__ كچ و ژنێك له‌ روانسه‌ر ئاگریان له‌ جه‌سته‌ی خۆیان به‌ردا__ كۆمیته‌ى نێونه‌ته‌وه‌یى دژبه‌ ئێعدام، شارى مه‌ریوان بۆ رزگار كردنى لۆقمان و زانیار مۆرادى ده‌ستیان دایه‌ مانگرتن__ زیندانییه‌كی سیاسیی كورد پاش ٥ مانگ له ته‌واو بوونی حوكمه‌كه‌ی هێشتا له‌ زینداندا ماوه‌ته‌وه‌__ گۆلى ورمێ له‌ حاڵ له‌ ناووچووندایه‌__ ئه‌مریكا: رژێمى تاران ده‌وڵه‌تێكى پشتیوانى ترۆریسمه‌__ رژێمى تاران به‌ هۆى مووشه‌كه‌كانى پاتریۆته‌وه‌ هه‌ره‌شه‌ى له‌ ولاتانى ناوچه‌كه‌ كرد
__ راگرتنى فرينى فرۆكه‌وانى دوو شیركه‌تى رۆژئاوایى بۆ ئێران__ په‌رله‌مانتارێكی‌ توركیا: ئێران و مۆساد له‌ پشت تیرۆركردنی‌ سێ چالاكوانه‌ كورده‌كه‌ن

كچ و ژنێك له‌ روانسه‌ر ئاگریان له‌ جه‌سته‌ی خۆیان به‌ردا
له‌ ٢ گوندی سه‌ر به‌شاری روانسه‌ر ٢ ژن ئاگریان له‌ جه‌سته‌ی خۆیان به‌ر داوه‌ و به‌و هۆیه‌وه‌ كه‌سێكیان به‌ توندی بریندار و كه‌سێكی دیكه‌شیان له‌ ئه‌نجامدا گیانی له‌ده‌ست داوه‌. به‌پێێ هه‌واڵی هه‌واڵده‌ریی كوردپا، چه‌ند رۆژ پێش ئێستا كچێك به‌ ناوی"له‌یلا به‌راری" ته‌مه‌ن ٢٤ ساڵ خه‌ڵكی گوندی "دێ سوور"ی سه‌ر به‌ شاری روانسه‌ر و به‌ هۆی سه‌ختیی باری ژیان، ئاگری له‌ جه‌سته‌ی خۆی به‌رداوه‌ و له‌ ئه‌نجامدا بووه‌ته‌ هۆی گیان له‌ده‌ست دانی. ژنێكی دیكه‌ش به‌ ناوی "ره‌عنا عه‌بدی" ته‌مه‌ن ٤٢ ساڵ خه‌ڵكی "بناوه‌ چكۆ"ی سه‌ر به‌ روانسه‌ر به‌ هۆی ناله‌باریی دۆخی ژیانی ئاگری له‌ جه‌سته‌ی خۆی به‌رداوه‌ و به‌و هۆیه‌وه‌ به‌ توندی تووشی سووتان بووه‌ و دواتر بۆ چاره‌سه‌ریی برینه‌كانی ره‌وانه‌ی نه‌خۆشخانه‌ی ئه‌و شاره‌ كراوه‌. هه‌تا كاتی گه‌یشتنی ئه‌م هه‌واڵه‌ له‌مه‌رِ جێگیر بوونی باری ته‌ندروستی ره‌عنا عه‌بدی هیچ زانیارییه‌ك له‌به‌ر ده‌ستدا نییه‌.





كۆمیته‌ى نێونه‌ته‌وه‌یى دژبه‌ ئێعدام، شارى مه‌ریوان بۆ رزگار كردنى لۆقمان و زانیار مۆرادى ده‌ستیان دایه‌ مانگرتن
به‌ پێى ئه‌و هه‌والانه‌ى له‌سه‌ر ئینترنێت بلاو بووه‌ته‌وه‌، كومیته‌ى نێونه‌ته‌وه‌یى دژبه‌ ئێعدام شارى مه‌ریوان له‌ سه‌عات ٣ى دوانیوه‌رۆى رۆژى شه‌مه‌ ده‌ستیان داوه‌ته‌ مانگرتن بۆ رزگار كردنى زانیار و لۆقمان مۆرادى، به‌ پێى ئه‌و هه‌والانه‌، شار حاڵه‌تى داخراوى به‌ خۆ گرتبوو و دووكانه‌كان له‌ ته‌واوى شار داخرابوون. خه‌ڵكى مه‌ریوان وێرِاى هه‌ره‌شه‌ و هه‌وڵى هێزه‌ ئه‌منیه‌تیه‌كانى رژێم مانگرتنه‌كه‌ى خۆیان كردارى كرد. به‌ پێى ئه‌م راپۆرته‌، له‌ جاده‌ى كۆمارى، شاره‌كى پێشه‌سازى، بلوارى ره‌ساڵه‌ت، مه‌یدانى جه‌هاد، دووكانه‌كان و پاساژه‌كان و بازار به‌ ته‌واوى داخرابوون.




زیندانییه‌كی سیاسیی كورد پاش ٥ مانگ له ته‌واو بوونی حوكمه‌كه‌ی هێشتا له‌ زینداندا ماوه‌ته‌وه‌
زیندانییه‌كی سیاسیی كورد پاش تێپه‌رِاندنی ١٦ ساڵ زیندانی و ته‌واو بوونی حوكمه‌كه‌ی، ماوه‌ی زیاتر له‌ ٥ مانگه‌ له‌ زیندانی "ره‌جایی شاری كه‌ره‌ج"دا راگیراوه‌. به‌پێێ هه‌واڵی هه‌واڵده‌ریی كوردپا، "ئیبراهیم حوسێن‌پوور" زیندانیی سیاسیی كورد پاش تێپه‌رِاندنی ١٦ ساڵ زیندانی، ماوه‌ی زیاتر له‌ ٥ مانگه‌ حوكمه‌كه‌ی ته‌واو بووه‌ كه‌ به‌ بیانووی ون بوونی دۆسیه‌كه‌ی هه‌تا ئێستا له‌ زینداندا راگیراوه‌. ماوه‌ی ٥ مانگ پێش ئیستا حوكمی ئازادیی "ئیبراهیم حوسێن‌پوور" له‌لایه‌ن دادگای شۆرِشی شاری مه‌هاباده‌وه‌ ره‌وانه‌ی زیندانی ره‌جایی شاری كه‌ره‌ج كراوه‌، به‌ڵام به‌رپرسانی ئه‌و زیندانه‌ به‌بیانووی ون بوونی دۆسیه‌كه‌ی، خۆ له‌ ئازاد كردنی ده‌بوێرن. راگیرانی ئه‌و زیندانییه‌ سیاسییه‌ له‌ كاتێك دایه‌ كه‌ باری ته‌ندروستی ناجێگیره‌ و به‌هۆی ئه‌شكه‌نجه‌وه‌ لاق، رێخۆڵه‌ و سییه‌كانی تووشی چڵك كردن بوون و پێویسته‌ بۆ چاره‌سه‌ریی پزیشكی ره‌وانه‌ی ده‌ره‌وه‌ی زیندان بكرێت. ئیبراهیم حوسێن پوور سه‌ره‌تای مانگی گه‌لاوێژی ساڵی ١٣٧٥ی هه‌تاوی له‌ شاری مه‌هاباد ده‌ستبه‌سه‌ر و دواتر له‌لایه‌ن دادگای شۆرِشی شاری مه‌هاباد به‌ سه‌رۆكایه‌تی دادوه‌ر "عه‌باس‌زاده‌" به‌ تاوانی ئه‌ندامه‌تی له‌ حیزبێكی كوردی ئۆپۆزسیۆن به‌ ١٦ ساڵ زیندان حوكم درا كه‌ ئه‌و حوكمه‌ له‌لایه‌ن دادگای پێداچوونه‌ و دیوانی به‌رزی وڵاته‌وه‌ پژرِاست كراوه‌ته‌وه‌.



گۆلى ورمێ له‌ حاڵ له‌ ناووچووندایه‌
به‌ پێى راپۆرتى سایتى دیگه‌ربان، سایتى ره‌سمى مه‌جلیس رۆژى شه‌ممه‌ ٢٣ى به‌فرانبار، به‌ هۆشدارى له‌ مه‌ر وشك بوونى ته‌واوى گۆلى ورمێ، له‌ خاڵى كردنى دانیشتوانى ٥٠ گۆندى ده‌وروو به‌رى ئه‌و گۆله‌ هه‌واڵى داوو وتى، هه‌زینه‌ى گواستنه‌وه‌ى خه‌ڵكى ئه‌و ناوچه‌یه‌ ٢٥ هه‌زار میلیارد تمه‌نه‌. قازیپوور رایگه‌یاندووه‌ كه‌ ئه‌گه‌ر هه‌ر وا له‌ كێشه‌ى گۆلى ورمێ ئاور نه‌درێته‌وه‌ ئه‌و گۆله‌ به‌ ته‌واوى وشك ده‌بێت و ده‌بێ چاوه‌روانى گه‌رده‌لوولى خۆێ له‌ ئێراندا بین. گۆلى ورمێ سالانێكه‌ له‌گه ل  قه‌یرانى كه‌م ئاوى به‌ره‌وو روو بووه‌ته‌وه‌ و به‌ پێى راپۆرته‌ ره‌سمییه‌كان ٦٥ له‌سه‌د ئاوى ئه‌و گۆله‌ كم بووه‌ته‌وه‌.




ئه‌مریكا: رژێمى تاران ده‌وڵه‌تێكى پشتیوانى ترۆریسمه‌
به‌ پێى راپۆرتى رۆژنامه‌ى واشنگتۆن تایمز، وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مریكا له‌ مه‌ترسیه‌كانى رژێمى تارانى له‌ ئه‌مریكاى لاتین لێكۆلینه‌وه‌ ده‌كات. به‌رپرسانى وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ ده‌لێن به‌ پێى یاسا كه‌ به‌م تازه‌گیانه‌ پریزدێنت ئۆباما واژۆى كردووه‌، ئه‌و وه‌زاره‌تخانه‌ لێكۆلینه‌وه‌ له‌ هه‌ره‌شه‌كانى تاران له‌ ئه‌مریكاى لاتین و ئه‌مریكاى ناوه‌ندى ده‌كات. پیتر ولاسكۆ له‌ وته‌بێژانى وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مریكا وتى، رژێمى تاران رژێمێكى پشتیوانى ترۆریسمه‌ و به‌ شێوه‌ى بەردەوام له‌گه‌ڵ داواكارى كۆمه‌ڵگاى نێونه‌ته‌وه‌یى دژایه‌تى ده‌كات.



رژێمى تاران به‌ هۆى مووشه‌كه‌كانى پاتریۆته‌وه‌ هه‌ره‌شه‌ى له‌ ولاتانى ناوچه‌كه‌ كرد

به‌ پێى راپۆرتى ناوه‌ندى ئینترنێتى: ئه‌لمه‌نار: فه لستین وریایی رژێمى ئاخووندى به‌ ولاتانى عه‌ره‌بستان، قه‌ته‌ر، كویت و تركیا راگه‌یاند. به‌ پێى ئه‌م راپۆرته‌، به‌م تازه‌گیانه‌ به‌رپرسێكى ئه‌منیه‌تى رژێم له‌ سه‌فه‌ر بۆ ولاتانى ناوبراو، له‌مه‌ر جێگیر كردنى مووشه‌كى پاتریۆت له‌ تركیا  وریایی  داوه‌. سه‌رچاوه‌ دیپلۆماتیكه‌كان به‌ ئه‌لمه‌ناریان وتووه‌، زانیارى راستى ئه‌و به‌رپرسه‌ ئه‌منیه‌تییه‌ى رژێم له‌ شوێن جێگیر كردنى ئه‌و مووشه‌كانه‌ و هێندێك له‌ ورده‌كارى و هاتووچۆى كارناسانى ئه‌مریكایى و ئیسرائیلى بۆ ئه‌و پایه‌گانه‌، بووه‌ به‌ هۆى نیگه‌رانى زۆرى به‌رپرسانى ناتۆ. به‌ پێى ئه‌م راپۆرته‌، به‌رپرسانى ئه‌منیه‌تى رژێمى تاران له‌ چاوپێكه‌وتن له‌گه‌ڵ به‌رپرسانى ولاتانى ناو براوو وتویانه‌، ئێران زانیارى وردى له‌ هاتووچۆى ئه‌و پایه‌گانه‌ هه‌یه‌ و له‌مه‌ر ئاكامى ئه‌و كرده‌وانه‌ هه‌ره‌شه‌ى لێَیان كردووه‌.





راگرتنى فرينى فرۆكه‌وانى دوو شیركه‌تى رۆژئاوایى بۆ ئێران
به‌ پێى راپۆرتى هه‌واڵده‌رى رۆیترز، دوو شیركه‌تى فرۆكه‌وانى رۆژئاوایى به‌ ناوه‌كانى كى ئێل ئێم و ئۆتریش ئایرلاین رۆژى شه‌ممه‌ رایانگه‌یاند، سه‌فه‌ره‌كانیان بۆ ئێران راده‌گرن. وته‌بێژێكى شیركه‌تى فرۆكه‌وانى كى ئێل ئێم وتى، ئه‌م شیركه‌ته‌ سه‌فه‌رى ئامستردام – تاران له‌ ئاوریلى  ٢٠١٣ راده‌گرێت. هه‌روه‌ها وته‌بێژێكى شیركه‌تى فرۆكه‌وانى ئۆتریش ئیرلاین وتى، سه‌فه‌ره‌كانى خۆمان بۆ تاران راده‌گرین.





په‌رله‌مانتارێكی‌ توركیا: ئێران و مۆساد له‌ پشت تیرۆركردنی‌ سێ چالاكوانه‌ كورده‌كه‌ن
په‌رله‌مانتارێكی‌ توركیا له‌سه‌ر لیستی‌ ئاشتی‌ و دیموكراتی‌، به‌هۆی‌ كوژرانی‌ ئه‌و سێ ژنه‌ چالاكوانه‌ی‌ كورد له‌ پاریس، په‌نجه‌ی‌ تۆمه‌ت بۆ ده‌زگا هه‌واڵگرییه‌كانی‌ وڵاتانی‌ ده‌ره‌وه‌ درێژده‌كات، له‌سه‌رووی‌ هه‌مووشیانه‌وه‌ ئێران و ئیسرائیل. له‌ لێدوانێكیدا بۆ ئاژانسی‌"جیهان" ئیبراهیم پینیچی‌ ، په‌رله‌مانتاری‌ حزبی‌ ئاشتی‌ و دیموكراتی‌ رایگه‌یاند: هه‌ندێ هێزی‌ گه‌وره‌ی‌ ناوچه‌كه‌ هه‌ست به‌وه‌ ده‌كه‌ن، كه‌ توركیا ده‌بێته‌ هێزێكی‌ گه‌وره‌ی‌ ناوچه‌كه‌، ئه‌گه‌ر بێت و به‌رژه‌وه‌ندی‌ و ئاشتی‌ خۆی‌ له‌گه‌ڵ "په‌كه‌كه‌" له‌ رێگه‌ی‌ رێكه‌وتننامه‌ی‌ داهاتووه‌ دا له‌گه‌ڵ " عه‌بدوڵا ئۆجه‌لان" یه‌كلابكاته‌وه‌. وتیشی‌: هه‌ر بۆیه‌ ئه‌و هێزانه‌ ده‌یانه‌وێت به‌ربه‌ست له‌به‌رده‌م ئه‌و هه‌نگاوه‌ دابنێن، هه‌ستاون به‌ تیرۆركردنی‌ ئه‌و كه‌سانه‌ و ده‌یانه‌وێت به‌و كاره‌، پرۆسه‌ی‌ رێكه‌وتننامه‌كه‌ هه‌ڵبوه‌شێننه‌وه‌، ئه‌و دوو لایه‌نه‌ بگه‌رِێنه‌وه‌ قۆناغی‌ ململانێ و خوێنرِشتن. ده‌رباره‌ی‌ تیرۆركردنه‌كه‌ش رایگه‌یاند: هه‌ندێ ئاژانسی‌ بیانی‌ هه‌واڵگری‌ ده‌ستیان له‌ كرده‌وه‌كه‌ هه‌بووه‌، له‌سه‌رو‌وی‌ هه‌مووشیانه‌وه‌ هه‌واڵگری‌ ئێران و مۆساد"هه‌واڵگری‌ ئیسرائیل" زۆرترین ئه‌گه‌ریان به‌رده‌كه‌وێت بۆ تیرۆركردنی‌ ئه‌و كه‌سانه‌، نایانه‌وێت توركیا ئه‌و داهاتووه‌ی‌ هه‌بێت، بۆیه‌ ئه‌و كاره‌یان ئه‌نجامدا ته‌نها له‌به‌ر له‌باربردنی‌ پرۆسه‌ی‌ ئاشتی‌ نێوان توركیا و پارتی‌ كرێكارانی‌ كوردستان"په‌كه‌كه‌".



ڕێکه‌وت: 2013-01-13 15:51:54
به‌شی ( هه‌واڵه‌كانى كوردستان و ئێران و ناوچه‌كه‌(٢٤ى به‌فرانبار) )