__ ٢ منداڵ له‌ شاری سه‌قز به‌ هۆی گاز گرتووییه‌وه‌ بوونه‌ قوربانی__ كه‌مته‌رخه‌میی به‌رپرسان هۆڵه‌ وه‌رزشییه‌كانی شاری نۆدشه‌ی به‌ره‌ورِووی داخران كردۆته‌وه‌__ ئێعدامى شارۆمه‌ندیك له‌ ورمێ له‌به‌ر چاوى گشتى__ راوێژكارى بالاى خامنه‌یى: به‌شارئه‌سه‌د هێلى سوورى ئێمه‌یه‌__ شێركه‌تى فرۆكه‌وانى ئۆتریش سه‌فه‌رى بۆ ئێران راگرت__ یه‌مه‌ن: سیخۆره‌ ئێرانیه‌كان به‌م زووانه‌ دادگایى ده‌كرێن__ پیتاندن بۆ یه‌ك ده‌قه‌یش راناگرین__ دوو گومانلێكراو له‌سه‌ر كه‌یسی‌ تیرۆركردنی‌ سێ چالاكوانه‌ كورده‌كه‌ ده‌ستگیرده‌كرێن__ سوریا؛ له‌ماوه‌ی یه‌ك هه‌فته‌دا (١٠٧٩) كه‌س كوژراون__ سه‌رێكانی؛ شه‌رِوپێكدادان به‌رده‌وامه‌ و ٨٤ كه‌س كوژراون__ ئه‌و خۆراكانه‌ی به‌رگری‌ له‌ش به‌هێز ده‌كه‌ن

٢ منداڵ له‌ شاری سه‌قز به‌ هۆی گاز گرتووییه‌وه‌ بوونه‌ قوربانی
كورِ و كچێكی ٦ و ٨ ساڵ ته‌مه‌ن به‌ هۆی گاز گرتوویه‌وه‌ كه‌ به‌رئه‌نجامی دووكه‌ڵی ماشێن بووه‌، گیانیان له‌ ده‌ست داوه‌. هه‌واڵده‌رییه‌ نێوخۆییه‌كان بڵاویان كرده‌وه‌، رۆژی هه‌ینی كورِ و كچێك به‌ ناوه‌كانی "ئاریا یۆسفی" ٨ ساڵ ته‌مه‌ن و "په‌ریا عه‌بدوڵڵاهی" ٦ ساڵ ته‌مه‌ن به‌ هۆی دووكه‌ڵی ماشینه‌وه‌ تووشی گازگرتووی بوون و له‌ ئه‌نجامدا بوونه‌ته‌ قوربانی. ئه‌و رووداوه‌ له‌ كاتێك دا هاتۆته‌ ئاراوه‌، كه‌ هاووڵاتییه‌كی سه‌قزی، ماشێنه‌كه‌ی به‌ مه‌به‌ستی گه‌رم كردن به‌ نایلۆن داپۆشیوه‌ و به‌و هۆیه‌وه‌ دووكه‌ڵ چووه‌ته‌ ناو ماشێنه‌كه‌ و له‌ ئه‌نجامدا ئه‌و ٢ منداڵه‌ كه‌ له‌ ناو ماشێنه‌كه‌دا بوون، گیانیان له‌ده‌ست داوه‌. له‌ سه‌ره‌تای ئه‌مساڵه‌وه‌ هه‌تا كۆتایی مانگی سه‌رماوه‌ز ٢٠ هاووڵاتیی كورد له‌ پارێزگای كوردستان به‌ هۆی گازگرتوویه‌وه‌، بوونه‌ته‌ قوربانی.






كه‌مته‌رخه‌میی به‌رپرسان هۆڵه‌ وه‌رزشییه‌كانی شاری نۆدشه‌ی به‌ره‌ورِووی داخران كردۆته‌وه‌
بۆ هۆی خراپی و بێ ئیمكاناتیی هۆڵه‌ وه‌رزشییه‌كان شاری نۆدشه‌ به‌ره‌ورِووی داخران بوونه‌ته‌وه‌ و سه‌رجه‌م رشته‌ وه‌رزشییه‌كانی ئه‌و شاره‌ به‌ره‌و لاوازی ده‌چن. به‌پێی هه‌واڵی هه‌واڵده‌ریی كوردپا: هۆڵه‌ وه‌رزشییه‌كانی شاری نۆدشه‌، به‌هۆی خراپی و دوور بوون له‌ ناوشار و نه‌بوونی ئیمكاناتی گواستنه‌وه‌، به‌ره‌ورِووی داخران بوونه‌ته‌وه‌ و زیاتر له‌ ٢ ساڵه‌ هاووڵاتییان و ه‌رزشوانانی ئه‌و شاره‌ روویان له‌ شوێنه‌ وه‌رزشییه‌كان نه‌كردووه‌. سه‌رچاوه‌ خۆجێیه‌كان باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن یه‌كێك له‌و شوێنه‌ وه‌رزشییانه‌ سه‌ره‌رِای دوور بوونی له‌ ناو شار به‌ شێوه‌ی نێوه‌چڵی ماوه‌ته‌وه‌ و هیچكام له‌ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان له‌مه‌رِ ته‌كمیل كردنی خۆیان به‌ به‌رپرسیار نازانن.





ئێعدامى شارۆمه‌ندیك له‌ ورمێ له‌به‌ر چاوى گشتى
به‌ پێى راپۆرتى ناوه‌ندى هه‌واڵده‌رى موكریان،سه‌ر له‌ به‌یانى رۆژى شه‌ممه‌ ٣٠ به‌فرانبار، شارۆمه‌ندیك له‌ ورمێ به‌ ناوى حامد- پ، به‌ تۆمه‌تى قه‌تڵ له‌ به‌رچاوى گشتى له‌ بلوارى بێعسه‌ت، عه‌تایى ورمى له‌ سێداره‌ درا. به‌ پێى راپۆته‌كان حامد دوو مانگ پێش له‌ تێك هه‌ڵچوونێكدا لاوێكى كوشت و ئه‌مرۆ له‌ ژێر چاودێرى توندى یه‌گانى تایبه‌ت له‌ ناو شارى ورمێ له‌ سێداره‌ درا.






راوێژكارى بالاى خامنه‌یى: به‌شارئه‌سه‌د هێلى سوورى ئێمه‌یه‌
به‌ پێى راپۆرتى هه‌واڵده‌رى ئه‌لعه‌ره‌بیه‌، عه‌لى ئه‌كبه‌ر ولایه‌تى راوێژكارى بالاى خامنه‌یى له‌ وتوێژێكى ته‌له‌فزیونى له‌گه‌ڵ رایلكه‌ى ئه‌لمه‌یادین له‌ راگه‌یاندنه‌كانى سه‌ر به‌ رێمى سووریا رایگه‌یاند، به‌شارئه‌سه‌د هێلى سوورى ئێمه‌یه‌ و تا كۆتایى ده‌ست له‌ پاڵپشتى ئه‌و رژێمه‌ هه‌ڵناگرین. هۆكارى سه‌ره‌كیمان پێشگرتن له‌ رووخانى ده‌وڵه‌تى سووریا ، مانه‌وه‌ى هێلى به‌رگرى له‌ به‌رانبه‌ر ئیسرائیلدایه‌. نه‌یارانى به‌شارئه‌سه‌د چه‌ندین جار رژێمى تارانیان به‌ كوشتارى خه‌ڵكى سووریا و پاڵپشتى له‌ ده‌وڵه‌تى ئه‌سه‌د تۆمه‌تبار كردووه‌.





شێركه‌تى فرۆكه‌وانى ئۆتریش سه‌فه‌رى بۆ ئێران راگرت
به‌ پێى راپۆرتى هه‌واڵده‌رى ره‌سمى ئۆتریش، كه‌متر له‌ یه‌ك حه‌فته‌ له‌ راگرتنى هاوكارى دوو شێركه‌تى فرۆكه‌وانى فه‌رانسه‌ و هۆله‌ند، شیركه‌تى فرۆكه‌وانى ئۆتریش رۆژى هه‌ینى ٢٩ى به‌فرانبار به‌ شێوه‌ى ره‌سمى هاتنى فرۆكه‌كانى بۆ ئێران راگرت. پتر تى یر، وته‌وێژى شێركه‌تى ئۆتریشى رایگه‌یاند، راوه‌ستانى فرِین بۆ تاران له‌ رۆژى ١٢ى ژانویه‌وه‌ ده‌ستى پێ كردووه‌ و سه‌فه‌رى تاران له‌ به‌رنامه‌ى مسافرانى هاوینى كه‌ له‌ مانگى مه‌یه‌وه‌ ده‌ست پێ ده‌كات لابراوه‌. به‌ پێى وته‌ى ئه‌م وته‌بێژه‌ رۆیشتن بۆ ئێران به‌ هۆكارى ئابوورى و دابه‌زینى نرخى دراوى ئێرانى خێرى نییه‌، شێركه‌تى ئۆتریشى هه‌ر حه‌فته‌ پێنج فرینى بۆ ئێران هه‌بوو.





یه‌مه‌ن: سیخۆره‌ ئێرانیه‌كان به‌م زووانه‌ دادگایى ده‌كرێن
به‌ پێى راپۆرتى سایتى عه‌سرى ئێران، وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى یه‌مه‌ن له‌ وتووێژێكى ته‌له‌فزیونى رایگه‌یاند، ده‌زگا به‌رپرسه‌كان له‌ یه‌مه‌ن به‌م زووانه‌ دادگایى ئه‌و كه‌سانه‌ كه‌ به‌ تۆمه‌تى سیخۆرى بۆ رژێمى تاران گیراون ده‌ست پێ ده‌كه‌ن. ئه‌بوبه‌كر ئه‌لغه‌ربى وتى، به‌ داخه‌وه‌ رژێمى تاران له‌ كاروبارى ناوخۆیى و سیاسى یه‌مه‌ن ده‌ستێوه‌ردان ده‌كه‌ن و ئێمه‌ له‌ وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ به‌ هاوكارى سازمانى ئه‌منیه‌تى نه‌ته‌وه‌یى بۆ راگرتنى نفوزى رژێم له‌ یه‌مه‌ن چالاكى ده‌كه‌ین. بالوێزى ئه‌مریكا له‌ سه‌نعا حه‌فته‌ى رابردوو رایگه‌یاند، رژێمى تاران له‌ جیایى ته‌له‌به‌كانى باشوورى یه‌مه‌ن پاره‌ ده‌دات بۆ ئاڵۆزى دروست كردن له‌ ناوچه‌ى ده‌وروو به‌رى گه‌روى هۆرمز.






پیتاندن بۆ یه‌ك ده‌قه‌یش راناگرین
 به‌ پێى راپۆرتى رایلكه‌ى ئه‌لعاله‌م، نوێنه‌رى رژێم له‌ ئاژانسى نێوده‌وڵه‌تى وزه‌ى ناوه‌كى له‌ وتوێژ له‌گه‌ڵ ئه‌و شه‌به‌كه‌دا رایگه‌یاندووه‌، وتووێژه‌كان له‌گه‌ڵ ئاژانس له‌ مه‌رِ نزیك كردنه‌وه‌ى بۆچوونه‌كان و لابردنى هێندێك كێشه‌ جێگاى دڵخۆشى بوو به‌لام گه‌لاڵه‌ى كارى خۆمان دواى نه‌مانى كێشه‌كان واژۆ ده‌كه‌ین. عه‌لى ئه‌سغه‌ر سۆڵتانییه‌ به‌ ئاماژه‌ به‌ ئاشتى خوازانه‌ بوونى به‌رنامه‌ ناوه‌كیه‌كه‌ى ئێران وتى ئه‌مریكا و رۆژئاوا له‌سه‌ر گه‌مارۆكانى خۆیان سوورن به‌ مه‌به‌ستى راگرتنى چالاكییه‌ ناوه‌كیه‌كانى ئێران، به‌لام ئێمه‌ بۆ یه‌ك ده‌قه‌یش پیتاندنى ئۆرانیۆم راناگرین.







دوو گومانلێكراو له‌سه‌ر كه‌یسی‌ تیرۆركردنی‌ سێ چالاكوانه‌ كورده‌كه‌ ده‌ستگیرده‌كرێن

دوای‌ كوژرانی‌ سێ ژنه‌ چالاكوانی‌ كورد له‌ پاریس، هێزه‌كانی‌ فه‌ره‌نسا ئاشكرایان كردووه‌، دوو گومانلێكراوی‌ ئه‌و كه‌یسه‌ ده‌ستگیركراون. ئه‌مرِۆ شه‌ممه‌، سایتی‌"حورِییه‌ت ده‌یلی‌ نیوز" توركیا بڵاویكردۆته‌وه‌، رۆژنامه‌ی‌ "فرێنچ ده‌یلی‌ لو پاریسیان" ئاماژه‌یان به‌وه‌ داوه‌، پۆلیسی‌ فه‌ره‌نسا دوو گومانلێكراویان به‌تۆمه‌تی‌ په‌یوه‌ندی‌ بوونیان به‌ تیرۆركردنی‌ ئه‌و سێ ژنه‌ چالاكوانانه‌ی‌ كورده‌وه‌ ، ده‌ستگیركراون. به‌ پێی‌ هه‌واڵه‌كه‌ش، ئه‌و دوو گومانلێكراوه‌، ته‌مه‌نیان له‌ نێوان ٣١_٣٩ ساڵیدایه‌ و له‌ دایكبووی‌ توركییان و له‌ سه‌ر له‌ ئێواره‌دا ده‌ستگیركراون، پێده‌چێت كه‌سێك له‌و گومانلێكراوانه‌ شۆفێری‌ "ساكینه‌ جانسیز" بوو بێـت كه‌ گه‌وره‌ ژنی‌ ئه‌و سێ چالاكوانه‌ بووه‌ كه‌ تیرۆركراون.







سوریا؛ له‌ماوه‌ی یه‌ك هه‌فته‌دا (١٠٧٩) كه‌س كوژراون
چالاكوانانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا رایانگه‌یاند: له‌ماوه‌ی یه‌ك هه‌فته‌دا (١٠٧٩) كه‌س كوژراون له‌ سه‌رانسه‌ری سوریادا و زۆرینه‌شیان له‌ حه‌له‌ب و ده‌وروبه‌ری دیمه‌شق-ن. به‌وته‌ی چالاكوانان؛ به‌ره‌به‌یانی ئه‌مرِۆ هێزه‌كانی رژێمی سوریا (١٠) كه‌سیان له‌ شاری دۆمای ده‌وروبه‌ری دیمه‌شق ده‌ستگیركردوه‌ و له‌هه‌مان شوێندا گوله‌ بارانیان كرون و هه‌روه‌ك فرِۆكه‌ جه‌نگیه‌كانی سوریا به‌شێوه‌یه‌كی چرِ شاره‌كانی عه‌ره‌بین له‌ دیمه‌شق و سه‌رجه‌ له‌ ئیدله‌ب بۆردومان ده‌كه‌ن و به‌هۆیه‌وه‌ چه‌ندین كه‌س گیانیان له‌ده‌ستداوه‌ ژماره‌یه‌كی زۆر قوربانی له‌ ژێر داروپه‌ردوی بینا روخاوه‌كاندان كه‌ زۆرینه‌یان ژن و منداڵن. هاوكات ده‌سته‌ی گشتی شۆرِشی سوریا رایگه‌یاند: له‌ پێكدادان و توندوتیژی و بۆردومانه‌كانی هه‌فته‌ی رابردودا (١٠٧٩) كه‌س كوژراون كه‌ (١٢٢)یان منداڵن و (٦٨)یان ژنن، زۆربه‌ی قوربانیه‌كانیش له‌ پارێزگاكانی دیمه‌شق و ده‌وروبه‌ری دیمه‌شق و حه‌له‌بن، كه‌ نیوه‌ زیاتری قوربانیه‌كان پێكده‌هێنن. كۆتایی ساڵی رابردوش نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان رایگه‌یاند: ژماره‌ی كوژراوانی سوریا زۆر له‌وه‌ زیاتره‌ تائێستا بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ و به‌پێی ئاماره‌ نافه‌رمییه‌كانی ئه‌وان، تا ئه‌و كاته‌ ژماره‌ی قوربانیان (٦٠) هه‌زار كه‌سی تێپه‌رِاندبو.






سه‌رێكانی؛ شه‌رِوپێكدادان به‌رده‌وامه‌ و ٨٤ كه‌س كوژراون
بۆ ماوه‌ی سێ رۆژه‌ شه‌رِوپێكدادانه‌كانی نێوان چه‌كدارانی (YPG) و چه‌ند گروپێكی چه‌كدار له‌ شاری سه‌رێكانی رۆژئاوای كوردستان به‌رده‌وامه‌ و تائێستا ٨٤ كه‌س كوژراون. ئاژانسی هه‌واڵی (فورات) بڵاویكردوه‌ته‌وه‌، كه‌ پێكدادانه‌كانی شاری سه‌رێكانی له‌ نێوان چه‌كدارانی (YPG) و چه‌ند گروپێك به‌ ناوه‌كانی (احفاد الرسول، احرار خویران، شوهداْ التاهریه‌) به‌رده‌وامی هه‌یه‌ و تائێستا ٢ ئه‌ندامی (YPG) كوژراون و ٤ی دیكه‌ش برینداربون، له‌به‌رامبه‌ریشدا ٨٤ كه‌س له‌ ئه‌ندامانی ئه‌و گروپانه‌ كوژراون. ئه‌و ئاژانسه‌ باسی له‌وه‌شكردوه‌، كه‌ ئه‌و گروپه‌ چه‌كدارانه‌ له‌ توركیاوه‌ تانكیان له‌گه‌ڵ خۆیان هێناوه‌ بۆ شه‌رِكردن له‌ شاری سه‌رێكانی، تائێستا دو له‌و تانكانه‌ تێكشكێنراون و ته‌رمی كوژراوه‌كانیشیان گواستوه‌ته‌وه‌ بۆ ئه‌و وڵاته‌. ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌شكراوه‌، ئه‌ندامانی ئه‌و گروپانه‌ له‌ ژێر ناوی گه‌ریلاكانی (YPG) و به‌ جلی ئه‌وانه‌وه‌ هه‌ڵده‌كوتنه‌ سه‌ر ماڵان و خه‌ڵك ده‌رِفێنن.






ئه‌و خۆراكانه‌ی به‌رگری‌ له‌ش به‌هێز ده‌كه‌ن
لێكۆڵینه‌وه‌ زانستیه‌ نوێیه‌كان سه‌لماندویانه‌، به‌رزكردنه‌وه‌ی‌ به‌رگری‌ له‌ش هۆكارێكه‌ بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی‌ رێژه‌ی‌ نه‌خۆشی‌ له‌ له‌شی‌ مرۆڤدا.هه‌روه‌ك به‌رزكردنه‌وه‌ی‌ به‌رگری‌ له‌ش به‌ چه‌ند رێگایه‌ك ده‌بێت، یه‌كێك له‌وانه‌ش خواردنی‌ خۆراكی‌ نوێ و ته‌ندروسته‌، كه‌ هۆكارێكه‌ بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ی‌ به‌رگری‌ له‌ش له‌ مرۆڤدا. لێكۆڵینه‌وه‌كان ئاماژه‌یان به‌ گرنگترین ئه‌و خۆراكانه‌ش كردوه‌ له‌وانه‌، میوه‌ و سه‌وزه‌وات، ماسی‌ به‌ تایبه‌ت ماسی‌ سه‌له‌مۆن، خواردنی پێنج گوێز له‌ رۆژێكدا به‌رگری‌ له‌ش به‌شێوه‌یه‌كی‌ به‌رچاو زیاد ده‌كات، سیر، هه‌نگوین، هێلكه‌، زه‌یتون و گێزه‌ر.

ڕێکه‌وت: 2013-01-19 15:11:07
به‌شی ( هه‌واڵه‌كانى كوردستان و ئێران و ناوچه‌كه‌ (٣٠ى به‌فرانبار) )