__ فشاری هێزه‌ ئینتزامییه‌كان بۆسه‌ر هاووڵاتییانی كورد به‌رده‌وامه‌__ كلینتۆن: خه‌ڵك له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كاندا ده‌نگى خۆیان به‌رز بكه‌نه‌وه‌__ ده‌ركردنى حوكمى سزاى پووڵى بۆ ئێران له‌مه‌رِ قۆربانیانى ته‌قینه‌وه‌ى خۆبه‌ر__ ئه‌و گازۆئیله‌ى له‌ ئێرانه‌ سه‌ره‌تانزایه‌__ هه‌واڵنێرانى بێ سنوور: ئێران له‌ ئازادى چاپه‌مه‌نى له‌ دوایین ریزى خشته‌كه‌ جیده‌گرێ__ وڵاتانی به‌خشه‌ر یه‌ك ملیار دۆلار بۆ سوریا ته‌رخان ده‌كه‌ن__ ته‌رمی (٨٠) كه‌س به‌ كوژراوی له‌ حه‌له‌ب دۆزرانه‌وه‌__ جان كیرى، ده‌نگى سه‌ناى ئه‌مریكاى به‌ده‌ست هێنا


فشاری هێزه‌ ئینتزامییه‌كان بۆسه‌ر هاووڵاتییانی كورد به‌رده‌وامه‌
هێزه‌ ئینتزامییه‌كان حكوومه‌تی ئێران چوونه‌ته‌ گونده‌كانی ده‌وروبه‌ری شاری سنه‌ و چه‌ندین ده‌زگای ماهواره‌ی هاووڵاتییانیان زه‌وت كردووه‌. به‌پێی راپۆرتی هه‌واڵده‌ریی كوردپا، ماوه‌ی چه‌ند رۆژه‌ هێزه‌ ئینتزامییه‌كان به‌ هاوكاریی ئیداره‌ی ئه‌ماكینی شاری سنه‌ له‌ گونده‌كانی ده‌وروبه‌ری ئه‌و شاره‌، وێرِای پشكنینی ماڵی هاووڵاتییان، به‌ شێوه‌یه‌كی به‌رین ده‌ستیان داوه‌ته‌ كۆكردنه‌وه‌ی ده‌زگا و دیشی ماهواره‌ی هاووڵاتییانی كوردی ئه‌و ناوچه‌یه‌. هێزه‌ ئینتزامییه‌كان پاش زه‌وت كردنی ماهواره‌ی هاووڵاتییان به‌ شێوه‌ی نووسراوه‌ "به‌ڵیننامه‌"یان لێ وه‌رده‌گرن و پێیان راده‌گه‌یه‌نن، له‌ ئه‌گه‌ری كه‌ڵك وه‌رگرتنی دووباره‌ له‌ ماهواره‌، ده‌درێنه‌ دادگا و به‌پێی یاسا هه‌ڵسوكه‌وتیان له‌گه‌ڵ ده‌كرێت. له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ چه‌ند رۆژ پێش ئێستا هێزه‌ ئینتزامییه‌كانی جێگیر له‌ پاسگای "حه‌سه‌ناوا" چه‌ندین ده‌زگا و دیشی ماهواره‌ی هاووڵاتییانیان له‌گه‌رِه‌كی "سپووراوا"ی شاری سنه‌ زه‌وت كردبوو.







كلینتۆن: خه‌ڵك له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كاندا ده‌نگى خۆیان به‌رز بكه‌نه‌وه‌
به‌ پێى راپۆرتى باشگاى هه‌واڵنێران به‌ گێرِانه‌وه‌ له‌ رووسیا ئه‌لیه‌وم، وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مریكا، له‌ وتووێژێكى ته‌له‌فزیونى رایگه‌یاند، گه‌مارۆكان دژبه‌ خه‌ڵكى ئێران نییه‌. هیلارى كلینتۆن، وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى پێشووى ئه‌مریكا، وتى هیوادارم هه‌ڵبژاردنه‌كانى ساڵى ٩٢ى ئێران ببێت به‌ هۆى ناره‌زایه‌تى خه‌ڵك. كلینتۆن وتى، خه‌ڵك ده‌بێت له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانى سه‌رۆك كۆمارى، ده‌نگى خۆیان به‌ گوێى به‌رپرسانى رژێم بگه‌ێنن.






ده‌ركردنى حوكمى سزاى پووڵى بۆ ئێران له‌مه‌رِ قۆربانیانى ته‌قینه‌وه‌ى خۆبه‌ر
به‌ پێى راپۆرتى هه‌واڵده‌رى رۆیترز، قازیێكى فیدرالى ئه‌مریكا، رۆژى سێ شه‌ممه‌ ١٠ى رێبه‌ندان له‌ حوكمێكدا رایگه‌یاند كه‌ بنه‌ماڵه‌ى ١٧ كه‌س له‌ سه‌ربازه‌ ئه‌مریكاییه‌كان، كه‌ له‌ ته‌قینه‌وه‌كه‌ى ساڵى ٩٦ى خۆبه‌رى عه‌ره‌بستان كوژران و به‌رپرسانى ئه‌مریكایى، ئێرانیان تاوانبار كرد، ده‌توانن له‌ حسابى بانكى رژێم، غه‌رامه‌ت وه‌ر بگرن. جێگه‌ى باسه‌ كه‌ له‌ رۆژى ٢٥ى ژۆئه‌نى ٩٦، بیناى نیشته‌جێى سه‌ربازانى ئه‌مریكایى له‌ خۆبه‌رى عه‌ره‌بستان ته‌قییه‌وه‌ و له‌ ئاكامدا ١٩ كه‌س له‌ سه‌ربازانى ئه‌مریكایى كوژران و ٣٧٣ كه‌سیش بریندار بوون، به‌رپرسانى ئه‌مریكا و عه‌ره‌بستان، هێزه‌كانى قۆدسى سپاى پاسدارانى رژێم وه‌ك تاوانبارى ئه‌و كرده‌وه‌ ده‌ناسێن.






ئه‌و گازۆئیله‌ى له‌ ئێرانه‌ سه‌ره‌تانزایه‌
به‌ پێى راپۆرتى هه‌واڵده‌رى حكومه‌تى مێهر، ئه‌ندامى هه‌یئه‌ت سه‌رۆكایه‌تى مه‌جلیس رایگه‌یاند، پیسى هه‌واى تاران بووه‌ به‌ هه‌ره‌شه‌ بۆ سلامه‌تى خه‌ڵك، مه‌حه‌مه‌د دێهقان وتى، سووته‌مه‌نیێكه‌ ئێستا له‌ ئێران هه‌یه‌ ئیستاندارد نییه‌ و وه‌ك نموونه‌، ئه‌و گازۆئیله‌ى له‌ ئێران هه‌یه‌ مه‌وادى سه‌ره‌تانزا وه‌ك گۆگرد و بێنزینى هه‌یه‌ و رێژه‌كه‌ى زیاتر له‌ ئاستى ئیستاندارده‌. دێهقان وتى، ئه‌ركى سه‌ره‌كى ده‌وڵه‌ت پاراستنى سلامه‌تى خه‌ڵكه‌ و ده‌بێت ده‌وڵه‌ت له‌ به‌ر چاوى بگرێت، ناوبراو وتى، گرێنگى پێویست به‌ به‌رهه‌مهێنانى سووته‌مه‌نى نه‌دراوه‌ و ده‌بێت هه‌وڵ بدرێت سووته‌مه‌نى پاك بگاته‌ ده‌ستى خه‌ڵك چوونكوو له‌گه‌ڵ گیانى خه‌ڵك په‌یوه‌ندى هه‌یه‌.






هه‌واڵنێرانى بێ سنوور: ئێران له‌ ئازادى چاپه‌مه‌نى له‌ دوایین ریزى خشته‌كه‌ جیده‌گرێ
به‌ پێى راپۆرتى هه‌واڵنێرانى بێ سنوور، له‌ راپۆرتى ئازادى چاپه‌مه‌نى له‌ جیهان له‌ ساڵى ٢٠١٢، فشار خستنه‌سه‌ر بنه‌ماڵه‌ و خزمانى ئه‌و هه‌واڵنێرانه‌ىله‌ هه‌واڵده‌رییه‌كانى ده‌ره‌وه‌ كار ده‌كه‌ن له‌ حاڵه‌تى نوێى پێشێلكارى ئازادى چاپه‌مه‌نییه‌ له‌ ئێران. به‌ پێى راپۆرتى سالانه‌ى هه‌واڵنێرانى بێ سنوور كه‌ له‌ رۆژى چوارشه‌ممه‌ ١١ى رێبه‌ندان بلاو كرایه‌وه‌، ئێران له‌مه‌رِ ئازادى چاپه‌مه‌نى به‌ پله‌ێك به‌رز بوونه‌وه‌ هه‌روه‌ها له‌ پله‌ى ١٧٤ى جیهاندایه‌، ئێران پێنجه‌مین زیندانى گه‌وره‌ى هه‌واڵنێرانه‌ له‌ دۆنیا، ته‌نیا ولاتانێك وه‌ك، سوومالى، كووریاى باكوور و تۆركه‌مه‌نستان باروودۆخیان له‌ ئێران خرابتره‌، چین و كووبا و سوودان له‌ پله‌ى سه‌ره‌وه‌ى ئێرانن.






وڵاتانی به‌خشه‌ر یه‌ك ملیار دۆلار بۆ سوریا ته‌رخان ده‌كه‌ن
له‌ كۆنگره‌ی وڵاتانی به‌خشه‌ر كه‌ له‌ (٥٩) وڵات پێكهاتون، ئه‌مرِۆ له‌ كوه‌یت به‌رِێوه‌چو، ئه‌و وڵاتانه‌ به‌ڵێنیاندا برِی یه‌ك ملیار دۆلار ته‌رخان بكه‌ن بۆ یارمه‌تیدانی گه‌لی سوریا. له‌و كۆنگره‌یه‌دا شێخ محه‌مه‌د بن زاید، جێنشینی ئه‌بو زه‌بی رایگه‌یاند، وڵاته‌كه‌ی برِی ٣٠٠ ملیۆن دۆلار بۆ یارمه‌تیدانی ئاواره‌كانی سوریا ته‌رخان ده‌كات. لای خۆشیه‌وه‌ ساڵح ئه‌لتائی، راوێژكاری سه‌رۆكی مانگی سوری ئیماراتی به‌ڵێنی ئه‌وه‌یدا، كه‌ له‌ وڵاتی ئوردن چادرگه‌یه‌كی نوێ بۆ ئاواره‌كانی سوریا دروست بكات. هه‌رله‌و چواچێوه‌یه‌دا هه‌ریه‌ك له‌ وڵاتانی سعودیه‌ و كوه‌یتیش برِیاریان هه‌ریه‌كه‌و برِی ٣٠٠ ملیۆن دۆلار بۆ یارمه‌تیدانی گه‌لی سوریا ته‌رخان بكه‌ن. له‌ كۆنگره‌كه‌دا وڵاتی به‌حرێنیش رایگه‌یاند، كه‌ برِی ٢٠ ملیۆن دۆلار وه‌كو یارمه‌تی پێشكه‌ش به‌ ئاواره‌ سوریه‌كانی وڵاتانی ده‌وروبه‌ر ده‌كات. ئه‌مه‌ریكا به‌ برِی ١٥٥ ملیۆن دۆلار هاوكاری گه‌لی سوریا ده‌كات، به‌وه‌ش ده‌بێته‌ یه‌كه‌م یارمه‌تیده‌ری‌ سوریا له‌ روی‌ داراییه‌وه،‌ كه‌ تا ئێسا برِی‌٣٦٥ملیۆن دۆلار‌ هاوكاری‌ داوه‌ به‌ گه‌لی‌ سوریا.






ته‌رمی (٨٠) كه‌س به‌ كوژراوی له‌ حه‌له‌ب دۆزرانه‌وه‌
دوێنێ سێشه‌ممه‌ ده‌یان كه‌سی تر له‌ سوریا كوژران و ته‌رمی ٨٠ كه‌سیش به‌ كوژراویی له‌ناوچه‌یه‌كی شاری حه‌له‌ب دۆزرانه‌وه‌. لیژنه‌كانی هه‌ماهه‌نگی ناوخۆی سوریا له‌راگه‌یه‌ندراوێكیاندا ئاماژه‌یان به‌وه‌داوه‌، كوژراوانی دوێنێی ناوچه‌ جیاوازه‌كانی سوریا گه‌یشتوه‌ته‌ ٢٢٨ كوژراو، له‌ناویشیاندا ١٣ منداڵ و حه‌وت ئافره‌ت هه‌بوه‌. زۆرترین رێژه‌ی كوژراوه‌كانیش له‌ حه‌له‌ب بوه‌ كه‌ به‌ ته‌نها له‌و شاره‌ ١١٨ كه‌س كوژراون. باسیان له‌وه‌شكردوه‌، له‌ناو كوژراوه‌كانی حه‌له‌بدا ته‌رمی ٨٠ كه‌سیان له‌ چه‌مێكی نزیك له‌ گه‌رِه‌كی بستان ئه‌لقه‌سیر دۆزراونه‌ته‌وه‌، كه‌ سه‌رجه‌میان ده‌ستیان به‌سترابویه‌وه‌و گوله‌باران كرابون. له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌، ژماره‌یه‌كی زۆر سه‌رباز و ئه‌فسه‌ری سه‌ر به‌ سوپای سوریا له‌ دیمه‌ش و ریفی دیمه‌شق، له‌ رژێمه‌كه‌ی ئه‌سه‌د جیابونه‌وه‌و چونه‌ ریزی سوپای ئازاده‌وه‌، لیژنه‌كانی هه‌ماهه‌نگیش ژماره‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی به‌ سه‌دان كه‌س ئه‌ژماركردوه‌و به‌ گه‌وره‌ترین رێژه‌ی جیابونه‌وه‌ ناویبردوه‌.






جان كیرى، ده‌نگى سه‌ناى ئه‌مریكاى به‌ده‌ست هێنا
به‌ پێى راپۆرتى هه‌واڵده‌رى فه‌رانسه‌ له‌ واشه‌نگتۆن، جان كیرى پالێوراوى دیارى كراوو له‌ لایه‌ن باراك ئۆباما، سه‌رۆك كۆمارى ئه‌مریكا بۆ پۆستى وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌و ولاته‌ له‌ ده‌نگدانى رۆژى سێ شه‌ممه‌ى سه‌نا، به‌ ٩٤ ده‌نگى ئه‌رێ و ٣ى ده‌نگى نه‌رێ ده‌نگى پێویستى به‌ده‌ست هێنا. سه‌ناتۆر رابێرت مندز له‌ ئه‌یاله‌تى نیۆجێرسى كه‌ وه‌ك سه‌رۆكى په‌یوه‌ندى ده‌ره‌وه‌ى سه‌ناى ئه‌مریكا جێى جان كیرى ده‌گرێته‌وه‌، وتى، ناوبراو چالاكى زۆرى بۆ نوێنه‌رایه‌تى خه‌ڵك له‌ سه‌نا بووه‌ و كه‌سێكى شیاوه‌ بۆ ئه‌و پۆسته‌.


ڕێکه‌وت: 2013-01-30 15:37:04
به‌شی ( هه‌واڵه‌كانى كوردستان و ئێران و ناوچه‌كه‌ و جیهان(١١ى رێبه‌ندان) )