__ سه‌پاندنى حوكمى ئێعدام به‌سه‌ر زیندانى سیاسى كورد__ بڵاڤۆكی خوێندكاریی "شیپا" له‌ زانستگه‌ی رازی كرماشان به‌ره‌ورِووی داخران بوویه‌وه‌__ فیلمی سینه‌مایی "پیش به‌فر بارین" له‌ فێستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تی نۆروێژ نمایش ده‌كرێت__ كارناسان: رژێمى تاران له‌ ٢٠١٤ بۆمبى ناوه‌كى هه‌یه‌__ دیارى كردنى ٢٤ كاتژمێر بۆ هاتنه‌ ده‌ره‌وه‌ى پاسداران له‌ سووریا__ دیپلۆماتى پایه‌به‌رزى ئه‌مریكایى: دوایین ده‌رفه‌تى ئۆباما به‌ رژێمى تاران__ پێنتاگۆن له‌مه‌رِ  په‌ره‌دان به‌ توانا هه‌واڵگرییه‌كانی ئێران وریایی دا ده‌كات__ مه‌رزی‌ په‌روێزخان : ساڵی رِابردوو (٣٠) ته‌ن ماسی‌‌و (١٩٣) ته‌ن هێلكه‌ی‌ نه‌شیاو، ره‌تكراونه‌ته‌وه‌__ به‌ ده‌یان ئه‌ندازیای‌ داهاتووی‌ سوریا كوژران__ زانیارى له‌مه‌رِ شوێنى خۆشاردنه‌وه‌ى به‌شارئه‌سه‌د



سه‌پاندنى حوكمى ئێعدام به‌سه‌ر زیندانى سیاسى كورد
به‌ پێى راپۆرتى هه‌واڵده‌رى هێرانا، حوكمى ئێعدامى ره‌زا مه‌لازاده‌ زیندانى سیاسى كورد خه‌ڵكى سه‌ڵماس له‌ لایه‌ن دیوانى بالاى رژێمه‌وه‌ پشترِاست كراوه‌ته‌وه‌. به‌ پێى ئه‌م راپۆرتى ره‌زا مه‌لازاده‌، كورى ئه‌حمه‌د ٢٥ ساڵه‌ له‌ كۆتاییه‌كانى هاوێنى ساڵى ١٣٩٠ له‌ كاتى رۆیشتن بۆ شارى پاوه‌، له‌ لایه‌ن هێزه‌كانى سپاى پاسدارانه‌وه‌ ده‌ستبه‌سه‌ر كراو گوێزرایه‌وه‌ بۆ یه‌كێك له‌ گرتووخانه‌كانى شارى كرماشان. جێگه‌ى باسه‌ وێرِاى رۆیشتنى زۆرى بنه‌ماڵه‌كه‌ى بۆ ده‌زگا ئیتلاعاتى و ئه‌منیه‌تیه‌كان هیچ زانیاریێكیان له‌ شوێن و هۆى گیرانى ره‌زا ده‌ست نه‌كه‌وت تاكوو له‌ حه‌فته‌ى رابردوو ره‌زا له‌ په‌یوه‌ندیێكى ته‌له‌فوونى له‌گه‌ڵ بنه‌ماڵه‌كه‌ى له‌ ده‌ستبه‌سه‌ر كردنى خۆى و سه‌پاندنى حوكمى ئێعدام به‌ تۆمه‌تى ئه‌ندام بوون له‌ یه‌كێك له‌ حیزبه‌ نه‌یاره‌كانى رژێم له‌ لایه‌ن دادگاى رژێمه‌وه‌ هه‌واڵى داوه‌.






بڵاڤۆكی خوێندكاریی "شیپا" له‌ زانستگه‌ی رازی كرماشان به‌ره‌ورِووی داخران بوویه‌وه‌
تاكه‌ بڵاڤۆكی خوێندكاریی زانستگه‌ی "رازی"ی كرماشان پاش چاپ و بڵاو كرانه‌وه‌ی یه‌كه‌م ژوماره‌، به‌ره‌ورِووی داخران بوویه‌وه‌. به‌پێی هه‌واڵی هه‌واڵده‌ریی كوردپا، بڵاڤۆكی خوێندكاریی "شیپا" كه‌ به‌ دوو زمانی كوردی و فارسی چاپ و بڵاو ده‌بۆوه‌، له‌لایه‌ن به‌رپرسانی ئه‌و زانستگه‌یه‌وه‌ مۆڵه‌تی چاپی لێ ئه‌ستێندرایه‌وه‌. به‌رپرسانی ئه‌و زانستگه‌یه‌ رایانگه‌یاندووه‌ كه‌ ئه‌و بڵاڤۆكه‌ پێشتر له‌لایه‌ن كۆمه‌ڵێك خوێندكاری دیكه‌وه‌ مۆڵه‌تی بۆ وه‌ر گیراوه‌، بۆیه‌ پێویسته‌ سه‌رله‌ نوێ مۆڵه‌تی بۆ وه‌ر بگرنه‌وه‌. خوێندكاره‌ كورده‌كانی زانستگه‌ی رازی سه‌ره‌رِای به‌دواداچوون و ره‌چاو كردنی برِگه‌ یاساییه‌كان، هه‌تا ئێستا به‌رپرسانی ئه‌و زانستگه‌یه‌ له‌ دانی مۆڵه‌ت خۆیان بواردووه‌. هه‌روه‌ها ساڵی ١٣٨٤ی هه‌تاوی كۆمه‌ڵێك بڵاڤۆكی دیكه‌ی وه‌ك: ترووسكه‌ و برووسكه‌ كه‌ له‌ شاری كرماشان چاپ و بڵاو ده‌كرانه‌وه‌، به‌ره‌ورِووی داخران بوونه‌وه‌.






فیلمی سینه‌مایی "پیش به‌فر بارین" له‌ فێستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تی نۆروێژ نمایش ده‌كرێت
فیلمی سینه‌مایی "پێش به‌فر بارین" له‌ ده‌رهێنانی سینه‌ماكاری كورد "هیشام زه‌مان" له‌ ٢٣مین خولی فێستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تی فیلمی "ترۆمسۆ" له‌ وڵاتی نۆروێژ نمایش ده‌كرێت. به‌پێی هه‌واڵی به‌شی راگه‌یاندنی فیلمی سینه‌مایی  "پێش به‌فر بارین" سه‌ر له‌ ئێوارێی رۆژی سێ‌شه‌ممه‌ رێكه‌وه‌تی ٢٦ی به‌فرانبار به‌ ئاماده‌ بوونی ئه‌و ده‌رهێنه‌ره‌ كورده‌ له‌ ٢٣مین خولی فێستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تیی "ترۆمسۆ" له‌ وڵاتی نۆروێژ ده‌چێته‌ سه‌ر په‌رده‌ی نمایش كردن. پێش به‌فر بارین" فیلمێكه‌ سه‌باره‌ت به‌ خێزان، خۆشه‌ویستی، به‌ها و نامووس كه‌ به‌ كورتی باس له‌ ژیان و به‌سه‌رهاتی كورِیكی لاو ده‌كات كه‌ به‌ زۆرێك له‌ وڵاتاندا ده‌گرِێ و ده‌كه‌وێته‌ ژێر كاریگه‌ریی نه‌ریت و كولتووره‌ بیانییه‌كانه‌وه‌ و گۆرِانكاری به‌سه‌ردا دێت. فستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تیی "ترۆمسۆ" به‌ به‌شداری زۆربه‌ی وڵاتان له‌ ئاستی جیهاندا بۆ ماوه‌ی ٥ رۆژ له‌ ولاتی نۆروێژ به‌رِێوه‌ ده‌چێت كه‌ برِیاره‌ له‌ سه‌ره‌تای كرانه‌وه‌ی ئه‌و فێستیڤاڵه‌دا فیلمی سینه‌مایی "پێش به‌فر باین" نمایش بكرێت.







كارناسان: رژێمى تاران له‌ ٢٠١٤ بۆمبى ناوه‌كى هه‌یه‌
به‌ پێى راپۆرتى هه‌واڵده‌رى رۆیتر، كارناسانى ناوه‌كى ئه‌مریكا له‌ نوێترین راپۆرتى خۆیان كه‌ رۆژى دووشه‌ممه‌ بلاو كراوه‌ته‌وه‌ رایانگه‌یاندووه‌، رژێمى تاران  تا ساڵى ٢٠١٤ به‌ پاشه‌كه‌وتى پێویست له‌ ئۆرانیۆمى پێتێندراو بۆ درووست كردنى یه‌ك یان چه‌ند بۆمبى ناوه‌كى ده‌ستى ده‌گات. ده‌یوید ئالبرایت، به‌رپرسى گرووپى كارناسى ئه‌و راپۆرته‌ و به‌رێوه‌به‌رى ناوه‌ندى لێكۆلینه‌وه‌ى زانست و ئه‌منیه‌تى نێونه‌ته‌وه‌یى باوه‌رى وایه‌ كه‌ رژێم كاتى پێویستى هه‌یه‌ بۆ دانانى برِێكى زۆر سانتریفیوژ. له‌ راپۆرته‌دا داوا له‌ ئه‌مریكا و رۆژئاوا كراوه‌ كه‌ پێش له‌وه‌یكه‌ رژێم ده‌ستى بگات به‌ چه‌كى ناوه‌كى گه‌مارۆكان توندتر بكه‌نه‌وه‌. هه‌روه‌ها داوایان له‌ ئۆباما كردووه‌ كه‌ به‌ روونى ولام بداته‌وه‌ كه‌ ئاماده‌یه‌ بۆ پێش گرتن له‌ ده‌سترِاگه‌یشتنى رژێم به‌ چه‌كى ناوه‌كى له‌ بژارِده‌ى نیزامى كه‌ڵك وه‌ر بگرێت.





دیارى كردنى ٢٤ كاتژمێر بۆ هاتنه‌ ده‌ره‌وه‌ى پاسداران له‌ سووریا
به‌ پێى راپۆرتى هه‌واڵده‌رى ئاناتۆلى تركیا، سه‌رۆكى ستادى فه‌رمانده‌یى ئه‌رته‌شى ئازادى سووریا رایگه‌یاند، ئه‌و ئێرانیانه‌ى كه‌ له‌ سووریان ٢٤ كاتژمێر كاتیان هه‌یه‌ كه‌ خاكى ئه‌م ولاته‌ جێ بهێڵن، جگه‌ له‌مه‌ ئه‌رته‌شى ئازاد هیچ به‌رپرسیاره‌تیێك له‌مه‌ر گیانیان هه‌ڵناگرێت. ناوبراوو وتى، هێندێك له‌ ئێرانیه‌كانى دانیشتووى سووریا له‌ لایه‌ن ئه‌رته‌شى ئازاده‌وه‌ ده‌ستبه‌سه‌ر ده‌كرێن كه‌ رژێمى ئێران ده‌لێت ئه‌وانه‌ نیزامى نین و شارۆمه‌ندى ئاسایین، بۆیه‌ بۆ پێشگرتن له‌م كاره‌ ئه‌و كاته‌مان دیارى كردووه‌ بۆ به‌ جێ هێشتنى خاكى سووریا له‌ لایه‌ن ئه‌و ئێرانیانه‌وه‌. سه‌رۆكى ئه‌رته‌شى ئازادى سووریا رایگه‌یاند كه‌ به‌ پێچه‌وانه‌ى ئه‌وه‌ى كه‌ ده‌لێن پشتیوانى ئێران و رووسیه‌ له‌ رژێمى به‌شارئه‌سه‌د كه‌م بووه‌ته‌وه‌، پشتیوانیان زۆرتر بووه‌، كۆمه‌ڵێك له‌و سه‌ربازه‌ گیراوانه‌ى كه‌ له‌ گۆرِینه‌وه‌ى گیراوانى ئێرانى ئازاد كراون ده‌لێن كه‌ له‌ لایه‌ن هێزه‌كانى رژێمى ئێرانه‌وه‌ لێكۆلینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ كراوه‌.





دیپلۆماتى پایه‌به‌رزى ئه‌مریكایى: دوایین ده‌رفه‌تى ئۆباما به‌ رژێمى تاران
به‌ پێى راپۆرتى رۆژنامه‌ى كوه‌یتى ئه‌لوه‌ته‌ن، راوێژكارى پێشووى سه‌رۆك كۆمارى ئه‌مریكا وتى، ئۆباما پێش خواردنى سوێند له‌ سه‌ره‌تاى ده‌وره‌ى نوێى سه‌رۆك كۆمارى له‌م مانگه‌دا به‌ به‌رپرسانى رژێمى تاران ده‌لێت كه‌ ته‌نیا دوو بژارده‌یان هه‌یه‌، ده‌ست هه‌ڵگرتن له‌ گه‌لاڵه‌ ناوه‌كیه‌كه‌ى خۆیان یان هێرشى نیزامى بۆ سه‌ر ناوه‌نده‌ ناوه‌كیه‌كه‌یان. دنیس رایس له‌ زار ئۆباماوه‌ وتى، ئه‌گه‌ر ئێستا كارێك نه‌كه‌ین له‌ داهاتوو ناتوانین پێش به‌ به‌رنامه‌ ناوه‌كیه‌كه‌ى رژێم بگرین. به‌ پێى وته‌كانى راوێژكارى پێشووى ئۆباما، ئه‌مساڵ به‌ سێ هۆكار بۆ به‌رنامه‌ ناوه‌كیه‌كه‌ى رژێم ساڵێكى تایبه‌ت ده‌بێت، كه‌ بریتین له‌: ده‌سترِاگه‌یشتنى رژێم به‌ چه‌كى ناوه‌كى، ئیراده‌ى ئۆباما بۆ پێشگرتن له‌ به‌رهه‌مهێنانى چه‌كى ناوه‌كى له‌ لایه‌ن رژێمه‌وه‌ و باروودۆخى سیاسى كۆمه‌لایه‌تى ئێران.





پێنتاگۆن له‌مه‌رِ  په‌ره‌دان به‌ توانا هه‌واڵگرییه‌كانی ئێران وریایی دا ده‌كات
وه‌زاره‌تی به‌رگری ئه‌مه‌ریكا رایده‌گه‌یه‌نێت، رژیمى ئێران هه‌وڵی فراوانكردنی توانا هه‌واڵگرییه‌كانی خۆی ده‌دات له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌رِاست و ئه‌وروپاو چه‌ند وێستگه‌یه‌كی بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش به‌درێژایی ده‌ریای سپی بنیاتناوه‌. به‌پێی راپۆرتێكی وه‌زاره‌تی به‌رگری ئه‌مه‌ریكا (پینتاگۆن) كه‌ له‌ ٦٤ په‌رِه‌ پێكهاتوه‌، ئاماژه‌ی به‌وه‌شكراوه‌، له‌ئێستادا ئێران دو (رادار)ی له‌ باكوری سوریاو به‌رزاییه‌كانی جۆلان بنیاتناوه‌، به‌مه‌به‌ستی سیخورِیكردن به‌سه‌ر ئیسرائیل و پێدانی زانیاری هه‌واڵگری به‌ حیزبوڵای لوبنانی. سه‌ره‌رِای ئه‌و پێشكه‌وتنه‌ هه‌واڵگرییانه‌ی ئێران، به‌ڵام راپۆرته‌كه‌ ته‌ئكیدی له‌وه‌ كردوه‌ته‌وه‌، تواناكانی ئێران له‌مرِوه‌وه‌ سنوردارو دیاریكراوه‌و ته‌نها توانای كۆكردنه‌وه‌ی زانیارییه‌كانی هه‌یه‌ بۆ یارمه‌تیدانی حیزبوڵا. هه‌روه‌ك راپۆرته‌كه‌ ئاشكرایكردوه‌، نزیكه‌ی ٣٠ هه‌زار ئه‌فسه‌ر و كارمه‌ند كار له‌و بواره‌دا ده‌كه‌ن بۆ كۆكردنه‌وه‌ی زانیاری هه‌واڵگری، ئه‌مه‌ سه‌ره‌رِای به‌كارهێنانی فرِۆكه‌ی سیخورِی بۆ هه‌مان مه‌به‌ست به‌شێوه‌یه‌كی سنوردار.







مه‌رزی‌ په‌روێزخان : ساڵی رِابردوو (٣٠) ته‌ن ماسی‌‌و (١٩٣) ته‌ن هێلكه‌ی‌ نه‌شیاو، ره‌تكراونه‌ته‌وه‌
له‌ماوه‌ی‌ ساڵی‌ رابردوودا، له‌ مه‌رزی‌ په‌روێزخان پشكنین بۆ (٢٠٦٣) بار كراوه‌، كه‌ تیایاندا سه‌دان هه‌زار ته‌ن ماسی‌‌و هێلكه‌ی‌ خواردن‌و گۆشتی‌ مریشك‌و شیره‌مه‌نی‌ هه‌بووه‌، به‌ڵام به‌هۆی‌ نه‌شیاوییانه‌وه‌ (٢٥) بار ره‌تكراونه‌ته‌وه‌‌و رێگه‌یان پێنه‌دراوه‌ هاورده‌ی‌ هه‌رێم بكرێن. به‌پێی ئاماره‌كان ، له‌ ماوه‌ی‌ ساڵی‌ رابردوودا ٢٠١٢، له‌ پشكنین بۆ (٢٠٦٣) بار، زیاتر له‌ (١٠٦٩) ته‌ن ماسی‌، زیاتر له‌ (٤٩٦٨) ته‌ن هێلكه‌ی‌ خواردن، زیاتر له‌ (٢٧٦)ته‌ن گۆشتی‌ مریشك، (١٠،٨)ته‌ن گۆشتی‌ سوور، یه‌ك ته‌ن ماسی‌ رۆبیان، زیاتر له‌ (٣٠) هه‌زار و (٩٧٥) ته‌ن شیره‌مه‌نی‌ له‌گه‌ڵ دوو ته‌ن‌و نیو ماسی‌ جوانی‌، هه‌بووه‌. ئه‌و بابه‌تانه‌ی‌ كه‌ گه‌رِێندراونه‌ته‌وه‌ بۆ وڵاتی‌ سه‌رچاوه‌، بریتین له‌ : (٣٠)ته‌ن ماسی‌، زیاتر له‌ (١٩٣)ته‌ن هێلكه‌ی‌ خواردن، زیاتر له‌ (١٢) ته‌ن گۆشتی‌ مرێشك، زیاتر له‌ شه‌ش ته‌ن گۆشتی‌ سوور، (٧٠) باڵنده‌، (١٠٤٠) ڤیال هۆرمۆن له‌ گه‌ڵ هه‌شت ته‌ن‌و نیو هه‌مبه‌رگر، كه‌ كۆی‌ ئه‌و بارانه‌ی‌ گه‌رِێندراونه‌ته‌وه‌ (٢٥) بار بووه‌.




به‌ ده‌یان ئه‌ندازیای‌ داهاتووی‌ سوریا كوژران

له‌ هێرشێكدا بۆ سه‌ر كولێژی‌ ئه‌ندازیاری‌ زانكۆی‌ حه‌له‌ب، به‌ ده‌یان خوێندكاری‌ ئه‌و كۆلێژه‌ كوژران. لای خۆیانه‌وه‌ تۆرِی‌ سوری‌ بۆ مافه‌كانی‌ مرۆڤ، ئاماژه‌یان به‌وه‌ كردووه‌ كه‌ ئه‌و هێرشه‌ له‌لایه‌ن هێزه‌كانی‌ به‌شار ئه‌سه‌ده‌وه‌ ئه‌نجام دراوه‌. ته‌له‌فزیۆنی‌ سوریاش سه‌باره‌ت به‌ هێرشه‌كه‌، بڵاویكرده‌وه‌ كه‌ ئه‌و هێرشه‌ ته‌قینه‌وه‌یه‌كی‌ تیرۆرستی‌ بووه‌ و بینای‌ كۆلێژی‌ ئه‌ندازیاری‌ زانكۆی‌ حه‌له‌بی‌ گرتوه‌ته‌وه‌. هاوكات سه‌رچاوه‌كانی‌ هه‌واڵی‌ ئۆپۆزسیۆنی‌ سوریا بڵاویانكرده‌وه‌، كه‌ له‌ سه‌رجه‌م توندوتیژییه‌كانی‌ ئه‌مرِۆی‌ سوریادا (٥٧) هاوڵاتی‌ سوریا كوژراون. هره‌ له‌پێوه‌ند به‌ رروداوه‌كانى سوریا ئۆپۆزسیۆنی سوریا گفتوگۆ له‌گه‌ڵ رژێمه‌كه‌ی ئه‌سه‌د ره‌تده‌كه‌نه‌وه‌و ته‌ئكید له‌وه‌ش ده‌كه‌نه‌وه‌، نابێت به‌شار ئه‌سه‌د به‌شێك بێت له‌داهاتوی وڵات.





زانیارى له‌مه‌رِ شوێنى خۆشاردنه‌وه‌ى به‌شارئه‌سه‌د
به‌ پێى راپۆرتى هه‌واڵده‌رى یۆنایتدپرێس، رۆژنامه‌ى ئه‌لوه‌ته‌ن عه‌ره‌بستان رایگه‌یاندووه‌ كه‌ بنه‌ماڵه‌و راوێژكارانى به‌شارئه‌سه‌د له‌ كه‌شتیێكى شه‌رِكه‌ر له‌ ده‌ریاى مه‌دیته‌رانه‌ جێگیر بوون و به‌شارئه‌سه‌د بۆ چاوپێكه‌وتن و دانیشتنه‌ ره‌سمییه‌كان به‌ كۆپته‌ر ده‌رواته‌ سووریا. به‌ پێى ئه‌م راپۆرته‌، له‌ حالێكدا كه‌ ئه‌سه‌د ئیعتمادى به‌ ده‌زگا ئه‌منیه‌تیه‌كانى نه‌ماوه‌، رووسیه‌ كه‌شتیێكى شه‌ركه‌ر و ئه‌منى بۆ نیشته‌جێ بوونى ئاماده‌ كردووه‌ و ئه‌مه‌ نیشانده‌رى ئه‌وه‌یه‌ كه‌ رووسیا مافى په‌نابه‌رى سیاسى به‌ ئه‌سه‌د داوه‌. هه‌روه‌ها ئاماژه‌ به‌وه‌ كراوه‌ كه‌ بوونى به‌شارئه‌سه‌د له‌و كه‌شتییه‌ نیشانه‌ى ده‌ست پێكردنى شه‌رِه‌ له‌ سووریا.


ڕێکه‌وت: 2013-01-15 14:33:04
به‌شی ( هه‌واڵه‌كانى كوردستان و ئێران و ناوچه‌كه‌ (٢٦ى به‌فرانبار ) )