خه‌ڵكی شۆرشگیری كوردستان!٦٧ ساڵ له‌مه‌وبه‌ر له‌ ٢ی رێبه‌ندانی ١٣٢٤ی كۆچی خۆری، به‌ هه‌وڵى پێشه‌وا قازی مومحه‌ممه‌د و هاورێیانی له‌ مه‌یدانی چوارچرای شاری مه‌هاباد كۆماری كوردستان بوونی خۆی راگه‌یاند و خۆشی و شادی خسته‌ ناو دڵی هه‌موو تاكێكی كورد. ٦٧ ساڵ له‌مه‌وبه‌ر له‌ئه‌نجامی گۆرانكارییه‌ ناوچه‌یی و نیوده‌وڵه‌تیه‌كان بۆشایێك له‌ سیسته‌می ده‌سه‌ڵاتداریه‌تی وه‌ڵاتی ئێران دروست بوو كه‌ گه‌لی كورد به‌ قۆستنه‌وه‌ی ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ خه‌ونی مێژوویی ....
 خۆی بۆ پێكهینانی حكومه‌ت و ده‌ستبه‌ر كردنی ئازادی و مافی خۆبه‌رێوه‌به‌ریی به‌ده‌ست هێنا. پێكهێنانی كۆماری كوردستان له‌و كاته‌دا به‌ له‌به‌رچاو گرتنی مێژووی پرِ له‌ نه‌هامه‌تی و بێ مافیه‌كانی خه‌ڵكی كوردستان و سه‌پاندنی ده‌سه‌ڵاتی زاڵمانه‌ی ده‌وڵه‌ته‌ دیكتاتۆره‌كان، رووداوێكی مێژوویی و نوقته‌ گۆرانێك له‌ خه‌باتی رزگاریخوازانه‌ی خه‌ڵكی كوردستان دێته‌ ئه‌ژمار. تێنوویه‌تی بۆ ئازادى و خه‌باتی چه‌ندین ساله‌ی خه‌ڵكی كورد بۆ رزگارى و مافی سه‌ره‌تایی ومرۆیی بۆ دانیشتوانی كورد له‌چوارچێوه‌ی سنووره‌كانی كوماری كوردستان هاته‌ دی و ده‌رفه‌تێك بۆ هاتنه‌دی هه‌موو ئامانجه‌ له‌مێژینه‌كانی كورد ره‌خسا، به‌خوَشیه‌وه‌ له‌ماوه‌ی ته‌مه‌نی كورتی كوَماردا,شێوه‌ییكی باش له‌ ئه‌زموونی ده‌سه‌ڵاتداری به‌رێوه‌چوو، سه‌ره‌رای ئه‌وه‌ی كوَماری كوردستان,ماوه‌ی ١١ مانگ ته‌مه‌نی كرد، به‌ڵام به‌ ووشیاری و ژیری و تێگه‌یشتوویی به‌رێوه‌به‌رانی كۆمارو به‌تایبه‌تی كه‌سایه‌تی ئازادیخوازانه‌ی قازی محه‌ممه‌د گه‌لێك ده‌سكه‌وت و ئه‌زموونی به‌ نرخ له‌كارنامه‌ی كاری كۆمار تۆمار كرا . كۆماری كوردستان سه‌ره‌رِای ئه‌وه‌ی كه‌ بێ كه‌م و كوری و هه‌ڵه‌ نه‌بوو، به‌ڵام به‌ گشتی به‌ له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌و سه‌رده‌مه‌و وه‌ك یه‌كێك له‌ئه‌زموونه‌سه‌رتاییه‌كانی كورد له‌ حكومه‌تداریدا، ده‌تواندرێ‌ به‌ ئه‌زموونێكی باش له‌ جۆری خۆی بزاندرێ‌ و شانازی پێوه‌بكرێ و ئه‌زموونی لێوه‌ربگیردرێ‌..,. 
گه‌وره‌ترین كه‌م و كوری كۆمار كه‌ به‌داخه‌وه‌ بوو به‌ هۆی له‌ناوچوونی ئه‌زموونه‌كه‌ش پشت ئه‌ستووری به‌ سیاسه‌تی فریوكارانه‌ی یه‌كێتی سۆڤیه‌ت و پشت گوێ خستنی فاكتۆره‌ گرینگه‌كانی تری ناوخۆیی و نێوه‌وڵه‌تی بوو. یه‌كێتی سۆڤیه‌ت به‌ هۆی به‌رژوه‌ندییه‌ ئابوورییه‌كان و به‌لێنی چۆلكردنی ناوچه‌ داگیركراوه‌كانی ئێران پشتی له‌ كۆماری كوردستان كرد و له‌راستی دا له‌بری چه‌ندین رێكه‌وتننامه‌ی ئابووری كۆمار بوو به‌ لایه‌نێكی موعامه‌له‌كه‌ و پێش كه‌ش به‌ دژمنانی كۆمار كران.
له‌دوای ٦٧ ساڵ گه‌لی كورد هه‌روا سوور و پێداگره‌ له‌سه‌ر ده‌ستبه‌ركرانی مافه‌ ره‌واكانی خه‌ڵكی كوردستان و هیچ پیلانێكی نیوده‌وڵه‌تی و ناوچه‌یی و ناوخۆیی و هیچ زه‌بر و زه‌نگ و سه‌ركووت و جینایه‌تێك ناتوانێ‌ پێش به‌و خولیا و ئامانجه‌ پیرۆزه‌ی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كوردستان بگرێ‌. جێگه‌ی سه‌رنجه‌ كه‌ ئه‌مرۆ خه‌باتی كورد پێش كه‌وتنی به‌رچاوی به‌ خۆوه‌ بینیوه‌ و ووشیاری سیاسی له‌ كۆمه‌ڵگای كوردستان یه‌كجار زۆر به‌ره‌وسه‌ر هه‌ڵكشاوه‌ و ئه‌و ئیراده‌یه‌ی خوڵقێنه‌ری ئه‌زموونی كۆماری كوردستان بوو گه‌رمتر و به‌ ته‌وژمتر له‌رابردوو بوونی هه‌یه‌. سه‌ره‌رای ئه‌وه‌ش رژیمی دیكتاتۆر و دژه‌ كوردی ئاخوندی زیاتر له‌ هه‌ر كاتێكی تر تووشی شكست و دارمان بووه‌ و ئه‌وه‌ی پێویسته‌ بكرێ‌ یه‌كگرتووی و یه‌كریزی گشتی بۆ له‌ناوبردنی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ نگریسه‌یه‌.
سازمانی خه‌بات ی كوردستانی ئێران له‌ ساڵیادی راگه‌یاندنی كۆماری كوردستان سلاَو و درود ده‌نێرێ بۆ سه‌رجه‌م شه‌هیدانی كۆمار و دوای كۆمار و هه‌روه‌ها درو ده‌نێرێ بۆ روحی پاكی پیشه‌وا قازی محه‌ممه‌د سه‌رۆك كۆماری كوردستان. ئومێد ده‌خوازین به‌ ئه‌زموون وه‌رگرتن له‌ رابردوو و كه‌ڵك وه‌رگرتن له‌ ده‌سكه‌وته‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كانمان ره‌وتی خه‌بات بۆ ئازادی گه‌له‌كه‌مان پێش بخه‌ین و سێبه‌ری ده‌سه‌ڵاتدارانی ئاخوندی ئێران نه‌مێنێ‌ و ئازادی و ئاشتی باڵ بكێشێ به‌ سه‌ر كوردستاندا.

سازمانی خه‌بات ی كوردستانی ئێران
كومیته‌ی ناوه‌ندی
١ى رێبه‌ندانى ١٣٩١








ڕێکه‌وت: 2013-01-20 15:16:51
به‌شی ( ٢ى رێبه‌ندان شه‌ست و حه‌وته‌مین ساڵرۆژى دامه‌زراندنى كۆمارى كوردستان به‌رز و به‌رێز بێ )