__ هاووڵاتییه‌كی دیكه‌ی كورد له‌لایه‌ن هێزه‌ ئیتلاعاتیه‌كانه‌وه‌ ده‌ستبه‌سه‌ر كرا__ مه‌ئموورانی رژیمى ئێران ٤ هاووڵاتیی كوردیان له‌ مه‌ریوان ده‌ستبه‌سه‌ر كرد__ چالاكێكی خوێندكاریی كورد حوكمی زیندانی بۆ برِایه‌وه‌__ دانپیانانى بێ پێشوونه‌ به‌ قاچاخى مه‌وادى موخه‌دیر__ پیرِاگه‌یشتن به‌ لایه‌نه‌ نیزامیه‌كانى به‌رنامه‌ى ناوكه‌یی رژیم __ نیگه‌رانى فرانسوا ئۆلاند سه‌باره‌ت به‌په‌روه‌نده‌ى ناوكه‌یی رژیمى ئێران__ مه‌حكوومیه‌تى سیخۆرێكى رژیمى ئێران له‌ ئیماراتى یه‌كگرتووى عه‌ره‌بی__ فرۆشی نه‌وتى ئێران گه‌یشتووته‌ ٦٠٠ هه‌زار بۆشكه‌__ به‌رێوه‌بردنى حوكمى وه‌حشیانه‌ى قامچى له‌به‌رچاوى گشتى__ ئێران، به‌ تیرۆركردنی‌ په‌رله‌مانتاره‌كه‌ی‌ عیراقییه‌ تۆمه‌تبارده‌كرێت___ ژماره‌ی‌ قوربانیانی‌ ته‌قینه‌وه‌كانی كه‌ركوك گه‌یشته‌ (٢٤١) قوربانی‌__ سوریا؛ ژماره‌ی كوژراوانی دوێنێ گه‌یشته‌ ٢١٨ كه‌س


هاووڵاتییه‌كی دیكه‌ی كورد له‌لایه‌ن هێزه‌ ئیتلاعاتیه‌كانه‌وه‌ ده‌ستبه‌سه‌ر كرا
هێزه‌ ئیتلاعاتییه‌كانی حكوومه‌تی ئێران له‌ شاری روانسه‌ر هاوولاتییه‌كی خه‌ڵكی كرماشانیان ده‌ستبه‌سه‌ر كرد. به‌پێی هه‌واڵی هه‌واڵده‌ریی كوردپا، رۆژی سێشه‌ممه‌ هێزه‌ ئیتلاعاتییه‌كانی شاری روانسه‌ر هاووڵاتییه‌كی كوردیان به‌ ناوی "ئارام به‌هرامی" ته‌مه‌ن ٢٥ ساڵ، كورِی محه‌مه‌د ئه‌مین و دانیشتووی كرماشان ده‌ستبه‌سه‌ر كرد. حه‌فته‌ی رابردوو هیزه‌ لیباس شه‌خسییه‌كان رژاونه‌ته‌ ماڵی ئارام به‌هرامی و وێرِای پشكنینی ماڵه‌كه‌ی، ده‌ستیان به‌سه‌ر ده‌زگای كۆمپیوتێر و كۆمه‌ڵێك له‌ كتێبه‌كانی ئه‌و هاووڵاتییه‌دا گرتبوو. هه‌تا كاتی بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌م هه‌واڵه‌ هیچ زانیارییه‌ك له‌مه‌رِ شوێنی راگیران و هۆكاری ده‌ستبه‌سه‌ر كرانی ئه‌و هاووڵاتییه‌ له‌به‌ر ده‌ستدا نییه‌.





مه‌ئموورانی رژیمى ئێران ٤ هاووڵاتیی كوردیان له‌ مه‌ریوان ده‌ستبه‌سه‌ر كرد
له‌ یه‌كێك له‌ گونده‌كانی سه‌ربه‌ شاری مه‌ریوان، ٤ هاوولاتی كورد له‌لایه‌ن هێزه‌ مه‌ئموورانی حكوومه‌تی ئیسلامیی ئێرانه‌وه‌ ده‌ستبه‌سه‌ر كران. به‌پێی هه‌واڵی هه‌واڵده‌ریی كوردپا، رێكه‌وتی ٢٦ی به‌فرانبار هێزه‌ ئیتلاعاتییه‌كان به‌ هاوكاریی هێزه‌ ئینتزامییه‌كانی جێگیر له‌ پاسگای گوندی "به‌رده‌ ره‌شه‌"ی سه‌ربه‌ مه‌ریوان ٤ هاووڵاتیی كوردی خه‌ڵكی گوندی " سه‌یفی خواروو"یان ده‌ستبه‌سه‌ر كرد. هێزه‌ حكوومه‌تییه‌كان پاش گه‌یشتنه‌ نێو ئه‌و گونده‌، چوونه‌ته‌ ماڵی " فه‌تاح په‌ژووهی" و هاورِێ له‌گه‌ڵ كورِه‌كه‌ی خۆی به‌ناوی "سه‌لاح په‌ژووهی" و هه‌روه‌ها ٢ كه‌سی دیكه‌یه‌شیان له‌ نزیك گوندی "سه‌یفی سه‌روو" ده‌ستبه‌سه‌ر كردووه‌.  هێزه‌ ئه‌منیه‌تی و ئینتزامییه‌كان له‌ كاتی ده‌ستبه‌سه‌ر كردنی "سه‌لاح په‌ژووهی"دا ده‌ستیان به‌ ته‌قه‌ی هه‌وایی كردووه‌ و ترس و دڵه‌رِوكێیان لای هاووڵاتییان دروست كردووه‌ و به‌و هۆیه‌وه‌ تیكهه‌ڵچوون له‌ نێوان هاووڵاتییان و ئه‌و هێزانه‌دا هاتۆته‌ ئاراوه‌.






چالاكێكی خوێندكاریی كورد حوكمی زیندانی بۆ برِایه‌وه‌
یه‌كێك له‌ چالاكانی خوێندكاریی كورد له‌لایه‌ن ده‌زگای قه‌زایی حكوومه‌تی ئێرانه‌وه‌ به‌ زیندان مه‌حكووم كرا. به‌پێی هه‌واڵی هه‌واڵده‌ریی كوردپا، چه‌ند رۆژ پێش ئێستا لقی ١ی دادگای شۆرِشی شاری سنه‌ حوكمی ٦ مانگی زیندان و هه‌ڵپه‌سێرانی ئه‌و حوكمه‌ به‌ ماوه‌ی ٥ ساڵ بۆ چالاكێكی خوێندكاری به‌ناوی "مه‌هدی دۆعاگۆ" برِییه‌وه‌. دادگای شۆرِشی شاری سنه‌ تاوانی "مه‌هدی دۆعاگۆ" به‌رپرسی یه‌كیه‌تیی دێمۆكراتیكی خوێندكارانی كورد، "چالاكی دژی ته‌ناهی نیزام" راگه‌یاندووه‌، كه‌ دواتر ئه‌و حوكمه‌ له‌لایه‌ن لقی ٤ی دادگای پێداچوونه‌وه‌ی پاریزگای كوردستانه‌وه‌ پژرِاست كراوه‌ته‌وه‌.







دانپیانانى بێ پێشوونه‌ به‌ قاچاخى مه‌وادى موخه‌دیر
ئاخوند موسته‌فا پوورمحه‌ممه‌دى سه‌رۆكى رێكخراوى پشكنینى گشتى رژیم له‌ دانپیانانێكى بێ پێشوونه‌ دا له‌ ده‌ست تێدابوونى هێندێك له‌ ئورگانه‌كانى رژیم له‌ قاچاخى ماده‌ هۆشبه‌ره‌كان هه‌واڵى دا و ووتى: ترانزیتى مه‌وادى هۆشبه‌رخه‌یانه‌ت به‌ مرۆڤایه‌تیه‌. هیچ قازانجێك و خێرێكى تیدانییه‌ ئه‌گه‌ر ده‌زگایێك كردبێتى و هه‌ر كه‌سێك ئه‌و كاره‌ى كردبێ و یان له‌ بیرى دابێ به‌دڵنیاییه‌وه‌ بۆ وه‌لات زه‌ره‌رى هه‌یه‌. ناوبراو له‌ هه‌مانكاتدا ووتى بازدان به‌ سه‌ر ته‌حریمه‌كان دیارده‌ى رانت و گه‌نده‌ڵى په‌ره‌ پێداوه‌. 





پیرِاگه‌یشتن به‌ لایه‌نه‌ نیزامیه‌كانى به‌رنامه‌ى ناوكه‌یی رژیم 
شاندى ئاژانسی نێوده‌وڵه‌تى وزه‌ى ئه‌تۆم  كه‌ سه‌فه‌رى بۆ تاران كردووه‌ رایگه‌یاند، به‌دواى روونبوونه‌وه‌ى لایه‌نه‌ نیزامیه‌كانى به‌رنامه‌ى ناوكه‌یی رژیمى ئێرانه‌وه‌ن. ئه‌وان ئه‌مرۆ چوارشه‌ممه‌ له‌گه‌ڵ لێپرسراوانى رژیمى ئێران سه‌باره‌ت به‌ پێراگه‌یشتن و پشكنینى دامه‌زراوه‌ى نیزامى پارچین ووتووێژ ده‌كه‌ن. ئاژانس ده‌ڵێ رژیمى ئێران له‌دامه‌زراوه‌ى نیزامى پارچین، تاقیكردنه‌وه‌گه‌لێكى به‌رێوه‌ بردووه‌ كه‌ له‌وانه‌یه‌ پێوه‌ندى به‌ چه‌كى ناوكه‌ییه‌وه‌ هه‌بێ. 







نیگه‌رانى فرانسوا ئۆلاند سه‌باره‌ت به‌په‌روه‌نده‌ى ناوكه‌یی رژیمى ئێران
فرانسوا ئۆلاند سه‌رۆك كۆمارى فه‌رانسه‌ ووتى: نیگه‌رانى ئێمه‌ پێوه‌ندى به‌ په‌روه‌نده‌ى ناوكه‌یی رژیمى ئێرانه‌وه‌ هه‌یه‌. بلاوبوونه‌وه‌ى چه‌كى ناوكه‌یی نه‌ته‌نیا بۆ ناوچه‌كه‌ به‌ڵكو مه‌ترسیه‌كه‌ بۆ سه‌رجه‌م جیهان. به‌لام له‌پێوه‌ند به‌ سوریا داوا له‌ رژیمى ئێران ده‌كه‌ین، بیر له‌ رووخانى به‌شار ئه‌سه‌د بكاته‌وه‌. 






مه‌حكوومیه‌تى سیخۆرێكى رژیمى ئێران له‌ ئیماراتى یه‌كگرتووى عه‌ره‌بی
ئیماراتى یه‌كگرتووى عه‌ره‌بی سیخزرێكى رژیمى ئێرانى به‌ ٧ ساڵ زیندان مه‌حكووم كرد. ناوبراو كه‌ موسا فیروز خه‌میسى ناوه‌ له‌ برى پووڵ زانیارى هێزه‌ چه‌كداره‌كانى ئیماراتى یه‌كگرتووی عه‌ره‌بی داوه‌ به‌ رژیمى ئێران. 






فرۆشی نه‌وتى ئێران گه‌یشتووته‌ ٦٠٠ هه‌زار بۆشكه‌
یۆنس ئه‌میرى فه‌رمانده‌ى سپاى پارێزگاى كه‌هگیلویه‌ و بویه‌ر ئه‌حمه‌د رایگه‌یاند، فرۆشی نه‌وتى ئێران به‌ هۆى ته‌حریمه‌كانه‌وه‌ له‌ ٢ میلیۆن و ٣٠٠ هه‌زار بۆشكه‌ له‌ رۆژ دا گه‌یشتۆته‌ ٦٠٠ هه‌زار بۆشكه‌. ئه‌و قسانه‌ له‌كاتێكدایه‌ كه‌ حه‌وتووى رابردووش لیپرسراوانى ده‌وڵه‌تى باسیان له‌ كه‌مبوونه‌وه‌ى ٤٥ له‌سه‌دى داهاته‌ نه‌وتیه‌ه‌كان له‌ماوه‌ى ٩ مانگى رابردو دا كرد. 





به‌رێوه‌بردنى حوكمى وه‌حشیانه‌ى قامچى له‌به‌رچاوى گشتى
ئیداره‌ى گشتى دادگوسته‌رى سمنان له‌ به‌رێوه‌بردنى حوكمى قامچى ٢ كه‌س له‌ تاوانبارانى به‌رێوه‌بردنى كرده‌وه‌ى پێچه‌وانه‌ى بایه‌خه‌كان هه‌واڵى دا. ئه‌و كه‌سانه‌ به‌ ریز به‌ ٩٩ زه‌ربه‌ و ٥٠ زه‌ربه‌ قامچى مه‌حكووم كرابوون كه‌ له‌به‌رچاوى گشتى له‌ حه‌وشه‌ى دادگاى گشتى به‌شی ئیوانه‌كى به‌رێوه‌ چوو. 
 





ئێران، به‌ تیرۆركردنی‌ په‌رله‌مانتاره‌كه‌ی‌ عیراقییه‌ تۆمه‌تبارده‌كرێت
سه‌رۆكی‌ كۆنگره‌ی‌ سه‌حوه‌ی‌ عیراق ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، كه‌ پاسه‌وانی‌ شۆرِش (حرپ الپوری‌) رژیمى ئێران، له‌پشت تیرۆركردنی‌ عیفان عیساوی‌ په‌رله‌مانتاری‌ عیراقییه‌ و یه‌كێك له‌ سه‌رۆك عه‌شیره‌ته‌كانی‌ جبوره‌وه‌یه‌. ئه‌حمه‌د ئه‌بو ریشه‌، سه‌رۆكی‌ كۆنگره‌ی‌ سه‌حوه‌ی‌ عیراق، به‌( سۆمه‌رییه‌ نیوز)ی‌ راگه‌یاند: پاسه‌وانی‌ شۆرِش(حرپ الپوری‌)ی‌ رژیمى ئێران به‌ناوی‌ دژه‌تیرۆر و قاعیده‌وه‌ زۆر تاوانی‌ له‌ عیراق ئه‌نجامداوه‌. وتیشی‌: "عیفان عیساوی‌ په‌رله‌مانتاری‌ عیراقییه‌ و محه‌مه‌د تاهیری‌ شێخی‌ جبور له‌ كه‌سایه‌تییه‌ دیاره‌كانی‌ سووننه‌ی‌ عیراقن، بۆیه‌ ئێران ده‌یه‌وێت كه‌سایه‌تییه‌ دیاره‌كانی‌ سوننه‌ له‌ناوببات به‌ تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی‌ پشتگیری‌ توندی‌ خۆپیشاندان و به‌رده‌وامبوونی‌ ده‌كه‌ن". ئه‌بو ریشه‌ داوایه‌كی‌ له‌ هاوڵاتیانی‌ عیراق كرد‌و وتی‌: "داوا ده‌كه‌م له‌ هه‌موو هاوڵاتییه‌كی‌ عیراقی‌ دژی‌ پلانه‌كانی‌ ئێران، كه‌ له‌ عیراق پیاده‌ی‌ ده‌كات بوه‌ستنه‌وه‌".





ژماره‌ی‌ قوربانیانی‌ ته‌قینه‌وه‌كانی كه‌ركوك گه‌یشته‌ (٢٤١) قوربانی‌
به‌پێی دواین ئامار، ژماره‌ی قوربانیانی هه‌ردو ته‌قینه‌وه‌كه‌ی‌ ئه‌مرِۆی‌ شاری‌ كه‌ركوك گه‌یشته‌ (٢٤١) قوربانی‌ و سه‌دان ملیۆن دیناریش زیانی‌ مادی‌ به‌شوێنی روداوه‌كان گه‌یتشوه‌. سه‌رله‌به‌یانی‌ ئه‌مرِۆ زنجیره‌یه‌ك ته‌قینه‌وه‌ شاری‌ كه‌ركوكیان هه‌ژاند، ته‌قینه‌وه‌ی‌ یه‌كه‌م كه‌ له‌رێی ئۆتۆمبیلێكی‌ جۆری‌ (GMC) بۆمبرِێژكراو كه‌سێكی‌ خۆكوژ ئه‌نجامیدا، له‌ شه‌قامی‌ ئه‌تڵه‌س له‌خاڵی‌ پشكنینی‌ باره‌گایه‌كی‌ رادیۆ و  ته‌له‌فزیۆن و چه‌ند باره‌گایه‌كی‌ رێكخراوه‌ مه‌ده‌نیه‌كانی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان و بنكه‌یه‌كی‌ ئاسایشی‌ پارتی‌، دوای‌ كه‌متر له‌ یه‌ك كاتژمێریش ئۆتۆمبیلێكی‌ دیكه‌ له‌شه‌قامی‌ ته‌ربیه‌ی‌ كۆن به‌دوری‌ كه‌متر له‌ (٥٠٠) مه‌تر له‌ نزیك روداوه‌كه‌ی پێشو ته‌قێنرایه‌وه‌. به‌پێی‌ سه‌رچاوه‌كانی‌ نه‌خۆشخانه‌كان ته‌قینه‌وه‌كانی‌ كه‌ركوك (٢٥) كوژراو و (٢١٦) برینداریان لێكه‌وته‌وه‌، جگه‌ له‌زیانه‌ گیانیه‌كانیش زیانی‌ مادی‌ زۆر به‌ر ناوچه‌ی‌ روداوه‌كان گه‌یشتن كه‌ به‌سه‌دان ملیۆن دینار مه‌زه‌نده‌ ده‌كرێت.





سوریا؛ ژماره‌ی كوژراوانی دوێنێ گه‌یشته‌ ٢١٨ كه‌س
چالاكوانانی ئه‌و وڵاته‌ بڵاویانكردوه‌ته‌وه‌، له‌ ئاكامی توندوتیژیه‌كانی دوێنێی سوریا ٢١٨ كه‌س كوژراون، كه‌ ٨٢كه‌سیان خوێندكاری زانكۆی حه‌ڵه‌ب بون. تائێستا هه‌ره‌یه‌ك له‌ ئۆپۆزسیۆن و سوپای سوریا یه‌كتر تۆمه‌تبارده‌كه‌ن به‌ كوشتنی ئه‌و ٨٢ خوێندكاره‌ی زانكۆ. سوپای ئازاد رایگه‌یاندوه‌ ئه‌و كۆمه‌ڵكوژیه‌ له‌ ئه‌نجامی بۆردومانی فرِۆكه‌كانی ئه‌سه‌د بوه‌ بۆ سه‌ر زانكۆی حه‌ڵه‌ب، له‌به‌رامبه‌ریشدا ته‌له‌فزیۆنی سوریا بڵاویكردوه‌، كه‌ ئه‌و روداوه‌ به‌هۆی ته‌قینه‌وه‌یه‌كه‌وه‌ بوه‌. هاوكات لیژنه‌ هه‌ماهه‌نگیه‌ ناوخۆیه‌كانی سوریا رایانگه‌یاندوه‌، كه‌ دوێنێ فرِۆكه‌كانی سوپای ئه‌سه‌د چه‌ند ناوچه‌یه‌كی ئازادكراویان به‌ چرِی بۆردومان كردوه‌. چالاكوانانی ئۆپۆزسیۆنیش باسیان له‌وه‌كردوه‌، دوێنێ له‌ ریفی حمص كوشتارگه‌یه‌كی نوێ ئه‌نجامدراوه‌ و ١٥ كه‌س كوژراون و منداڵیشیان تێدایه‌، به‌وه‌ش ژماره‌ی كوژراوان گه‌یشتوه‌ته‌ ٢١٨ كه‌س.


ڕێکه‌وت: 2013-01-16 15:39:25
به‌شی ( هه‌واڵه‌كانى كوردستان و ئێران و ناوچه‌كه‌ (٢٧ى به‌فرانبار ) )