__ ده‌ستبه‌سه‌ر كردنى مۆعه‌لمێكى كورد له‌ شنۆ__ گۆلی ورمێ له‌ داهاتوویه‌كی نزیكدا له‌ ناو ده‌چێت
__ ته‌بعیدى زیندانى سیاسى كورد بۆ زیندانى ره‌جایى شار__ ئێسپانیا: ده‌ست به‌سه‌ردا گرتنى بارێكى كه‌ل و په‌لى ئه‌تۆمى ئێران__ پێنج زیندانى سیاسى له‌ به‌ر مه‌ترسى ئێعدامدان__ نۆلاند: نیگه‌رانى باروودۆخى دوو شارۆمه‌ندى ئه‌مریكایى زیندانكراو له‌ ئێرانین__ ئێران له‌ پله‌ى ١٧١ى ولاتان له‌ چاو ئازادى ئابوورى__ نه‌تانیاهوو: له‌ ده‌وڵه‌تى دوایى ناهێلم ئێران ده‌ستى بگات به‌ چه‌كى ناوه‌كى__ پۆلیسی فه‌ره‌نسا ئه‌نجامی لێكۆڵینه‌وه‌ی سه‌ره‌تایی تیرۆركردنی سێ سیاسه‌تمه‌داره‌كه‌ی كورد راده‌گه‌یه‌نێت__ ژماره‌ی ئاواره‌كانی سوریا ٦٠٠ هه‌زار كه‌س تێده‌په‌رِێنێت

ده‌ستبه‌سه‌ر كردنى مۆعه‌لمێكى كورد له‌ شنۆ
به‌ پێى راپۆرتى ناوه‌ندى هه‌واڵده‌رى موكریان، ئازاد ره‌سووڵ نژاد مۆعه‌لم و خوێندكارى كارناسى ئه‌رشه‌دى مافى نێونه‌ته‌وه‌یى زانكۆى مه‌راغه‌، رۆژى ٢٤ى خه‌زه‌ڵوه‌رى ئه‌مساڵ له‌ لایه‌ن حه‌راسه‌تى ئیداره‌ى راهێنان و بارهێنانى شنۆ بانگهێشت كرا و دواى رۆیشتن بۆ ئه‌و ئیداره‌یه‌ ده‌ستبه‌سه‌ر كراوو بۆ گرتووخانه‌ى ئیداره‌ى ئیتلاعاتى ئه‌و شاره‌ گوازرایه‌وه‌. به‌ پێى ئه‌م راپۆرته‌، تۆمه‌تى ره‌سووڵ نژاد كه‌ دواى چه‌ند رۆژ بۆ ئیداره‌ى ئیتلاعاتى ورمێ گوازرایه‌وه‌، ئه‌منیه‌تییه‌. جێگه‌ى باسه‌ كه‌ رۆژى سێ شه‌ممه‌ سایتى موكریان رایگه‌یاند كه‌ ١١ ئه‌ندامى ئه‌نجۆمه‌نى سینفى مۆعه‌لمانى كوردستان له‌ لایه‌ن به‌رێوه‌به‌رى حوكمه‌كانى دادگاى شۆرشى سنه‌وه‌ بانگهێشت كراون.





گۆلی ورمێ له‌ داهاتوویه‌كی نزیكدا له‌ ناو ده‌چێت

گۆلی ورمێ به‌ هۆی كه‌مته‌ر خه‌می و پێرِانه‌گه‌یشتنی پێویست له‌ داهاتوویه‌كی نزیكدا به‌ ئێجگاری له‌ ناو ده‌چێت. نادر قازی‌پوور نوێنه‌ری خه‌ڵكی ورمێ به‌ ماڵپه‌رِی فه‌رمیی مه‌جلیس راگه‌یاند: گۆلی ورمێ له‌ ئێستادا له‌به‌ره‌به‌ری له‌ ناوچوونی یه‌كجاره‌كی دایه‌ و ٥٠ گوندی ده‌وروبه‌ری ئه‌و گۆله‌ به‌ ناچاری ماڵ و شوێنی ژیانی خۆیان به‌جێهێشتووه‌ و تێچووی راگواستنی گونده‌كانی ده‌وروبه‌ری ئه‌و گۆله‌ ٢٥ هه‌زار ملیارد تمه‌ن تێچوو هه‌ڵده‌گرێت. ئه‌و نوێنه‌ره‌ی مه‌جلیس ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، كه‌ ئه‌گه‌ر كه‌مته‌رخه‌می به‌رپرسان له‌مه‌رِ گۆلی ورمێ به‌م شێوه‌یه‌ درێژه‌ی هه‌بێت له‌ماوه‌یه‌كی نزیكدا ئه‌و گۆله‌ به‌ ته‌واوه‌تی له‌ ناو ده‌چێت كه‌ زیان و پاشهاته‌ه‌كانی به‌ سه‌دان ملیارد دۆلار قه‌ره‌بوو ناكرێنه‌وه‌. قازی‌پوور ئه‌وه‌شی خسته‌رِوو، كه‌ به‌ هۆی نابه‌رپرسیاره‌تیی به‌رپرسان و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان، ئاستی ئاوی گۆلی ورمێ رۆژ له‌ دوای رۆژ روو له‌ كه‌می ده‌كا و له‌ داهاتوویه‌كی نزیكدا به‌ ته‌واوه‌تی له‌ ناو ده‌چێت و ده‌بێ چاوه‌رِوانی تۆفانی خوێ له‌و ناوچه‌یه‌ بین. گۆلی ورمێ ماوه‌ی چه‌ندین ساڵه‌ له‌گه‌ڵ قه‌یرانی كه‌م ئاوی به‌ره‌ورِوو بۆته‌وه‌ و به‌ شێوه‌یه‌ك هه‌تا ئێستا زیاتر له‌ ٦٥%ی ئاوی ئه‌و گۆله‌ وشك بووه‌.






ته‌بعیدى زیندانى سیاسى كورد بۆ زیندانى ره‌جایى شار
به‌ پێى راپۆرتى هه‌واڵده‌رى هێرانا، سمكۆ خلقه‌تى زیندانى سیاسى ٣٢ ساڵه‌ى كورد خه‌ڵكى شارى مه‌هاباد كه‌ به‌ تۆمه‌تى كرده‌وه‌ دژ به‌ ئه‌منیه‌تى نه‌ته‌وه‌یى له‌ رێگاى سیخورى بۆ حێزبێكى نه‌یارى كوردستانى به‌ ١٥ ساڵ زیندان مه‌حكوم كرابوو، رۆژى پێنج شه‌ممه‌ ٢١ى به‌فرانبار له‌ به‌ندى ٣٥٠ى ئه‌وینه‌وه‌ بۆ سالۆنى ١٢ى به‌ندى ٤ى زیندانى ره‌جایى شار گوازرایه‌وه‌. ئه‌م زیندانیه‌ سیاسیه‌ كه‌ له‌ ساڵى ١٣٨٨ له‌ ئه‌راك ده‌ستبه‌سه‌ر كرابوو دواى ماوه‌ێك بۆ به‌ندى ٢٠٩ى زیندانى ئه‌وین گوازرایه‌وه‌ و له‌وێ خرایه‌ ژێر فشارێكى زۆر بۆ ئیعترافى ته‌له‌فزیونى.






ئێسپانیا: ده‌ست به‌سه‌ردا گرتنى بارێكى كه‌ل و په‌لى ئه‌تۆمى ئێران
به‌ پێى راپۆرتى ئاسۆشێتدپرێس، وه‌زاره‌تى ولاتى ئێسپانیا به‌ ده‌ركردنى به‌یاننامه‌ێك رایگه‌یاند، هێزه‌كانى ئێسپانیا ترێلیێك كه‌ كه‌ل و په‌لى ئه‌تۆمى پێ بوو له‌ جاده‌ى باكوورى شارى درانگۆ له‌ لایه‌ن هێزه‌كانى ئه‌و ولاته‌وه‌ راگیراو و دواى لێكۆلینه‌وه‌ ده‌ركه‌وت كه‌ له‌ ناو كه‌ل و په‌له‌كانیدا ٤٤ شێرى درووست كراو له‌ ئالیاژێكى تایبه‌ت و پێداویستیه‌كانى كه‌ له‌ پیشه‌ى ئه‌تۆمى به‌كار ده‌هێنرێت به‌ مه‌به‌ستى ئێران بارگیرى كرابوو. كه‌ له‌م په‌یوه‌نده‌دا دوو كه‌س ده‌ستبه‌سه‌ر كراون. یه‌كیه‌تى رۆژئاوا و ئه‌مریكا به‌ مه‌به‌ستى به‌ربه‌ست نانه‌وه‌ له‌ پێشكه‌وتنى به‌رنامه‌ ئه‌تۆمیه‌كه‌ى رژێمى ئێران، له‌ پاڵ سه‌پاندنى گه‌مارۆى توند، چاودێرى و لێكۆلینه‌وه‌ له‌ كه‌ل و په‌لى هه‌نارده‌كراو بۆ ئێرانى توندتر كردووه‌ته‌وه‌.






پێنج زیندانى سیاسى له‌ به‌ر مه‌ترسى ئێعدامدان
به‌ پێى راپۆرتى ئاسمان ده‌یلى نیوز، له‌ چالاكانى مافى مرۆڤ له‌ ئه‌هواز، حوكمى ئێعدامى پێنج زیندانى سیاسى به‌ ناوه‌كانى هاشم شه‌عبانى نژاد، هادى راشدى، مه‌حه‌مه‌د عه‌لى عه‌مورى، سه‌ى بایر ئالبوشووكه‌ و براكه‌ى سه‌ى مۆختار ئالبوشووكه‌، دانیشتووى رامشیر كه‌ پێشتر له‌ ساڵى ٢٠١١ له‌ لایه‌ن وه‌زاره‌تى ئیتلاعاته‌وه‌ ده‌ستبه‌سه‌ر كرابوون، له‌ دوو رۆژى رابردوو حوكمى ئێعدامیان له‌ لایه‌ن دیوانى بالاى ئێرانه‌وه‌ پێ راگه‌ێندراوه‌. ده‌وترێ ئه‌م حوكمه‌ له‌ حالێكدا ده‌رچووه‌ كه‌ ئه‌و پێنج زیندانییه‌ له‌ كۆبوونه‌وه‌كانى دادگا وێرِاى ره‌ددانه‌وه‌ى تۆمه‌ته‌كه‌یان، دان پێدانانى خۆیان له‌ لاى هێزه‌ ئه‌منیه‌تیه‌كان به‌ زۆرى شكه‌نجه‌ و فشار باس لێكردووه‌.






نۆلاند: نیگه‌رانى باروودۆخى دوو شارۆمه‌ندى ئه‌مریكایى زیندانكراو له‌ ئێرانین
به‌ پێى راپۆرتى رادیو فه‌ردا، وته‌بێژى وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مریكا رۆژى هه‌ینى ٢٢ى به‌فرانبار، رایگه‌یاند كه‌ ئه‌مریكا به‌ شێوه‌ى جێددى نیگه‌رانى بارودۆخى ئه‌میر حیكمه‌تى و سه‌عیدى عابدینى، دوو شارۆمه‌ندى ئه‌مریكایى به‌ ره‌گه‌ز ئێرانى ، زیندانى له‌ ئێرانه‌. ویكتۆریا نۆلاند، داواى له‌ رژێمى ئاخووندى كرد تاكوو به‌ به‌رپرسانى باڵوێزخانه‌ى سوئیس، نوێنه‌رى به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانى ئه‌مریكا له‌ ئێران، ئیزنى چاوپێكه‌وتن له‌گه‌ڵ ئه‌و دوو زیندانییه‌ بدات.





ئێران له‌ پله‌ى ١٧١ى ولاتان له‌ چاو ئازادى ئابوورى
به‌ پێىراپۆرتى رادیو فه‌ردا، له‌ پله‌ به‌ندى ساڵى ٢٠١٢ى ولاتان له‌ مه‌ر ئازادى ئابوورى، كه‌ به‌م نوێیانه‌ له‌ ئه‌مریكا بلاو بووه‌ته‌وه‌، ئێران له‌ نێوان ١٧٧ ولات، له‌ پله‌ى ١٦٨ى و له‌ ناو ولاتانى داخراو جێى گرتووه‌. ساڵى ٢٠١٢، ئێران له‌ نێوان ١٧٩ ولات، له‌ پله‌ى ١٧١ جێى گرتووه‌. له‌م ئاماره‌ كه‌ هه‌ر ساڵه‌ له‌ لایه‌ن رۆژنامه‌ى واڵ ئێستریت جۆرناڵ و ناوه‌ندى غه‌یره‌ ده‌وڵه‌تى هه‌ریتچ، ئاماده‌ ده‌كرێت،  ١٠ ولات له‌ مه‌ر ئابوورى وه‌ك ولاتانى داخراو له‌ چاو كه‌مترین ئازادى دیارى كراون كه‌ ئێران له‌ سه‌ره‌وه‌ى ئه‌و ریزبه‌ندییه‌دا جێى گرتووه‌.





نه‌تانیاهوو: له‌ ده‌وڵه‌تى دوایى ناهێلم ئێران ده‌ستى بگات به‌ چه‌كى ناوه‌كى
به‌ پێى راپۆرتى هه‌واڵده‌ری ئاسۆ شه‌یتدپرس،، بنیامین نه‌تانیاهوو، سه‌رۆك وه‌زیرى ئیسرائیل رۆژى هه‌ینى، ٢٢ى به‌فرانبار، له‌ چاوپێكه‌وتنى له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵێك له‌ سه‌ناتۆره‌كانى ئه‌مریكا كه‌ رۆیشتوونه‌ته‌ ئیسرائل دوپاتى كرده‌وه‌ كه‌ له‌ ده‌وڵه‌تى دواییدا، پێرِاگه‌یشتن به‌ قه‌یرانى ناوه‌كى ئێران له‌ ده‌ستوورى سه‌ره‌كیدا ده‌بێت و ووتى ناهێڵم ئێران ده‌ستى بگات به‌ چه‌كى ناوه‌كى. رێبه‌رى هه‌یئه‌تى سه‌ناتۆره‌كانى میوان، میشل مه‌ك كانل، وێرِاى پشتیوانى له‌ ئیسرائیل وتى، ئیسرائیل و ئه‌مریكا به‌رژه‌وه‌ندى هاوبه‌شیان له‌ ناوچه‌كه‌ هه‌یه‌ و پێكه‌وه‌ بۆ پاراستنى ئه‌و به‌رژه‌وه‌ندییانه‌ تێده‌كۆشن.






پۆلیسی فه‌ره‌نسا ئه‌نجامی لێكۆڵینه‌وه‌ی سه‌ره‌تایی تیرۆركردنی سێ سیاسه‌تمه‌داره‌كه‌ی كورد راده‌گه‌یه‌نێت
ئێواره‌ی دوێنێ پۆلیسی فه‌ره‌نسا كه‌سوكاری سێ ژنه‌ سیاسه‌تمه‌داره‌كه‌ی كوردی بانگهێشتی پزیشكی دادوه‌ری كرد و رونكردنه‌وه‌یه‌كی ئاراسته‌ كردن، كه‌ لێكۆڵینه‌وه‌ی سه‌ره‌تاییه‌ ده‌رباره‌ی تیرۆركردنی ئه‌و ژنه‌ سیاسه‌تمه‌دارانه‌. به‌ پێی لێكۆڵینه‌وه‌ سه‌ره‌تاییه‌كانی پۆلیسی فه‌ره‌نسا ده‌ركه‌وتوه‌، تیرۆركردنه‌كه‌ له‌ سه‌عات ٦:٠٠ بۆ ٧:٠٠ی ئێواره‌ی ٩ی كانون ئه‌نجامدراوه‌، هاوكات ١٢ قه‌وانی خاڵی له‌ شوێنی روداوه‌كه‌دا دۆزراوه‌ته‌وه‌. پۆلیسی فه‌ره‌نسا ئه‌وه‌شی خستوه‌ته‌رِو، كه‌ سه‌كینه‌ چانسز چوارفیشه‌كی به‌ركه‌وتوه‌ و هه‌ریه‌ك له‌ فیدان دۆغان و له‌یلا شایلمه‌زیش سێ فیشه‌كیان به‌ركه‌وتوه‌. به‌ پێی ئه‌نجامی ئه‌و لێكۆڵینه‌وه‌یه‌ی پۆلیسی فه‌ره‌نسا، روداوه‌كه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی شاره‌زایانه‌ ئه‌نجامدراوه‌ و كه‌سێك زیاتر به‌و كاره‌ هه‌ستاوه‌. هاوكات پۆلیسی فه‌ره‌نسا ته‌ئكیدیكردوه‌ته‌وه‌، كه‌ ئه‌وه‌ دوا ئه‌نجام نیه‌ و هێشتا لێكۆڵینه‌وه‌كان به‌رده‌وامن.






ژماره‌ی ئاواره‌كانی سوریا ٦٠٠ هه‌زار كه‌س تێده‌په‌رِێنێت
له‌ ماوه‌ی ته‌نها مانگێكدا زیاتر له‌ ١٠٠ هه‌زار هاوڵاتی سوری ئاواره‌بون و به‌وه‌ش ژماره‌ی ئاواره‌كانی سوریا له‌ وڵاتانی دراوسێ و باكوری ئه‌فریقیا ٦٠٠ هه‌زار كه‌س تێپه‌رِ ده‌كات. كۆمسیۆنی باڵای په‌نابه‌رانی سه‌ر به‌ نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتوه‌كان رایگه‌یاندوه‌، له‌ ئێستادا ٦١٢ هه‌زار و ١٣٤ هاوڵاتی سوری به‌هۆی توندتیژی و بارودۆخی وڵاته‌كه‌یانه‌وه‌ ئاواره‌ی وڵاتانی دراوسێ و باكوری ئه‌فریقیا بون و ناویان له‌و وڵاتانه‌ تۆماركراوه‌.
ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه‌ تاوه‌كو رۆژی ١١ی كانونی یه‌كه‌می ساڵی ٢٠١٢، ته‌نها ٥٠٩ هه‌زار ئاواره‌ تۆمار كرابون. ئاماژه‌ی به‌وه‌شداوه‌، زیاتر له‌ ٢٠٠ هه‌زار ئاواره‌ له‌ لوبنان تۆمار كراون، زیاتر له‌ ١٥٣ هه‌زار له‌ توركیا، ٦٩ هه‌زار كه‌س له‌ عێراق، ١٣ هه‌زار له‌ میسر و زیاتر له‌ پێنج هه‌زار ئاواره‌ش له‌ باكوری ئه‌فریقیا تۆمار كراون.هه‌ر به‌پێی ئاماره‌كانی كۆمسیۆنی باڵای په‌نابه‌ران، ١٧٦ هه‌زار و ٦٠٠ ئاواره‌ له‌ ئوردن تۆماركراون، ته‌ئكیدی له‌وه‌شكردوه‌ته‌وه‌ ئه‌و وڵاته‌ توانای له‌خۆگرتنی نزیكه‌ی ٢٨٠ هه‌زار ئاواره‌ی دیكه‌ی هه‌یه‌. كۆبونه‌وه‌ی نێوان ئه‌مه‌ریكا و روسیا و نێرده‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتوه‌كان بێ هیچ ئه‌نجامێك كۆتایی هات و روسیاش پێداگری له‌سه‌ر چاره‌سه‌ری سیاسی ده‌كات.


ڕێکه‌وت: 2013-01-12 16:34:51
به‌شی ( هه‌واڵه‌كانى كوردستان و ئێران و ناوچه‌كه‌(٢٣ى به‌فرانبار) )