به‌ پێى راپۆرتى هه‌واڵده‌رییه‌كان، لیژنەی پەیوەندییە‌کانی دەرەوەی پەرلەمانی یەکێتی ئەوروپا بڕیارنامەیەک لەسەر پەیوەندییەکانی یەکێتی ئەوروپا لەگەڵ ئێران بڵاودەکاتەوە و تێیدا داوا دەکات، هەر شاند یان لیژنەیەکی یەکێتی ئەوروپا سەردانی ئێران بکات، دەبێ لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆن و چالاکوانانی کۆمەڵگەی مەدەنی کۆببێتەوە و دەرفەتی پەیوەندیکردن بە زیندانیانی سیاسی بۆ بڕەخسێت....

...لیژنەی پەیوەندییە دەرەکییەکانی پەرلەمانی یەکێتی ئەوروپا بڕیارنامەیەکی سەبارەت بە ستراتیژی یەکێتی ئەوروپا لەبارەی ئێران پەسندکرد. ئەو بڕیارنامەیە لە چوار بەشی سەرەکی مژاری ئەتۆمی، پەیوەندی نێوان ئێران و یەکێتی ئەوروپا، مژارە ناوچەییەکان و مافی مرۆڤ داڕێژراوە. لە بەشی مژاری ئەتۆمی جەختی لەسەر درێژەپێدانی دانوستاندنەکان بۆ چارەسەری ئاشتییانە کردووەتەوە.  ئه‌و لیژنه‌یه‌ پەیوەندی نێوان ئێران و یەکێتی ئەوروپا لەبارەی پرسی ئەتۆمی ئێران بە کاریگەر دەزانێ و دەڵێت پێکهاتن لەسەر ئەو بابەتە رێگە بۆ باسکردنی هاوبەش لەسەر بابەتەکانی دیکەی وەک شەڕی سووریا، دژایەتیکردنی تیرۆر، گەشەپێدانی ئابووری و باشترکردنی رەوشی مافی مرۆڤ له‌ ئێران خۆش دەکات. هه‌روه‌ها بڕیارنامەکە پێشوازی لە ئازادکردنی ژمارەیەک لەو زیندانییانە کردووە کە لەسەر بیروباوەڕ دەستبەسەر کرابوون. هاوکات داوای ئازادکردنی پارێزەرانی مافی مرۆڤ، زیندانیانی سیاسی، چالاکوانانی کرێکاری و ئەو کەسانەی کە دوای هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری ئێران لە ساڵی ٢٠٠٩ دەستبەسەر کراون. هه‌روه‌ها لەبارەی رەوشی مافی مرۆڤ له‌ ئێران بە تایبەت دادگاییکردنی ناعادلانه‌، بەرزبوونەوەی رێژەی ئێعدامه‌كان لە ساڵی ٢٠١٣، بەرتەسککردنەوەی ئازادی رادەربڕین، زانیاری و کۆبوونەوە، سەرکوت و چەوساندنەوە لەسەر بنەمای ئایین، باوەڕ، نەتەوە و رەگەز نیگەرانی دەربڕیوە.
لە بەشێکی دیکەدا هاتووه‌ کە گەڵاڵەی مافی مرۆڤی رۆحانی دەبێ لەسەر بنەمای پێوەرە نێودەوڵەتییەکان بێت.  لیژنەی پەیوەندییە دەرەکییەکانی یەکێتی ئەوروپا داوا دەکات، مافی مرۆڤ تەوەری سەرەکی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئێران بێ. دانوستاندنی دوو لایەنەی نێوان کاربەدەستانی باڵاش بە پێویست دەزانێ و داوای دەستپێکردنی دانوستانەکان لەسەر مافی مرۆڤ، هێزەکانی دادوەری و ئەمنی دەکات. لە خاڵێکی تایبەتی ئەو بڕیارنامەیەدا جەخت لەسەر ئەوە کراوەتەوە کە هەر شاندێک یان لیژنەیەکی یەکێتی ئەوروپا سەردانی ئێران بکات دەبێ لەگەڵ ئۆپۆزسیۆن و چالاکوانانی کۆمەڵگەی مەدەنی کۆبێتەوە و دەرفەتی پەیوەندیکردن بە زیندانیانی سیاسی بۆ برەخسێت. جێگه‌ى باسه‌ كه‌ بابەتەکانی خوڵقاندنی کەشێک بۆ چالاکی باشتری رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، کردنەوەی ئەنجوومەنی پیشەیی رۆژنامەوانان، یارمەتیدانی ئێران بۆ چاکسازی لە یاساکانی سزادان، هاوکاری ئێران لەگەڵ دامەزراوەکانی مافی مرۆڤ و مافی ژنانیش لەو بڕیارنامەیەدا هاتووە. لە كۆتاییشدا داوا لە سەرۆکی پەرلەمانی ئەوروپا کراوە، بڕیارنامەکە بۆ ئەنجوومەن و کۆمیسیۆنی ئەوروپا، حکومەت و پەرلەمانەکانی ئەندامی یەکێتی ئەوروپا و هەروەها حکومەت و پەرلەمانی ئێران بنێردرێت و ئەگەر لە لایەن پەرلەمانی یەکێتی ئەوروپاوە پەسند بکرێ، بۆ جێبەجێکردن دەدرێتە حکومەت و پەرلەمانەکانی وڵاتانی ئەندام لەو یەکێتییە. 


ڕێکه‌وت: 2014-04-03 08:30:13
به‌شی ( بریارى نوێى یه‌كیه‌تى ئۆرووپا له‌مه‌رِ پیوه‌ندییه‌كانى له‌گه‌ل ئێران )