__ ئه‌گه‌رى ئێعدامى ١٥ زیندانى له‌ كرماشان__ كرێكارێكی دیكه‌ی كورد گیانی  دا__ پیاوێك له‌ سه‌قز ژنه‌كه‌ى خۆى له‌ت و په‌ت كرد__ ئێعدامى نهێنى زیندانیێك له‌ زیندانى گه‌وهه‌رده‌شت__ راگرتنى كه‌شتیێكى چه‌ك و چۆڵى رژێم له‌ ئاوه‌كانى یه‌مه‌ن__ چوار كه‌سیتر له‌ ده‌روێشه‌كانى گۆناباد ده‌ستبه‌سه‌ر كران__ فشارى ئه‌مریكا له‌سه‌ر كووه‌یت به‌ مه‌به‌ستى پچرانى په‌یوه‌ندى له‌گه‌ڵ ئێران__ نیگه‌رانى ئه‌مریكا له‌ به‌رنامه‌ مووشه‌كییه‌كه‌ى رژێم__ كاترین ئه‌شتۆن داواى له‌ رژیمى تاران كرد ئێعدامى چالاكان رابگرێت__ وه‌زیری به‌رگری میسر هۆشداری ده‌دات له‌باره‌ی دارِوخانی وڵاته‌كه‌ی

ئه‌گه‌رى ئێعدامى ١٥ زیندانى له‌ كرماشان
به‌ پێى راپۆرتى هه‌واڵده‌ریه‌كان، له‌ زار سه‌رچاوه‌ ئاگاداره‌كانى كرماشان، رژێمى ئاخووندى ١٥ زیندانى له‌ زیندانى دیزڵ ئاواى كرماشان بۆ ژورى تاكه‌ كه‌سى گواستووه‌ته‌وه‌، ده‌وترێت ئه‌گه‌رى ئێعدامى ئه‌و زیندانیانه‌ زۆره‌ و رژێم به‌ مه‌به‌ستى ئێعدام كردنیان بردویانیه‌ته‌ ژورى تاكه‌ كه‌سى.





كرێكارێكی دیكه‌ی كورد گیانی  دا
هاووڵاتییه‌كی كورد له‌ شاری مه‌ریوان به‌ هۆی رووداوی كاره‌وه‌ بووه‌ قوربانی. به‌پێی هه‌واڵی هه‌واڵده‌ریی كوردپا، رۆژی دووشه‌ممه‌ رێكه‌وتی ٩ی رێبه‌ندان هاووڵاتییه‌ك به‌ناوی "حوسێن" له‌ باڵه‌خانه‌یه‌كه‌وه‌ كه‌وتوه‌ته‌ خواره‌وه‌ و له‌ ئه‌نجامدا گیانی داوه‌.  ئه‌و هاووڵاتییه‌ ماوه‌ی زیاتر له‌ ١٥ ساڵه‌ به‌ پیشه‌ی جۆشكارییه‌وه‌ سه‌رقاڵ بووه‌ كه‌ به‌هۆی كه‌مته‌رخه‌میی خاوه‌نكار و نه‌بوونی ئه‌منیه‌ت له‌ شوێنی كاره‌كه‌ی بوه‌ته‌ قوربانی. حوسێن" ته‌مه‌ن ٤٥ ساڵ و خاوه‌ن ژن و منداڵ و خه‌ڵكی گوندی "نژمار"ی سه‌ربه‌ شاری مه‌ریوان بووه‌.







پیاوێك له‌ سه‌قز ژنه‌كه‌ى خۆى له‌ت و په‌ت كرد
به‌ پێى راپۆرتى ناوه‌ندى هه‌واڵده‌رى موكریان، پیاوێكى ٥٥ ساڵه‌ ژنه‌كه‌ى له‌ ماڵه‌كه‌ى خۆى له‌ت و په‌ت كرد، مه‌حه‌مه‌د ره‌زا ته‌میمى، سه‌رۆك فریاكه‌وتنى ١١٥ى سه‌قز له‌مه‌رِ ئه‌م رووداوه‌ وتى، كارمه‌نده‌كانمان دواى بیستى ئه‌م رووداوه‌ رۆیشتنه‌ ئه‌و ماڵه‌و دیمه‌نى لاشه‌ى له‌ت و په‌ت كراوى ژنه‌كه‌یان بینى كه‌ هه‌ر كامه‌ له‌ ئه‌ندامانى جه‌سته‌ى له‌ شوێنێكى خانووه‌كه‌ فرێدرا بوو، تاوانبار به‌ كوشتنه‌كه‌ دواى ئه‌و جه‌نایه‌ته‌ى خۆى به‌ ئیداره‌ى ئاگاهى سه‌قز ناساندووه‌ و هۆكارى كوشتنه‌كه‌ لێكۆلینه‌وه‌ى لێ ده‌كرىً.





ئێعدامى نهێنى زیندانیێك له‌ زیندانى گه‌وهه‌رده‌شت

به‌ پێى راپۆرتى چالاكانى مافى مرۆڤ و دیموكراسى له‌ ئێران، رۆژى یه‌كشه‌ممه‌ ٨ى رێبه‌ندان زیندانیێك به‌ ناوى مه‌سعوود عه‌لى مۆرادى كه‌ ماوه‌ى پێنج ساڵه‌ له‌ زینداندایه‌، له‌ سێداره‌ درا. به‌ پێى ئه‌م راپۆرته‌ كۆمه‌لێكى نادیار له‌ زیندانیه‌كانى زیندانى گه‌وهه‌رده‌شت رۆژى شه‌ممه‌ ٧ى رێبه‌ندان گوازراونه‌ته‌وه‌ بۆ ژورى تاكه‌كه‌سى، ئه‌م زیندانیانه‌ به‌ نهێنى و له‌ ژێر ناوى رۆیشتن بۆ دادگا له‌ به‌نده‌كانیان هێنراونه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌. رژێمى ئاخووندى له‌م مانگانه‌ى دوایى به‌ مه‌به‌ستى تۆقاندن و ترساندنى خه‌ڵك ده‌ستى داوه‌ته‌ ئێعدامى زیندانیان به‌ شێوه‌ى نهێنى و له‌به‌ر چاوى خه‌ڵك و به‌م شێوه‌ ده‌یه‌وێت حكومه‌ته‌كه‌ى بپارێزێت.







راگرتنى كه‌شتیێكى چه‌ك و چۆڵى رژێم له‌ ئاوه‌كانى یه‌مه‌ن
به‌ پێى راپۆرتى رادیو ئالمان، به‌رپرسانى یه‌مه‌ن رۆژى دووشه‌ممه‌ ٩ى رێبه‌ندان رایانگه‌یاند كه‌ كه‌شتیێكى چه‌ك و چۆڵ كه‌ هه‌ڵگرى چه‌كى قۆرس و موشه‌كى زه‌وى به‌ ئاسمان بوو و به‌ وته‌ى به‌رپرسانى ئه‌مریكایى له‌ ئێرانه‌وه‌ بۆ ئاژاوه‌گێرانى شیعه‌ له‌ یه‌مه‌ن نێردراوه‌ له‌ لایه‌ن ده‌وڵه‌تى یه‌مه‌ن و به‌ هاوكارى هێزه‌كانى ده‌ریاوانى ئه‌مریكا ده‌ستى به‌سه‌ردا گییراوه‌.  ولاتانى سووننى مه‌زهه‌بى كه‌نداوى فارس ئێران تاوانبار ده‌كه‌ن كه‌ پاڵپشتى له‌ گرووه‌ شیعه‌كانى ناوچه‌كه‌ ده‌كات به‌ مه‌به‌ستى پێكهێنانى هێزێكى شێعه‌ له‌ ناوچه‌كه‌.






چوار كه‌سیتر له‌ ده‌روێشه‌كانى گۆناباد ده‌ستبه‌سه‌ر كران
به‌ پێى راپۆرتى هه‌واڵده‌رى هێرانا، چوار كه‌س له‌ ده‌روێشه‌كانى گۆناباد به‌ ناوه‌كانى، ئارش سه‌لتووكى، مێهرداد شیرازى، مۆرتزا سۆهرابى و وه‌حید ئه‌كبه‌رى كه‌ به‌ مه‌به‌ستى رۆیشتن بۆ شارى كۆرد له‌ رێگه‌دا بوون، له‌ مه‌سیرى ئیسفه‌هان ، شارى كۆرد له‌ لایه‌ن هێزه‌ ئه‌منیه‌تى و ئیتلاعاتییه‌كانه‌وه‌ ده‌ستبه‌سه‌ر كران. به‌ پێىلا ئه‌م راپۆرته‌ دواى گواستنه‌وه‌یان بۆ ئیسفه‌هان و لێكۆلینه‌وه‌ى چه‌ند كاتژمێرى سێ كه‌سیان ئازاد كراون و ته‌نیا ئارش سه‌ڵتووكى گوازراوه‌ته‌وه‌ بۆ گرتووخانه‌ى وه‌زاره‌تى ئیتلاعات له‌ زیندانى ئه‌وین.





فشارى ئه‌مریكا له‌سه‌ر كووه‌یت به‌ مه‌به‌ستى پچرانى په‌یوه‌ندى له‌گه‌ڵ ئێران
به‌ پێى راپۆرتى رۆژنامه‌ى كووه‌یتى ئه‌لرِاى، به‌رپرسانى ئه‌مریكا به‌ وه‌ستانى كه‌شتییه‌كانى رژێم له‌ به‌نده‌ره‌كانى كووه‌یت ناره‌زایه‌تییان ده‌رِبرِیوه‌. به‌ پێى ئه‌م راپۆرته‌ له‌ماوه‌ى چه‌ند رۆژى رابردوو، به‌رپرسانێك له‌ بالوێزخانه‌ى ئه‌مریكا له‌ كووه‌یت له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌و ولاته‌ دانیشتنیان كردووه‌ و له‌مه‌رِ هاتووچۆى كه‌شتییه‌ ئێرانییه‌كان كه‌ له‌ ژێر گه‌مارۆكانى شۆراى ئه‌منیه‌تدان به‌ تایبه‌ت كه‌شتى شیركه‌تى وه‌لفه‌جرى٨، وتووێژیان كردووه‌. به‌رپرسانى ئه‌مریكایى هه‌روه‌ها به‌ كرده‌وه‌ى شیركه‌تى كه‌شتیرِانى وه‌لفه‌جرى ٨ له‌ دانانى شیركه‌تێكى هاوبه‌شى ده‌ریاوانى له‌ كووه‌یت ناره‌زایه‌تییان ده‌ربرِیوه‌. به‌ وته‌ى ئه‌و به‌رپرسانه‌ ئێران ده‌توانێت به‌ ئاسانى به‌ به‌كار هێنانى كه‌شتى به‌ ئالاى كووه‌یته‌وه‌ كه‌ل و په‌لى پێویستى خۆى رابگوێزێت. جێگه‌ى باسه‌ كه‌ شیركه‌تى كه‌شتیرِانى رژێم به‌ مه‌به‌ستى بازدان به‌سه‌ر گه‌مارۆكان ناوى ته‌واوى ناوه‌ند و شیركه‌ته‌كانى خۆى له‌ جیهان گۆریوه‌.






نیگه‌رانى ئه‌مریكا له‌ به‌رنامه‌ مووشه‌كییه‌كه‌ى رژێم
به‌ پێى راپۆرتى هه‌واڵده‌رییه‌كان، وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مریكا نیگه‌رانى خۆى له‌ مه‌رِ به‌رنامه‌ مووشه‌كییه‌كه‌ى رژێمى تاران ده‌ربرِیوه‌، وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مریكا له‌مه‌رِ ئیده‌عاى رژێم له‌ ناردنى مه‌یموون بۆ فه‌زا، رایگه‌یاند، رێگه‌ێك بۆ پشترِاست كردنه‌وه‌ى ئه‌و راپۆرته‌ له‌ ده‌ستدا نییه‌، به‌لام ئه‌گه‌ر ئه‌و هه‌واڵه‌ راست بێت ماناى ئه‌وه‌یه‌ كه‌ رژێم مووشه‌كه‌ دوور هاوێژى بالستیكى به‌رهه‌م هێناوه‌.






كاترین ئه‌شتۆن داواى له‌ رژیمى تاران كرد ئێعدامى چالاكان رابگرێت
به‌ پێى راپۆرتى هه‌واڵده‌رى رۆیترز، كاترین ئه‌شتۆن، سه‌رۆكى سیاسه‌تى ده‌ره‌وه‌ى یه‌كیه‌تى ئورووپا، داواى له‌ رژێمى تاران كرد ئێعدامى ئه‌و پێنج كه‌سه‌ له‌ كه‌مینه‌كانى رۆژئاواى ئێران رابگرێت، ئه‌شتۆن كه‌ به‌رپرسى وتووێژه‌كانى نێوان ئاژانس و ئێرانه‌ وتى، به‌ پێى هه‌واڵه‌كان ئه‌و پێنج كه‌سه‌ عادلانه‌ دادگایى نه‌كراون و له‌ ژێر شكه‌نجه‌ ناچار به‌ دان پێدانان كراون و داوا له‌ به‌رپرسانى ئێرانى ده‌كه‌م ئێعدامى ئه‌و زیندانیانه‌ رابگرێت.





وه‌زیری به‌رگری میسر هۆشداری ده‌دات له‌باره‌ی دارِوخانی وڵاته‌كه‌ی
وه‌زیری به‌رگری میسر هۆشداری داوه‌ له‌وه‌ی ئه‌گه‌ر ململانێی نێوان هێزه‌ سیاسیه‌كانی ئه‌و وڵاته‌ به‌رده‌وام بێت، ئه‌وا ده‌بێته‌ هۆی دارِوخانی ده‌وڵه‌تی میسر. فه‌ریقی یه‌كه‌م عه‌بدولفه‌تاح سیسی، وه‌زیری به‌رگری میسر له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا هۆكاری بڵاوكردنه‌وه‌ی سوپای له‌ ناوچه‌ی كه‌نداوی سویس بۆ پاراستنی كه‌نداوه‌كه‌ گه‌رِاندوه‌ته‌وه‌، كه‌ رۆڵێكی گرنگ ده‌گێرِێت له‌ ئابوری میسر و جیهاندا. سیسی هۆشداریشی داوه‌ له‌وه‌ی، به‌رده‌وامی ململانێی نێوان هێزه‌ سیاسیه‌كان له‌سه‌ر چۆنیه‌تی ئیداره‌دانی وڵات ده‌بێته‌ هۆی داروخانی ده‌وڵه‌تی میسر. له‌ یادی شۆِرشی میسر و نارِه‌زای ده‌ربرِین به‌رامبه‌ر برِیارێكی دادگای میسر بۆ له‌سێداره‌دانی ٢١ كه‌ش، چه‌ند رۆژێكه‌ له‌ قاهیره‌ی پایته‌خت و چه‌ند شارێكی تر خۆپیشاندان ده‌ستێپیكردوه‌ و تائێستاش به‌هۆی پێدادانه‌كان له‌گه‌ڵ هێزه‌ ئه‌منیه‌كان ٥٢ كه‌س كوژراون. هه‌ر له‌وچوارچێوه‌یه‌شدا موحه‌مه‌د مورسی، سه‌رۆكی میسر داوای له‌ لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانی ئه‌و وڵاته‌ كرد، گفتوگۆی نیشتیمانی ئه‌نجام بده‌ن، به‌ڵام به‌ره‌ی رزگاری، كه‌ به‌ره‌یه‌كی ئۆپۆزسیۆنه‌ ئه‌و داوایه‌ی مورسیان ره‌تكرده‌وه‌ و چه‌ند مه‌رجێكیان هه‌یه‌ بۆ گفتوگۆ.


ڕێکه‌وت: 2013-01-29 15:52:55
به‌شی ( هه‌واڵه‌كانى كوردستان و ئێران و ناوچه‌كه‌ ((١٠ى رێبه‌ندان) )