__ ده‌ستبه‌سه‌ر كردنى هه‌شت شارۆمه‌ند له‌ نستانى سه‌رده‌شت__ له‌ بانه‌ كۆڵبه‌رێكی دیكه‌ی كورد به‌ده‌ستی هێزه‌ نیزامییه‌كان كوژرا__ مامۆستایه‌كی زانستگه‌ی كوردستان له‌سه‌ر كار ده‌ركرا__ سه‌رۆك وه‌زیرانى ئیسرائیل، رژێمى تاران له‌سه‌رووى كاره‌كانمانه‌وه‌یه‌__ رۆیترز: لێكۆڵه‌ره‌وانى ئاژانس به‌ ده‌ستى به‌تاڵ له‌ ئێران گه‌رِانه‌وه‌__ هه‌زار دینارى عێراقى ٣ هه‌زار تمه‌نى ئێرانییه‌__ ئێعدامى سێ كه‌سیتر له‌ زیندانى ناوه‌ندى قه‌زوێن__ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان: مانگانه‌ ١٠٠ هه‌زار سوری‌ ئاواره‌ ده‌بن

ده‌ستبه‌سه‌ر كردنى هه‌شت شارۆمه‌ند له‌ نستانى سه‌رده‌شت
به‌ پێى راپۆرتى ناوه‌ندى هه‌واڵده‌رى موكریان، له‌ دواى تێكهه‌ڵچوونى له‌ نێوان هێزه‌ ئینتزامیه‌كان و خه‌ڵك له‌ گۆندى نستان به‌ هۆى ده‌ستبه‌سه‌ردا گرتنى بارى چه‌ند كاسبكارێكه‌وه‌ له‌ رۆژى چوارشه‌ممه‌ ٢٧ى به‌فرانبار له‌ لایه‌ن هێزه‌ ئه‌منیه‌تیه‌كانه‌وه‌ له‌ ماڵه‌كانیان، رۆژى دووشه‌ممه‌ ٢ى رێبه‌ندان هه‌شت كه‌س له‌ شارۆمه‌ندانى خه‌ڵكى نستان به‌ ناوه‌كانى ئه‌بووبه‌كر مه‌حه‌مه‌دى، قادر خزرزاده‌، شیرزاد مام خزرى، ئیبراهیم پوورئه‌حمه‌دى، عه‌لى قاله‌یى، مه‌حه‌مه‌د حه‌بیبى، ئیبراهیم حسین زاده‌ و ئاكۆ نازى له‌ لایه‌ن هێزه‌ ئه‌منیه‌تیه‌كانه‌وه‌ ده‌ستبه‌سه‌ر كران و گوازرانه‌وه‌ بۆ زیندان.





له‌ بانه‌ كۆڵبه‌رێكی دیكه‌ی كورد به‌ده‌ستی هێزه‌ نیزامییه‌كان كوژرا
له‌ ناوچه‌ی سنووری بانه‌ كۆڵبه‌رێكی دیكه‌ی كورد به‌ ته‌قه‌ی هێزه‌ نیزامییه‌كانی حكوومه‌تی ئێران گیانی لێ ئه‌ستێندرا. به‌پێی هه‌واڵی هه‌والده‌ریی كوردپا، شه‌وی دووشه‌ممه‌ رێكه‌وتی ٢ی رێبه‌ندان هیزه‌ نیزامییه‌كانی جێگیر له‌ سنووری بانه‌ له‌ شوێنێك به‌ ناوی "چۆمی چووشی" ته‌قه‌یان له‌ ده‌سته‌یه‌ك كۆڵبه‌ر كردووه‌ و له‌ ئه‌نجامدا كۆڵبه‌رێك به‌ ناوی "سابیر ئاڵتوون" گیانی داوه‌. سابیر ئاڵتوون ته‌مه‌نی ١٧ ساڵ و كورِی جه‌لال و خه‌ڵكی گوندی "نه‌منجێ"ی ناوچه‌ی پیرانی سه‌ربه‌ پیرانشار بووه‌ كه‌ بۆ پێشه‌ی پرِ مه‌ترسی كۆڵبه‌ری رووی له‌ ناوچه‌ سنووریه‌كانی نێوان شاری بانه‌ و هه‌رێمی كردستان كردبوو.






مامۆستایه‌كی زانستگه‌ی كوردستان له‌سه‌ر كار ده‌ركرا
مامۆستایه‌كی كوردی زانستگه‌ی كوردستان، به‌بێ هیچ هۆكارێكی دیاری كراو له‌ وانه‌ وتنه‌وه‌ بێبه‌ری كرا. به‌پێی هه‌واڵی هه‌واڵده‌ریی كوردپا، چه‌ند رۆژ پێش ئێستا مامۆستایه‌كی كوردی زانستگه‌ی كوردستان به‌ ناوی د. "كه‌ماڵ خاله‌ق په‌نا" به‌ برِیاری به‌رپرسانی ئه‌و زانستگه‌یه‌ له‌ وانه‌ وتنه‌وه‌ بێبه‌ری كراوه‌. به‌رپرسانی زانستگه‌ی كوردستان پێیان راگه‌یاندووه‌ كه‌ چیدیكه‌ ناتوانێت له‌و زانستگه‌یه‌ وانه‌ به‌ خوێندكاران بڵێته‌وه‌. د. كه‌ماڵ خالق په‌نا رشته‌ی كۆمه‌ڵناسیی تیۆری ــ فه‌رهه‌نگی"ی له‌ زانستگه‌ی تارانی ته‌واو كردوه‌ و دواتر له‌ زانكۆی كوردستان وه‌ك یاریده‌ده‌ری مامۆستا له‌ به‌شی كۆمه‌ڵناسی وانه‌ی وتوه‌ته‌وه‌.






سه‌رۆك وه‌زیرانى ئیسرائیل، رژێمى تاران له‌سه‌رووى كاره‌كانمانه‌وه‌یه‌
به‌ پێى راپۆرتى هه‌واڵده‌رى ئاسۆشه‌یتدپرس، سه‌عاتێك دواى بلاو بوونه‌وه‌ى ئاكامى هه‌ڵبژاردنى پارلمانى ئیسرائیل و سه‌ركه‌وتنى ئیئتلافى حێزبى لیكوود به‌ رێبه‌رى نه‌تانیاهوو و حێزبى ئیسرائیل ماڵى ئێمه‌یه‌ به‌ رێبه‌رى ئاویگدۆر لیبرمه‌ن وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌و ولاته‌، بنیامین نه‌تانیاهوو سه‌رۆك وه‌زیرانى ئیسرائیل رایگه‌یاند، پێشگرتن له‌ ده‌ستراگه‌یشتنى رژێمى ئاخووندى به‌ چه‌كى ناوه‌كى، له‌ سه‌ره‌وه‌ى كاره‌كانى ئێمه‌دایه‌. به‌ پێى ئه‌م راپۆرتى له‌ ئه‌گه‌رى پاڵپشتى لانیكه‌م ٦١ نوێنه‌رى پارلمان له‌ حێزبى لیكوود، نه‌تانیاهوو ده‌توانێت ده‌وڵه‌تى نوێ رابگه‌ێنێت.





رۆیترز: لێكۆڵه‌ره‌وانى ئاژانس به‌ ده‌ستى به‌تاڵ له‌ ئێران گه‌رِانه‌وه‌
به‌ پێى راپۆرتى هه‌واڵده‌رى رۆیترز، ئێران له‌ لێكۆلینه‌وه‌ى نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ مه‌رِ گه‌لاڵه‌ ناوه‌كییه‌كه‌ى خۆى، خۆی بوارد تاكوو وه‌ك ئامرازێك بۆ وتووێژ كه‌ڵكى لێ وه‌ر بگرێت و یان بۆ كه‌م كردنه‌وه‌ى گه‌مارۆكان له‌ به‌رانبه‌ر كۆمه‌ڵگاى جیهانى به‌كارى بێنێت. به‌م پێیه‌یش هه‌وڵى یه‌ك ساڵه‌ى لێكۆڵه‌وه‌رانى ئاژانس بۆ دۆزینه‌وه‌ى رێگه‌ چاره‌ى گۆنجاو بۆ چاره‌سه‌ر كردنى كێشه‌كانى نێوان ئاژانس و ئێران به‌ فیرۆ چووه‌. به‌ پێى وته‌ى نوێنه‌رێكى ئاژانس له‌ وییه‌ن، وتووێژه‌كانى ئێران له‌گه‌ڵ ئاژانس سه‌ماێیكى پرۆڤه‌كراوى ئێرانه‌ كه‌ هه‌نگاوێكه‌ بۆ پێش و دوو هه‌نگاوه‌ بۆ دواوه‌.
 







هه‌زار دینارى عێراقى ٣ هه‌زار تمه‌نى ئێرانییه‌
به‌ پێى راپۆرتى هه‌واڵده‌رى ئیسنا، دابه‌زینى نرخى دراوى ئێرانى بووه‌ به‌ هۆى ساردبوونه‌وه‌ى  كردارى كاسبكاره‌ عێراقیه‌كان له‌گه‌ڵ ئه‌و كه‌سانه‌ى كه‌ بۆ زیاره‌ت ده‌رۆنه‌ ئه‌و ولاته‌، كۆمه‌لێك له‌ فرۆشیارانى عێراقى له‌ برِى پاره‌ى ئێرانى داواى دراوى بیانى ده‌كه‌ن. به‌و پێیه‌ نرخى هه‌ر هه‌زار دینار به‌رابه‌ره‌ به‌ سێ هه‌زار تمه‌نى عێراقى.






ئێعدامى سێ كه‌سیتر له‌ زیندانى ناوه‌ندى قه‌زوێن
به‌ پێى راپۆرتى هه‌واڵده‌رى حكومه‌تى مێهر،  سێ كه‌س به‌ ناوه‌كانى ك – خ، ع- ن، ع-ح، سه‌ر له‌ به‌یانى ئه‌مرۆ چوارشه‌ممه‌ ٤ى رێبه‌ندان، به‌ تۆمه‌تى بازرگانى به‌ ماده‌ هۆشبه‌ره‌كانه‌وه‌و له‌ زیندانى ناوه‌ندى قه‌زوێن به‌ ئاماده‌ بوونى جێگرى دادستانى گشتى و شۆرشى قه‌زوێن و به‌رپرسانى ئه‌و زیندانه‌ له‌ ئێداره‌ درِان.






نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان: مانگانه‌ ١٠٠ هه‌زار سوری‌ ئاواره‌ ده‌بن
رۆژنامه‌یه‌كی‌ ئه‌مه‌ریكی‌ بڵاویكرده‌وه‌، له‌گه‌ڵ هه‌ڵكشانی‌ توندو تیژیه‌كانی‌ سوریادا، ژماره‌ی‌ خێزانه‌ ئاواره‌بوه‌كانی‌ ئه‌و وڵاته‌ش زیاتر ده‌بێت. ئه‌وه‌شی‌ خستوه‌ته‌رِو كه‌ ئه‌و جێگایانه‌ی‌ ئه‌و خێزانانه‌ په‌نای‌ بۆ ده‌به‌ن بۆ نیشته‌جێبون شیاو نیه‌. رۆژنامه‌ی‌ (واشنتۆن پۆست)ی‌ ئه‌مه‌ریكی‌ راپۆرتی چه‌ند به‌رپرسێكی‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كانی‌ بڵاوكردوه‌ته‌وه‌، كه‌ تیایدا ئاماژه‌ به‌وه‌ دراوه‌، سه‌ره‌رِای‌ خراپی‌ ئاو و هه‌وای‌ وڵاتانی‌ دراوسێی‌ سوریا له‌ ئوردن و توركیا و لوبنان و عێراق، كه‌چی‌ سوریه‌كان به‌هۆی‌ خراپی‌ دۆخی‌ ئه‌منی‌ ولاته‌كه‌یانه‌وه‌، پێیان باش بوه‌ په‌نا بۆ ئه‌و وڵاتانه‌ ببه‌ن. كۆمسیۆنی‌ په‌نابه‌رانی‌ سه‌ر به‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كانیش پێشبینی‌ ئه‌وه‌ی‌ كردوه‌، تا مانگی‌ حوزه‌یرانی‌ داهاتو ژماره‌ی‌ په‌نابه‌رانی‌ سوریا بگاته‌ زیاتر له‌ ملیۆنێك په‌نابه‌ر.


ڕێکه‌وت: 2013-01-23 15:23:35
به‌شی ( هه‌واڵه‌كانى كوردستان و ئێران و ناوچه‌كه‌ (٤ى رێبه‌ندان) )