خه‌باتمێدیا: به‌ پێى راپۆرتى هه‌واڵده‌رى هێرانا، لانیكه‌م ٥٨٧ كه‌س له‌ ساڵى رابردووى زایینى له‌ ئێران ئێعدام كراون. به‌ پێى ئه‌م راپۆرته‌، ١٤٠ هه‌زار كه‌س له‌ شارۆمه‌ندان به‌ شێوه‌ى راسته‌وخۆ مافیان له‌ لایه‌ن ده‌سه‌لاته‌وه‌ پێشێل كراوه‌. له‌ به‌شى ئێعدامى زیندانیان، ٦٣ له‌سه‌د له‌ ئێعدامكراوان به‌ تۆمه‌تى....
هه‌ڵگرتن یان بازرگانى به‌ ماده‌ هۆشبه‌ره‌كانه‌وه‌ بووه‌، ١٠ له‌سه‌دیان به‌ تۆمه‌تى كوشتنو ٦له‌سه‌د ئێعدامه‌كان به‌ تۆمه‌تى ده‌ستدرێژى بووه‌. زۆربه‌ى ئه‌و ئێعدامانه‌ له‌ تاران به‌رێوه‌ چووه‌، پارێزگاى تاران به‌ ١٦ له‌سه‌د، سمنان و فارس به‌ ٩له‌سه‌د له‌ سه‌ره‌وه‌ى رێزبه‌ندى به‌رێوه‌ چوونى ئێعدامه‌كانن. له‌ ساڵى رابردوو ٥٩ كه‌س له‌ ئێران له‌ به‌ر چاوى گشتى ئێعدام كراون، به‌ شێوه‌ێكیتر ١٠ له‌سه‌د ئێعدامه‌كان له‌ به‌ر چاوى خه‌ڵك به‌رێوه‌ چووه‌. ده‌زگا قه‌زاییه‌كان ٥٤ له‌سه‌د ئه‌و ئێعدامانه‌یان راگه‌یاندووه‌ و ناوه‌نده‌كانى مافى مرۆڤیش ٤٤ له‌سه‌دیان راگه‌ێندووه‌، ئه‌مه‌ له‌ حالێكدایه‌ كه‌ به‌رپرسانى ده‌زگاى قه‌زایى رژێم ساڵى رابردوو رایانگه‌یاند كه‌ له‌ زیندانه‌كانى رژێم ئێعدامى نهێنى بوونى نییه‌. به‌ پێى ئه‌م ئاماره‌، به‌رێوه‌بردنى حوكمى ئێعدام له‌ ئێران له‌ چاوو ساڵى رابردوو ٩ له‌سه‌د زیادى كردووه‌. له‌ به‌شێكیترى ئه‌م راپۆرته‌دا هاتووه‌ كه‌ ده‌زگاى قه‌زایى رژێم ٤٤٨ كه‌س له‌ شارۆمه‌ندانى به‌ ٤٦٢ مانگ بێ به‌شبوون له‌ مافى كۆمه‌لایه‌تى، ١٥٦٠٥ مانگ زیندانى ته‌عزیرى و ١٣٣٨ مانگ زیندانى هه‌ڵپه‌سێردرِاو مه‌حكوم كردووه‌. له‌ ماوه‌ى یه‌ك ساڵى رابردوو هێزه‌ ئه‌منیه‌تیه‌كان ٢٢٠٥ شارۆمه‌ندیان ده‌ستبه‌سه‌ر كردووه‌ كه‌ له‌م رێژه‌یه‌ ٣٣٦ كه‌سیان به‌ شێوه‌ى مه‌وردى و ٨٤٢ كه‌سیان به‌ شێوه‌ى ده‌ستبه‌سه‌ر كردنى تێكه‌لاو یان بێ روونكردنه‌وه‌ى ناسنامه‌ى ده‌ستبه‌سه‌ر كراو بووه‌.

ڕێکه‌وت: 2013-01-18 16:34:50
به‌شی ( ئێعدامى لانیكه‌م ٥٨٧ كه‌س له‌ سالى رابردووى زایینى له‌ ئێران )