عه‌تا جه‌عفه‌رى
هه‌ر وه‌ك ئاگادارین له‌ رۆژانى كۆتایى ساڵى ٢٠١٢، ناتۆ دواى مشت و مرِێكى زۆر له‌ گه‌ڵ تركیا توانى ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌ رازى بكات له‌ سنووره‌كانى تركیا و سووریا سیسته‌مى به‌رگرِى دژه‌ مووشه‌كى جێگیر بكات. به‌لام دانانى ئه‌و قه‌ڵغانه‌ وه‌ك باسى لێوه‌ كراوه‌ بۆ به‌رِگرِى له‌ هێرشى سووریا بۆ خاكى تركیا دانرِاوه‌ كه‌ ئه‌گه‌ر ورِدتر له‌ بابه‌ته‌كه‌ برِوانین، ده‌بینین ئه‌وه‌ راستى بابه‌ته‌كه‌ نییه‌. چوونكوو له‌ راستیدا ده‌وڵت و ئه‌رته‌شى سووریا ئه‌و هێز و تواناییه‌ى نه‌ماوه‌ ....
كه‌ بتوانێت هێرش بكاته‌ سه‌ر خاكى تركیا، سووریا ئه‌و راستیه‌ ده‌زانێت كه‌ له‌ ئه‌گه‌رى هێرش بۆ سه‌ر ئه‌و ولاته‌ راسته‌وخۆ ده‌بێت به‌ دوژمنى ولاتانى ئه‌ندامى ناتۆ، چوونكوو تركیا یه‌كێك له‌ ئه‌ندامانى ئه‌و هاوپه‌یمانیه‌ و هێرش كردنه‌ سه‌ر هه‌ر كامه‌ له‌ ئه‌ندامانى ئه‌وهاوپه‌یمانیه‌ به‌ دژ كرده‌وه‌ى باقى ولاتانى هاوپه‌یمان به‌ره‌وو روو ده‌بێته‌وه‌ و ئه‌و ولاتانه‌یش ده‌توانن له‌  كه‌مترین ماوه‌دا ده‌وڵه‌تێك وه‌ك سووریا له‌ ناو به‌رن. هه‌ر بۆیه‌ بژارده‌ى رانه‌گه‌ێندراوى دیكه‌ له‌ پشت ئه‌و پرۆسه‌یه‌ به‌ دى ده‌كرێ و به‌ پێى هه‌موو به‌ڵگه‌ و دكومینته‌كان مه‌به‌ست له‌ دانانى ئه‌و قه‌ڵغانه‌ به‌ره‌وو روو بوونه‌وه‌یه‌ له‌گه‌ڵ مه‌ترسى گه‌لاڵه‌ ناوه‌كیه‌كه‌ى رژێمى ئاخووندیه‌. هه‌روه‌ك له‌ هه‌واڵده‌ریه‌كان بلاو بووه‌ته‌وه‌ ٧٣ سه‌ناتۆرى مه‌جلیسى پیرانى ئه‌مریكا له‌ دوایین مانگه‌كانى ساڵى رابردوو له‌ نامه‌ێكدا داوایان له‌ سه‌رۆك كۆمارى ئه‌مریكا، باراك ئۆباما كرد كه‌ گه‌مارۆكانى سه‌ر رژێمى ئاخوندى توندتر بكاته‌وه‌، یان هاوپه‌یمانیێك له‌گه‌ڵ ولاتانى رۆژئاوایى پێك بێنێت بۆ هێرشى نیزامى بۆ سه‌ر رژێمى ئاخووندى. ئه‌و سه‌ناتۆرانه‌ له‌ نامه‌كه‌ى خۆیاندا نووسیویانه‌ كه‌ رژێمى تاران هه‌رگیز ده‌ست له‌ به‌رنامه‌ ناوه‌كیه‌كه‌ى خۆى هه‌ڵناگرێت و تا ئێستایش چالاكییه‌ ناوه‌كیه‌كه‌ى خۆى پێنج به‌رانبه‌ر زیاتر كردووه‌. بۆیه‌ ده‌بێت ده‌وڵه‌تى ئه‌مریكا به‌ هه‌ر نرخێك بێت نه‌هێلێ رژێمى تاران ده‌ستى به‌ چه‌كى ناوه‌كى بگات و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌یش چه‌ندین بژارده‌یان دیارى كردووه‌، وه‌ك داخستنى ته‌واوى دامه‌زراوه‌ ئه‌تۆمیه‌كان، ئیزن دان به‌ لێكۆله‌وه‌رانى ئاژانسى وزه‌ى ئه‌تۆمى بۆ چاوپێكه‌وتن له‌و ناوه‌ندانه‌ و ئه‌و ئۆرانیۆمه‌یش كه‌ تا ئێستا پیتاندوویانه‌ به‌ چاودێرى ئاژانس له‌ ئێرانه‌وه‌ به‌ره‌و ولاتى سێهه‌م به‌رێ بكرێت. هه‌ر له‌و پێناوه‌دا ئه‌مریكا و ولاتانى رۆژئاوایى به‌ مه‌به‌ستى فشار خستنه‌ سه‌ر ئێران ناوى ٩٥ كۆمپانیا و ١٠٥ كه‌سى ئێرانى كه‌ ده‌ستیان هه‌یه‌ له‌ به‌رنامه‌ناوه‌كیه‌كه‌ى رژێم و له‌ لایه‌ن ئه‌و ولاتانه‌وه‌ خراونه‌ته‌ ناو لیستى گه‌مارۆكانه‌وه‌ بلاو كرایه‌وه‌. رژێمى تارانیش ئه‌و راستییه‌ ده‌زانێت بۆیه‌ له‌ سه‌فه‌رێكى چه‌ند به‌رپرسێكى ئه‌منیه‌تى خۆى بۆ ولاتانى عه‌ره‌بستان، قه‌ته‌ر، كویت و تركیا له‌ مه‌رِ جێگیر كردنى ئه‌و سامانه‌ دژه‌ مووشه‌كییه‌ هه‌ره‌شه‌ی كردبوو. روون و ئاشكرایه‌ كه‌ ته‌واوى هه‌وڵه‌كانى رۆژئاوا و به‌تایبه‌تى ئه‌مریكا بۆ وێستاندنى به‌رنامه‌ ناوكه‌ییه‌كانى رژیمى ئاخوندى ئێرانه‌ و له‌ لایێكى دیكه‌ش دیكتاتۆره‌كانى زاڵ به‌سه‌ر ئێراندا  له‌ پێناو مانه‌وه‌ى خۆیان  وه‌ده‌ست هێنانى چه‌كى ناوه‌كى به‌ حه‌یاتى ده‌زانن و به‌رهه‌مهێنانى چه‌كى ناوه‌كى به‌ گارانتى بۆ مانه‌وه‌ى ده‌سه‌لاته‌كه‌یان و په‌ره‌پێدانى پالپشتى له‌ تیرۆریسم و ده‌ست تێوه‌ردان له‌ كارووبارى ولاتانى دیكه‌ ده‌زانن. رژێمى تاران ئه‌و راستیه‌ ده‌زانێت و ئاماده‌ نییه‌ بۆ باشتر كردنى ژیان و گۆزه‌رانى خه‌ڵك واز له‌ گه‌لاڵه‌ ناوه‌كیه‌كه‌ى خۆى بێنێت. ده‌رخه‌رى ئه‌و وتانه‌یش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ به‌ تووندتر كردنى گه‌مارۆكان له‌ لایه‌ن ئه‌مریكا و هاوپه‌یمانانى له‌ رۆژئاوا به‌ تایبه‌ت له‌ ماوه‌ى یه‌ك ساڵى رابردوو فشارێكى تاقه‌ت پرۆكێن بۆ سه‌ر ئابوورى ئێران به‌ گشتى هاتووه‌ كه‌ زه‌ره‌رمه‌ندى سه‌ره‌كى ئه‌و لاوازیه‌ ئابووریه‌، خه‌ڵكى هه‌ژار و كه‌م ده‌رامه‌دى ئێرانه‌ . ئه‌و فشارانه‌ به‌ راده‌ێكه‌ كه‌ زۆربه‌ى كالا سه‌ره‌كیه‌كانى خواردنى رۆژانه‌ى خه‌ڵك له‌ سه‌ر سفره‌یان لاچووه‌ و خه‌رجى بنه‌ماڵه‌ له‌ چاو داهاتیان دوو یان سێ قات زیادى كردووه‌. رێژه‌ى هه‌ژارى بۆ هه‌ر بنه‌ماڵه‌ێك یه‌ك میلیون و پێنسه‌د هه‌زار تمه‌ن دیارى كراوه‌ له‌ حالێكدا كه‌ حه‌قده‌ستى كرێكارێك له‌ ئێران كه‌متر له‌ پێنسه‌د هه‌زار تمه‌نه‌. و نرخى هه‌لاوسان له‌ ٥٠ له‌سه‌د نزیك بووه‌ته‌وه‌. به‌ ته‌واوو بوونى ساڵى ٢٠١٢ و هاتنى ساڵى ٢٠١٣ چاوه‌روانى گۆرانكارى له‌ ناوچه‌كه‌ به‌ دیده‌كرێت، رژێمى به‌عسى ئه‌سه‌د گه‌یشتووه‌ته‌ رۆژانى دوایی ته‌مه‌نى خۆی و هێزه‌كانى ئه‌رته‌شى ئازادى سووریا رۆژ به‌ رۆژ له‌ حالى پێشره‌ویدان و قۆناغى كۆتایى سه‌ركه‌وتنیان نزیكه‌. به‌ كۆتایى هاتنى ده‌سه‌لاتى دیكتاتۆرى به‌شارئه‌سه‌د، رژێمى ئاخووندى یه‌كێك له‌ دۆست و هاوپه‌یمانه‌ سه‌ره‌كیه‌كانى خۆى له‌ ناوچه‌كه‌ له‌ ده‌ست ده‌دات و به‌م هۆیه‌یشه‌وه‌ رێگاى یارمه‌تى گه‌یاندن به‌ حێزبۆلا و حه‌ماس و باقى گرۆپه‌ تیرۆریسته‌كانى سه‌ر به‌ رژێمى ئێران داده‌خرێت. كۆمه‌ڵگاى جیهانى و ئاژانسى وزه‌ى ئه‌تۆمى هیچ ئاسۆێك له‌ وتووێژه‌كانى نێوان گرۆپى ٥+١ له‌گه‌ڵ رژێم به‌ دی ناكه‌ن و هه‌روه‌ك یوكیا ئامانۆ سكرتێرى ئاژانسی نێوده‌وڵه‌تى وزه‌ى ناوكه‌یی ووتى:  ده‌بێت له‌ فكرى رێگه‌ چاره‌ێكى ئه‌ساسیدا بن بۆ راوه‌ستانى به‌رنامه‌ ناوه‌كیه‌كه‌ى ئێران و پێ ده‌چێت له‌م ساڵدا ئه‌مریكا و هاوپه‌یمانانى بیر له‌ رێگه‌ چاره‌ێكیتر بكه‌نه‌وه‌ بۆ له‌ ناو بردنى مه‌ترسى رژیمى نابه‌رپرسیارى ئێران بۆ سه‌ر ولاتانى جیهان به‌ گشتى و ولاتانى عه‌ره‌بى و ئیسرائیل به‌ تایبه‌تى.  هه‌روه‌ك له‌ چه‌ند رۆژى رابردوو هه‌واڵده‌ریه‌كان له‌ زار راوێژكارى پێشووى ئوباماوه‌ نووسیویانه‌، كه‌ ده‌لێت ئۆباما پێش له‌ سویند خواردنى ده‌وره‌ى دووهه‌مى سه‌رۆك كۆمارى دوو بژارده‌ ده‌خاته‌ به‌رده‌م رژێمى ئاخووندى كه‌ بریتین له‌ ده‌ست هه‌ڵگرتن له‌ چه‌كى ناوه‌كى یان هێرشى نیزامى بۆسه‌ر دامه‌زراوه‌ ناوه‌كیه‌كانى رژێم، به‌ زانینى ئه‌م راستیانه‌ و جم و جۆڵه‌كانى رۆژئاوا و به‌تایبه‌ت ئه‌مریكا و دانانى قه‌ڵغانى دژه‌ مووشه‌كى پاتریۆت له‌ سنووره‌كانى تركیا،  به‌و راستییه‌ ده‌گه‌ین كه‌ كۆمه‌ڵگاى نێونه‌ته‌وه‌یى و ئه‌مریكا به‌ هیچ شیوه‌ێك ئێرانى ناوه‌كییان پێ قبووڵ ناكرێت و ناهێڵن رژێم ده‌ستى به‌ چه‌كى ناوه‌كى بگات.



ڕێکه‌وت: 2013-01-25 07:38:31
به‌شی ( دانانى قه‌ڵغانى به‌رگرِى دژه‌ مووشه‌كى پاتریۆت له‌ سنووره‌كانى تركیا به‌ چه‌ مه‌به‌ستێكه‌؟ )