كامیل نورانى فه‌رد زۆرێك له‌ئێمه‌ خوومان به‌وه‌ گرتووه‌ له‌ قسه‌ و باس و ووتوویژ و ئاخاوتنه‌كانمان لكاندنى ووشه‌ى حه‌قیقه‌ت و واقعیه‌ت به‌ باس و روانگه‌كانمان بكه‌ینه‌ تیكه‌ كه‌لام و جارى وایه‌ له‌ رسته‌یێكدا ٢ جار پێداگرى له‌ سه‌ر حه‌قیقت بوونى قسه‌كانمان ده‌كه‌ینه‌وه‌ و هه‌وڵى سه‌لماندنى ئه‌وه‌ به‌ به‌رامبه‌ره‌كه‌مان ده‌ده‌ین كه‌ حه‌قیقه‌تى ته‌واو لاى منه‌....یه‌كێك له‌ ده‌رئه‌نجامى گۆرانكارییه‌ نێونه‌ته‌وه‌ییه‌كانى و په‌ره‌گرتنى چه‌مكى گلوبالیزاسیۆن و به‌ جیهانى بوون  نه‌مانى حه‌قیقه‌تى ته‌واو ...
له‌ لاى یه‌ك كه‌س یان یه‌ك گرووپ و یه‌ك حیزب و یه‌ك مه‌كته‌ب و یه‌ك ده‌وڵه‌ت  و  ...هتده‌. ته‌نانه‌ت به‌ هاتنى مه‌كته‌بی پۆست مودیرنیزم پێناسه‌ى حه‌قیقه‌ت به‌ ته‌واوى گۆردراوه‌ و گومانیك خراوه‌ته‌ سه‌ر هه‌موو راستى و حه‌قیه‌ته‌كانى رابردوو به‌وانه‌ى كه‌ زۆرترین لاگیر و په‌یره‌وى كه‌ریشى هه‌یه‌. پێناسه‌ى حه‌قیه‌ت له‌م سه‌رده‌مه‌دا جگه‌ له‌و حه‌قیقه‌تانه‌ى وه‌ك یاسا ماتماتیك و سه‌لمیندراوه‌كان چه‌سپاون، پێناسه‌یێكى رێژه‌ییه‌ وله‌سه‌رده‌مى ئێستا له‌ بوراى فكر و ئیده‌ و فه‌لسه‌فه‌ كه‌ پێوه‌ندیی راسته‌وخۆیان به‌ سیسته‌مى پێوه‌ندییه‌كانى تاك و كۆمه‌ڵه‌وه‌ هه‌یه‌ حه‌قیقه‌تى ته‌واو بی واتا و نایه‌كسانه‌ له‌گه‌ڵ ره‌وتى پێشكه‌وتنه‌كانى سه‌رده‌م. هه‌ر بۆیه‌شه‌ مرۆڤایه‌تى و بیرمه‌ندان و نوخبه‌كانى كۆمه‌ڵ چه‌مكه‌كانى تێلورانس و پلورالیسم له‌ هه‌موو بواره‌كانى ژیانى كۆمه‌لایه‌تى مرۆڤایه‌تیان داهێناوه‌. ده‌تواندرێ بوترێ حه‌قیقه‌ت له‌ لاى كه‌س نییه‌ و له‌لاى هه‌موو كه‌سێكیشه‌. به‌واتاى ئه‌وه‌ى كه‌ هه‌موو تاكێك به‌ هه‌ر جۆره‌ روانینێكه‌وه‌ هه‌ڵگرى به‌شێك له‌ حه‌قیقه‌ته‌ و بوونى زۆرینه‌ له‌ بروا و بابه‌تێكدا یه‌كلایكه‌ره‌وه‌ نابێ بۆ سه‌پاندنى حه‌قیقه‌تێك به‌ سه‌ر حه‌قیقه‌ته‌كانى تر. مرۆڤى ئه‌و سه‌رده‌مه‌ پێویسته‌ خۆى له‌گه‌ڵ ئه‌و بابه‌ته‌ بگونجێنێ كه‌ هه‌موو تاكه‌كانى جیهان به‌شێك له‌ حه‌قیقه‌تیان پێیه‌ و ناتواندرێ كه‌س به‌ هه‌ر بیانووێك یه‌ك له‌وان زۆرینه‌ بوونى برواێك، ناچار به‌ گۆرین  و هاتنه‌ سه‌ر برواێكى دیاریكراو بكات. پێویسته‌ ئه‌و زه‌ینیه‌ته‌ زاڵ بێ به‌ سه‌ر مرۆڤى ئه‌م سه‌رده‌مه‌ و له‌هه‌ركۆمه‌لێكدا كه‌ حه‌قیقه‌ت وه‌ك لیوانێكى شووشه‌یی وایه‌ كه‌ له‌ به‌رزایێك كه‌وتبێتێ خواره‌وه‌ و دابه‌ش بووبێ به‌ سه‌ر هه‌زاران له‌ت و هه‌ركه‌سێك ته‌نیا له‌تێك له‌و له‌تانه‌ى هه‌ڵگرتووه‌ و  به‌ یه‌كه‌وه‌ و به‌دانانى له‌ته‌كان له‌ لاى یه‌ك حه‌قیقه‌تى لیوانه‌كه‌ مانا ده‌ده‌ا و به‌ نه‌بوونى هه‌ر له‌تێك حه‌قیقه‌تى لیوان ناته‌واو و كه‌م و كورى ده‌بێ. 
ئه‌و ئاڵوگۆره‌ به‌رچاوه‌ كه‌ له‌راستى دا سیسته‌مى پێوه‌ندییه‌ كۆمه‌لایه‌تیه‌كانى تاكه‌كانى له‌دونیاى ئه‌مرۆ لێك هه‌ڵته‌كاندووه‌، تا ئێستا له‌ناو گه‌لانى رۆژهه‌لاتى ناوین و له‌ناویشیاندا گه‌لى كورد زۆر به‌ كزى په‌یره‌وى لێده‌كرێ و هێشتا پلورالیسم و یه‌كدى قه‌بووڵ كردنى و هاوژیانى مرۆڤه‌كان له‌ ئاشتى و ئارامى  نه‌بۆته‌ به‌ردى بناغه‌ى كار و كرده‌وه‌ و هه‌لس و كه‌وته‌كان.  نه‌بوونى ئه‌و روحه‌ كاریگه‌رى زۆر خه‌راپ له‌ سه‌ر پێش كه‌وتن و گه‌شه‌ى مێژوویی مرۆڤایه‌تى  دروست ده‌كا و دیارده‌ى چه‌قبه‌ستوویی و نه‌گۆرِى په‌ره‌ پێ ده‌دا. 



ڕێکه‌وت: 2013-01-25 07:59:12
به‌شی ( حه‌قـیقه‌تـى تــــه‌واو لــه‌م ســه‌رده‌مــه‌دا )