__ چاره‌نووسی زیندانییه‌كی كورد نارِوونه‌__ مه‌حه‌مه‌د سدیق كه‌بوودوه‌ند گه‌رایه‌وه‌ بۆ زیندان__ شۆفیر تاكسییه‌كانی سنه‌ مانیان گرت__ هێنرى كیسینجر له‌مه‌رِ ده‌ستراگه‌یشتنى رژێمى تاران به‌ چه‌كى ناوه‌كى له‌ داهاتوویكى نزیكدا هۆشداریدا__ لۆران فابیۆس: مه‌ترسى به‌رنامه‌ ناوه‌كییه‌كه‌ى رژێم كۆتایى پێ دێت__ ویلایه‌تى: هێرش كردنه‌ سه‌ر سووریا، هێرش كردنه‌ بۆ ئێران__ ئێهوود باراك: ئه‌مریكا گه‌لاڵه‌ى نیزامى پێویستى وه‌ك رێگه‌ چاره‌ى كۆتایى بۆ ئێران هه‌یه‌__ به‌شار ئه‌سه‌د پلانی‌ هه‌بووه‌ مه‌ككه‌ بته‌قێنێته‌وه‌"__ ماوه‌ی سێ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ی عێراق دیاریكراو مالیكی ناتوانێت ببێته‌وه‌ سه‌رۆك وه‌زیران__ ساڵیادی شۆرِشه‌كه‌ی میسر زیاتر له‌ ٤٠٠ قوربانی لێكه‌وته‌وه‌

چاره‌نووسی زیندانییه‌كی كورد نارِوونه‌
ماوه‌ی ٥ رۆژه‌ له‌ چاره‌نووسی زیندانییه‌كی كوردی خه‌ڵكی سه‌قز هیچ هه‌واڵێك له‌به‌ر ده‌ستدا نییه‌. به‌پێی هه‌واڵی هه‌واڵده‌ریی كوردپا، زیندانییه‌كی كورد به‌ ناوی "نامیق مه‌حموودی"، ٥ رۆژ پێش ئێستا له‌لایه‌ن به‌رپرسانی زیندانی "ره‌جایی شاری كه‌ره‌ج"ـه‌وه‌ بانگهێشت كراوه‌ و هه‌تا ئێستا نه‌گه‌رِاوه‌ته‌وه‌ بۆ ناو زیندان.  ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ ئه‌و زیندانییه‌ كورده‌ به‌ مه‌به‌ستی لێپرسینه‌وه‌ و بازجوویی بۆ ناوه‌نده‌ ئه‌منیه‌تییه‌كان راگوێزرابێت. نامیق مه‌حموودی تۆمه‌تی راگرتنی چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی دراوه‌ته‌ پاڵ و له‌ كاتی ده‌ستبه‌سه‌ر كرانییه‌وه‌ هه‌تا ئێستا دادگایی نه‌كراوه‌ و هه‌روه‌ها پێشتریش ماوه‌ی ٦ مانگ له‌ به‌ندی ٢٠٩ی ئێڤین له‌ ده‌ستبه‌سه‌ریدا بووه‌. نامیق مه‌حموودی ته‌مه‌ن ٧٢ ساڵ و خه‌ڵكی گوندی "ئێرانشا"ی تیله‌كۆی سه‌ربه‌ شاری سه‌قزه‌ كه‌ رێكه‌وتی ١٧ی خاكه‌لێوه‌ی ١٣٩٠ هاورِێ له‌گه‌ڵ ٣ كورِی خۆی به‌ ناوه‌كانی "مه‌نووچێهر، بێهنام و بێهزاد" و كه‌سێكی دیكه‌ی ئه‌و گونده‌ به‌ ناوی "عوسمان قادری" له‌لایه‌ن هێزه‌ ئیتلاعاتییه‌كانی سه‌قزه‌وه‌ ده‌ستبه‌سه‌ر كران.





مه‌حه‌مه‌د سدیق كه‌بوودوه‌ند گه‌رایه‌وه‌ بۆ زیندان
به‌ پێى راپۆرتى ده‌بیرخانه‌ى سازمانى به‌رگرى له‌ مافى مرۆڤى كوردستان، مه‌حه‌مه‌د سدیق كه‌بوودوه‌ند، دامه‌زرێنه‌رى سازمانى به‌رگرى له‌ مافى مرۆڤى كوردستان كه‌ دواى ٢٠٠٠ رۆژ زیندان رۆژى ٣ى به‌فرانبار بۆ ماوه‌ى چوار رۆژ به‌ دانانى بارمته‌ى ٧٠٠ میلیون تمه‌نى هاته‌ مۆره‌خه‌سى، دواى چه‌ند جار درێژكردنه‌وه‌ى مۆره‌خه‌سییه‌كه‌ى رۆژى ٦ى رێبه‌ندان گه‌رایه‌وه‌ بۆ به‌ندى ٣٥٠ى زیندانى ئه‌وین.





شۆفیر تاكسییه‌كانی سنه‌ مانیان گرت
رێژه‌یه‌كی به‌رچاو له‌ شۆفیر تاكسییه‌كانی شاری سنه‌ به‌هۆی گرانیی نرخی "قگعات"ی ماشین ده‌ستیان دایه‌ مانگرتن. به‌پێی هه‌واڵی هه‌واڵده‌ریی كوردپا، سه‌رله‌ به‌یانی ئه‌مرِۆ شه‌ممه‌ رێكه‌وتی ٧ی رێبه‌ندان رێژه‌یه‌كی به‌رچاو له‌ شۆفیر تاكسییه‌كانی شاری سنه‌ به‌هۆی گران بوونی نرخی به‌نزین و قه‌ته‌عات و هه‌روه‌ها كه‌می نرخی كرێ تاكسی له‌ شه‌قامی "شاپوور" مانیان گرت. دوابه‌دوای مانگرتنی ئه‌و شۆفیر تاكسییانه‌ سه‌رۆكی شاره‌وانی و به‌رپرسی شۆرای ترافیك چوونه‌ته‌ شوێنی ئه‌و مانگرتنه‌ به‌ شۆفیره‌كانیان راگه‌یاندووه‌ له‌ئه‌گه‌ری كۆتایی هێنان به‌ مانگرتنه‌كه‌، داواكارییه‌كانیان جێبه‌جێ ده‌كرێت. غوڵامره‌زا به‌خشی زاده‌" به‌رپرسی یه‌كییه‌تیی فرۆشیارانی قه‌ته‌عاتی ماشین له‌مه‌رِ له‌سه‌رێ بوونی نرخی قه‌ته‌عات رایگه‌یاندووه‌، كه‌ نرخی قه‌ته‌عات به‌ شێوه‌ی نێونجی ته‌نیا ٢٠% زیادی كردووه‌. ئه‌وه‌ش له‌ كاتێك دایه‌ زۆرێك له‌ چالاكانی بازاێ ماشین و قه‌ته‌عات له‌سه‌ر ئه‌و باوه‌رِه‌ن كه‌ نرخی قه‌ته‌عاتی ماشین ١٠٠% زیادی كردووه‌.




هێنرى كیسینجر له‌مه‌رِ ده‌ستراگه‌یشتنى رژێمى تاران به‌ چه‌كى ناوه‌كى له‌ داهاتوویكى نزیكدا هۆشداریدا
به‌ پێى راپۆرتى هه‌واڵده‌ریه‌كان، هێنرى كیسینجر وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى پێشووى ئه‌مریكا، له‌ كۆبوونه‌وه‌ى جیهانى ئابوورى له‌ داووسى سوئیس، رایگه‌یاند ئه‌ندامانى هه‌میشه‌یی شۆراى ئه‌منیه‌ت وتوویانه‌ ده‌سترِاگه‌یشتنى رژێمى تاران به‌ چه‌كى ناوه‌كى قه‌بوول ناكرێت، به‌لام ئه‌و رژێمه‌ له‌ حاڵى نزیك بوونه‌وه‌ به‌ چه‌كى ناوه‌كییه‌. كیسینجر وتى، رژێمى تاران ده‌بێت بزانێت ئه‌گه‌ر بیهه‌وێت له‌ وتووێژه‌كان بۆ كرینى كات كه‌ڵك وه‌ربگرێت و به‌رنامه‌ ناوه‌كییه‌كه‌ى خۆى ته‌واو بكات، ئه‌و كاته‌ باروودۆخ زۆر خراب ده‌بێت. كیسینجر ئاكامى ده‌سترِاگه‌یشتنى رژێمى ئاخوندى به‌ چه‌كى ناوه‌كى به‌ مه‌ترسیدار ناو برد و وتى ئه‌و كاته‌ ده‌گه‌ینه‌ خالێكى بێ گه‌رانه‌وه‌ له‌ مێژوو.






لۆران فابیۆس: مه‌ترسى به‌رنامه‌ ناوه‌كییه‌كه‌ى رژێم كۆتایى پێ دێت
به‌ پێى راپۆرتى هه‌واڵده‌ریه‌كان، لۆران فابیۆس، وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى فه‌رانسه‌ رایگه‌یاند، درێژه‌ پێدانى به‌رنامه‌ى ناوه‌كى له‌ لایه‌ن رژێمى ئاخووندییه‌وه‌ مه‌ترسیداره‌ ئه‌م مه‌ترسییه‌ له‌ حالى كۆتایى پێ هاتنه‌، به‌لام ئه‌گه‌رى ئه‌وه‌ هه‌یه‌ ئاكامى كۆتایى هێنان به‌ به‌رنامه‌ ناوه‌كییه‌كه‌ى رژێم ماڵوێرانكه‌ر بێت.





ویلایه‌تى: هێرش كردنه‌ سه‌ر سووریا، هێرش كردنه‌ بۆ ئێران
به‌ پێى راپۆرتى رادیو فه‌ردا، راوێژكارى نێونه‌ته‌وه‌یى خامنه‌یى، رایگه‌یاند گه‌ هێرش كردنه‌ سه‌ر سووریا، هێرش كردنه‌ بۆ ئێران و بازنه‌ى زێرى به‌رگرِى، چوونكوو سووریا له‌ ناوچه‌كه‌ ده‌ورێكى چالاكى هه‌یه‌ و ئێران و فه‌له‌ستین، لۆبنان، سووریا و حكومه‌تى عَیراق  به‌ توندترین شێوه‌ به‌رگرى و پاڵپشتى لێ ده‌كه‌ن.





ئێهوود باراك: ئه‌مریكا گه‌لاڵه‌ى نیزامى پێویستى وه‌ك رێگه‌ چاره‌ى كۆتایى بۆ ئێران هه‌یه‌
به‌ پێىراپۆرتى هه‌واڵده‌رییه‌كان، ئێهوود باراك، وه‌زیرى به‌رگرى ئیسرائیل، رۆژى هه‌ینى ٦ى رێبه‌ندان له‌ وتووێژێكدا له‌ داووسى سوئیس رایگه‌یاند، ئه‌مریكا گه‌لاڵه‌ى نیزامى پێویستى وه‌ك رێگه‌چاره‌ى كۆتایى له‌ به‌رانبه‌ر پێداگرى ئێران له‌ به‌رنامه‌ ناوه‌كییه‌كه‌ى ئاماده‌ كردووه‌. وه‌زیرى به‌رگرى ئیسرائیل هه‌روه‌ها وتى، گه‌مارۆكان توندتر ده‌كه‌ینه‌وه‌ و هیچ هه‌نارده‌ و هاورده‌ كردنێك بۆ ئێران به‌رێوه‌ ناچێت به‌لام باوه‌رمان وایه‌ به‌ بوونى پاڵپشتى چین و رووسیا له‌ رژێم گه‌مارۆكان كاریگه‌ر نابێت. و ده‌بێت ئیمه‌ش ئاماده‌ییمان هه‌بێت بۆ جه‌راحى كردنى به‌رنامه‌ ناوه‌كییه‌كه‌ى رژێم.





به‌شار ئه‌سه‌د پلانی‌ هه‌بووه‌ مه‌ككه‌ بته‌قێنێته‌وه‌"

به‌رپرسێكی‌ پێشووی‌ سوپای‌ سوریا له‌ كونسوڵخانه‌ی‌ سوریا له‌ جه‌ده‌ ئاشكرای‌ ده‌كات، حكومه‌تی‌ سوریا ئه‌ویان رِاسپاردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ له‌رۆژی‌ عارفه‌ له‌ كاتی‌ حه‌جی‌ ساڵی‌ رابردوو، ته‌قینه‌وه‌یه‌ك له‌ مه‌ككه‌ی‌ پیرۆز ئه‌نجام بدات. ئه‌مرِۆ شه‌ممه‌، عیماد موعین ئه‌لحه‌راكی‌، به‌رپرسی‌ سه‌ربازی‌ له‌ كونسوڵخانه‌ی‌ سوریا له‌ سعودییه‌، ئاشكرای‌ كرد، ئه‌ویان به‌ هاریكاری‌ ٢٠ ئه‌ندامی‌ حزبوڵای‌ لوبنانی‌ ده‌ستنیشانكردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ ئه‌و كرده‌وه‌یه‌ ئه‌نجامبدات. سه‌رچاوه‌یه‌كی‌ دیبلۆماتكاری‌ رۆژئاوایی‌ رایده‌گه‌یه‌نێت، له‌ دوای‌ كۆتایی‌ هاتنی‌ رژێمی‌ به‌شار ئه‌سه‌د خاكی‌ سوریا نابێته‌ شۆێنی‌ جیهاد وخۆبه‌ختكردن، ئه‌و بانگه‌شانه‌شی‌ كه‌ باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن به‌شێكه‌ له‌ راگه‌یاندنه‌ چه‌واشه‌كاریه‌كانی‌ رژێمی‌ سوری‌، له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ ئه‌و گروپه‌ جیهادیانه‌ی‌ كه‌ هه‌یه‌ له‌ سوریا ژماره‌یان ناگاته‌ دو هه‌زار جه‌نگاوه‌ر، ئه‌م ژماره‌یه‌ش ناتوانێت ده‌ست به‌ سه‌ر سوریادا بگرێت.






ماوه‌ی سێ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ی عێراق دیاریكراو مالیكی ناتوانێت ببێته‌وه‌ سه‌رۆك وه‌زیران
یاسای دیاریكردنی ماوه‌ی سێ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ی عێراق په‌سه‌ند كراو نوری مالیكی سه‌رۆك وه‌زیرانی ئێستای عێراقیش، ناتوانێت بۆ خولی سێیه‌می سه‌رۆك وه‌زیران خۆی كاندید بكاته‌وه‌. لیستی عێراقیه‌ رایده‌گه‌یه‌نێت، جگه‌ له‌ كۆبونه‌وه‌ی وه‌رگرتنه‌وه‌ی متمانه‌ له‌ مالیكی و تاوتوێكردنی داواكاری خۆپیشانده‌ران به‌شداری هیچ كۆبونه‌وه‌یه‌كی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران ناكه‌ن.





ساڵیادی شۆرِشه‌كه‌ی میسر زیاتر له‌ ٤٠٠ قوربانی لێكه‌وته‌وه‌
یادكردنه‌وه‌ی دوه‌م ساڵه‌ی شۆرِشه‌كه‌ی میسر، گرژی و ئاڵۆزی لێكه‌وته‌وه‌و به‌هۆیه‌وه‌ زیاتر له‌ ٤٠٠ كه‌س بونه‌ قوربانی. بۆ ده‌ربرِینی نارِه‌زایی دژی حوكمی ئیخوان موسلمین له‌و وڵاته‌، لایه‌نه‌كانی ئۆپۆزسیۆنی میسر داوایان له‌ هاوڵاتیان و لایه‌نگرانیان كرد، برِژێنه‌ سه‌ر شه‌قامه‌كان و دوێنێش به‌ هه‌زاران كه‌س له‌ گۆرِه‌پانی ته‌حریر له‌ قاهیره‌و چه‌ند شارێكی تر گردبونه‌وه‌ی نارِه‌زاییان ئه‌نجامدا. هاوكات له‌لایه‌ن هێزه‌ ئه‌منییه‌كانه‌وه‌ رێوشوێنی ئه‌منی توند گیرابویه‌به‌ر و دواتریش له‌هه‌ردو شاری سوێس و ئیسماعیلیه‌ پێكدادان له‌نێوان ئه‌و هێزانه‌و خۆپیشانده‌راندا رویدا، به‌پێی دوایین ئاماری ته‌ندروستی ئه‌و وڵاته‌ش، له‌و پێكدادانه‌دا (٩) كه‌س كوژران و ٤٧٦ كه‌سی دیكه‌ش بریندار بون. له‌ لای خۆشیه‌وه‌ محه‌مه‌د مورسی سه‌رۆكی میسر له‌ په‌یامێكیدا پرسه‌ی ئاراسته‌ی كه‌سوكاری قوربانییه‌كان كردوه‌و به‌ڵێنیشیدا، لێپرسینه‌وه‌ له‌ به‌رپرسیارانی توندوتیژییه‌كان بكات.


ڕێکه‌وت: 2013-01-26 16:20:54
به‌شی ( هه‌واڵه‌كانى كوردستان و ئێران و ناوچه‌كه‌(٧ى رێبه‌ندان) )