__ سه‌ره‌رای‌ داواكاری‌ نوێنه‌رانی‌ په‌رله‌مانی‌ ئێران، وه‌زاره‌تی‌ ئیتلاعات خویندكارێكی‌ كورد له‌ خویندن دوور ده‌خاته‌وه‌__ فشاره‌كانى بۆ سه‌ر بنه‌ماڵه‌ی حوسه‌ین په‌ناهی به‌ره‌وسه‌ر چووه‌__ هاووڵاتییه‌كی دیكه‌ كورد به‌ ته‌قه‌ی هێزه‌ ئینتزامییه‌كان كوژرا__ له‌ دیوانده‌ره‌ ژنێك به‌ شێوه‌ی گوماناوی كوژرا__ به‌یاننامه‌ى هه‌واڵنێرانى بێ سنوور: یه‌كشه‌ممه‌ى ره‌ش له‌ ئێران__ ئیسرائیل ته‌قینه‌وه‌ی‌ دامه‌زراوه‌یه‌كی‌ ئه‌تۆمیی ئێران رِاده‌گه‌یه‌نێت‌__ ناره‌زایه‌تى ده‌رِبرِینى ئه‌مریكا به‌ حوكمى ٨ ساڵ زیندانى كه‌شیشێكى ئێرانى__ مانۆرى نیزامى هاوبه‌شى ئه‌مریكا و ئیمارات له‌ كه‌نداوى فارس__ ده‌ستبه‌سه‌ر كردنى ١٥ رۆژنامه‌وان له‌ لایه‌ن رژێمى تارانه‌وه‌__ ئیمارات هاورده‌ كردنى نه‌وتى سووكى له‌ ئێران ته‌حریم كرد__ ئۆباما: هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ هێرشكردنه‌ سه‌ر سوریا ده‌كه‌ین__ مالیكی ده‌چێته‌ ژێرباری داواكاری خۆپیشانده‌رانی سوننه‌وه‌

سه‌ره‌رای‌ داواكاری‌ نوێنه‌رانی‌ په‌رله‌مانی‌ ئێران، وه‌زاره‌تی‌ ئیتلاعات خویندكارێكی‌ كورد له‌ خویندن دوور ده‌خاته‌وه‌

له‌ گه‌ڵ ئه‌وه‌ی‌ به‌شێك له‌ ئه‌ندامانی‌ كوردی‌ په‌رله‌مانی‌ ئێران له‌ نامه‌یه‌ك دا بۆ وه‌زیری‌ علومی‌ ئێران داوایانكردوه‌ كه‌ هیوا تاسه‌ خوێندكاری‌ كورد له‌ شاری‌ تاران بتوانێت درێژه‌ به‌ خویندنه‌كه‌ی‌ له‌ زانكۆ بدات، به‌لام وه‌زاره‌تی‌ ئیتلاعاتی‌ ئێران ناوبراو له‌ درێژه‌دان به‌ خویندن بۆ ماوه‌ی‌ نیوه‌ سالێك دوور ده‌خاته‌وه‌. له‌ نامه‌ی‌ دوورخستنه‌وه‌كه‌ی‌ هیوا تاسه‌ هاتووه‌ كه‌ به‌ هۆی‌ چالاكی‌ بۆ گرووپه‌ نایاساییه‌كان بۆ ماوه‌ی‌ نیوه‌ سالێك له‌ خویندن دوور ده‌خرێیته‌وه‌". هیوا تاسه‌ خوێندكاره‌ له‌ زانكۆی عه‌لامه‌ ته‌باته‌بایی تاران له‌ به‌شی به‌رێوه‌به‌ری ئابووری . هیوا تاسه‌ رایده‌گه‌یه‌نێت له‌ ١٠/١٠/١٣٩١ له‌ نامه‌یه‌كدا كه‌ بۆ زانكۆ به‌رێكراوه‌ و دواتر به‌ شێویه‌ شه‌فاهی پێم گوتراوه‌ كه‌ چیتر ناتوانم درێژه‌ به‌ خویندن بده‌م و له‌ زانكۆ ده‌ركراوم.





فشاره‌كانى بۆ سه‌ر بنه‌ماڵه‌ی حوسه‌ین په‌ناهی به‌ره‌وسه‌ر چووه‌
له‌راگه‌ێندراوێكدا بنه‌ماڵه‌ى حوسین په‌ناهى باس له‌به‌ره‌وسه‌ر چوونى فشاره‌كان بۆسه‌ر بنه‌ماڵه‌كه‌یان و بریارى به‌ جێ هێشتنى شوێنى نیشته‌جێ بوونیان ده‌كه‌ن . له‌و راگه‌ێندراوه‌ دا هاتووه‌. سه‌رجه‌م بنه‌ماڵه‌كه‌مانیان گرتووه‌ و شه‌ویی رابردوو باوكمان كه‌ ٢ رۆژه‌ له‌ لایه‌ن هێزه‌كانی ئیتلاعاته‌و ه‌ بانگ ده‌كرێت، داوای چۆڵ كردنی شوێنی نیشته‌جێ بوونی لێ ده‌كه‌ن و له‌ ژێر ئه‌و فشاره‌ رۆحییه‌ كه‌ به‌ سه‌ریدا زاڵ بووه‌ توشی نه‌خۆشی بووه‌ و یه‌ك جاریش بێهۆش بووه‌و گۆاستراوه‌ته‌وه‌ بۆ نه‌خۆشخانه‌.  هه‌وه‌رها له‌درێژه‌ى ئه‌و راگه‌ێنداروه‌ وێراى پیداگرى له‌سه‌ر پاڵپشتى كۆمه‌لانى خه‌ڵك له‌ خانه‌واده‌ى حوسێن په‌ناهیه‌كان هاتووه‌، ئێمه‌ وه‌ك بنه‌ماڵه‌ی حۆسه‌ین په‌ناهی به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك ئاماده‌ی چۆڵ كردنی شوێنی ژیانی خۆمان نین و هه‌موو ئه‌و فشارانه‌ش كه‌ له‌م ساڵانه‌دا له‌ لایه‌ن هێزه‌كانی ئیتلاعاته‌وه‌ له‌ سه‌رمان بووه‌ به‌ ناره‌واو دوور له‌ مرۆڤایه‌تی ده‌زانین و خۆمان به‌ بێ تاوان ده‌زانین و هێزه‌كانی ئیتلاعات و سوپای پاسداران به‌ تاوانبار ده‌زانین.







هاووڵاتییه‌كی دیكه‌ كورد به‌ ته‌قه‌ی هێزه‌ ئینتزامییه‌كان كوژرا
چه‌ند رۆژ پێش ئێستا هاووڵاتییه‌كی كوردی په‌یرِه‌وی ئایینی یارسان خه‌ڵكی ناوچه‌ی داڵاهۆ له‌لایه‌ن هه‌نگی مه‌رزیی ئه‌و ناوچه‌یه‌وه‌ كوژرا.  به‌پێی هه‌واڵی هه‌واڵده‌ریی كوردپا، هاووڵاتییه‌كی كورد به‌ناوی "حشمه‌ت به‌هلوولی" خه‌ڵكی یه‌كێك له‌ گونده‌كانی ناوچه‌ی "داڵاهۆ"ی سه‌ربه‌ پاریزگای كرماشان له‌لایه‌ن "هه‌نگی مه‌رزی" له‌ خاڵی سنووریی "به‌مۆ" دراوه‌ته‌ به‌ر ده‌سترِێژی گولـله‌ و له‌ ئه‌نجامدا گیانی داوه‌. له‌ ئه‌نجامی ته‌قه‌ی ئه‌و هێزانه‌دا كه‌سێكی دیكه‌ به‌ توندی بریندار كراوه‌ و بۆ نه‌خۆشخانه‌ راگوێزراوه‌. هه‌نگی مه‌رزیی ناوچه‌ی داڵاهۆ ئه‌و ٢ هاووڵاتییه‌یان به‌ بیانووی هه‌ڵگرتنی چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی داوته‌ به‌ر ده‌سترِێژ.






له‌ دیوانده‌ره‌ ژنێك به‌ شێوه‌ی گوماناوی كوژرا
ژنێك له‌ ناوچه‌ی دیوانده‌ره‌ له‌ به‌ شێوه‌یه‌كی گوماناوی خنكێندراوه‌. به‌پێی هه‌واڵی هه‌واڵده‌ریی كوردپا، سه‌رله‌ ئێواره‌ی رۆژی شه‌ممه‌ رێكه‌وتی ٧ی رێبه‌ندان ژنێك به‌ ناوی "په‌ریسا قه‌یسه‌ری" ته‌مه‌ن ٢٧ ساڵ له‌ گوندی "باقراوا"ی سه‌ربه‌ شاری دیوانده‌ره‌ به‌ شێوه‌یه‌كی گوماناوی كوژرا. ئه‌و ژنه‌ ماوه‌ی نزیك به‌ ٣ ساڵ پێش ئێستا شووی به‌ كورِێكی خه‌ڵكی گوندی "باقراوا"ی سه‌ربه‌ شاری دیوانده‌ره‌ كردبوو و له‌و ماوه‌یه‌دا چه‌ندین جار له‌لایه‌ن مێرده‌كه‌یه‌وه‌ به‌ره‌ورِووی توندوتیژی ببۆوه‌. ته‌رمی ئه‌و ژنه‌ له‌ چه‌ندین شوێنه‌وه‌ به‌ ئامورده‌ست، گوشت له‌ جه‌سته‌ی كراوه‌ته‌وه‌ و به‌ شێوه‌یه‌كی گوماناوی خنكێندراوه‌.






به‌یاننامه‌ى هه‌واڵنێرانى بێ سنوور: یه‌كشه‌ممه‌ى ره‌ش له‌ ئێران
دووباره‌ بوونه‌وه‌ى شه‌رى خامنه‌یى، رێبه‌رى رژێم دژبه‌ رۆژنامه‌وانان
یه‌كشه‌ممه‌ى ره‌ش، لانیكه‌م ١٢ رۆژنامه‌وان له‌ كه‌متر له‌ ٢٤ كاتژمێردا ده‌ستبه‌سه‌ر كراون و كۆمه‌لێكیتر له‌ رۆژنامه‌وانان ده‌بێت له‌ رۆژانى داهاتوو خۆیان به‌ لقه‌كانى دادگاى شۆرش و لقى ٩ى دادسه‌راى فه‌رهه‌نگ و میدیا بناسێنن. له‌ رێكه‌وتى ٨ى رێبه‌ندانى ١٣٩١ هێزه‌ قه‌زایى – ئه‌منییه‌تییه‌كان به‌ هێرش كردنه‌ سه‌ر ده‌فته‌رى چوار رۆژنامه‌ى، به‌هار، شه‌رق، ئێعتێماد و حه‌فته‌نامه‌ى ئاسمان، دواى پشكنینى شوێنه‌كه‌یان و ده‌ستبه‌سه‌ردا گرتنى كامپیۆتر و كه‌ل و په‌لى كاره‌كانیان، كۆمه‌ڵێك له‌ ئه‌ندامانى ئه‌و رۆژنامانه‌یان ده‌ستبه‌سه‌ر و بۆ شوێنێكى نادیار گواستووه‌ته‌وه‌. كریستۆف دۆلوار به‌رێوه‌به‌رى یه‌كه‌مى هه‌واڵنێرانى بێ سنوور له‌ مه‌رِ ئه‌م بابه‌ته‌ رایگه‌یاند، سه‌ركوتى بێ وچانى رۆژنامه‌وانان له‌ ئێران درێژه‌ى هه‌یه‌، هێشتا ده‌ورانى تیرۆر و سه‌ركوت كه‌ له‌ به‌یانى هه‌ڵبژاردنه‌كانى سه‌رۆك كۆمارى ١٣٨٨، ده‌ستى پێ كرد كۆتایى نه‌هاتووه‌، پێنج مانگ پێش له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانى سه‌رۆ كۆمارى له‌ ئێران ئه‌م هه‌ره‌شانه‌ به‌رده‌وامن و ئه‌یانه‌وێت ده‌م و زمانى رۆژنامه‌وانان ببه‌ستن. هه‌واڵنێرانى بێ سنوور خوازیارى ئازادى بێ قه‌ید و شه‌رتى هه‌موو ئه‌و رۆژنامه‌وانه‌ زیندانیانه‌ن له‌ ئێران و به‌رپرسانى رژێم ده‌بێت به‌م ده‌ستبه‌سه‌ر كردنانه‌ كه‌ ته‌نیا ئامانجه‌كه‌ى درێژه‌دان به‌ مانه‌وه‌ى خۆیانه‌ كۆتایى بێنن، چوونكوو ئاكامى ئه‌و كاره‌ى ئه‌وان ته‌نیا شكسته‌. له‌ رۆژى ٢٢ى سه‌رماوه‌زه‌وه‌ به‌ تایبه‌ت له‌ تاران كۆمه‌ڵێك له‌ رۆژنامه‌وانان له‌ لایه‌ن ئیتلاعاتى سپاى پاسداران و وه‌زاره‌تى ئیتلاعاته‌وه‌، بانگهێشت و لێكۆلینه‌وه‌یان لێ كراوه‌. له‌ لێكۆلینه‌وه‌كان له‌م رۆژنامه‌وانانه‌ پرسیارگه‌لێك وه‌ك، چه‌ به‌رنامه‌ێكت له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانى داهاتوو هه‌یه‌، له‌ كام پالێوراوو پاڵپشتى ده‌ده‌یت؟ و پرسیار له‌مه‌ر قسه‌كانى خامنه‌یى له‌ رۆژى ١٩ى سه‌رماوه‌ز كه‌ وتبووى، كه‌سانێكه‌ له‌مه‌رِ هه‌ڵبژاردنه‌كان قسه‌ ده‌كه‌ن، هۆشیان بێت یارمه‌تى دوژمن نه‌ده‌ن، هه‌میشه‌ نه‌لێن هه‌ڵبژاردن ده‌بێت ئازاد بێت، له‌ ئه‌وه‌لى ئینقلابه‌وه‌ ٢٤ هه‌ڵبژاردنمان بووه‌ كامه‌یان ئازاد نه‌بووه‌. له‌ رێكه‌وتى ٢ى رێبه‌ندان غۆلام حسین مۆحسنى ئێژه‌یى، دادستانى گشتى ئێران رایگه‌یاند، به‌ پێى ئه‌و زانیارییانه‌ى هه‌مانه‌ كۆمه‌لێك رۆژنامه‌نووس ئه‌مرۆ جگه‌ له‌وه‌یكه‌ له‌ رۆژنامه‌كانى ئێران ده‌نووسن ده‌ستیان له‌ ده‌ستى رۆژئاواییه‌كان و دژى ئینقلابه‌كاندایه‌.







ئیسرائیل ته‌قینه‌وه‌ی‌ دامه‌زراوه‌یه‌كی‌ ئه‌تۆمیی ئێران رِاده‌گه‌یه‌نێت‌
ئه‌مرِۆ دووشه‌ممه‌ به‌رپرسێكی‌ ده‌زگای‌ هه‌واڵگریی‌ ئیسرائیل به‌ ئاژانسه‌كانی‌ هه‌واڵی‌ رِاگه‌یاند، هه‌فته‌ی‌ پێشوو له‌ یه‌كێك له‌ دامه‌زراوه‌كانی‌ ئه‌تۆمیی‌ ئێران ته‌قینه‌وه‌یه‌ك رِوویداوه‌و حكومه‌تی‌ تارانیش هه‌واڵه‌كه‌ رِه‌تده‌كاته‌وه‌. له‌ هه‌واڵێكی‌ سایتی‌"نیویۆرك تایمز"دا بڵاوبووه‌ته‌وه‌، دوێنێ سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ ته‌ل ئه‌بیب-ه‌وه‌ به‌ سایته‌كه‌ی‌ راگه‌یاندووه‌، ئه‌و ته‌قینه‌وه‌یه‌ هه‌فته‌ی‌ پێشوو له‌ دامه‌زراوه‌ی‌ فۆردۆ بۆ چه‌كی‌ ئه‌تۆم روویداوه‌ و به‌هۆی‌ ته‌قینه‌وه‌كه‌شه‌وه‌ نزیكه‌ی‌ ٢٤٠ كه‌س له‌ ناو دامه‌زراوه‌كه‌ گیریان خواردووه‌. ئه‌فسه‌رێكی‌ جیابووه‌وه‌ كه‌ له‌ رابردوودا له‌ ده‌زگای‌ هه‌واڵگریی‌ ئێران كاری كردووه‌، به‌ ئاژانسه‌كانی‌ هه‌واڵی‌ راگه‌یاندووه‌، له‌م مانگه‌ ته‌قینه‌وه‌یه‌كی‌ گه‌وره‌ له‌ دامه‌زراوه‌ی‌ "فۆردۆ" كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ پیتاندنی‌ یۆرانیۆم رِوویداوه‌، كه‌ دامه‌زراوه‌كه‌ نزیكه‌ له‌ شاری‌ قوم_ه‌وه‌.





ناره‌زایه‌تى ده‌رِبرِینى ئه‌مریكا به‌ حوكمى ٨ ساڵ زیندانى كه‌شیشێكى ئێرانى
به‌ پێىراپۆرتى رادیو ئالمان، وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مریكا رۆژى یه‌ك شه‌ممه‌ ٨ى رێبه‌ندان، به‌ حوكمى ٨ ساڵ زیندان بۆ سه‌عید عابدینى كه‌شیشى ئێرانى ناره‌زایه‌تى ده‌ربرِیى و داواى له‌ رژێمى تاران كردووه‌ كه‌  له‌ مافى مرۆڤى ئه‌و كه‌شیشه‌ رێز بگرێت و ئازادى بكات. جێگه‌ى باسه‌ كه‌ ئه‌و كه‌شیشه‌ به‌ تۆمه‌تى هه‌وڵدان بۆ دانانى شه‌به‌كه‌ێك بۆ مه‌سێحیه‌كان له‌ ماڵه‌كه‌ى خۆیدا له‌ لایه‌ن سپاى پاسدارانه‌وه‌ ده‌ستبه‌سه‌ر كراوه‌.





مانۆرى نیزامى هاوبه‌شى ئه‌مریكا و ئیمارات له‌ كه‌نداوى فارس
به‌ پێى راپۆرتى سایتى عه‌سرى ئێران، به‌ گێرِانه‌وه‌ له‌ هه‌واڵده‌رى ره‌سمى ئیمارات( وام)، ئیمارات له‌ رۆژى یه‌كشه‌ممه‌ ٨ى رێبه‌ندانه‌وه‌ مانۆرێكى نیزامى هاوبه‌شى له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا له‌ كه‌نداوى فارس ده‌ست پێ كردووه‌ كه‌ تا رۆژى ٧ى فۆریه‌ درێژه‌ى ده‌بێت. به‌ پێى ئه‌م راپۆرته‌ ئه‌م مانۆره‌ له‌ چوارچێوه‌ى ته‌مرینى هاوبه‌ش بۆ به‌رز بوونه‌وه‌ى توانایى نه‌ته‌وه‌یى و هاوكارى نێونه‌ته‌وه‌یى بۆ پێشگرتن له‌ به‌كار هێنانى چه‌كى كۆمه‌ڵ كوژ و به‌رز كردنه‌وه‌ى رێژه‌ى ئاماده‌یى هێزه‌كانى ئیمارات به‌رێوه‌ ده‌چێت.




ده‌ستبه‌سه‌ر كردنى ١٥ رۆژنامه‌وان له‌ لایه‌ن رژێمى تارانه‌وه‌
به‌ پێى راپۆرتى هه‌واڵده‌رى حكومه‌تى مێهر، هێزه‌ ئه‌منیه‌تییه‌كانى رژێم، به‌ بوونى حوكمى ده‌ستبه‌سه‌ر كردنیان، كۆمه‌لێك رۆژنامه‌وانیان ده‌ستبه‌سه‌ر كردووه‌. به‌ پێى ئه‌م راپۆرتى رۆژى یه‌كشه‌مه‌ ٨ى رێبه‌ندان ١٥ رۆژنامه‌وانى هه‌واڵده‌رییه‌كانى ئارمان، ئیعتماد، به‌هار، شه‌رق ، حه‌فته‌نامه‌ى ئاسمان، به‌ شێوه‌ى هاوكات له‌ لایه‌ن هێزه‌ ئه‌منیه‌تییه‌كانه‌وه‌ ده‌ستبه‌سه‌ر كراون. جێگه‌ى باسه‌ یه‌كێك له‌و رۆژنامه‌وانه‌ هاوه‌لاتێكى كوردى نیشته‌جێى شارى تارانه‌ به‌ ناوى سلیمانی‌ محه‌مه‌دی‌ خه‌لكی‌ شاری‌ سه‌رده‌شت.




ئیمارات هاورده‌ كردنى نه‌وتى سووكى له‌ ئێران ته‌حریم كرد
به‌ پێى راپۆرتى ئه‌لعه‌ره‌بییه‌، شیركه‌تى نه‌ته‌وه‌یى نه‌وتى ئێمارات( ئینۆك) كه‌ خاوه‌نى حكومه‌تى دۆبه‌یه‌ ئه‌مرۆ رایگه‌یاند كه‌ هاورده‌ كردنى نه‌وتى سووك له‌ قه‌ته‌رى جێگره‌وه‌ى نه‌وتى سووكى ئێران كردووه‌. ئیمارات ساڵى رابردوو گه‌وره‌ترین هاورده‌كه‌رى نه‌وتى سووك له‌ ئێران بوو كه‌ رێژه‌كه‌ى ده‌گه‌یشته‌ ١٢٧ هه‌زار به‌رمیل له‌ رۆژێكدا. به‌ پێى ئه‌م راپۆرته‌ به‌رپرسانى ئه‌مریكایى، له‌ وتووێژێكى درێژ ماوه‌ا توانیویانه‌ ئیمارات رازى بكه‌ن كه‌ هاورده‌كردنى نه‌وت له‌ ئێران رابگرێت. ئه‌مریكا و یه‌كیه‌تى ئۆرووپا به‌ هۆى پێداگرى رژێمى تاران به‌ درێژه‌دان به‌ به‌رنامه‌ ناوه‌كییه‌كه‌ى خۆى ، گه‌مارۆى به‌ربلاویان دژبه‌م رژێمه‌ په‌سه‌ند كردووه‌.




ئۆباما: هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ هێرشكردنه‌ سه‌ر سوریا ده‌كه‌ین
باراك ئۆبامای سه‌رۆكی ویلایه‌ته‌یه‌كگرتوه‌كانی ئه‌مه‌ریكا جارێكی دیكه‌ داوا له‌ به‌شار ئه‌سه‌د ده‌كات ده‌سه‌ڵات به‌جێبهێڵێت و هاوكات رایده‌گه‌یه‌نێت، هه‌ڵسه‌نگاندن ده‌كه‌ن له‌باره‌ی هێرشكردنه‌ سه‌ر سوریا. ئۆباما له‌لێدوانێكیدا بۆ رۆژنامه‌ی ‌(نیو ره‌یبلیك) له‌باره‌ی هێرشی سه‌ربازی بۆ سه‌ر سوریا، راگه‌یاند: ده‌بێت پرسیاری ئه‌وه‌ بكه‌ین هێرشی‌ سه‌ربازی‌ ده‌بێته‌ چاره‌سه‌ری‌ كێشه‌كان و ئه‌و شه‌رِ و ئاژاوه‌یه‌ی ماوه‌ی ٢٢ مانگه‌ له‌و وڵاته‌ به‌رده‌وامه‌، یاخود كێشه‌كان قوڵتر ده‌كاته‌وه‌. هه‌روه‌ك جه‌ختی له‌وه‌كرده‌وه‌، پاش هه‌ڵسه‌نگاندنیان بۆ بارودۆخی‌ ئێستاو داهاتوی‌ سوریا، ئه‌وكات وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌‌ ده‌ده‌نه‌وه.   ئه‌م لێدوانه‌ی‌ ئۆباما دوای‌ ئه‌و ره‌خنانه‌ دێت كه‌ ئاراسته‌ی‌ كراوه‌ سه‌باره‌ت به‌وه‌ی‌ هێرشی‌ سه‌ربازی‌ نه‌كردوه‌ته‌ سه‌ر سوریا بۆ چاره‌سه‌ر كردنی‌ ئه‌و قه‌یرانه‌ی‌ له‌و وڵاته‌ به‌رده‌وامه‌، كه‌ بوه‌ته‌ هۆی كوژران و برینداربونی ده‌یان هه‌زار كه‌س و ئاواره‌بونی هه‌زاران هاوڵاتی. له‌هه‌مان كاتدا ئۆباما جارێكی تر داوای‌ له‌ به‌شار ئه‌سه‌دی سه‌رۆكی سوریاش كرد، واز له‌ كورسیه‌كه‌ی‌ بهێنێت و ده‌ستله‌كاربكێشێته‌وه‌.






مالیكی ده‌چێته‌ ژێرباری داواكاری خۆپیشانده‌رانی سوننه‌وه‌

ئه‌و لیژنه‌ وه‌زاریه‌ی حكومه‌تی عێراق بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی داواكاری خۆپیشانده‌رانی پارێزگا سوننه‌نشینه‌كان پێكیهێنابو، ئه‌مرِۆ له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا جێبه‌جێكردنی چه‌ند داواكاریه‌كیان خسته‌رِو. حسێن شه‌هرستانی، جێگری سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق و سه‌رۆكی ئه‌و لیژنه‌یه‌ رایگه‌یاندوه‌: (٢) هه‌زار زیندانی ئازاد ده‌كرێن و ئه‌و ژماره‌یه‌ زیاتریش ده‌كرێت. دۆسیه‌ی (١٧١٤) ژنی ده‌ستبه‌سه‌ر كراویش ره‌وانه‌ی پارێزگاكانی خۆیان كراون بۆ ئازادكردن یان حوكمدان به‌سه‌ریاندا. شه‌هرستانی ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌شكردوه‌، كه‌ مامه‌ڵه‌ی  خانه‌نشینكردنی (١٠٠٠) كه‌س له‌وانه‌ی یاسای لێپرسینه‌وه‌ و دادپه‌روه‌ری (ریشه‌كێشكردنی به‌عس) ده‌یانگرێته‌وه‌ جێبه‌جێكراوه‌ و هه‌وڵده‌درێت ئه‌و (٢٨٥٠٠) مامه‌ڵه‌یه‌ی پێشكه‌شكراوه‌ جێبه‌جێ بكرێت. جێگری سه‌رۆك وه‌زیران باسی له‌وه‌شكردوه‌، كه‌ موچه‌ی هێزه‌كانی سه‌حوه‌ یه‌كده‌خرێت و به‌رزده‌كرێته‌وه‌ بۆ ئاستی به‌رزترین موچه‌ی هاوتاكانیان له‌ شاری به‌غدا. شه‌هرستانی وتوشیه‌تی: بابه‌تی ده‌ركردنی لێبوردنی تایبه‌تی له‌لایه‌ن سه‌رۆك وه‌زیرانه‌وه‌ تاوتوێ ده‌كرێت، به‌ڵام لێبوردنه‌كه‌ ئه‌و كه‌سانه‌ ناگرێته‌وه‌ كه‌ به‌ تیرۆر تاوانبارن یان تاوانی دژه‌ مرۆڤایه‌تیان ئه‌نجام داوه‌. ئه‌و برِیاری ده‌ستگیركردنانه‌ش هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه‌ كه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای وته‌ی هه‌واڵده‌ری نهێنی ده‌ركراون.


ڕێکه‌وت: 2013-01-28 16:16:39
به‌شی ( هه‌واڵه‌كانى كوردستان و ئێران و ناوچه‌كه‌(٩ى رێبه‌ندان) )