__ تێكهه‌ڵچوونى چه‌كدارى له‌ سیستان و به‌لووچستان: چه‌ند كوژراو__  كات بۆ رژێمى تاران دژوار بووه‌__ چه‌كداركردنى حووسیه‌كان له‌ لایه‌ن رژێمى تارانه‌وه‌__ داواكارى دوو سازمانى مافى مرۆڤ له‌ ئێران بۆ راگرتنى حوكمى ئێعدامى پێنج زیندانى خوزستانى__ به‌شار ئه‌سه‌دی سه‌رۆكی سوریا له‌هه‌وڵى رازى كردنى ئۆپۆزسیۆن دایه‌__ فه‌لوجه‌؛ ژماره‌ی‌ كوژراوه‌كان به‌ گوله‌ی‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كان بۆ ١٠ كه‌س به‌رزبوه‌وه‌__ ده‌میرتاش: هه‌ندێ كه‌سی ناو حكومه‌ت هه‌وڵی تێكدانی دیداره‌كان ده‌ده‌ن

تێكهه‌ڵچوونى چه‌كدارى له‌ سیستان و به‌لووچستان: چه‌ند كوژراو
به‌ پێى راپۆرتى ناوه‌ندى هه‌واڵده‌رى خه‌به‌رئانلاین، له‌ تێكهه‌ڵچوونێكى  چه‌كدارى له‌ سیستان و به‌لووچستان پێنج كوژراو و بریندارى لێ كه‌وته‌وه‌. به‌ پێى وته‌ى سه‌رهه‌نگ ئێشتیاق، له‌ سه‌ره‌تاى ئه‌م تێكهه‌ڵچوونه‌دا دوو كه‌س كوژران و كه‌سێكیش له‌ نه‌خۆشخانه‌ گیانى داوه‌.





 كات بۆ رژێمى تاران دژوار بووه‌
به‌ پێى راپۆرتى رادیو ئالمان،جان كێرى، وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مریكا رۆژى پێنج شه‌ممه‌ ٥ى رێبه‌ندان له‌ كۆبوونه‌وه‌ى ولام و پرسیار له‌ كۆنگره‌ى ئه‌مرێكا رایگه‌یاند، واشه‌نگتۆن له‌ مه‌رِ گه‌لاڵه‌ ناوه‌كییه‌كه‌ى رژێمى تاران به‌رنامه‌ى توند ده‌گرێته‌ به‌ر. ناوبراوو وتى، هه‌ر كارێكه‌ پێویست بێت ده‌یكه‌ین بۆ ئه‌وه‌ێكه‌ رژێمى تاران ده‌ستى به‌ چه‌كى ناوه‌كى نه‌گات.






چه‌كداركردنى حووسیه‌كان له‌ لایه‌ن رژێمى تارانه‌وه‌
به‌ پێى راپۆرتى هه‌واڵده‌رى شه‌رقولئه‌وسه‌ت، سه‌رچاوه‌ جۆراوجۆره‌كانى سیاسى  و دیپلۆماتیكه‌كان ده‌لێن، رژێمى تاران كۆمه‌ڵێك چه‌كدار له‌ ئه‌ندامانى حووسیه‌كانى ئێریتره‌  دراوسێى یه‌مه‌ن، بار دێنن. ئه‌م سه‌رچاوانه‌ ده‌لێن یه‌مه‌ن به‌ڵگه‌ى پێویستى له‌ ده‌ستدایه‌ كه‌ روونى ده‌كاته‌وه‌ رژێمى تاران به‌ كه‌شتى چه‌ك بۆ ئێریتره‌ قاچاخ ده‌كات و دوایى ئه‌م چه‌كانه‌ بۆ باكوورى یه‌مه‌ن كه‌ له‌ ژێر كۆنترۆلى حوسییه‌كاندایه‌ ده‌نێرِن. به‌ پێى وته‌ى ئه‌م سه‌رچاوانه‌ سپاى پاسدارانى رژێم بارهێنانى نیزامى ئاژاوه‌چییانى حوسى له‌ خاكى ئێریتره‌ له‌ ئه‌ستوو گرتووه‌.






داواكارى دوو سازمانى مافى مرۆڤ له‌ ئێران بۆ راگرتنى حوكمى ئێعدامى پێنج زیندانى خوزستانى
به‌ پێى راپۆرتى ناوه‌ندى هه‌واڵده‌رى رۆیترز، چاودێرى مافى مرۆڤ له‌ نیویۆرك و سازمانى لێبوردنى نێونه‌ته‌وه‌یى كه‌ مه‌قه‌رى له‌ له‌نده‌نه‌، له‌ به‌یاننامه‌ێكى هاوبه‌ش كه‌ رۆژى چوارشه‌ممه‌ ٥ى رێبه‌ندان بلاو كرایه‌وه‌ داوایان له‌ حكومه‌تى ئاخووندى كردووه‌ كه‌ حوكمى ئێعدامى پێنج شارۆمه‌ندى خووزستانى كه‌ حه‌فته‌ى رابردوو پشترِاست كراوه‌ته‌وه‌ و له‌ زیندانى كاروونى ئه‌هواز گوازراونه‌ته‌وه‌ و تا ئێستا بنه‌ماڵه‌كانیان شوێنه‌كه‌یان نازانن رابگرن، جێگه‌ى باسه‌ كه‌ ئه‌م پێنج شارۆمه‌نده‌ خووزستانییه‌ له‌ پووشپه‌رى ساڵى ١٣٩١ به‌ تۆمه‌تى دژایه‌تى له‌گه‌ڵ خوا، مۆفسید له‌سه‌ر عه‌رز، ئاژاوه‌گێرى دژبه‌ به‌رژه‌وه‌ندى نیزام له‌ لایه‌ن لقى دووى دادگاى شۆرشى ئه‌هواز به‌ ئێعدام مه‌حكوم كراون





به‌شار ئه‌سه‌دی سه‌رۆكی سوریا له‌هه‌وڵى رازى كردنى ئۆپۆزسیۆن دایه‌

ئاژانسی هه‌واڵی سوریای زمانحاڵی رژێمی به‌شار ئه‌سه‌د بڵاویكرده‌وه‌: حكومه‌تی سوریا هاوكاریی گه‌رِانه‌وه‌ی سه‌رجه‌م ئه‌و هاوڵاتییانه‌ كه‌ ناوچه‌كانیان به‌جێهیشتووه‌، جا ئه‌گه‌ر ئه‌و هاوڵاتیانه‌ به‌ یاسایی یان نایاسایی وڵاتیان به‌جێهێشتبێت گوایه‌ حكومه‌تی ئه‌و وڵاته‌ ئاسانكارییان بۆ ده‌كات. ئاژانسه‌كه‌ بانگه‌وازی بۆ ئه‌و كه‌سایه‌تییه‌ سیاسییانه‌ش كردووه‌ كه‌ له‌ریزه‌كانی ئۆپۆزسیۆنن و خوازیاری گفتوگۆی نیشتمانین و داوای گه‌رِانه‌وه‌ی لێكردوون. به‌گوێره‌ی ئاماره‌كان، زیاتر له‌ نیو ملیۆن خه‌ڵكی سوریا له‌ ماوه‌ی ٢٢ مانگی سه‌رهه‌ڵدانی توندوتیژی له‌و وڵاته‌ ئاواره‌ی وڵاتانی دراوسێ و ده‌وروبه‌ر بوون. ئه‌م داوایه‌ی حكومه‌تی سوریا له‌كاتێكدایه‌ كه‌ له‌ توندوتیژییه‌كانی ئه‌مرِۆ هه‌ینیدا تائاماده‌كردنی ئه‌م هه‌واڵه‌، ٢٦ كه‌س له‌پێكدادانی چه‌كداریی نێوان سوپای ئازاد و به‌شار ئه‌سه‌د كوژران و شه‌وی رابردووش ته‌قینه‌وه‌یه‌كی خۆكوژی بووه‌هۆی كوژرانی هه‌شت كه‌س له‌ ئه‌ندامانی هه‌واڵگریی سه‌ربازی سوریا كوژران. 





فه‌لوجه‌؛ ژماره‌ی‌ كوژراوه‌كان به‌ گوله‌ی‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كان بۆ ١٠ كه‌س به‌رزبوه‌وه‌
سه‌رچاوه‌یه‌كی ئه‌منی به‌ ئاژانسی فرانس پرێس-ی‌ وتوه‌: ژماره‌ی‌ كوژراوانی‌ خۆپیشاندانه‌كه‌ی‌ ئه‌مرِۆی‌ فه‌لوجه‌ به‌ ته‌قه‌ی‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كان، بۆ ١٠ كوژراو به‌رزبوه‌ته‌وه‌. پێكدادانی‌ خۆپیشانده‌ران و هێزه‌ ئه‌منییه‌كان كاتێك رویدا، له‌لایه‌ن هێزه‌ ئه‌منییه‌كانه‌وه‌ رێگه‌ له‌ خۆپیشانده‌ران گیرا بچنه‌ ده‌روازه‌ی‌ خۆرهه‌ڵاتی‌ فه‌لوجه‌ بۆ به‌رِێوه‌بردنی‌ گردبونه‌وه‌ جه‌ماوه‌رییه‌كه‌یان. له‌ كۆتایی ساڵی‌ رابوردوه‌وه‌ خۆپیشاندان و گردبونه‌وه‌ی‌ جه‌ماوه‌ری‌ سوننه‌كانی‌ عێراق له‌ شاری‌ ئه‌نبار ده‌ستیپێكردو له‌وكاته‌شه‌وه‌ به‌رده‌وامه‌و چه‌ند شارێكی دیكه‌ی‌ سوننه‌نشینی‌ گرتوه‌ته‌وه‌. ئه‌نجومه‌نی عه‌شائیری‌ نه‌ینه‌واش، هه‌رِه‌شه‌ی‌ ئه‌وه‌ ده‌كات نیو سه‌عات له‌مه‌ودوا رێگه‌ی‌ به‌غدا ده‌برِن ئه‌گه‌ر حكومه‌ت وه‌ڵامی خۆپیشانده‌ران نه‌داته‌وه‌.






ده‌میرتاش: هه‌ندێ كه‌سی ناو حكومه‌ت هه‌وڵی تێكدانی دیداره‌كان ده‌ده‌ن

سه‌ڵاحه‌دین ده‌میرتاش رایده‌گه‌یه‌نێت، هه‌ندێك كه‌س هه‌ن له‌ناو حكومه‌تی توركیادا ده‌یانه‌وێت قۆناغی دیداره‌كانی ئیمراڵی تێكبده‌ن، هاوكات داواش له‌ ئه‌ردۆگان ده‌كات، ئۆجه‌لان ئازاد بكات.له‌میانی كۆبونه‌وه‌یه‌كی پارته‌كه‌یدا له‌ شاری ئامه‌د، سه‌ڵاحه‌دین ده‌میرتاش هاوسه‌رۆكی به‌ده‌په‌ ئاماژه‌ی به‌ دیداره‌كانی ئیمراڵی كرد له‌نێوان ده‌وڵه‌تی توركیاو عه‌بدوڵا ئۆجه‌لان و وتی "هه‌ندێك كه‌سی ده‌وروبه‌ری حكومه‌ت خوازیارن قۆناغه‌كه‌ تێكبده‌ن".هه‌روه‌ك سه‌باره‌ت به‌ هه‌ڵوێستی حكومه‌تیش، رونیكرده‌وه‌، مێزی دانوستان ئاوا كراوه،‌ "به‌ڵام حكومه‌ت ده‌ڵێت ده‌بێت له‌ هه‌ردو سه‌ری مێزه‌كه‌وه‌ خۆم دابنیشم و نوێنه‌رایه‌تی كورد و ده‌وڵه‌تی توركیا بكه‌م .ده‌میرتاش داواشی له‌ حكومه‌تی توركیا كرد رێز له‌ گه‌لی كورد بگرێت و وتی "بانگی سه‌رۆك وه‌زیران ده‌كه‌م ئه‌گه‌ر ده‌ڵێت من نوێنه‌رایه‌تی كوردان ده‌كه‌م، با ئۆجه‌لان ئازاد بكات، گه‌لی كورد خۆبه‌رِێوه‌به‌ری ده‌خوازێت، ئه‌گه‌ر تۆ زیاتر له‌ ئێمه‌ كوردت خۆش ده‌وێت ئه‌وكات دان به‌ مافه‌كانی كورددا بنێ". په‌رله‌مانی‌ توركیا یه‌كه‌م داوای‌ زیندانیانی‌ مانگرتوی‌ كوردی‌ له‌ زیندانه‌كانی‌ توركیا په‌سه‌ندكرد بۆ قسه‌كردن به‌ زمانی‌ كوردی‌ له‌ به‌رده‌م دادگاكاندا.



ڕێکه‌وت: 2013-01-25 15:50:00
به‌شی ( هه‌واڵه‌كانى ئێران و ناوچه‌كه‌ (٦ى رێبه‌ندان) )