__ ٥٠ له‌سه‌دى به‌رهه‌مهێنانى پیشه‌سازى كوردستان داخراون__ ٢ ژن له‌ كوردستان ده‌ستیان دایه‌ خۆكوژی__ كه‌سێكى دیكه‌ له‌ شارى ورمێ ئیعدام كرا__ ته‌قینه‌وه‌ی نارنجۆك له‌ ئیلام ٦ قوربانیی لێكه‌وته‌وه‌__ ئێكۆنۆمیست: گه‌شه‌ى ئابوورى ئێران مه‌نفى ١.١ له‌سه‌د__ یارمه‌تى میلیۆنى رژیم به‌ وه‌لاتانى ئه‌فریقایی__  پێداگرى سه‌ركرده‌ى سپا له‌مه‌ر ده‌ستێوه‌ردانه‌كانى رژیم له‌ ناوچه‌كه‌__ هه‌ل و مه‌رج بۆ ووتووێژه‌ ئه‌تۆمیه‌كان له‌بار نییه‌ __ ئه‌مریكا پاشماوه‌ى سه‌رچاوه‌ ئه‌رزییه‌كانى رژیمیشى كردۆته‌ ئامانج__ گومانلێكراوێكی كه‌یسی تیرۆركردنی‌ سێ‌ چالاكوانه‌ كورده‌كه‌، باروت له‌ گیرفانیدا ده‌دۆزرێته‌وه‌__ ساڵی رابردو روسیا بایی (١٥) ملیار دۆلار چه‌كی فرۆشتوه‌__ ئۆپۆزسیۆنی سوریا پێكهێنانی حكومه‌تی كاتی دواخست


٥٠ له‌سه‌دى به‌رهه‌مهێنانى پیشه‌سازى كوردستان داخراون
سه‌رۆكى ژووى پیشه‌سازى، كانگا و تیجاره‌تى كوردستان ووتى: به‌ بوونى زه‌رفیه‌تى سه‌رووى ئه‌و پاریًزگایه‌ له‌ بواره‌كانى كشت و كاڵ، كانگا، توریستى و تیجارى ٥٠ له‌سه‌دى یه‌كه‌ پیشه‌سازییه‌كانى پارێز داخراون و ژماره‌یێكى به‌رچاویش به‌ زه‌رفیه‌تێكى كه‌مه‌وه‌ كار ده‌كه‌ن.  مه‌نسورى خاكسار بارودۆخى ئابوورى پارێزگاى كوردستانى به‌ ناله‌بار زانى ووتى: له‌بوارى ئابوورى له‌ نیو ٢١ پارێزگا پارێزگاى كوردستان پله‌ى ٢٩ى هه‌یه‌ و له‌ ریزه‌كانى دوایی دایه‌ و له‌بوارى په‌ره‌سه‌ندنى كانزاكان له‌ پله‌ى ١٢، نرخى زیاده‌ پله‌ى ٢٣ و له‌به‌شى داهاتى سه‌رانه‌ش پله‌ى ٢٨ى هه‌یه‌. ناوبراو ووتى هیچ به‌ستێنیك بۆ كار و كاسبى نییه‌سه‌ره‌راى ئه‌وه‌ى كه‌ مه‌یلى سه‌رمایه‌دانان هه‌یه‌. 




٢ ژن له‌ كوردستان ده‌ستیان دایه‌ خۆكوژی
له‌ ناوچه‌ی مه‌ریوان ژنێكی ته‌مه‌ن ٢٢ ساڵ له‌به‌ر كێشه‌ی بنه‌ماڵه‌یی ده‌ستی دایه‌ خۆسووتاندن و له‌ ئه‌نجامدا بووه‌ هۆی گیان له‌ده‌ست دانی. به‌پێی هه‌واڵی هه‌واڵده‌ریی كوردپا، سه‌ر له‌ ئێوارێی رۆژی پێنج‌شه‌ممه‌ رێكه‌وتی ٢٨ی به‌فرانبار ژنێك به‌ناوی "سه‌یران ئه‌حمه‌دی" ته‌مه‌ن ٢٢ ساڵ كچی عه‌بدووڵڵا و خه‌ڵكی گوندی "به‌یه‌ڵه‌"ی سه‌ربه‌ شاری مه‌ریوان له‌ ماڵی مێرده‌كه‌ی ئاگری له‌ جه‌سته‌ی خۆی به‌ردا و له‌ ئه‌نجامدا گیانی له‌ده‌ست دا. سه‌یران ئه‌حمه‌دی كه‌له‌ گوندی "ده‌ره‌تفێ"ی سه‌ربه‌ شاری مه‌ریوان مێردی كردبوو و هه‌روه‌ها خاوه‌نی منداڵێكیش بوو، چه‌ندین جار له‌لایه‌ن مێرده‌كه‌یه‌وه‌ توندوتێژی به‌رامبه‌ر كرابوو كه‌ دواجار به‌و هۆیه‌وه‌ ده‌ستی داوه‌ته‌ خۆسووتاندن و له‌ ئه‌نجامدا گیانی له‌ده‌ست داوه‌.به‌پێی هه‌واڵی هه‌مان سه‌رچاوه‌، رۆژی یه‌كشه‌ممه‌ رێكه‌وتی ١ی رێبه‌ندان ژنێك به‌ ناوی "فاتمه‌ مه‌قسوودی" ته‌مه‌ن ٢٤ ساڵ و خاوه‌ن ٢ منداڵ، له‌ نه‌ خۆشخانه‌ی شاری ورمێ به‌هۆی كاریگه‌ر بوونی برینه‌كانییه‌وه‌ كه‌ به‌رئه‌نجام خۆ سووتاندن بوو، گیانی دا. ئه‌و ژنه‌ له‌ دایكبووی گوندی "دێم قشڵاخ"ی سه‌ربه‌ شاری "ماكۆ"یه‌ كه‌ ١٠ رۆژ پێش ئیستا به‌ هۆی كیشه‌ بنه‌ماڵه‌ییه‌وه‌ له‌ شاری ورمی ئاگری له‌ جه‌سته‌ی خۆی به‌ردا و به‌و هۆیه‌وه‌ بووه‌ قوربانی. چه‌ند رۆژ پێش ئێستا ژنێك به‌ناوی جه‌میله‌ خه‌ڵكی شاری مه‌هاباد و خاوه‌نی ٢ منداڵ به‌هۆی كێشه‌ی بنه‌ماڵه‌ییه‌وه‌ ده‌ستی دابووه‌ خۆكوژی و دواتر گیانی له‌ده‌ست دابوو.






كه‌سێكى دیكه‌ له‌ شارى ورمێ ئیعدام كرا
لاوێكى ته‌مه‌ن ٢٠ ساڵ له‌شارى ورمێ به‌ تاوانى كوشتن له‌ به‌رچاوى گشتى ئیعدام كرا. رۆژى رابردووش ٢ لاو له‌شارى تاران به‌ تاوانى دزینى ٧٠ هه‌زار تمه‌ن و وه‌شاندنى چه‌قۆ له‌به‌رچاوى گشتى ئیعدام كران. 






ته‌قینه‌وه‌ی نارنجۆك له‌ ئیلام ٦ قوربانیی لێكه‌وته‌وه‌
٦ هاووڵاتیی كوردی ئه‌ندامی بنه‌ماڵه‌یه‌ك له‌ یه‌كێك له‌ گونده‌كانی سه‌ربه‌ شاری مه‌له‌كشاهی له‌ پارێزگای ئیلام به‌ هۆی ته‌قینه‌وه‌ی نارنجۆكی ده‌ستی، كوژران و بریندار بوون. ماڵپه‌رِی "مه‌له‌كشاهی ئانلاین" له‌ هه‌واڵیكدا بڵاوی كرده‌وه‌، سه‌رله‌ به‌یانیی ئه‌مرِۆ دووشه‌ممه‌ له‌ گوندی "سیرانه‌"ی مه‌له‌كشاهی سه‌ربه‌ پارێزگای ئیلام، ٥ ئه‌ندامی بنه‌ماڵه‌یه‌كی ئه‌و گونده‌ به‌هۆی ته‌قینه‌وه‌ی نارنجۆك گیانیان دا. له‌ درێژه‌ی ئه‌و هه‌واڵه‌دا هاتووه‌ كه‌ ئه‌ندامێكی دیكه‌ی ئه‌و بنه‌ماڵه‌یه‌ به‌هۆی به‌ركه‌وتنی پارچه‌ی نارنجۆك به‌ توندی بریندار بووه‌ و ره‌وانه‌ی نه‌خۆشخانه‌ كراوه‌. ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ هۆكاری ته‌قینه‌وه‌ی ئه‌و نارنجه‌كه‌ی، ده‌سكاریی یه‌كێك له‌ ئه‌ندامانی ئه‌و بنه‌ماڵه‌یه‌ راگه‌یاندووه‌.





ئێكۆنۆمیست: گه‌شه‌ى ئابوورى ئێران مه‌نفى ١.١ له‌سه‌د
ئێكۆنۆمیست له‌ نوێترین راپۆرتى خۆیدا گه‌شه‌ى ئابوورى ئێرانى به‌ ١.١ له‌سه‌دى مه‌نفى راگه‌یاند. ئێكۆنۆمیست 
جى دى پی ئێرانى مه‌نفى و به‌رانبه‌ر به‌ ١.١ له‌سه‌د راگه‌یاند. ئه‌و سه‌رژمێرییه‌ ده‌رخه‌رى دابه‌زینى ئاستى خوشگوزه‌رانى خه‌ڵكى ئێرانه‌. ئه‌وه‌ له‌ كاتیكدایه‌ كه‌ ده‌وڵه‌ت گه‌شه‌ى ئابوورى به‌ نیوه‌نجى ٦ له‌سه‌دى موسبه‌ت راگه‌یاندبوو. مه‌حموودى ئه‌حمه‌دى نه‌ژاد ماوه‌ێك له‌مه‌وبه‌ر گه‌شه‌ى ئابوورى ئێرانى به‌ ١٠له‌سه‌دى موسبه‌ت راگه‌یاندبوو كه‌ ته‌نانه‌ت وه‌زیرى ئابوورى و بانكى ناوه‌ندى ده‌وله‌تیش ئاماده‌ى په‌سه‌ند كردنى نه‌بوون. 





یارمه‌تى میلیۆنى رژیم به‌ وه‌لاتانى ئه‌فریقایی
ماوه‌ێك له‌مه‌وبه‌ر شاندى وه‌زیران په‌سه‌ندكراوێكى هه‌بووه‌ كه‌ به‌ پێى ئه‌و، ٤ میلیۆن دۆلار له‌ دهاتى نه‌وت بدرێته‌ ده‌ست سێ وه‌لاتانى ئه‌فریقایی، له‌وان زیمبابوێ، ئافریقاى ناوه‌ندى. له‌كاتێكدا كه‌ به‌ پێى یاساى ده‌وڵه‌ت ته‌نانه‌ت مافى قه‌رزشیان نییه‌ چ بگا به‌ دانى پووڵى بێ به‌رامبه‌ر.  نوێنه‌رى ده‌وره‌یی مه‌جلیس ده‌ڵێ: له‌ كاتێكدا كه‌ داهاتى گشتى سالانه‌ى وه‌زاره‌تى نه‌وت له‌ بووجه‌، ١٦ میلیۆن دۆلاره‌، چۆن ده‌تواندرى ٤ میلیۆون دۆلار به‌رانبه‌ر به‌ ١٢ میلیارد تمه‌ن بدرێته‌ ئه‌و سێ وه‌لاته‌. ناوبراو ده‌لێ ده‌وڵه‌ت ده‌یهه‌وێ له‌ رێگه‌ى ئه‌م بابه‌ته‌وه‌ پووڵ وه‌ربگرێ. ئه‌و پووڵه‌ ده‌تواندرى ٢١ كارخانه‌ى له‌ ١٢ شاردا پێ دروست بكرێ و هه‌زار لاویشى تێدا دابمه‌زرێندرێ. 





 پێداگرى سه‌ركرده‌ى سپا له‌مه‌ر ده‌ستێوه‌ردانه‌كانى رژیم له‌ ناوچه‌كه‌
محه‌ممه‌د عه‌لى جه‌عفه‌رى فه‌رمانده‌ى گشتى سپا له‌ رێوره‌سمێكدا ووتى: له‌ جیهانێكدا ده‌ژین كه‌ زاڵمان به‌ ئامرازى پروپاگه‌نده‌ و رێگه‌ى ناپاكى میدیایی ده‌یانهه‌وێ روح و ره‌وانى موسلمانان دامگیر بكه‌ن و تۆوى گه‌نده‌ڵى بچێنن. ناوبراو ووتى بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى ئه‌و پیلانه‌ پێویسته‌ وه‌لاتانى ئیسلامى ده‌ست له‌ناو ده‌تى یه‌ك تر برۆنه‌ ناو شه‌رى بیرۆكه‌ پووچه‌كان و پیلانه‌كانى دژمن به‌تاڵ بكه‌نه‌وه‌.






هه‌ل و مه‌رج بۆ ووتووێژه‌ ئه‌تۆمیه‌كان له‌بار نییه‌ 
 جێگرى سه‌رۆكى كومیسیۆنى ئه‌منه‌یتى نه‌ته‌وه‌یی و سیاسه‌تى ده‌ره‌وه‌ى مه‌جلیس ده‌لێ: ئه‌مریكا هه‌ل و مه‌رجى ووتووێژ له‌گه‌ڵ ئێرانى نیه‌ و ئێمه‌ له‌ دۆخێكى به‌رانبه‌ر دا نین. ناوبراو ووتى ئه‌گه‌ر نوێنه‌رانى ئه‌ژانس بیانهه‌وێ به‌ فه‌رمانى گه‌وره‌كانیان له‌ ووتووێژه‌كان له‌ به‌ربه‌رى هه‌ڵبژاردنه‌كانمان كه‌ڵك وه‌رگرتن ئێمه‌ واده‌ى ووتووێژه‌كان بۆ ٢ تا ٣ ساڵ دوا ده‌خه‌ین. ئه‌و وتانه‌ له‌كاتێكایه‌ كه‌ به‌ پێى سه‌رچاوه‌كان له‌ ساڵى ٢٠١٣ ئه‌گه‌رى به‌ره‌ورووبونه‌وه‌ى نیزامى له‌ لایه‌ن ئه‌مریكاوه‌ هه‌یه‌. 




ئه‌مریكا پاشماوه‌ى سه‌رچاوه‌ ئه‌رزییه‌كانى رژیمیشى كردۆته‌ ئامانج
 به‌ پێى راپۆرته‌كان هێندێك له‌ به‌رپرسان و خاوه‌ن رایانى ئه‌مریكا باس له‌ توندتركردنى گه‌مارۆكانى ئابوورى ئه‌مریكا دژى رژیمى ئێران و ده‌ستراگه‌یشتنى ئه‌و وه‌لاته‌ به‌ سه‌رچاوه‌ ئه‌رزییه‌كانیان ده‌كه‌ن. ده‌یوید كۆهه‌ن جێگرى وه‌زاره‌تى خه‌زێنه‌دارى ئه‌مریكا له‌ كاروبارى چه‌ك كردن و ترۆریسم به‌ ئاماژه‌ به‌ شه‌وه‌ى كه‌ ته‌حریمه‌ نوێیه‌كانى ئه‌مریكا كه‌وشێكى گه‌وره‌ى تر بوو كه‌ به‌ره‌و ئێران هاوێژرا ده‌لێ: زۆربه‌ى هاوبه‌شى ئاسیاییه‌كانى تیجارى له‌گه‌ڵ ئێران وه‌ك هێند  و كوره‌ى باشوور به‌ بیانووى ته‌حریمه‌كانه‌وه‌ ده‌توانن به‌ بێ دانى پووڵ به‌ ئێران كه‌ل و په‌له‌كانى خۆیان وه‌ك داوده‌رمان و گه‌نم و كه‌ل و په‌له‌ مه‌سره‌فیه‌كان بنێرنه‌ بازارى ئێران.  جێگه‌ى باسه‌ ته‌حریمه‌ نوێیه‌كان داهاتى ئه‌رزى پێكهاتوو له‌ فرۆشتنى نه‌وتى ئێران زۆر به‌ربه‌ست ده‌كا و فشاره‌كان له‌سه‌ر رژیم زیاتر ده‌كا. 






گومانلێكراوێكی كه‌یسی تیرۆركردنی‌ سێ‌ چالاكوانه‌ كورده‌كه‌، باروت له‌ گیرفانیدا ده‌دۆزرێته‌وه‌

یه‌كێك له‌و دوو گومانلێكراوه‌ی‌ كه‌ هه‌فته‌ی‌ رِابردوو له‌سه‌ر كه‌یسی تیرۆركردنی‌ سێ چالاكوانه‌كه‌ ی‌ كورد له‌ پاریس ده‌ستگیركرابوون، ئازاد كرا‌و ئه‌وی دیكه‌ش باروت له‌ گیرفانیدا ده‌دۆزرێته‌وه‌. ئه‌مرِۆ دووشه‌ممه‌، رۆژنامه‌ی‌" ده‌یلی‌ لو پاریزیان" فه‌ره‌نسی‌ بڵاویكردۆته‌وه‌، یه‌كێك له‌و گومانلێكراوانه‌ كه‌ ده‌ستگیركرابوون، ئازاد كراوه‌ و گومانلێكراوێكی دیكه‌شیان له‌ ژێر لێكۆڵینه‌وه‌دایه‌. به‌پێی‌ هه‌واڵی‌ ئه‌و رۆژنامه‌ فه‌ره‌نسیه‌، راپۆرته‌كانی‌ پۆلیس ئاماژه‌یان به‌وه‌ داوه‌، گومانلێكراوێكیان له‌كاتی‌ لێكۆڵینه‌وه‌دا، پاشماوه‌ی‌" باروت" له‌ گیرفانی‌ پاڵتۆكه‌یدا بووه‌، هه‌روه‌ها به‌ پێی‌ كامێرا چاودێرییه‌كان،  ئه‌و گومانلێكراوه‌ ٤٦ خوله‌ك پێش رِووداوی‌ تیرۆركردنه‌كه‌ دوو عه‌لاگه‌ی‌ پێبووه‌  و به‌ره‌و شوێنی‌ رووداوه‌كه‌ رۆشتووه‌. به‌ پێی‌ هه‌واڵی‌ ئاژانسه‌ عه‌ره‌بیه‌كان، ئه‌و گومانلێكراوه‌ی‌ كه‌ تاوه‌كو ئێستا له‌ ژێر لێكۆڵینه‌وه‌دایه‌، كه‌سێكه‌ له‌ دایكبووی‌ ساڵی‌ ١٩٨٢ و پێشتر شۆفێری‌ "ساكینه‌ جانسیز" بوو، كه‌ یه‌كێكه‌ له‌وانه‌ی‌ تیرۆركراوه‌.





ساڵی رابردو روسیا بایی (١٥) ملیار دۆلار چه‌كی فرۆشتوه‌
روسیا له‌ ساڵی رابردودا به‌برِی (١٥.٢) ملیار دۆلار چه‌كی به‌ وڵاتانی جیهان فرۆشتوه‌.
به‌پێی ئاژانسی هه‌واڵی روسیا، ئه‌لیكسانده‌ر فۆمین، به‌رِێوه‌به‌ری نوسینگه‌ی فیدراڵی بۆ هاریكاری سه‌ربازی و هونه‌ری رایگه‌یاندوه‌: روسیا له‌ ساڵی رابردودا به‌ برِی (١٥.٢) ملیار دۆلار چه‌كی به‌ وڵاتانی جیهان فرۆشتوه‌ و به‌مه‌ش به‌به‌راورد به‌ ساڵی (٢٠١١)، رێژه‌ی فرۆشتنی (١٢%) زیادیكردوه‌.
به‌پێی ئاماره‌كانی سه‌نته‌ری بازرگانی جیهانی بۆ چه‌ك، له‌دوای ئه‌مه‌ریكاوه‌ روسیا  دوه‌م گه‌وره‌ترین وڵاته‌ بۆ هه‌نارده‌كردنی چه‌ك له‌ جیهاندا. له‌ئێستاشدا روسیا چه‌ك هه‌نارده‌ی (١٠٠)وڵاتی جیهان ده‌كات و گرنگترین ئه‌و وڵاتانه‌شی كه‌ چه‌ك له‌ روسیا ده‌كرِن بریتین له‌ هندستان و جه‌زائیر و چین و فه‌نزه‌وێلا و مالیزیا و سوریا. به‌پێی ئاماره‌كانیش هه‌ریه‌كه‌ له‌ وڵاتانی فه‌ره‌نسا، ئیتاڵیا، ئیسرائیل، ئیسپانیا، سوید، له‌دوای وڵاتانی ئه‌مه‌ریكا و روسیاوه‌ دێن له‌ هه‌نارده‌كردنی چه‌كدا.






ئۆپۆزسیۆنی سوریا پێكهێنانی حكومه‌تی كاتی دواخست
جارێكی تر ئیئتیلافی نیشتیمانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا برِیاریدا به‌ دواخستنی پێكهێنانی حكومه‌تی كاتی وڵاته‌كه‌یان. ئیئتیلافه‌كه‌ ئه‌مرِۆ دوشه‌ممه‌ له‌به‌یاننامه‌یه‌كدا ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، كه‌ لیژنه‌یه‌كیان له‌ پێنج كه‌س پێكهێناوه‌ بۆ تاوتوێكردنی پێشنیاره‌كان له‌باره‌ی پێكهێنانی حكومه‌تی كاتی و له‌ماوه‌ی ١٠ رۆژدا پێشكه‌شی ئیئتیلافه‌كه‌ی ده‌كه‌ن. پێشتریش ئیئتیلافی نیشتیمانی له‌ كۆبونه‌وه‌ی ٩ی مانگی رابردویدا كه‌ له‌ قاهیره‌ به‌رِێوه‌چو، برِیاریدا یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی پێكهێنانی حكومه‌تی كاتی دوابخات. له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌، برِیاره‌ رۆژی ٢٨ی ئه‌م مانگه‌ بۆ تاوتوێكردنی بارودۆخی سوریاو دوایین پێشهاته‌كان، لایه‌نه‌كانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا له‌ پاریسی پایته‌ختی فه‌ره‌نسا كۆببنه‌وه‌. له‌هه‌مان كاتدا  ژماره‌یه‌ك له‌ هاوڵاتیانی سوریای نیشته‌جێی ئیمارات ئاشكرایانكردوه‌، دایكی به‌شار ئه‌سه‌دی سه‌رۆكی سوریا گه‌یشتوه‌ته‌ دوبه‌ی و له‌گه‌ڵ بوشرای كچیدا ده‌ژی.



ڕێکه‌وت: 2013-01-21 15:39:10
به‌شی ( هه‌واڵه‌كانى كوردستان و ئێران و ناوچه‌كه‌ (٢ى رێبه‌ندان) )