__ بەردەوامیی رەوتی ئاشتبوونەوە لەگەڵ سروشتی کوردستان__ چالاکیی خۆرسکی ژینگەپارێزی لەشارەکانی کوردستانی ئێران__ دژكرده‌وه‌ى رژێمى ئاخوندى به‌ هه‌ڵوێستى رۆژئاوا__ شەش رۆژنامەنووس سەردانی ئیمرالی دەکەن__ رژێمی سوریا جارێكی دیكە چەكی شیمیایى بەكار هێناوە__ ئێران بە ئاشکرا هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی ماده‌ى هۆشبەرلە ئوروپا دەکات__ ئێد رۆیس: نابێت ویزا به‌ ئه‌بوتالبى بدرێت__ پێش نوێژى خامنه‌یى له‌ تاران هه‌ره‌شه‌ى گره‌وگانگیرى له‌ پارله‌مانى ئوروپا كرد

بەردەوامیی رەوتی ئاشتبوونەوە لەگەڵ سروشتی کوردستان
بەشێکی دیکە لە راوچییەکانی کوردستان بە شکاندنی چەک و ئازادکردنی کەوەکانیان پەیوەست بە بزووتنەوەی لایەنگرانی سروشت لە کوردستان بوون. بەپێی راپۆرتی هەواڵدەریی کوردپا؛ رۆژی رابردوو، ژمارەیەک لە راوچییەکانی خەڵکی گوندی "دەل"ی سەر بە شاری سەوڵاوا چەک و دوربینی تایبەت بە راوکردنەکانیان لەبەر چاوی حه‌ڵك شکاند. ئەو راوچییانە کە هەر کامەیان چەندین ساڵە لە شاخەکانی ناوچەی هەورامان خەریکی راوکردن بوون، لە هەڵوێستێکی جێگەی رێزدا کەوەکانی خۆیان بە دەستی منداڵان لە قەفەسەکان ئازاد کرد. هەروەها ئەو راوچییە کوردانە، قەفەس و بارووت و تەقەمەنییەکانی خۆیان ئاگر تێبەرداوە. گوندەی دەل یەکێک لە گوندە پڕ حەشیمەتەکانی تەنیشت رووباری سیروانە، کە سەر بە شاری سەوڵاوایە و دانیشتوانەکەی بە زاراوەی هەورامی قسه‌ ده‌كه‌ن. لە ماوەی چەند مامنگی رابردوودا و دوابەدوای ئەوەیکە ئەحمەد عەزیزی لە گوندی "دەرەکێ"ی ناوچەی هەورامان چەکەکەی شکاند، شەپۆلێکی بەرینی وازهێنان لە راو لە ناو راوچییەکانی کوردستان دەستی پێکرد و زۆربەی شار و گوندەکانی کوردستانی ئێرانی گرتەوە.








چالاکیی خۆرسکی ژینگەپارێزی لەشارەکانی کوردستانی ئێران
لەشارەکانی روانسەر، بۆکان، شنۆ و جوانڕۆ هاووڵاتییان لەرۆژی ١٣ بەدەردا بەشێوەی خۆرسک نایلۆنیان بە مەبەستی پارستنی ژینگە و کۆکردنەوەی زبڵ و ئاشغاڵ لەنێو خەڵکیدا بڵاو کردۆتەوە. بەپێی راپۆرتی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی ١٣ بەدەردا ژمارەیەک هاووڵاتیی بەنیشانەی رێز گرتن لەسروشت و پاراستنی ژینگەی کوردستان لەسەر تێچووی خۆیان دەستیان بە کڕینی نایلۆن و بڵاو کردنەوەی کردووە و یەک لەو شارانەی کە ئەو چالاکییە تێیدا بەڕێوە چووە شارستانی روانسەرە. لەدرێژەی چالاکییەکاندا، ژمارەیەک هاووڵاتیی لەشاری بۆکانیش لەرۆژی ١٣ بەدەردا دەستیان بە دابەش کردنی نایلۆن بەسەر گەشتیار و هاووڵاتیاندا کردووە و سەیرانگەکانی دەورووبەری ئاوایی خوڵاماڵی و "قزل گونبەد" لە زبڵ و پاشماوەکان خاوێن کراوەتەوە. هەر لەو پێوەندییەدا لە دەورووبەریی ئەشکەوتی سەهۆڵانیش چالاکیی ژینگەپارێزی بەڕێوە چووە. شاری شنۆش لە چالاکیی ژینگەپارێزی خاوێن کردنەوەی سەیرانگەکان بێبەری نەبووە و لایەنگرانی سرۆشت یەک رۆژ دوای سێزدە بەدەر سەرجەم سەیرانگەکانیان خاوێن کردۆتەوە. لەدرێژەی چالاکییەکاندا دۆستان و لایەنگرانی ژینگە بەشێک لە سەیرانگەکانی شاری جوانڕۆیان خاوێن کردۆتەوە. هاووڵاتیانی شاری جوانڕۆ بە هاوکاری ئەنجومەنی سەوزی ماپرێس رۆژێک بەر لەسێزدە بەدەر بە هەڵواسینی پلاکارد لەسەیرانگەکان، داوای پارستنی ژینگەیان لەگەشتیاریان کردبوو.








دژكرده‌وه‌ى رژێمى ئاخوندى به‌ هه‌ڵوێستى رۆژئاوا
به‌ پێى راپۆرتى هه‌واڵده‌رییه‌كان، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رەخنەی تووند لە یەكێتی ئوروپا دەگرێت لەبارەی هەڵوێستی ئەو یەكێتییە بەرامبەر رەوشی مافی مرۆڤ لە ئێران و رایدەگەیەنێ، دەبێت وڵاتانی ئەوروپا رێز بۆ بیروباوڕە دینی و فەرهەنگییەكانی وڵاتان دابنێن. مەرزیە ئەفخەم،  وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رژێمى ئاخوندى جەختدەكاتەوە، كە هەڵوێستەكانی یەكێتی ئوروپا سەبارەت بە رەوشی مافی مرۆڤ لە ئێران بە هیچ شێوەیەك قبووڵ ناكه‌ێن. جێگه‌ى باسه‌ كه‌ پێشتر یه‌كیه‌تى ئوروپا له‌ به‌یاننامه‌ێكدا ره‌وشى مافى مرۆڤ له‌ ئێرانى به‌ كاره‌ساتبار ناوو لێ برد و ره‌خنه‌ى خۆى له‌مه‌رِ زیاد بوونى رێژه‌ى ئێعدامه‌كان به‌ تایبه‌تى له‌ ده‌ورانى هاتنه‌ سه‌ر كارى حسن رۆحانى ده‌ربرِى.








شەش رۆژنامەنووس سەردانی ئیمرالی دەکەن
به‌ پێى راپۆرتى هه‌واڵده‌رییه‌كان، شەش رۆژنامەنووس لە ماوەی ٢ هەفتەی داهاتوودا دەچنە دوورگەی ئیمرالی بۆ ئەوەی چاویان به‌ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان PKK بكه‌وێت. بڕیاروایە لە چوارچێوەی هەنگاوەکانی بەرەوپێشبردنی پڕۆسەی ئاشتیدا هەنگاوێکی نوێ بنرێ، ئەویش بە سەردانیکردنی ٦ رۆژنامەنووس و دەستەی ئاقڵمەندان سەردانی دوورگەی ئیمرالی بکەن و لەگەڵ ئۆجەلان دیدارێک سازبکەن، رۆژی سەردانەکەش لەماوەی دوو هەفتەی داهاتوودا دەبێت. جێگه‌ى باسه‌ كه‌ پڕۆسەی ئاشتی كە لەلایەن پارتی ئاشتی و دیموکراسی BDPـەوە دەگوترا پێش هەڵبژاردنە لۆکاڵییەکان هێواش بووەتەوە، ئەم هەنگاوە یەکەم هەنگاوی تازە دەبێت بۆ دووبارە دەستپێکردنەوەی .








رژێمی سوریا جارێكی دیكە چەكی شیمیایى بەكار هێناوە
به‌ پێى راپۆرتى هه‌واڵده‌رییه‌كان، ئۆپۆزسیۆنی سوریا جارێكی دیكە هێزەكانی بەشار ئە
سەد تۆمەتبار دەكەنەوە بەوەی غازی سام-یان بە
كارهێناوە، چالاكوانانی راگەیاندنی جوبر، گرتەیكى ویدئۆییان بلاو كردووه‌ته‌وه‌ كه‌ تێیدا دەركەوتووە پیاوێك لەسەر ته‌ختى چارەسەر كەوتووە و بوراوەتەوە. بە پێی هەواڵێكی كەناڵی (ئەلعەرەبیە) ئەو هێرشە له‌ گەڕەكی جوبر لە دیمەشق رووى داوه‌ و ئه‌وه‌ لە كاتێكدایە، هەفتەیەك بەر لە ئێستا حكومەتی سوریا لە وتارێكیدا بۆ نەتەوەیەكگرتووەكان ئەوەیان خستبووە روو كە ئۆپۆزسیۆن پلانێكیان هەیە بۆ ئەوەی چەكی شیمیایى لە سوریا بەكاربهێنن. 
دوێنێ، بە پێی‌ هەواڵی‌ هه‌واڵده‌ریێكى ئاڵمانی‌ بە مەبەستی‌ لەناو بردنی‌ چەكی‌ شیمیایى لە سوریادا ٣٠٠ سەربازی‌ ئاڵمانی‌ روویان لە سوریا كردووە.








ئێران بە ئاشکرا هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی ماده‌ى هۆشبەرلە ئوروپا دەکات
به‌ پێى راپۆرتى هه‌واڵده‌رییه‌كان، یەکێک لە ئەندامانی مه‌جلیسى رژێمى ئاخوندى بە ئاشکرا باسی لەوەکردووە کە نابێ لەمەو بەدوا وڵاتەکەی تێچووی بەربەرەکانێ لە گەڵ چوونی ماددە هۆشبەرەکان بۆ ئەورووپا بدات. مەنسوور حەقیەت‌پوور نوێنەری شاری ئەردەبیل لە مه‌جلیسى رژێم وێرای رەخنە گرتن لە سیاسەتەکانی رژێمى ئاخوندى رایگەیاندکە ئێران دەبێ بە مەبەستی سزادانی وڵاتانی ئوروپایى پێداچووەنەوەیەک بە سیاسەتەکانی خۆی بەرانبەر پێشگرتن لە ترانزیت ماددە هٶشبەرەکان بۆ ئەوروپا بکات. ئەو ئەندامەی مه‌جلیس کە هاوکات جێگری دوهەمی سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئه‌منییه‌تى نه‌ته‌وه‌یى مه‌جلیسه‌ بە هه‌واڵده‌ری حكومه‌تى فارسی راگەیاندوە، “ئێران نە شوێنی دەستپێکی هەناردەکردنی ماددە هۆشبەرەکانە و نە ئامانجی ئەو ماددانەیە، کەوابوو ئێمە دەبێ زۆر پێش بەو قاچاقچییانە نەگرین هەتا بە ئاسانی بتوانن بگەن بە ئوروپا.”








ئێد رۆیس: نابێت ویزا به‌ ئه‌بوتالبى بدرێت
به‌ پێى راپۆرتى هه‌واڵده‌ری هێل، گۆڤارى كۆنگره‌ى ئه‌مریكا: ئێد رۆیس سه‌رۆكى كۆمیته‌ى په‌یوه‌ندییه‌ ده‌ره‌كییه‌كانى مه‌جلیسى نوێنه‌رانى ئه‌مریكا پشتیوانى له‌ بانگه‌وازى ره‌د كردنه‌وه‌ى باڵوێزى نوێى رژێمى ئاخوندى له‌ سازمانى نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتوه‌كان كرد و وتى، ئه‌مریكا نابێت وێزا به‌ ئه‌بوتالبى بدات. رۆیس له‌ ولامى پرسیارێك كه‌ ئایا وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مریكا به‌ ئه‌بوتالبى كه‌ له‌ گره‌وگانگیرییه‌كانى ساڵى ٥٨ له‌ باڵوێزخانه‌ى ئه‌مریكا له‌ تاران ده‌ستى بالاى هه‌بووه‌ ویزا ده‌دات؟ وتى، ده‌بێت بڵێم نه‌خێر چونكوو به‌ پێى یاساى وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ىئه‌مریكا، ئێمه‌ رێگه‌ پێدراوین له‌ كاتێكدا حاڵه‌تێكى ئه‌منییه‌تى پێش بێت له‌ دانى ویزا خۆمان ببوێرین.








پێش نوێژى خامنه‌یى له‌ تاران هه‌ره‌شه‌ى گره‌وگانگیرى له‌ پارله‌مانى ئوروپا كرد
به‌ پێى راپۆرتى هه‌واڵده‌رییه‌كان، ئاخوند مه‌وه‌حدى كرمانى، نوێنه‌رى خامنه‌یى له‌ وتارى ئه‌مرۆى شانۆى هه‌ینى تاران، ترس و وه‌حشه‌تى وه‌لى فه‌فیهى له‌ بریارنامه‌كه‌ى پارله‌مانى ئوروپا ده‌ر برِى. ئاخوند مه‌وه‌حدى له‌ ولامى مه‌حكوم كردنى پێشێلكارییه‌كانى مافى مرۆڤ له‌ ئێرانى ژێر ده‌سه‌لاتى رژێمى ئاخوندى رایگه‌یاند، ده‌ڵێن له‌ ئێران مافى مرۆڤ ره‌چاوو ناكرێت، به‌ چ هۆكارێك ره‌چاو ناكرێت؟ چونكوو ئه‌گه‌ر له‌ ئێران كه‌سێك قاتڵ بوو ده‌بێت ئێعدام بكرێت، ئه‌و ئێعدامه‌ ئێوه‌ به‌ پێچه‌وانه‌ى بنه‌ماكانى ماڤى مرۆڤ ده‌زانن، هه‌روه‌ها له‌مه‌رِ هاتنى راپۆرتنێرى تایبه‌تى نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان بۆ ئێران به‌ سوكایه‌تیكردن به‌ راپۆرتنێر وتى، به‌و په‌رى پرِرووییه‌وه‌ ده‌ڵێن كه‌ ئه‌حمه‌د شه‌هێد ئه‌م ئه‌ندامه‌ دژه‌ ئێرانییه‌ كه‌ ده‌مراستى ئیستكباره‌ ده‌بێت ئیزنى پێ بده‌ن بێته‌ ئێران و ئاژاوه‌ بنێته‌وه‌. جێگه‌ى باسه‌ كه‌ نوێنه‌رى خامنه‌یى له‌ كاتێكدا به‌ روونى هه‌ره‌شه‌ى گره‌وگانگیرى له‌ پارله‌مانى ئوروپا ده‌كرد وتى، ده‌ڵێن ده‌فته‌رى نوێنه‌رایه‌تى یه‌كیه‌تى ئوروپا له‌ ئێران بكرێته‌وه‌، ئه‌وان ده‌بێت له‌ جاسوسخانه‌ى ئه‌مریكا له‌ تاران په‌ند وه‌ر بگرن ئه‌و جاسوسانه‌ى كه‌ ده‌ست و چاویان به‌سترایه‌وه‌، ئیتر خه‌ڵكى ئێمه‌ ئیجازه‌ ناده‌ن جاسوسخانه‌ێكیتر له‌ ئێران بكرێته‌وه‌.

ڕێکه‌وت: 2014-04-04 15:38:52
به‌شی ( هه‌واڵه‌كانى كوردستان، ئێران و جیهان ١٥ى خاكه‌لێوه‌ى ١٣٩٣ )