد__ بارینى به‌فر رێگاى هاتووچۆى ٧٠٠ گۆندى كوردستانى داخست__ پشتراست كردنه‌وه‌ى حوكمى ئێعدامى پێنج چالاكى عه‌ره‌بى ئێرانى له‌ لایه‌ن دیوانى بالاى ئێرانه‌وه‌__ فه‌رانسه‌: رژێمى تاران له‌مه‌ر وتووێژ له‌گه‌ڵ ٥+١ ولام بداته‌وه‌__ ئه‌گه‌رى ئه‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ رژێمه‌كانى ئێران و سووریا له‌ تیرۆره‌كانى پاریس ده‌ستیان هه‌بێت__ فه‌رمانده‌ى پۆلیسى دۆبه‌ى: ئێران و ئیخوانولموسلمین بۆ ناوچه‌كه‌ مه‌ترسیدارن__ گویل : باسی‌ تیرۆركردنی‌ سێ‌ چالاكوانه‌كه‌ی‌ "په‌كه‌كه‌" ده‌كات
__ سوریا؛ رژێم كوشتارگه‌یه‌كی نوێی ئه‌نجامداو ئۆپۆزسیۆنیش فرِۆكه‌خانه‌یه‌ك ده‌گرێت


كۆبوونه‌وه‌ى بنه‌ماڵه‌ى زیندانیانى سیاسى كۆرد له‌ شارى مه‌هاباد
به‌ پێىراپۆرتى سه‌رچاوه‌ ئاگاداره‌كان، رۆژى چوارشه‌ممه‌ ٢٠ى به‌فرانبار كۆمه‌ڵێك له‌ بنه‌ماڵه‌ى زیندانیانى سیاسى كورد له‌ به‌رانبه‌ر ئیداره‌ى ئیتلاعاتى رژێم له‌ شارى مه‌هاباد كۆبوونه‌وه‌ێكى ناره‌زایه‌تییان ساز كرد. ئه‌و بنه‌مالانه‌ خوازیارى ئازاد كردنى سێ كه‌س له‌ زیندانیانى ده‌ستبه‌سه‌ر كراو به‌ ناوه‌كانى مه‌حه‌مه‌د مه‌ولانایى، واحێدسه‌یده‌ و یۆسف ئاب خه‌رابات بوون. هێزه‌كانى وه‌زاره‌تى ئیتلاعات كه‌ له‌و كۆبوونه‌وه‌ هه‌راسان ببون كه‌وتنه‌ هه‌ره‌شه‌ كردن له‌و بنه‌مالانه‌ به‌ مه‌به‌ستى كۆتایى هێنان به‌ ناره‌زایه‌تییه‌كانیان.






بارینى به‌فر رێگاى هاتووچۆى ٧٠٠ گۆندى كوردستانى داخست
به‌ پێى راپۆرتى ناوه‌ندى هه‌واڵده‌رى موكریان، بارینى زۆرى به‌فر كه‌ له‌ رۆژى رابردوو ده‌ستى به‌ بارین كردووه‌  و ئێستایش درێژه‌ى هه‌یه‌،، رێگه‌ى سه‌ره‌كى ٧٠٠ گۆندى شاره‌كانى سه‌قز، بانه‌، دیوانده‌ره‌ و مه‌ریوانى به‌ هۆى رێژه‌ى بارینى زۆرى به‌فره‌وه‌ داخراوه‌. هه‌روه‌ها فه‌خرى فه‌رماندارى سه‌قز رایگه‌یاند، زیاتر له‌ ٤٠٠ موسافیر كه‌ له‌ ناو به‌فردا گیریان كردبوو دوێنێ شه‌و له‌ مزگه‌وته‌كانى شارى سه‌قز نیشته‌جێ كراون و زیاتر له‌ ٦٠٠ موسافیر له‌ مزگه‌وتى گۆندى ئێرانخا له‌سه‌ر جاده‌ى سه‌ره‌كى سنه‌ سه‌قز نیشته‌جێ بوون. به‌ پێى ئه‌م راپۆرته‌ زۆرترین رێژه‌ى بارینى به‌فر له‌ بانه‌دا بووه‌ به‌ ٦٨ سانتى مه‌تر، له‌ پارێزگاى كوردستان ١٧٠٠ گۆند هه‌یه‌.




پشتراست كردنه‌وه‌ى حوكمى ئێعدامى پێنج چالاكى عه‌ره‌بى ئێرانى له‌ لایه‌ن دیوانى بالاى ئێرانه‌وه‌
به‌ پێى راپۆرتى هه‌واڵده‌ریه‌كان، دیوانى بالاى رژێمى ئاخووندى ئێران، حوكمى ئێعدامى پێنج كه‌س له‌ چالاكانى سیاسى عه‌ره‌بى ئێرانى كه‌ له‌ رێكه‌وتى ١٧، ٤، ١٣٩١ له‌ لایه‌ن لقى دووى دادگاى شۆرشى ئه‌هوازه‌وه‌ به‌ تۆمه‌تى دژایه‌تى له‌گه‌ڵ خوا و ته‌بلیغ دژبه‌ نیزام و كرده‌وه‌ دژبه‌ ئه‌منیه‌تى نه‌ته‌وه‌یى مه‌حكوم كرابوون پشتراست كرده‌وه‌. به‌ پێى وته‌ى بنه‌ماڵه‌ى ئه‌و مه‌حكووم به‌ ئێعدامانه‌، ته‌نیا تاوانى ئه‌وان چالاكى فه‌رهه‌نگى ئاشتیخوازانه‌ له‌ ناوچه‌ عه‌ره‌ب نشینه‌كان بووه‌.





فه‌رانسه‌: رژێمى تاران له‌مه‌ر وتووێژ له‌گه‌ڵ ٥+١ ولام بداته‌وه‌
به‌ پێى راپۆرتى هه‌واڵده‌رى سایتى عه‌سرى ئێران به‌ گێرِانه‌وه‌ له‌ هه‌واڵده‌رى ره‌سمى كویت، سه‌رچاوه‌ ره‌سمییه‌كان له‌ فه‌رانسه‌ رایانگه‌یاند، كه‌ ئه‌و ولاتاته‌ خوازیاره‌ رژێمى تاران هه‌رچى زووتر ولامى پێشنیاره‌كانى ٥+١ بداته‌وه‌ له‌مه‌ر شوێن و كاتى به‌رێوه‌ بردنى وتووێژه‌كان. فیلیپ لادیو، وته‌وێژى وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى فه‌رانسه‌ وتى، ئێمه‌ له‌ پاڵ هاوپه‌یمانانى خۆمان له‌ ٥+١ خوازیارى ولامى زووى رژێمى ئێرانین و ده‌بێت ئه‌م وتووێژانه‌ بێ قه‌ید و مه‌رج و به‌ لێكۆلینه‌وه‌ى لێكۆڵه‌وه‌رانى ئاژانس له‌ دامه‌زراوه‌ ناوه‌كیه‌كانى رژێم كۆتایى پێ بێت.





ئه‌گه‌رى ئه‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ رژێمه‌كانى ئێران و سووریا له‌ تیرۆره‌كانى پاریس ده‌ستیان هه‌بێت
به‌ پێى راپۆرتى رادیو فه‌رانسه‌،هێندێك له‌ كارناسانى تۆرك به‌ ئاماژه‌ به‌ دوژمنى رژێمى ئاخووندى و به‌شارئه‌سه‌د له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تى تركیا و هه‌روه‌ها كورده‌كان، باوه‌ریان وایه‌ كه‌ ئه‌گه‌رى ئه‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ رژێمى ئێران یان ده‌وڵه‌تى سووریا له‌و تیرۆرانه‌دا ده‌ستیان هه‌بێت. ئه‌مره‌ ئۆسلوو، یه‌كێك له‌ ئه‌ندامانى پێشووى پۆلیسى دژه‌ تیرۆرى تركیا له‌ مه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌ ووتى، ئاشتى نێوان تركیا و كورده‌كان، ده‌بێته‌ هۆى سه‌رلێ شێواوى بۆ ده‌وڵه‌تانى ئێران و سووریا. ده‌وڵه‌تى تركیا و زۆربه‌ى كارناسانى تۆرك، هۆكارى تیرۆرى سێ ژنه‌ چالاكوانى كورد له‌ پاریس بۆ به‌ لارێدابردنى وتووێژه‌كانى نێوان ده‌وڵه‌تى تركیا و عه‌بدولا ئۆجالان رێبه‌رى پارتى كرێكارانى كوردستان ده‌زانن. پارتى كرێكارانى كوردستان به‌ رێبه‌رى عه‌بدولا ئۆجالان له‌ ساڵى ١٩٨٤ له‌گه‌ڵ تركیا به‌ شێوه‌ى چه‌كدارى خه‌بات ده‌كات كه‌ تا ئێستا ٤٥ هه‌زار كوژراوى لێكه‌وتووه‌ته‌وه‌.





فه‌رمانده‌ى پۆلیسى دۆبه‌ى: ئێران و ئیخوانولموسلمین بۆ ناوچه‌كه‌ مه‌ترسیدارن
زاحى خه‌ڵفان، سه‌رۆكى پۆلیسى دۆبه‌ى له‌ وتووێژ له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌ى شه‌رقولئه‌وسه‌ت رایگه‌یاند، ئێران و ئیخوانولموسلمین به‌ شوێن هه‌نارده‌ كردنى شۆرشه‌كانیانه‌وه‌ن. ناوبراوو وتى، ئێران ده‌لێت گه‌لاڵه‌ ناوه‌كیه‌كانمان ئاشتى خوازانه‌یه‌، به‌لام زانیاریه‌كان ده‌رخه‌رى ئه‌و راستییه‌ن كه‌ رژێمى تاران چالاكیه‌ ناوه‌كیه‌كه‌ى به‌ مه‌به‌ستى به‌ ده‌ست هێنانى چه‌كى ناوه‌كییه‌ و له‌ كارووبارى ولاتانى دیكه‌ ده‌ستێوه‌ردان ده‌كات و به‌ شوێن كێشه‌ نانه‌وه‌ى مه‌زهه‌بییه‌. خه‌ڵفان وتى، به‌م پێیه‌ ده‌لێم ئێران و ئیخوانولموسلمین یه‌كێكن و هه‌ر دووكیان به‌ شوێن هه‌نارده‌كردنى شۆرشه‌كانیانه‌وه‌ن.





گویل : باسی‌ تیرۆركردنی‌ سێ‌ چالاكوانه‌كه‌ی‌ "په‌كه‌كه‌" ده‌كات

 سه‌رۆكی‌ توركیا رایگه‌یاند: ئاشكراكردنی‌ ورده‌كاری‌ كوشتنی‌ سێ‌ چالاكوانه‌كه‌ كورده‌كه‌ له‌ پاریسی‌ پایته‌ختی‌ فه‌ره‌نسا چه‌ند رۆژێكی‌ ده‌وێت و وڵاته‌كه‌شی‌ سووره‌ له‌سه‌ر كۆتاییهێنان به‌ كێشه‌ی‌ كورد و هه‌موو رێگه‌یه‌ك ده‌گرێته‌به‌ر. ئه‌مرِۆ عه‌بدوڵا گویل سه‌رۆكی‌ توركیا له‌میانی‌ سه‌ردانێكدا بۆ ویلایه‌تی‌ ئوشاك له‌ ناوه‌رِاستی‌ ئه‌نازۆڵ‌، له‌ لێدوانێكدا بۆ رۆژنامه‌نووسان وتی‌: "هه‌ر شتێك سه‌باره‌ت به‌ رووداوی‌ كوشتنی‌ سێ‌ چالاكوانه‌ كورده‌كه‌ له‌ پاریس ده‌وترێت ته‌نها پێشبینییه‌ و زانینیی‌ راستییه‌كان چه‌ند رۆژێكی‌ ده‌وێت".دوو رۆژ له‌مه‌وبه‌ر كه‌سانێكی نه‌ناسراو، په‌لاماری نوسینگه‌ی راگه‌یاندنی كوردستان له‌ ناوچه‌ی (Gare du Nord) یان دا و ساكینه‌ جانسز، ئه‌ندامی ده‌سته‌ی دامه‌زرێنه‌ری پارتی كرێكاران و سیاسه‌تمه‌داری كورد، فیدان دۆغان نوێنه‌ری كۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی كوردستان KNK له‌ پاریس، كچێكی دیكه‌ش به‌ناوی له‌یلا سۆیله‌مه‌زه‌ كوژران".







سوریا؛ رژێم كوشتارگه‌یه‌كی نوێی ئه‌نجامداو ئۆپۆزسیۆنیش فرِۆكه‌خانه‌یه‌ك ده‌گرێت
هێزه‌كانی رژێمی سوریا كوشتارگه‌یه‌كی نوێیان ئه‌نجامداو هێزه‌كانی ئۆپۆزسیۆنیش ده‌ستیان به‌سه‌ر فرِۆكه‌خانه‌یه‌كی سه‌ربازیدا گرت.تۆرِی سوری بۆ مافه‌كانی مرۆڤ له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا ئاماژه‌ی به‌وه‌دا، دوێنێ هێزه‌كانی رژێم به‌ خه‌ستی بۆردومانی چه‌ند ناوچه‌یه‌كی سه‌ر به‌ ریفی حه‌سه‌كه‌یان كردوه‌و له‌ ئه‌نجامدا، له‌ گوندی (هول) ٤٠ كه‌س كوژراون كه‌ زۆرینه‌یان ئافره‌ت و منداڵ بوه‌و ١٢٠ كه‌سی دیكه‌ش برینداربون.هه‌ر دوێنێ له‌ چه‌ند ناوچه‌یه‌كی پێكدادان له‌نێوان هێزه‌كانی رژێم و سوپای ئازادی سوریادا رویدا، هاوكات ١٦ كه‌سی تر له‌ ناوچه‌كانی دیمه‌شق و ریفی دیمه‌شق به‌ گوله‌ی هێزه‌كانی ئه‌سه‌د كوژران. له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌، سوپای ئازادی سوریا رایگه‌یاند، ده‌ستیانگرتوه‌ به‌سه‌ر فرِۆكه‌خانه‌ی‌ ته‌فته‌نازی‌ سه‌ربازیدا له‌ پارێزگای‌ ئیدلب له‌باكوری‌ سوریاو توانیویانه‌، ١٣ ئه‌ندامی هێزه‌كانی رژێمیش ده‌ستگیر بكه‌ن، كه‌ له‌ناویاندا چه‌ند ئه‌فسه‌رێكی تێدایه‌.


ڕێکه‌وت: 2013-01-11 16:28:43
به‌شی ( هه‌واڵه‌كانى كوردستان و ئێران و ناوچه‌كه‌(٢٢ى به‌فرانبار) )